عیماد عەلی : پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆنێکی کارای نوێ هەیە لە کوردستاندا .

ئەوەی دەیزانین ، لەهەموو دونیادا سیستمی دیموکراسی راستەقینە گەر بێ ئۆپۆزسیۆن بوو ، لە پیادەکردنی ئەرکەکانیدا ، بە لەنگی دەروات بەرێوە . بێ زیادەرۆیی ، ئەگەر بارودۆخی هەمەلایەنی کۆمەڵگەی کوردستان بخوێنینەوە ، پاش پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان ، کارو مەهامی حوکمدارێتی تا رادەکی هەستپێکراو بە باشی پیادە دەکرا و سیستمی سیاسی کوردستان بەرەو جیگیربون دەرۆیشت و بازدانێکی جۆریی رویدا و ، خەریک بوو سیستمی سیاسی دیموکراسی بکەوێتە سەر سکەی سروشتی خۆی .
بە پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن ، تەنانەت حزبەکانی دەسەڵات بە خۆداچونێکیان بە خۆیاندا کرد و سڵیان لە زۆر رەفتار دەکردەوە کە پێشتر بێباکبون لە نواندنیدا ، تەنانەت رەخنەی بنیاتنەریش کە پێشتر کەس جورئەتی نەبوو خۆی لێی نزیکبکاتەوە جێی خۆی گرت و ، تا رادەیەک حزبەکانی دەسەڵاتیش حسابیان بۆ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و هەڵوێستی دەکرد . هەمومان واقعی کوردستانی پێش و پاش دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن بە باشی دەزانین .
پاش بەشداری ئۆپۆزسیۆنی دوێنی لە دەسەڵاتی ئەمرۆدا و ، بریاری رێرەوگۆرینی لە ئۆپۆزسیۆنە بۆ بەشداری ئەو دەسەڵاتەی دوێنێ و ئەمرۆ کە رەخنەی توندی لێدەگرت ، بێ بوونی بە بەدیل و لە بەرچاونەگرتنی پێگەیەکی سەرەکی دیموکراسی راستەقینە ، کە خۆی لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە و ، رەشبینی چاودێران لە سەرەتایەکی خراپ و ، هەر لە سەرەتاوە سازشکردنی ئۆپۆزسیۆن لە زۆر بواردا ، لە پێناو بەشداریکردنی لە دەسەڵات و پلە و پایە وەرگتندا ، نمونەیەکی باشی پێشکەش بە خەڵک و جەماوەرەکەی نەکرد ، نازانین وەزعی سیاسی کوردستان بە چ ئاقارێکدا دەکەوێتەوە ، پاش ئەوەی هەموو لایەنەکان بریاری بەشداریکردنیان لە دەسەڵاتدا داوە و ساحەکەش بێ ئۆپۆزسۆن دەمێنێتەوە ، سەرەرای ئەوەی گوێبیستی چەندین رەخنە دەبین لە سەر روداوە سیاسیە نێوخۆیەکانی رۆژانەی ئەم قۆناغە ، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی دوێنێ و تەنانەت لای هەندێک حزبی دەسەڵاتیشەوە ، بەڵام لەو بارەوە بێمتمانەیی باڵی بەسەر چاودێران و زۆرینەی خەڵکیشدا کێشاوە و ، لەوباوەرەدان هەموو قسە و هەڵوێستەکانیان تەنها لە پێناو زیاتر وەرگرتنی پلە و پایە و دانوستانە لەسەر دەسەڵات .
ئەو پرسیارە گرنگەی کە لە مێشکی چاودێران و خەڵکیشدا خولدەخواتەوە ئەوەیە ، ئایا ئۆپۆزسیۆنێکی نوێ لەم قۆناغەدا سەرهەڵدەداتەوە ، کێ توانای هەمەچەشنی هەیە کە پێشرەویی لە دروستبونی بکات و کاریگەر بێت و متمانەی خەڵک وەربگرێتەوە و ، رۆڵ و هەڵوێستی بژاردەی رۆشنبیران وریکخراوە راستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چۆن دەبێت و ، چی رێگەیەک پێویستە بگیرێتەبەر لە دانانی بەردی بناغەی ئۆپۆزسیۆنێکی نوێی کاریگەری هەڵقوڵاوی نێو جەماوەر ، لەم فەزا بێئومێدیەی کە خەڵک تێی کەوتوە .
ئەم سیستمەی ئێستای هەرێمی کوردستان کە قاچێکی برینداربوە و دەشەلێت ، چۆن برینەکەی سارێژ بکرێتەوە و بگەڕێتەوە سەر راستەرێگە نیمچە دیموکراسیەکەی خۆی ، ئەگەر توانای دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەرمان نەبێت .
بەڵام ئەوەی تارادەیەک دڵخۆشکەرە لەم وەزعە ئاڵۆزە سیاسیەی کوردستاندا ، سەرەرای بێ ئومێدیەکی لەرادەبەدەر ، ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە ، هەلی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر هێشتا لەئارادایە ، چونکە میلەت ترسی شکا و سڵ لە حزبەکان ناکاتەوە وەکو جاران ، بەڵام ئەوەی پێویست دەبێت ئەوەیە کە کێ توانای رێبەریکردنی هەیە و کێ سەرکردایەتی رەوتی ئۆپۆزسیۆن دەکات و ، توانا هەمەجۆرەکان چۆن دەخرێنەگەر و ئیمکانیاتی مادی و مەعنەوی چۆن دابین دەکرێت و لەگەڵ کارلێکە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکەدا چۆن مامەڵە دەکرێت . واتە بارودۆخی نێوخۆیی سەرەرای رێگریەکان، تا رادەیەکی باش لەبارە بۆ هەنگاوی یەکەمی بنیاتنانی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەری دلسۆز ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وادیارە لە قۆناغی داهاتودا کۆمەڵێک هەڵوێستی لەناکاو دەردەکەون کە یارمەتیدەری گەورەدەبن لە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینەی هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگە . تەنها هەنگاوی یەکەم سەختە .

 

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds