لوقمان غەفوور : شەست وهەشت ساڵ شۆڕش و , قوربانی بۆ مووچە .

هەموو تێکۆشان و بەرهەمی کوردایەتی نزیکەی 90 ساڵی نەتەوەی کورد لەباشوری کوردستان هاتۆتە سەر دابینکردنی مووچە .
ئەمە ئەو دەلاقە گەورەیەیە کە سەرکردایەتی سیاسی کورد کردییە ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و نەتەوەی کوردی دەستەمۆ کرد بۆ بیرکردنەوە لەمووچە ، ئەگەر ئەم نەتەوەیە لەباشووری کوردستان تەنیا لە 1946ەوە خەبات و قوربانیدانەکەی حیساب بکات و لەرۆژمێریی سەرەوەرییەکانیدا تۆماری بکات و شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمری لێدەرکات ، ئەوا 68 ساڵ قوربانی داوە، بەڵام ئەم هەموو قوربانییە بۆ میللەتێک بێتە سەر دابینکردنی خەمی مووچە ، ئەوە ئەو نەتەوەیە پێویستە هەڕاجخانەیەک بۆ خۆی و خەباتەکەی بکاتەوە و مێژووی شۆڕشەکانیشی بخاتە ناو موزەخانەوە.
لەم دۆخەی ئێستادا هێزە سیاسییەکانی ئەم پارچەیە ، خەمیان رۆیشتنی نەوت و دابینکردنی مووچەیە ، ئەم مەلەفە کەڕوو لێدراوەش پارتییەک بەڕێوەی دەبات کە شۆڕشێکی گەورەی لە1974 هەرەس پێهێنا. لەملاشەوە جێگەی شەرەمە لە2003ەوە، هێزێکی وەک یەکێتی پەلکێشی ئەم بازرگانییە کرا و ئێستا ئەوەتا بەدوایدا بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییش پەلکێشی جاڕدان بۆ بازرگانی نەوت دەکرێن .
پارتی دۆخێکی خۆڵقاند بۆ نەتەوەیەک کە ئەم نەتەوەیە بڵێت ، تەنیا و تەنیا بەس مووچە دابینکەن بۆ خەڵک با نەوت بڕوات و کێشە نییە ، ئیتر چۆن دەڕوات و لەکوێوە بەهەرزان و تاڵان دەچێتە بازاڕەکانی جیهانەوە، بابەتێک نییە جێگەی جەدەلی ئەو هەموو قوربانیدانەی 68 ساڵی رابردوو بێت.
ئێستا نەتەوەیەک لەم بەشە هەموو ئومێدی هەڵچنیوەتە سەر مووچە ، مووچەیەک کە وایلێهات بەئەمری واقیع ببێتە شەڕی نێوان کورد و بەغدا و هەموو دەستکەوتە نەتەوەییەکانی تر بیر بەرێتەوە ، لەوەش سەیرتر تازە بەتازە وەفدی دانوستانکاری کورد لەهێزەکانی کوردستان پێکدەهێنرێت و دەوترێت ماددەی 140 هێڵی سوورە.
ئەگەر ئەم نەتەوەیە بیویستایە تەنیا مووچە بەشێک بێت لەبارتەقای ئەو قوربانییەی داویەتی ئەوا هەر لەدوای بەیانی 11ی ئاداری 1970ەوە ئیتر ئەم هەموو قوربانیدانەی نەدەویست و بەعس ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو دابینکردنی مووچە بوو بۆ هەموو عیراقییەکان بەکوردیشەوە .
کۆتا قسەم ئەوەیە ئەم سەرکردانەی ئێستا کە رابەرایەتی ئەم قۆناغەی ژیانی کورد دەکەن هێدی هێدی جاری مەرگی نەتەوەیەکیان لێداوە و پێمان دەڵێن ، بەڵێ ئەو هەموو قوربانی و خەباتەی نەتەوەکەمان بۆ مووچەیە .