ژاپۆن لەبارەی دەوڵەتی كوردستان هاتە دەنگ .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
رۆژنامەی “جاپان تایمز ” ی یابانی لە سەروتاری ئەمڕۆ یەكشەمیدا نووسیویەتی ” دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ( داعش) خەلافەتی خۆی لە بەشێك لە خاكی عێراق و سووریا راگەیاند كە بە دەوڵەتی هەموو مسوڵمانانی ناساندووە، بەڵام لەوە ناچێت ئەو دەوڵەتە زۆر بژیی بەهۆی ئەو هەموو دوژمنەی لە دەوروبەری هەن كە بوونی ئەو دەوڵەتە رەت دەكەنەوە .”
رۆژنامەكە نووسیویەتی، بە جوونە ناوەوەی داعش بۆ عێراق ، ئەو وڵاتەی لێك هەڵوەشاندەوە و رەنگە كوردەكان دوای خواستی لەمێژینەیان بكەون و دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنن ، ئەگەر خەلافەتیش برووخێت لەوە دەچێت ئەو چوار ملیۆن كوردەی كە هەرگیز بەشێك نەبوون لە عێراق، دەوڵەتی نوێی كوردستان دروست بكەن .
“حكوومەتی بەغدا لە پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە لە وتووێژدایە لەگەڵ كوردان ، بەڵام یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە هەرگیز دروست نەبووە و رێژیمی سەدام لە هەشتاكاندا دەستی بە پاكتاوی نەژادی كرد و هێڵی دژەفڕینی ساڵی 1991 بە كردەیی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆی دروست كرد لە چوارچێوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا” رۆژنامەكە وای نووسیوە .
جاپان تایمز كە رۆژنامەیەكی كاریگەری یابانە زیاتر دەنووسێ ” بە داخەوە حكوومەتانی دەوروبەر وایان دەزانی درووستبوونی دەوڵەتی كوردی وا لە كوردانی پارچەكانی تر دەكات بێنەوە سەر ئەو دەوڵەتە ، بۆیە رێگرییان لێدەكرد ، بە تایبەتی توركیا، بەڵام ئەو ترسانە هیچ گرنگ نین چونكە ئێستا داعش هەموو هاوكێشەكانی گۆڕی ، كورد كەركووكیان كۆنترۆڵ كردووە كە بەغدا بە هی خۆی دەزانێت و كوردەكانیش بە هی خۆیان “.
رۆژنامەكە گوتی ” ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هاوكێشە هەرێمییەكان دەگۆڕێت و ناتەنیاهوش دەوڵەتی كوردستان بە بەشێك لە یەكێتی نێوان هێزە نەرمڕۆكان وەسف دەكات لە هەرێمەكەدا ، تەنانەت ئەردۆگانیش دەستی بە گفتۆگۆ كردووە لەگەل سەركردە كوردەكان ، هەرچەندە هەندێك كەس بە بەهێزكردنی دەستی خۆی وەسفی دەكەن تا لە هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتیی دەربچێت تەنانەت گفتوگۆی ئەردۆگان لەگەل كورد بە قومار وەسف دەكەن ، بەڵام ئەردۆگان لەمەوپێش ئەو قومارەی كردووە و بردوویەتیەوە “.
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ ” مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی ( ئێستا كاتی ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان داهاتوی خۆیان دیار بكەن )، رۆژنامەكەیش دەڵێ ” رەنگە ئێستا كاتی ئەوە بێت نەخشەكان دووبارە بكێشرێنەوە “.
سەرچاوە / وشە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە