puk-pdk

 ئەمرۆ رۆژێکی گەرمی لێدوانە ئاگرییەکانی نێوان کادیرانی ریزی دووەمی پارتی و یەکێتی بوو، دەبێت دەمیان داخرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمرۆ چەندین لێدوانی دژ بەیەکیان لە ماڵپەرە رەسمیەکان و تۆری کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاوکردەوە،  سەرچاوەیەکیش دەڵێت ” پێوستە بەر لەم شەڕە ساردە بگیرێت ، پێشئەوەی شەڕەکە سەر بکەوێت بۆ ریزی یەکەم و ناکۆکیەکە بکەوێتە نێو سەرکردەکانەوە”.

لەسەر قسەکردن لەسەر سەرۆکی هەرێم و ‌هێزی پێشمەرگە لەلایەن کادیرێکی یەکێتیەوە ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئومێد خۆشناو لە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی هێرشێکی توندی کردە سەر میدیاکاران و هەندێک کادیری ناوەندی یەكێتی ، هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش وەک وەڵامدانەوەیەک هێرشی کردە سەر پارتی و پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە و تا ئێستا ئەو هێرشانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیەکان درێژەی هەیە، سەرچاوەیەکی سیاسی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش دەڵیت ” لەم هەلومەرجە ناسکەدا پێوستە دەمی کادیران هەردوو حیزب داخرێت ، چونکە ئەمرۆ رۆژی یەک گوتار و یەک هەڵوێستە بەرامبەر داعش و بەغدا “.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کرد کە پێشبینی ئەوە دەکرا کە کادیرە گەنجەکانی هەردوو حیزب دەستبەرداری ئەو ململانێ مێژوویەی نێوان پارتی و یەکێتی بن و ، بەگیانێکی نوێ و هاوچەرخەوە مامەڵە لەگەڵ یەکدا بن ، لەوە گەورەتریش بن کە راکێشرێن بۆ ئەو ململانێ لابەلایە ، کەچی ئەوان ئاگری شەڕەکە خۆش دەکەن و خەریەک ریزی یەکەمی هەردوو حیزب کە سەرکردەکانە رادەکێشنە ململانێکەوە “.

ئەو سەرچێ‌وەیەی سپی باسی لەوە کرد ئەگەر بەر لەمە نەگیرێت ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە لەم هەلومەرجە ناسکەدا ” 

ئەمەی خوارەوە دەقی لێدوانەکانی کادیرە گەنجەکانی پارتی و یەکێتین لەسەر یەکتری :

دەقی لێدوانەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئومێد خۆشناو لە ماڵپەڕی فەرمی پارتی :

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان، نیگەرانیی تەواوی خۆی بەرانبەر بە هێرشی ” ناڕەوا و چەواشەکارانە “-ی هەندێکی بەرپرس و پەرلەمانتار و ڕاگەیاندنکارانی یەکێتیی نیشتیمانی دەربڕی و دەڵێت ، ” ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بڵێین، بێدەنگیی دەشکێنین و لەو دەنگە گوماناوییانە دێینە دەنگ کە دەیانەوێ دەستی چەوری خۆیان بە خەڵکی دی بسڕن .”

(ئومێد خۆشناو) بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند ، ” دەمێکە و تایبەت پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەیش ، هەندێکی یەکێتییەکان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی ، پەرلەمان و ڕاگەیاندنکارانیشیان ، زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکەن و قسەی سەیر دەکەن .. تەنانەت لەسەر ئاستی شەقامیش هەست دەکرێ کە گرووپی ئەم و ئەو ، بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش دڵخۆشن و بە مەبەست هەوڵ دەدەن خەڵکی بخەنە دۆخی دوودڵییەوە .”

(خۆشناو) زیاتر گوتی ، ” جیا لەو حاڵەتەی باسم کرد، دەیانەوێ هەرچیی سەروەریی پێشمەرگەی کوردستان هەن ، بە حیزبی بکەن و چەند کەسێکی نێو کۆشک و تەلارەکانیان بکەنە قارەمان و کوڕی خەڵکی ئازارچەشتووی نێو سەنگەرە پیرۆزەکانی بەرگرییش پەراوێز بخەن و بە کەم سەیریان دەکەن .”

وەک سەرۆکی لیستی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەو ماوەی ڕابرد بە هۆی چەند هۆکارێکەوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە کە ئەمانەن : ” کاتی خۆمان بۆ یەکڕیزی هەڵبژارد و بەرگرییمان لە خاکی کوردستان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕووداوەکان، لە هەموو شتێک بە لاوە گرینگتر بوو. دەمێکە گوتوومانە، ئێمە کاتی خۆمان بە دۆخی هیوا بۆ نەخوازی ئێوە سەرقاڵ ناکەین و کاتەکانمانی پێ بە فیڕۆ نادەین . زۆریش دڵنەواییی کێشە نێوخۆییەکانی ئێوەمان کردووە و لەوە تێ دەگەین کە، خۆکۆکردنەوەتان و نەبوونی یەکدەنگی و یەک ئاراستەییتان کارێکی وەها ئاسان نییە. بەڵام کاتێ سنوورتان بەزاند، ئێمەیش ناچارین بڵێین چێدی بێدەنگبوونمان لە بەرنبەر بە چەواشەکارییەکانتان، دەمانخاتە بەردەم بەرپرسارەتیی نیشتیمانی و نەتەوەیییەوە.”

(ئومێد خۆشناو) وەک هۆشداریێکیش زیاتر گوتی، “بێدەنگ بن باشترە ، ئەگینا هێندەمان ڕاستی لایە کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرایان بکەین، شیواویتان زۆر لە دۆخی ئێستاتان زیاتر تەنگاوتان دەکات .”

دەقی وەڵامەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکیتی بێگەرد تاڵەبانی :

ئێستا کاتی ئەوەنییە لەگەڵ یەکتردا بکەوینە جۆرێک لەناکۆکی و وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دروستبێت، چونکە ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر ھەموومان پێویستمان بەیەکڕیزی و یەکدەنگی ھەیە .

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتی باوەڕی تەواوەتی باوەڕی بەئازادی و پانتایی ئازادی ھەیە بۆ ئەندامەکانی چ لەفراکسیۆن و چ لەناو حزبدا.

ئەمەش وادەکات ئێمە لەڕوانگەیەکی فراوانترەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکەین، ئامانجی یەکێتیش پچڕاندنی شیرازەی یەکڕیزی نیشتمانی نییە، چونکە ئەوە ئێمەین پەیام ھەڵگری یەکڕیزی نیشتمانین .

باشترین گەواھیدەری ئەم ڕاستیەش ، مامەڵەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لەبەرەکانی جەنگ، کە لەئێستادا شانبەشانی ھێزەکانی تر کە گوزارشت لەپارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، پێکەوە بەرگری لەباشووری کوردستان دەکەین .

شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تردا، بەڕوون و ئاشکرا دیارە، بۆیە ھەر کوردێک لەھەرێمی کوردستان ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵوێستی لایەنی سیاسی لایەنەکان بکات، پێمانوایە بەویژدانەوە دان بەوەدادەنێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو حزبێکی نەتەوەیی و پارێزەری دەستکەوتەکان و باوەڕبوونی بەبنەما نەتەوەییەکان و بنەماکانی پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، نەک لەباشوور، بەڵکو لەپارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا مامەڵەیەکی واقیعیانەی کردووە . 

لەئێستاشدا ئێمە نامانەوێت بچنە سەر ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، ئەگینا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مێژووەکەی ئەوەندە پرشنگدارە، کە ئێمە دەتوانین بڵێین تائێستاش بەشێوازێک ڕەگی خۆی داکوتاوە لەناخی تاکەکانی گەلی کورددا کە جێگەی شانازییە.

ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان تەئکید دەکەینەوە، ئێمە وەکو یەکێتی لەڕابردوو لەمێژووی خۆمان ناترسین، لەھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووشدا، دڵنیاین ئەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان نییە کە زیانی پێدەگات، لەبەرئەوە ئومێد دەکەین ھەموومان بەرپرسیاربین لەم دۆخەی کە ئێستا ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە.

ئومێدەوارین تۆوی ناکۆکی لەنێوان یەکتریدا نەچێنین، بەتایبەتی ئێمەی پەرلەمانتاران لەناو پەرلەمانی کوردستان ھەوێنی تەبایی و یەکڕیزی بین، لەبەرئەوە ئێمە لەئێستادا جگە لەم وەڵامە، ھیچ شتێکی تر ناڵێین، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەی ئێستا نەبوایە، ئێمەش بەھەمان ئەو زمانەی کاک (ئومێد خۆشناو) قسەی پێکردووە، قسەی خۆمان دەکرد، بەڵام ئێمە لەپێناوی بەرژەوەندیە گشتیەکانی خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی نیشتمانی ئێمە وەڵامێکی تر نادەینەوە.

بێگەرد تاڵەبانی

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

لەپەرلەمانی کوردستان

١٩-٨-٢٠١٤

نوسینێکی ئومێد خۆشناو لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک :

ئیتر کاتی ئەوە هاتوە بڵێین بەسە بێدەنگی بەرامبەر بەو کەسانەیی نابەر پرسانە دێنە دەنگ و بە مەشبوهی هەنگاو دەهاوێن وگەرە کیتیان دەستی چەوری خۆیان بەخەڵکیتر بسڕن، دەمێکە باتەیبەت دوای ڕوداوەکانی ئەو ماوەیە،لەئاستی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاران و ڕاگەیاندنەکانیاندا،هەرزەکانی یەکێتی زۆر نابەرپرسانە هەنگاو دەهاوێژن وقسان دەکەن .

تەنانەت لەئاستی شەقامیش هەست بەوە دەکرێ جەماعەتی حزبی چەند باڵ،بەهێرشەکانی گروپی تیرۆرستی داعش دڵخۆش بن وبە مەبەست هەوڵدەدەن دڵە ڕاوکێ لە نێو خەڵک زیاد کەن.

هەڵبەت خوازیاری ئەوشن هەرچی تۆماری سەروەری پێشمەرگەی کوردستان هەیە بەحزبی بکەن وچەند کەسێکی بەردەم سپلیتی نێوکۆشک و تەلاران بکەنە قارەمان وکوڕی خەڵکی زەحمەت دیدەی بەرتیشکی هەتاوی سەنگەرەپیرۆزەکانی پێشمەرگەش بێ ئەرزش سەیر بکەن .

ئەگەر ئەو ماوەیە بێدەنگیمان هەڵبژارد لەبەر چەند هۆکارێک بوون لەوانە

* کاتی خۆمان بۆ یەکڕیزی نیشتیمانی هەڵبژاردوو بەرگریمان لە خاکی کوردستان وبەهانەوەچوونی لێقەوماوانی ڕوداوەکان لە هەمووشتێک بەلاوە گرنگتر بوو.

* دەمێکە ووتومانە ئێوە هێندەتان تێدا نەماوە تا خۆمانی پێ سەرقاڵ بکەین وکاتی پێ بەفیڕۆ بدەین.

* زۆر موڕاعاتی کێشە ناوخۆیەکانمان کردوون کە چەند باڵێکن هەر باڵێکیشتان ستونی خەڵکیترن و وەک دار شەقرەی لاق شکاو وان و هەر باڵێک دار شەقرەی خەڵکێکی لە ژێرەو چۆنیان بوێ وەک ڕۆبۆتی قورمیش کراو بەکاری دەهێنن.

بەڵام کە سنورتان بەزاند ولە بەڕی خۆتان زێتر پێتان درێژکرد،ناچارین بڵێن بێدەنگ بوون لەچەواشەکاریەکانتان دەمانخاتە بەر بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی ونەتەوەیی،بۆیە بێدەنگبن باشترە ئەگینا هێندەمان ڕاستی لایە بۆڕای گشتی ئاشکرا بکەین وپەتە شێواوەکانتان زێترو زێتر تەنگە تاو بکەین.

گۆران ئازادیش لە وتارێکدا وەڵامی ئومێد خۆشناو دەداتەوە : وەڵامێك بو هەڕەشە و ئامۆژگاریەكانتان

دوو پەرلەمانتاری بەڕێز لە فراكسیونی زەرد لە نامە و لێدوانێكدا كەمێك ئامۆژگاری و هەڕەشەیان بە فراكسیونی سەوز ناردووە بە پێویستم چەند خاڵێكیان  بیر بخەمەوە , یەکەم /

1- وا بڕیاربوو لە دوای ڕووداوەكەی شەنگال پەرلەمان كوبوونەوەی نا ئاسایی بكات وە واژومان بە هاوكاری هەموو لایەك كۆكردەوە بەڵام دواتر كە بەنداوی مووسڵ و گوێڕ و مەخموور گیرا ووترا كە ئەگەر كۆبوونەوە بكرێت ئەندامان ڕەخنە لە پارتی و سەروكی هەرێم دەگرن ئەمەش كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە بۆیە بۆ پاراستنی یەكڕیزی كۆبوونەوە نەكراو دواخرا بۆئەوەی تۆمەتبار نەكرێین بە تێكدانی یەكڕیزی بۆیە گوتمان باشە.

2- بۆ ڕووداوەكانی شەنگال كە تیایدا زیاتر لە 4000 كەس شەهید بوو و 4500 كەس ئاوارەبوو سنوورێكی گەورەی كوردستان بێ بەرگری كەوتە دەست داعش و گەڕاینەوە خاڵی سەرەتای ساڵی 1992 كە بە سۆز جولاندنی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لە سەر بنەمای بە دەنگەوە هاتنی خەڵكی لێقەوماو ،داوای لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان كرد وەك ئەو لیژنەیەی لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان گۆڕان بە هاوكاری ئێوە بەدەر لە پەیڕەوو لە ماوەی 24 كاتژمێر  دروستتان كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕوودانی لێدانی وبێڕێزی بەرامبەر شەش كادیرەكەی گۆڕان لە سلێمانی دروستتان كرد بەڵام بۆ لیژنەكەی ئێمە ووترا  ووترا ئەم لیژنەیە خزمەت بە بەرژەوەندی و یەكڕیزی ناكا لە ئێستادا بۆ ئەوەی تۆمەتبار نەكرێین ئێمەش دوامان خست.

3- بەڕێز سەرۆكی هەرێم كە هاوكات سەرۆكی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستانە زۆر بە ڕاشكاوی لە پەرلەمان ووتی بۆ هەر كاتێك و بۆ هەر پرسێك پەرلەمان پێی باش بوو من لە پەرلەمان ئامادە دەبم و پەرلەمان مەرجەعە،لەم روانگەیەوە داوامان كرد بەڕێزیان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بێت بۆ ڕوونكردنەوەی ئەوەی كە ڕوویداو ئەوەی كە بە نیازین بۆ هەمووان ئەنجامی بدەین ووترا ئەمە كاتی نی یە و خزمەت بە یەكڕیزی ناكات ووتمان بە سەرچاو.

دووەم/بۆ هەموو كەسێك نەشیاوە لەم دۆخەدا دەست بۆ ڕابردوو ببات و لاپەڕەكان هەڵداتەوە چەنكە نە خزمەت بە بەرژەوەندی نەتەوەكەمان دەكات و نە ڕابرددوی هیچ حزبێك بێ‌ كەم و كوڕیە.

سێ‌یەم/ هاوڕێیان كاتێك باسی پاراستنی یەكڕیزی دەكەن پێویست بوو ئەو كاتەی كە بانگەشەی دروستكردنی دەوڵەتی كوردیمان دەكرد و داوای یەكڕیزیمان دەكرد ئەو حزبەی كە ئێوە نوێنەرایەتی دەكەن لە پاڵ دروشمی ئەم یەكڕیزیە پۆستەكانی  پارێزگاری دهۆك و هەولێریان بە تاكڕەوی دانا و هێزەكانی تریان كردە دەرەوە ،حەزم دەكر ئەو كاتەش ئێوە ڕەخنەیەكتان لە هەڵوێستی حزبەكەتان هەبووایە كە دژی یەكڕیزی جوولایەوە. 

چوارەم/ هاوڕێیان پێویست ناكات هەرەشەی باسكردنی كێشە ناوخۆیی و ململانێكانی یەكێتی بكەن چونكە:

1-ئەم دەردە هەر لە یەكێتی نی یە و باش ئاگاداری ووردەكاری ناكۆكیەكانی ناو هەموو حزبێكی كوردین بەڵام ئی یەكێتی خۆمان باسی دەكەین و ئی ئەوانی تر باسكردنی قەدەغە دەكرێت.

2- شوكر هەر سەركردایەتی و (م.س) و دەزگا ڕاگەیاندنەكانی خۆمان بەردەوام یاسی دەكەن ئیتر بۆ ئێوە خۆتان پێوە ماندوو دەكەن ئێمە نەمان شاردۆتەوە كە كێشە و باڵباڵێن هەیە بەڵام وێڕای ئەو هەمووە دژایەتیەی ئێوەش هەر ماووین و دەمێنین و بە هێز دەبین.

لە كۆتاییدا هیوادارم لە پێناو ساڕێژكردنی برینی شەنگاریەكان و كرینەوەی نامووسی كوردانەمان و پارێزگاری خەڵكی كوردستان و چیتر نەشكاندنی شكۆی پێشمەرگە بەردەوام بین لە پاراستنی یەكڕیزی و شكست و ووردەكاری و برینەكان بۆ دواتر هەڵبگرین بە پێچەوانەوە با خەڵك دادوەر بێت .

گۆرن ئازاد 

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان. 

سەرچاوە – سپی