بەختیار عەلی : داعش وەک ماشێنێکی فاشیستی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکێک لە کارەساتە هەرە گەورەکانی ژیانی ڕۆشنبیریمان لە خۆرهەڵات، زاڵبوونی ئەو عەقڵییەتە سیاسییە بازاڕییەیە بەسەر تەفسیرکردنی هەموو دیاردەکاندا. عەقڵییەتی سیاسی کورتبین کە جیهان تەنیا لە ئاستی بیرکردنەوەی تاکتیکی یان ستراتیژیی سیاسییە دەسەڵاتدارەکاندا دەبینێت. واتە پشتکردنێکی قووڵ هەیە لە خوێندنەوەی کۆی ئەو پرۆسانەی لە ژێرەوە بونیادە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکە دەبەنەڕێوە، چ لە ئاستی بونیاد و چ لە ئاستی سیستمی گووتار و چ لە ئاست میکانیزمەکانی گۆڕان و خۆبەرهەمهێنانەوەدا. لەگەڵ دەرکەوتنی داعشدا وەک ئامێرێکی گەورە و وێرانکار و فاشیستی لە سوریا و دواتر لە عێراق، هەمان چیرۆک دووبارەبووەوە، تێڕوانینە بچوکەکان داعش aوا دەبینن وەک ئەوەی کەسێک یان هێزێک بە پیلانێکی سیاسی دروستیکردبێت. وەک هەموو جارێک کە ماشێنە فاشیستییەکان دەردەکەون و بە هەموو هێزی خۆیان گورز دەوەشێنن، پرۆسەی «سەرسامی» و «خۆپاککردنەوە» و «بە شەیتانیکردنی ئەویدی» دەست پێدەکات. بەوەدا هەندێک ڕۆشنبیر ئەفسانەیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە شتێک نییە ناوی خۆرهەڵات بێت، هەر کەسە و ماڵی خۆی هەیە، هیچ شتێک ئەم دونیایەی ئێمە کۆناکاتەوە و ماترێکسێکی لێ دروست ناکات، بەپێی ئەم بۆچوونە گرنگ نییە چی لە چواردەورمان ڕودەدات، ئەوەی لەو دیو دەرگای ئێمە دەجوڵێتەوە، ئەوەی لە پشت دیواری ماڵەکەمانەوەیە، ئەوەی لای نەتەوەکانی تر ڕوودەدات، پەیوەندییەکی جەوهەری بەوەوە نییە کە لای ئێمە هەیە، دونیای ئێمە جەوهەرێکی هەیە و دونیای ئەوان جەوهەرێکی تر، ئێمە بە هێڵێکی ئەستوور و ئاسنین لەوان جیاکراوینەتەوە، ئەوان داعشن، قاعیدەن، سەدامین، حیزبوڵان، بەعسین، تۆرانین، ئێمەش ئێمەین. خودی ئەم جیاکارییە کە لە قووڵایی عەقڵی عەوام و عەقڵی نوخبەی کورددا خەوتووە، جگە لەوەی نادروستە، سروشتێکی ئایدۆلۆژیی ڕووتی هەیە، بەو مانایەی ئەو هێڵەی کە ئێمە بەجۆرێکی ئاسنین لە نێوان خۆمان و ئەوانیتردا دەیکێشین، جگە لە هێڵێکی وەهمی هیچی تر نییە… داعش تەنیا نوێنەری هێزێکی ترسناک و دڕندە و سامناک نییە کە لە ناو ئەویدیدا خەوتووە، بەڵکو نوێنەری وزەیەکی تاریک و میکانیزمێکی مامەڵەکردنە لەگەڵ دەسەڵات و مرۆڤدا، دەرگایەکە بۆ ناو ناخی مرۆڤەکان و بۆ کۆی مێژووی خۆرهەڵات لە سەد ساڵی ڕابوردوودا. داعش ئەو ماشێنە فاشیستییەیە کە خۆرهەڵات لە سەد ساڵی رابوردوودا وەک مۆتەکەیەکی ترسناک جارێک بانگهێشتیدەکات و جارێک لە خۆی دووردەخاتەوە، ناوەکەی دەگۆڕێت، دەیچەپێنێت، مەکیاجی دەکات، پەڕۆپاتاڵی مارکسی و ناسیونالیستی و دینی و لیبراڵی لێ دەئاڵێنێت، بەڵام بەردەوام وەک خەوێکی تاریک دەگەڕێتەوە، هەر جارەی بەرگێکی لەبەردایە و هەر جارەی نوێنەرایەتی شوناسێک و ئایدیایەک دەکات. پێشتر لە ژێر ناویتردا دەرکەوتووە و لەداهاتووشدا لە شوێنی دیکەوە و بەناوی ترەوە دەردەکەوێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی هەمیشە لەسەر شانۆکە ڕودەدات، دەرکەوتنەوەی هەمان ئەکتەرە بە دەمامکی جیاوازەوە .

داعش خۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان زادەی ئەو لۆژیکی خۆجیاکردنەوە و دابران و جیاوازیی دروستکردنەیە کە لە ئاستی وەهم و فەنتازیادا ماوەتەوە. ئەوەی لە خۆرهەڵاتدا هەرەسدەهێنێت پرۆسەی نزیکبوونەوە و یەکگرتن و لێکچوون نییە، بەڵکو پرۆسەی دروستکردنی جیاوازییە. پێداگرتنی ڕەهای شوناسەکان لەسەر جیابوونەوەیان، بەرەو لێکچوونی ترسناکی بردون. وەک چۆن ئاگامبن دەڵێت، هەوڵی بەردەوامی مرۆڤ بۆ خۆجیاکردنەوە لە ئاژەڵ، بۆ پێداگرتن لەسەر مرۆڤبوونی خۆی بەرەو نامرۆڤبوونی بردوە. ڕەتکردنەوە و نەبینین و دان نەنانی بەردەوام بە لێکچووندا، شوناسەکانی خۆرهەڵاتی بەرەو جیاوازیی نەبردوە، بەڵکو بەرەو وەک یەکی ڕاکێشاون. نوشوستی شوناسەکان لە خۆرهەڵات لەوەدا کە جیاوازبن، نەبۆتە مایەی لێکتێگەیشتن و نزیکی، بەرەو ڕێکەوتنی نەبردون لەسەر چەند خاڵی هاوبەش، بەڵکو بە پێچەوانەوە لێکچوونێکی ستراکتوریی پێبەخشیون. ئەوەی کە فاشیزم دەجوڵێنێت، ئەوەیە لە پشت جیاوازییە سەتحییەکانەوە،هەمیشە هەمان بونیاد ئیشدەکات. وەک چۆن لە دەرونشیکاردا دەبینین خەونەکان جیاوازن، بەڵام چەپێنراو هەمیشە هەمان چەپێنراوە، لێرەشدا ئایدیا و بیرۆکە فەنتازیکراوەکان جیاوازن، بەڵام میکانیزمەکان و ئامانج و دەرەنجامیان یەک شتن. داعش دیاردەیەکی دوور و نامۆ و زۆر عەجایەب و نەبینراو نییە، بەڵکو دەرکەوتەیەکی دیکەیە بۆ ئامێرێکی زیندووی فاشیستی کە شەپۆل دوای شەپۆل و لە بەرگی جیاواز جیاوازدا و لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، هەموو خۆرهەڵاتی گرتۆتەوە. ئامێرێک بەردەوام پێ لەسەر جیاوازیی خۆی لەوانی تر دادەگرێت، بێئەوەی بتوانێت ئەم جیاوازییە لە ڕوکەشی ئایدۆلۆژییەوە بگوازێتەوە بۆ دابڕانێکی بونیادیی لەگەڵ ئەوانیتردا. لە ڕاستیدا «بێتوانایی جیاوازیی لەوەی جیاواز بێت» دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لە قووڵاییدا، کۆی فۆرمە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان دەرکەوتەی یەک سیستمی «ئابووری ـ عەقڵی ـ سایکۆلۆژی»ین. جەوهەری فاشیزم خۆی لەوەدایە، کە ئامێرە لەیەکچووەکان هەست بە لێکچوونی خۆیان نەکەن. بۆئەوەی هێزێک بتوانێت هەبێت دەبێت پرۆسەی سوبێکتسازیی بۆ ئەندامەکانی بکات، بیانکات بە بەشێک لە خۆی، لەوانی تر جیایانبکاتەوە، لێرەوە فاشیزم بەردەوام لەسەر خۆ جیاکردنەوە کاردەکات، بەڵام خۆ جیاکردنەوە جیاوازیی نییە، یان ئەگەر جیاوازیش بێت ڕۆناچێتە ناو میکانیزمی کار و مۆراڵ و بیرکردنەوەوە، بەڵکو تەنیا وەک دژایەتی نێوان بونیادە هاوشێوەکان دەردەکەوێت. داعش تەنیا بەرجەستەکەری ڕوخسارێکی هاوچەرخی ئەو قاڵبە ئایدۆلۆژیەیە کە پێشتر لە قاڵبی بەعس و تۆرانییەت و ئەتاتورکییەت و قاعیدە و هتد دا دەرکەوتووە. دەرکەوتەیەکە جارێ لە ناو دەوڵەتدا دەردەکەوێت و جارێک لە دەرەوەی دەوڵەت، جارێک لە بەرگی دەسەڵات و جارێک لە بەرگی ئۆپۆزسیۆندا.

مۆدێرنە لە خۆرهەڵات تاعوونێکی ترسناک و مەحاڵ دروستدەکات کە «ئارەزووی جیاوازییە»، ئارەزووی جیاوازیی لێرەدا ئەو دیوە تایبەتەی نێو پۆست مۆدێرنەی نییە کە تێیدا جیاوازیی خۆی لە یەکێتییەکی زۆرەملێی عەقڵانی ڕادەپسکێنێت. واتە جیاوازیی «دیفرێنس» نییە، بەرامبەر «تەبایی ـ توافق ـ کۆنزێنس»ێک کە زادەی دیکتاتۆرییەتی لۆگۆس بێت. جیاوازیی لە خۆرهەڵات بە لۆژیکی پۆست مۆدێرنەی ئەوروپی ناخوێنرێتەوە، ئەمە یەکێکە لەو هەڵە گەورانەی کە تەواوی لیبراڵەکان تێیکەوتوون. کە دەبێت بڵێم من خۆشم لە هەندێ وێستگەدا لەو هەڵەیە بەدوور نەبووم. «ئارەزووی جیاوازی» گەرچی داینەمۆیەکە مۆدێرنە دەیجوڵێنێت،بەڵام پڕە لە مەیلی پێش مۆدێرنە. پڕە لە خواستی شوناسە داخراوەکان. جیاوازیی لێرەدا بەرگری کردنی ڕەنگێک نییە لە بوونی خۆی، بەڵکو کۆمەڵێک وەزیفەی کوشندەی هەیە کە دوورە لە مەسەلەی مافی جیاوازیی کە لە بنەڕەتدا لە ناو هیچ شوناسێکدا دانی پێدانانرێت. پێداگرتنی فاشیستیانە لەسەر «جیاوازی»، لەسەر ئەوەی «من لە تۆ ناچم»، «ئێمە دوو شتی جیاین»، هۆکاری زۆرە، هەندێک لەو هۆیانە و دەرەنجامەکانی بەمجۆرە کورتدەکەمەوە:

یەکەم/ پێداگرتن لەسەر جیاوازی بە نیازی ڕەتکردنەوە و ونکردنی هەر ڕێگایەکە بمانباتەوە سەر بونیادە گشتییەکە. واتە تاکتیکی شاردنەوەی بەشەکانە بۆ هەندێک روخساری گشتی و هاوبەش کە کۆیان دەکاتەوە. پێداگرتنی شوناسەکان لەسەر جیابوونەوە و جیاوازبوون هەوڵێکە بۆ دەمامکدانان لەسەر ئەو یاسا گشتی و سەرتاپاییانەی لە بونیادی خۆرهەڵاتدا بە گشتی ئیشدەکەن، پێشکەشکردنی نمایشێکە وەک ئەوەی لە بنەوەڕا هیچ سیستمێکی هاوبەش بوونی نەبێت و تەنیا دیاردە هەر جیاوازییەکان بێت . ئەوەی ئەم گەمەیە دەکات، بەشەکان نین کە تەنیا خۆیان دەبینن، بەڵکو کۆیەکە نایەوێت لە ژێرەوە دەربکەوێت، کۆیەکە دەیەوێت تەنیا پارچە پارچە، لە ڕوخسار و رەفتار و دەمامک و ئایدیای جیاوازدا ببینرێت، بەجۆرێک لە ژێر پارچەکانەوە هیچ ستراکتورێکی گشتی نەناسرێتەوە، تا جیاوازییە ڕەمزییەکان جێگای دەرکەوتنی جیاوازیی ڕاستەقینە بگرنەوە کە لە بنەڕەتدا لە سەر جیاوازیی سەتحی لە ئاستی شوناسدا ئیش ناکات. ڕەخنەگرتنی ئایدیای «کۆ» لە فیکری پۆست مۆدێرندا، لای لیبراڵە خۆرهەڵاتییەکان بووە بە عەقڵییەتێک، وەک ئەوەی بزوێنی هاوبەش یان عەقڵییەت یاخود پارادیم یان ماترێکس یاخود دیسپۆزەتیف یان هەبییتۆسێک بوونی نەبێت جیاوازییەکان لە ناوکۆیی «سیاق»ێکی مێژوویدا کۆبکاتەوە. هەڵەی نەبینینی ئەو بونیادە سیستمڕێژکراوەی پشتی دیاردەکان، وایکردوە مێژووی سیاسی خۆرهەڵات بەجۆرێکی خوێناوی لە جەنگی پارچەکان و شوناسەکاندا نوقم ببێت و ئەو نیگا پانۆراماییەی کە تەواوی دیمەنەکە کۆدەکاتەوە، هیچ کات نەبێتە بابەتی تێڕوانین و بیرکردنەوەمان. واتە ئێمە تەنیا لە دونیای بەشەکاندا دەژین. لە دونیای دوورگە جیاوازەکاندا، دونیای ئەو نیگا و عەقڵییەت و تێگەیشتنە داخراوانەدا کە تەنیا دەتوانن لە شوێنی گەمارۆدراوی خۆیانەوە سەیری دونیا بکەن، نیگاکانمان تەواو بەستراوەتەوە بەو گۆشەیەوە کە لێوەی دەڕوانین. بەجۆرێک خۆرهەڵات بۆتە کۆمەڵێک دوورگەی لێکترازاو و داخراو، کە لە بونیاد و پێکهاتدا هەموو پێکدەچن، هەموو دوورگەکان لەوەدا بەشدارن کە وەک یەک داخراون، وەک یەک دەترسن، وەک یەک دەیانەوێت دەوروبەریان پاکبکەنەوە و دیوار و خەندەکی بە دەوردا بکێشن.

دووەم/ ئارەزووی جیاوازیی لێرەدا ئارەزووی «قەبووڵکردنی جیاوازیی» نییە، بەڵکو ئارەزووی پێداگرتنێکی شێتانەیە لەسەر شوناس. هەموو هێزەکانی خۆرهەڵات لەسەر پێداگرتنێکی هیستیریانە لەسەر شوناس دەژین، ئەوە تەنیا داعش نییە کە شوناسپەرستی تا ئەندازەی قڕان و کوشتاری دەستەجەمعی بەرزکردۆتەوە، بەڵکو کۆی سیستمی خۆرهەڵاتی لەسەر «شوناسپەرستی ڕەها» دامەزراوە، واتە شوناسێک هەوڵدەدات خۆی لەسەر شێوەی پێشێنی خۆی، لەسەر وێنەیەکی ئیدیالی پێشین دروستبکاتەوە. ئەمجۆرە لە شوناس کە لە خۆدووبارەکردنەوەدا دەژی، وەک هێزی پەکخستنی هەموو پرۆسەیەکی «گۆڕان»، پەکخستنی هەموو پرۆسەیەکی «نەفیکردن» کاردەکات. لێرەدا قسە لەسەر «نەفیکردنە» وەک توانای نەفیکردنی «خود»… خۆ بینین لە «صیرورة» دا، واتە لە گۆڕانی هەمیشەییدا. دیالەکتیک، نەفیکردنی موتڵەقی ئەویدی نییە، بەڵکو نەفیکردنی خودە، خۆکردنەوەیە بۆ بوون بە شتێکی تر، ئامادەگییە بۆ دەرکەوتن لە بەرگێکی دیدا، دانەخستنی خودە لەبەردەم بوون بە «خودێکی جیاوازدا». بەڵام کەپیتالیزم ڕۆحی ئەمجۆرە لە نەفیکردن لە مۆدێرنە دەستێنێتەوە، کەپیتالیزم چ لە خۆرئاوا و چ لە خۆرهەڵات بریتییە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی ئەوەی هەیە، دواخستنی کۆتایی، پەکخستنی پرۆسەی نەفیکردن بۆ ئەبەد. ژیژیک واتەنی زمانحاڵی سیستم دەڵێت، هەموو موعجیزەیەک دەشێت ڕووبدات، موعجیزەی کۆتایی من نەبێت. لە خۆرهەڵات «ئارەزووی جیاوازیی» بە تەنیا لە پاراستنی قاڵبی گشتی سیستمدا کارناکات. کەپیتالیزمی خۆرئاوایی پاراستنی سیستمی بەرهەمهێنان و مەسرەفی بۆ گرنگە، پاراستنی سیستمی دراو و ژێرخانی پیشەسازی و تەکنیکی و پەرەسەندنی بازاڕ بنەماکەیەتی، بەڵام لە سیستمی خۆرهەڵاتیدا پاراستنی شوناسی دینی و ئەتنی دەبێتە بنەمای سەرەکی، لە خۆرئاوادا بۆئەوەی سیستمی خێزان و دەوڵەت و قوتابخانە و قەزا بپارێزرێت، دەبێت بازاڕ و سیستمی بەرهەمهێنان و ئیشپەرستی بپارێزرێت، لە خۆرهەڵاتدا بەپێچەوانەوە، کەپیتالیزم ڕیشەی خۆی بە شوناسی دینی و ئەتنی و خێڵەکییەوە گرێداوەتەوە، سیستم لێرەدا لە ناو کارخانەکانەوە سەردەرناهێنێت، بەڵکو لە ناو «شوناسی داخراو»دا، لە ناو «گروپی سیاسی و ئەتنی و دینی داخراو»دا، بە ڕێگای چەسپاندنی زنجیرەیەک «شوناسی موقەدەس»ـەوە، خۆی دەپارێزێت و خۆشی بەرهەم دەهێنێتەوە. لاوازیی و پاشکۆگەرایی ئابووری، لەرزۆکی و ناجێگیریی هەموو دەسەڵاتە سیاسییەکانی خۆرهەڵات، بەوە وەڵامدەدرێتەوە، شوناسی بچوک و داخراو و بەردین و موقەدەس دروستبکرێت کە دەستی هیچ گۆڕانکارییەک نەیگاتێت. جیهان تەواو وندەبێت و تاکە شتێک دەردەکەوێت و تاکە دەنگێک کە قسەدەکات و تاکە چاوێک کە دەبینێت، دەنگ و چاوی شوناسە داخراوکانە. شتێک نابێت دەستی نەفیکردن بیگاتێت «شوناسەکانە». وەک ئەوەی لە قووڵایی هەموو یەکەیەکی کۆمەڵایەتیدا پرۆسەیەکی «ئەنتی دیالەکتیکی قووڵ» کەوتبێتە ڕێ. شوناس لە خۆرهەڵات هەر دیاردەیەکی کولتووریی نییە، بەڵکو مانای سیاسی و ئابووری گەورەی هەیە و هەموو شتێکی تری لەسەر دەسوڕێتەوە. کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی بازاڕێک و پیشەسازییەک و زانستێکی بەرهەمهێنانی گەشە پێنەداوە بیپارێزێت، بەڵکو کۆمەڵێک شوناسی داخراوی دروستکردوە کە تەنیا هێزن بتوانن ئایدۆلۆژیایەکی کاریگەر بە سیستم ببەخشن. لەدەرەوەی شوناس، هیچ ئامێرێکی ئایدۆلۆژیی ناتوانێت بانگهێشتی ڕاستەقینە بۆ ئەندامەکانی بنێرێت، واتە ناتوانێت ئیشبکات، یاخود پرۆسەی سوبێکتسازیی و ڕامکردنی فەردەکان بۆ ناو سیستەم دەبێتە کارێکی مەحاڵ. کەپیتالیزمی خۆرئاوایی زادەی عەقڵانییەتی زانستی و تەکنیکە.

لە مێژووی خۆرئاوادا شوناسەکانی پێش مۆدێرنە پێکڕا دەبوو بۆ گۆڕانکاری و شوناسسازیی نوێ مەیدان چۆڵبکەن، بەڵام کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی زەمینەیەکی تەکنیکی و عەقڵانی نییە کە پرۆسەی تێکشکاندن و دروستکردنەوەی شوناسەکانی بۆ ئاسانبکات، لەبەر ئەوە بەردەوام بە نەگۆڕ و وەستاو و تەقلیدییەوە دەگیرسێتەوە. لە دوای مۆدێرنەوە، خواستی شوناسەکان بۆ خۆجیاکردنەوە و داخستن گەورەتر دەبێت، مۆدێرنەی خۆرهەڵاتی هیچ پردێکی تێدا نییە جیاوازییەکان و شوناسە جیاوازەکان لەیەک نزیکبکاتەوە، بەڵکو تەنیا قفڵ و دەرگای داخروی پێیە. شوناسی نەتەوەیی و تائیفی و دینی شەڕانگێز و ترساو و داخراو، ئەوە بەرهەمی سەدەیەک کارکردی مۆدێرنەی خۆرهەڵاتییە. داعش زادەیەکی سروشتی و بەرهەمێکی ئاسایی و بەکاوەخۆی ئەوەیە کە سەدساڵە مۆدێرنە لە خۆرهەڵات دروستیدەکات و لەفۆرمی جیاوازدا دووبارەیدەکاتەوە، فاشیزمی داعش یەکگرتنەوەی فاشیزمی دینی و عەلمانییە لە فۆرمێکی نوێدا، خۆدووبارەکردنەوەیانە لە ساتێکی سیاسیدا و لە تاکە فۆرمی مومکیندا کە بشێت بیگرنە خۆیان. بەراوردکردنی ئەم جۆرە جیاوازییە لەگەڵ جیاوازییەک کە لە پۆستمۆدێرنەدا بانگەشەی بۆدەکرێت، هەڵەیەکی کوشندەیە. چەمکی جیاوازیی لە پۆست مۆدێرنەدا ئەوەیە بتوانیت لە جێگای تێڕوانینی ئەویدیشەوە دونیا ببینیت، جیاوازییە لە دۆخی جوڵە و بزاڤی بەردەوامدا، کە فرەڕەنگییەکی ناکۆتا دروستدەکات، ئەم جۆرە لە جیاوازیی تەواو لەو جیاوازیانە جودایە کە لە دۆخی سکوندان. سیستمی خۆرهەڵات کە ماشێنە فاشیستییەکانی لەجوڵە ناکەوێت، بەرهەمی ئەو دۆخی نەگۆڕانەیە کە لە ناوەوە شوناسەکانی گرتووە، چەمکی گۆڕان گەر بە مانای «نەفیکردنی دیالەکتیکی» ، یاخود بە مانای خولقاندنی هەمیشەیی جیاوازیی «دۆلۆزیی» بێت، لە خۆرهەڵات ونە. لەم دۆخەدا خواستی «مانەوە» خواستی پاراستنی ناو، خواستی «زیندوڕاگرتنی شکۆ» دەبێت بە پرەنسیپی سەرەکی هەموو شوناسەکان. بە کورتی «گووتاری مانەوە» لە گووتاری هێزێکەوە، دەبێت بە گووتاری هەموو هێزەکان، «فۆبیای لە ناوچوون» لە فۆبیای نەتەوەیەکی بچوکەوە دەبێت بە ترسی هەموو نەتەوە و شوناسەکان. هەموو هێزێک دەبێت بە مادەیەکی لە ناوبەر و بە بابەتێکیش بۆ لە ناوچوون. هەموو شوناسێک دەکەوێتە بەردەمی وێرانبوون و دەبێتە هەڵگری ئەگەری بوون بە ماشێنێکی وێرانکار. . لێرەدا شوناس چیتر جۆرێک لە دنیابینی نییە، پێناسێکی کولتووری یان دینی نییە، بەڵکو ترسێکی بەردەوامە، جۆرە ئامێرێکی ترساوە کە تەنیا لە ڕێگای جەنگ و وێرانکردنەوە، لە ڕێگای ناردنە دەرەوەی ترسەکانی خۆیەوە دەتوانێت بژی و بمێنێتەوە. شوناس بزوێنەری ئەو ماشێنە فاشستییەیە کە ترس بۆ ناوەوە و بۆ دەرەوە بەرهەمدەهێنێت. چیتر شوناس لێرەدا شوناسێکی هیگڵی نییە کە کراوەیە بۆ نەفی، بەڵکو گرێیەکی بونیادییە کە هەموو پرۆسەیەکی نەرێکردن پەکدەخات و هەموو گۆڕانێکی مێژوویی بە ڕێگایەکی دیکەدا دەباتەوە سەر سەرەتا. شوناس پێناسنامەی ماشێنە فاشیستییەکانە.

لە گەرمەی ئەم ترسی لە ناوچوونەدایە کە «ئارەزووی جیاوازیی»، ئارەزووی ئەوەی هەموو شوناسێک بەجۆرێکی هیستری دەست بە خۆیەوە بگرێت، دێتە سەر سەحنە و دەبێتە بزوێنەری سەرەکی مێژوو. لە گەرمەی ترسی لە ناوچووندا، هەر شتێک ئاماژە بێت بۆ چەمکە هەمیشەیی و دێرین و ئەزەلی و تێنەپەڕەکان مانای گەورە وەردەگرێت، ئەو هێزانە زیاتر دەتوانن بژین و ئەو ماشێنانە دەتوانن بێڕەحمانە فاشیستی بن کە نوێنەرایەتی «ئەبەدییەت» و «ناکۆتا» دەکەن، وادەبینن کە جیاوازی نێوان ئەوان و شوناسەکانی دی، جیاوازییە لە نێوان «مان و نەمان» «مردن و نەمری» دا. داعش لەم ساتەدا ئەو ماشێنەیە کە بە ناوی «نەگۆڕ» «هەمیشەیی» «خودایی» «دێرینی هەرە دێرینەوە» قسەدەکات. لەم ماشێنەدا «مرۆڤی بچوک» وەک مەخلوقێکی تێپەڕ جێگای نابێتەوە، ئەوەی نرخی هەیە ماشێنە ئەبەدییەکەیە. شوێنی دین لەم سیستەمەدا جێگایەکی سەنتراڵ وەردەگرێت، چونکە دین نیگایەکی نەگۆڕ و خوداکرد و ئەزەلییە. گەر مۆدێرنەی خۆرئاوایی لەسەر خێرایی و تێپەڕ و خۆنەگر و جێنەگر کاردەکات، مۆدێرنەی خۆرهەڵاتی تەواو بە پێچەوانەوە لەسەر نەگۆڕ، ئەبەدی، جاوید، هەمیشەیی کاردەکات. هەموو ماشێنێکی فاشیستی لێردا، جا ماشێنێکی دینی یان نەتەوەیی یاخود سیاسی بێت، بەو پایە ئەزەلییانەوە دەنوسێت کە ناکۆتابوون و هەمیشەیی پێدەبەخشن. بەهێزترین ئامێر ئەوەیە کە بتوانێت جۆرێک لە جاویدانەگی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت، سوبێکتە ترساوەکان دڵنیابکات کە هەرگیز نامرن. هیچ ماشێنێکی فاشیستی نییە بتوانێت بێ چەمکی نەمریی ئیشبکات. چەمکی نەمریی لێرەدا دەبێتە چەمکێک کە سوبێکتە ترساوەکان هێوردەکاتەوە، دەیانکاتەوە بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی، دەیانگۆڕێت بۆ سوبێکتی ملکەچ، سوبێکتێک لە ڕێگای پەیوەندیکردن بە هێزێکی ئەبەدیی گەورەوە بەسەر ترسەکانی خۆیدا سەردەکەوێت. لە ڕێگای وەهمی نەمرییەوە، سوبێکتەکان دەبنە ملکەچی ئەو ئامێرەی کە بانگهێشتیکردون. ئیدی مردن بوونی نامێنێت، سوبێکتی فاشیستی کەم تا زۆر باوەڕی وایە کە بە بەشە جاویدانەکی دونیاوە نوساوە، لەبەرئەوە بە ئاسانی دەکوژێت و بە ئاسانیش خۆی بە کوشت دەدات. لەم دۆخەشدا ترس لە لە ناوچوون، دەبێتە مایەی بەگەرکەوتنی هەموو ماشێنەکانی لە ناوبردن.

سێهەم/ لەم ڕوانگەیەوە داعش هێزێکی نامۆ نییە، هێزێک نییە جیاواز لەو هاوکێشانەی لە ژێرەوە هەموو کۆمەڵگاکانی ئێمە دەبەنە ڕێوە و دەیانجوڵێنن. داعش، بەعس، شەبیحە و کۆمەڵێک ناوی تر، ماشێنی فاشیستین کە هێزیان لەوەدایە لە فۆرمی ناکۆکدا دەردەکەون. لێرەدا بونیادی گشتی لە ڕێگای تەقدیسکردنی جیاوازیی نێوان پارچەکانی ئیشدەکات. ماشێنەکە هەمیشە هەمان ماشێنە، بە هەمان خواست و مۆراڵ و بونیادەوە، بە هەمان مۆتیڤ و نیگاکردنەوە بۆ مرۆڤ، ئەوەی دەگۆڕێت ناوەکانیانە، لەگەڵ شوێن و ساتی دەرکەوتنیان .

ئەم بابەتە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی نوسەر وەرگیردراوە .