عیماد عەلی : کوردیش پاش شەنگال چووە قۆناغێکی ترەوە .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

وەک چۆن عیراق پاش روداوەکانی موسل چووە قۆناغێکی زۆر جیاوازەوە و هاوکێشەکان بە جۆرێک گۆڕان ، کە لەم ساڵانەی دواییدا چی هەنگاوێک لە زاڵبونی تاک لایەنی نرابوو ، لەگەڵ ئەوەی زۆر فاکتەری یارمەتیدەر هاتنە ئاراوە بۆ گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ حوکمێکی سەنترالیزمانە و بەرهەمهێنانی سەرکردایەتیەکی تاکرەو و بەهێز ، ئەمانە هەمووی سەرنگون بون ، نەک هەر ئەمە ، بەڵکو روبەرێکی ستراتیجی زۆر لەئەرزی عیراق لەدەست سەنتەر دەرچوو و ، عیراق لە زۆر بارەوە گەرایەوە دواوە ، ئەمەش وای لەم دەسەڵات و سەرکردایەتیە و سەرجەم حزب و لایەنەکان و خەڵکی تری دەرەوەی عیراقیشی کرد جارێکی تر بەو شێوەیە بیر لە حوکمرانی عیراق نەکەنەوە و ، بۆیان دوپات بووەوە کە جارێکی تر نە گەلانی عیراق و نەش هاوکێشە سیاسیە ئیقلیمیەکە رێگە نادەن تاکە پێکهاتەو لایەنێک زاڵ بێت بەسەر ئەم دەوڵەتە مۆزائیکیەدا لە خزمەت بەرژەوەندی ئەقلیمی تاکە دەوڵەتێکدا بێت .
کوردستانیش ، زۆر حاڵەتی تاکرەوی تێیدا رویدا و و ململانێی حزبی و سەرکردایەتی تاکرەو و لەخۆبایی زۆری تێدا دروست بوون ، نەک بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەڵکو لە ئاست کوردستانی گەورەشدا خۆی بەتاکە لایەن و سەرکردە دەزانی کە شایانی بەرێوەبردن و سەرکردایەتی وڵات بێت و خۆی بە شێخ و ئاغا دەزانی و خەڵکی تریش بە شێخی بەرماڵ . ئەگەر هەروا بەو شێوەیە برۆیشتایە روی سیاسەتی هەرێم بەرەو هەمان رەفتاری حومرانی بەغدا دەرۆیشت ، سەلمێنەری ئەم رایەش ئەوەیە ، کە بە ئاشکرا لە پێکهێنانی دەسەڵاتە خۆجێیەکانی دهۆک و هەولێر بینیمان ئەو رەفتارانە چۆن نیاز و بۆچونی ژێرپەردەمان لە کوردستانیش بۆ ئاشکرا دەکات و ، نەک لە عیراق بەڵکو لە کوردستانیش خەڵک رووە و تاکرەوی دەروات و رەخنە لە تاکرەوی دەسەڵاتی عیراق لە بەغداش دەگرێت .
پاش داگیرکردنی شەنگال و ئەو ناوچە فراوانەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە تیرۆریستەکەی داعشەوە ، هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا هات کە لە بوغرایی لایەنەکان کەم بێتەوە و ، حەقە ئەم روداوە پاڵنەر بێت بۆ بە قوڵی بیرکردنەوە و بە خۆداچونەوەیەکی وا روبدات کە لەقازانجی دیموکراسی کوردستاندا بکەوێتەوە و ، پێویستیشە بە ئیستراتیجیەتێکی نوێوە حوکمرانی کوردستان بەرێوەبچێت و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکەی هەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورەش لەبەرچاو بگیرێت و پەیوەندیە دیبلوماسیەکانی لایەنەکان لەگەڵ وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەسەر حسابی هیچ لایەنێکی کوردستانی نەبێت ، لە مەڕ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم روداوەدا ، خۆش بەختانە سەرجەم لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان سەلماندیان کە لە پێناو ئامانجە نەتەوایەتیەکان خەبات دەکەن و چارەنوسمان یەکە و هیچ لایەنێک بەتەنها ناتوانێت لەدەردانە سەلبیاتەکانی ئەم هاوکێشە هەرێمایەتیانە خۆی رزگار بکات و زەرەر بە بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد نەدات .
ئەوەی زۆر گرنگە ، هەڵوێستەکانمان هەمیشە لەسەر کاردانەوەی کاتی نەبێت کە لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ، کە بەروونی لەم چەند رۆژەدا دەرکەوت و ، پێویستە روداوی شەنگال دەرس و پەندێک بێت بۆ هەموان و ، لەم کاتەدا واقعە نوێکە وافەرز دەکات کە بەخۆداچونەوەیەکی خێرا بکرێت لە سیاسەتی هەرێم و پەیوەندیە نێوخۆیی و کوردستانی و هەرێمایەتیەکان ومامەڵەیەکی نوێ لەسەر بنەما و رێبازێکی نوێی جیاواز لەگەڵ رەوتی سیاسی ناوچەکە و کوردستاندا بکرێت ، لەپێناو سەرخستنی پرسە حەقەکەماندا ، چاوەرێین .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت