چەکەکانی ئەمریکا نادرێتە پێشمەرگەی یەکێتی .
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ئەو چەکانەی ئەمریکا رەوانەی ھەرێمی کردووە ، بەفەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێم تەنھا دراوەتە ھێزەکانی (٨٠) ی پارتی و نەدراوە بە پێشمەرگەکانی یەکێتی ، دەشڵێت : لەسەر ئەو بابەتە وەزیری پێشمەرگە بانگھێشت دەکەین .
قادر وەتمان ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان بۆ SNN ئاشکرایدەکات ، سەرباری ئەوەی ئەمریکا بەڵێنیداوە چەک بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بنێرێت ، بەڵام تائێستا چەکی ئەمریکا نەگەیشتۆتە دەست پێشمەرگە .
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوونکردەوە ، ئەو چەکانەی تائێستا بەسەر پێشمەرگەدا دابەشکراون ، بەفەرمانی سەرۆکایەتی ھەرێم دراونەتە ھێزەکانی ٨٠ ، ئەمەش لەکاتێکدایە ھێزەکانی ٧٠ کە سەر بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ھیچ جۆرە چەکێکیان پێنەگەیشتووە .
وتیشی :”دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەو بابەتەو پەیوەندیکردن بەچەند فەرماندەیەکی لیواکان لەناوچە جیاوازەکاندا ، زۆر بەڕاشکاوانە دەڵێم ئەو چەکانە کە بریتین لەقەناس و بیکەیسی و لەڕێگەی فەوجەکانەوە دراون بەھێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ، ھێزەکانی ٧٠ی یەکێتی وەریان نەگرتووە “.
قادر وەتمان کە ھاوکات ئەندامی فراکسیۆنی سەوزە لە پەرلەمانی کوردستان ، ئاماژەی بەوەکرد دوای بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو بابەتە ، پێیان ڕاگەیەنراوە ئەوچەکانە بەپارەی نوسینگەی سەرۆکی ھەرێم کڕدراون ، لەوبارەیەشەوە بەتەنزەوە وتی :” بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا نوسینگەی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەو جیاوازییە بۆ دەکات لەنێوان پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی ؟”.
قادر وەتمان ئەوەشی وت :” بەنیازین لەبارەی ئەو جیاوازییەوە لەدابەشکردنی چەکەکانی پێشمەرگەدا ، وەزیری پێشمەرگە بھێنینە ژووری لیژنەی پیشمەرگەو ئەگەر ھەواڵەکە پشتڕاستبکاتەوە ئەوکاتە دەبێت سەرۆکی ھەرێم لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوە بدات “.
سەرچاوە – SNN
- زانا ڕەزاق: زۆرجار دۆستی تۆ دوژمنی تۆیە، دوژمنی تۆش دۆستی تۆیە. - 2022-06-29
- هونەر تۆفیق: جامانە…..! - 2022-06-19
- یوسف محەمەد بەرزنجى: عەزیز گەردى ڕەزێکى بەبەرهەم لە دامێنى قەڵادا. - 2022-06-07