Serwet

سەروەت هەڵەبجەیی : سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ، کێشه‌ و گرفته‌کانی به‌رده‌م .

له‌ لێکدانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی نوێی عێراق و مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ ژێر ناوی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و میدیاییه‌کاندا به‌فراوانی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت . کێشه‌ و گرفتی زۆر ده‌بینرێت که‌ لانی که‌م له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستادا ، له‌ ده‌سخستنی ئامانجه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم ڕێگری ده‌کات . له‌م بابه‌ته‌دا تێده‌کۆشین له‌ ڕوانگه‌ی نێوخۆیی کوردستان، ئابوری و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌کورتی باسی ئه‌و خاڵانه‌ بکه‌ین ، که‌ وه‌ک ڕێگر له‌ به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی کوردستاندا داده‌نرێن .
له‌ هه‌لومه‌رجی قه‌یراناوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت وڵاتی عێراق و گرنگتر له‌ هه‌مووش کێشه‌ و گرفته‌کانی دۆسیه‌ی کورد که‌ پێشینه‌ی مێژووییشی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر کوردان بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌که‌نه‌وه‌ ، پێویسته‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێک سیاسه‌تی یه‌کڕیزی نیشتمانی و کۆده‌نگی سیاسی په‌یره‌و بکه‌ن . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا سه‌رۆکی هه‌رێم و ڕێبه‌رانی حیزبه‌ کوردییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م بژاره‌ مانۆڕی زۆریان داوه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بینرێت نه‌بوونی سیاسه‌ت و ستراتیژێکی هاوبه‌شه‌ ، بۆ پرسی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی . نمونه‌ی هه‌ره‌ ڕوونی ئه‌مه‌ی ، که‌ باسم کرد له‌ به‌سراوه‌یی دوو حیزبی سه‌ره‌کی کوردستان به‌ دوو وڵاتی ئێران و تورکیا ده‌توانرێت لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت . به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێران به‌ هۆی به‌رفراوان بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان و پاڵپشتی له‌ حکومه‌تی شیعه‌کان له‌ عێراق و بۆ ڕێگری له‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر یه‌کێتی‌ نیشتمانی و درز خستنه‌ ناو ڕیزه‌کانی کورد به‌ کار ده‌گرێت. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ تورکیا که‌ زه‌مه‌نێک ئاڵا هه‌ڵگری دژایه‌تی کردنی هه‌ر چه‌شنه‌ جوڵانه‌وه‌ی سیاسی کوردان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو بۆ گه‌ییشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و غاز له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌م دواییه‌ش که‌رکوک کاریگه‌ری له‌ سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌بێت. له‌ ئاستی نێوخۆیی کوردستانیش دا له‌ ڕۆژانی ڕابردوو شاهیدی ئه‌وه‌ بووین که‌ سیاسه‌توانان و که‌سایه‌تییه‌ کورده‌کان ڕا و بیر و بۆچوونی جیاوازیان له‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌بووه‌. مه‌حمود عوسمان پرسی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی به‌ ڕوانگه‌ی تاکه‌که‌سی هه‌ندێ له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌زانێت. ئارێز عه‌بدووڵا پارله‌مانتاری یه‌کێتی نیشتمانی له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئیدی وه‌ک ڕابردوو حیزبه‌که‌ی هاوڕێیه‌تی پارتی دیموکرات ناکات، عادڵ موراد سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌کێتی نیشتمانی وه‌ک هه‌میشه‌ بۆچوونی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و مامۆستا عه‌لی باپیر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی که‌ له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاراسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی کردبوو پێی وایه‌ که‌ پرسی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی به‌ که‌سانی وه‌ک ئه‌و و کاک مه‌سعود بارزانی نابڕێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا که‌ش و هه‌وای سیاسی کوردستان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌بار نییه‌. به‌ده‌ر له‌ کێشه‌ نێوخۆییه‌کان و به‌ هۆی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌ گه‌ڵ ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی وڵاتانی ئێران، سوریا و تورکیا ناکۆکی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کورد به‌ گشتی ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ که‌ نمونه‌ی باوه‌ڕپێکراوی له‌ پرسی به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان پیشان درا .
خاڵێکی دیکه‌ که‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ی کێشه‌ و گرفته‌کانی به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی ئه‌توانین باسی لێ بکه‌ین نه‌بوونی ژێرخانی ئابوری و ستراتیژیه‌تی به‌ڕیوه‌بردنی وڵات له‌ کاتی قه‌یرانه‌کاندایه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانی کوردستان ناو نراوه‌ و به‌ بودجه‌ و تێچوویه‌کی زۆر هه‌ندێ که‌س نازناوی ئه‌ندازیاری ئاوه‌دانی کوردستانیان بۆ خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ڕۆژانه‌ و به‌ تایبه‌ت دوای ده‌س به‌ سه‌رداگرتنی به‌شێک له‌ خاکی عێراق له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌بینرێت کێشه‌ و گرفتی ئابوری و داراییه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم لاوازتر له‌وه‌ پیشان ده‌دات که‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی گه‌وره‌تر له‌مانه‌ ببێته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رکه‌وتن له‌ سیاسه‌ت و پرۆژه‌ نه‌وتییه‌کان باسی لێده‌کرێت ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی 8 ساڵ کارکردنی له‌م وزاره‌ته‌ سیادییه‌ و داهاتێکی زۆری نه‌وتی له‌ وه‌به‌رهێنانی به‌نزینی پێویست بۆ سێ پارێزگای هه‌رێم یان گرتنه‌به‌ری ڕێ و شوێنی گونجاو و تایبه‌ت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌کان وه‌کوو ئه‌وه‌ی که‌ له‌ وڵاتێکی گه‌وره‌ و به‌ حه‌شیمه‌تی وه‌ک ئێران له‌ ژێر ناوی دابه‌شکاری به‌شه‌ سوته‌مه‌نی په‌یره‌و کرا بێ ده‌سه‌ڵات بووه‌ و ته‌نها شانازی به‌ دابین کردنی به‌نزین له‌ ڕێگای هاورده‌کردن و پاڵاوگه‌ی بیجیه‌وه‌ ده‌کات. قه‌یرانێک که‌ له‌مڕۆدا به‌شێک له‌ نیگه‌رانییه‌کانی لایه‌نی کوردی بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین که‌ یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی ڕێگر له‌ ده‌سکه‌وتنی ئاواته‌کانی کوردان ده‌بێت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی 23 ساڵ ته‌مه‌نی حوکمڕانی له‌ کوردستان له‌ بواری ئابوریدا به‌ ته‌واوی به‌سراوه‌ به‌ وڵاتانی دیکه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ڕؤژێک وڵاتانی دراوسێ وه‌ک ئێران و تورکیا بیر له‌ داخستنی سنوره‌کانیان له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان بکه‌نه‌وه‌ وێنه‌ی ناخۆشتر له‌ ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ به‌نزینخانه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌یبینین له‌ میدیاکانه‌وه‌ بۆ جیهانیان بڵاو ده‌بێته‌وه‌. کێشه‌ ئابورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ته‌نیا له‌ به‌نزین دا خۆی ناگرێته‌وه‌ و لاوازی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ وه‌به‌رهێنانی خوارده‌مه‌نی و پێداویستییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان کێشه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ که‌ پلانێکی تایبه‌تی بۆ دانه‌ڕێژراوه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابوری بو ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی پێویستی سه‌ره‌کییه‌ و له‌ کاتی ئێستادا و به‌ تێڕوانین به‌وه‌ی که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ شار و شارۆچکه‌ کانی هه‌رێم دا ده‌گوزه‌رێت به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین که‌ پرسی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی بڕیارێکی ئیحساسی و به‌ده‌ر له‌ واقیعی کوردستانه‌ و له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا به‌ دووری ده‌زانم .
یه‌کێکی دیکه‌ له‌ گرنگترین کێشه‌ و گرفته‌کانی به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی نه‌بوونی پاڵپشتی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌م ئه‌گه‌ره‌ی به‌رده‌م حکومه‌تی کوردستان. له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سه‌ردانی هه‌ولێر و چاوپێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی به‌ ڕاشکاوانه‌ دژایه‌تی خواستی کوردانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کرد و داواشی له‌ سه‌رکردایه‌تی کورد کرد به‌شداری پرۆسه‌ی نوێی سیاسی عێراق بکه‌ن. ولیام هگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیاش به‌ چه‌شنێک ناڕه‌زایه‌تی یه‌کیه‌تی ئوروپای به‌ کاربه‌ده‌ستانی کورد ڕاگه‌یاندووه‌. له‌ ئاستی ناوچه‌که‌شدا ئێران وه‌کوو هێزێکی گه‌وره‌ به‌ هۆی پاڵپشتی له‌ حکومه‌تی ناوه‌ند و هه‌روه‌ها کاریگه‌ری ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌ سه‌ر ناوچه‌ کوردییه‌کانی دژایه‌تی ئه‌م پرسه‌ و دابه‌شبوونی عێراق ده‌کات. هه‌رچۆن که‌ ئاماژه‌م پێدا بۆچوونی تورکیا به‌ ئامانجی ده‌سکه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌کان وه‌ک نه‌وت و غاز که‌ به‌ ته‌واوی پێویستی پێیه‌تی به‌ پێی هه‌ل و مه‌رجه‌کان ڕه‌نگه‌ گۆڕانکاری به‌ سه‌ردا بێت به‌ڵام وه‌ک یارییه‌کی تۆپی پێ، جیهانی سیاسه‌تیش پێش بینی له‌ سه‌ر ناکرێت. وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که‌ش ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌یش که‌ تۆمه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی کاروباری نێوخۆیی عێراق و پاڵپشتی گروپه‌ تیرۆریستییه‌کان دراوه‌ته‌ پاڵیان به‌ هیچ شێوازێک ئاماده‌ نین دان به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیدا بنێن و له‌ سۆنگه‌ی بیر و هزری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی خۆیاندا خوازیاری یه‌کگرتوویی عێراقن. هه‌ر چه‌نده‌ که‌ کێشه‌ و ناکۆکی زۆریان له‌ گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی مالکیش دا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ ترسی کاریگه‌ری دابه‌شبوونی عێراق به‌ سه‌ر وڵاتانی خۆیان پێناچێت بیر له‌ سیاسه‌تی دابه‌شبوونی خاکی عێراق بکه‌نه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی که‌ باسمان لێکرد ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق ڕوبه‌ڕوی کێشه‌ و گرفتی زۆر بووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌ هه‌ست کردن به‌م بارودۆخه‌ ناتوانێت لانی که‌م له‌م قۆناغه‌دا ڕایگه‌ێنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌م کێشه‌ و گرفتانیشه‌ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌ پێشهاته‌ نوێیه‌کان ته‌رازووی هێزی به‌ لای کورداندا قورستر کردووه‌ و هه‌ر وه‌ک چۆن نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی پێداوه‌ بارودۆخی کورده‌کان بۆ قۆناغی پێش هێرشه‌کانی داعش ناگه‌ڕێته‌وه ‌.

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds