daesh-jnan

دکتۆر محەمەد گه‌ناوی : له‌چاوه‌ڕوانی داعشدا .

له‌چاوه‌ڕوانی هه‌ر ئه‌نجام و ڕوداوێکدا ترسناک بێ ، یان مژده‌به‌خش به‌تایبه‌ت که‌سه‌رنه‌وشت ساز بێ ، هه‌موو هه‌سته‌کانی مرۆڤ چالاک ئه‌بن زیاتر له‌کاتی ئاسایی وه‌ئه‌م حاڵه‌ش دۆخی هه‌ڵچون وه‌( اثاره‌) له‌ مرۆڤدا دروست ئه‌کات ، وه‌ئیتر له‌م کاته‌دا رۆڵی عەقڵ و بیر ده‌رئه‌که‌وێ که‌چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تی هه‌ڵچون ، ترس یان ( اثاره‌) دا بکرێ . 

چۆن چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ر ئاستی تاک کاریگه‌ری باش یان خراپی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌رونی که‌سه‌کان ، به‌هه‌مان جۆریش چاوه‌ڕوانی روداو بێ یان هه‌واڵێ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵ و وڵات کاریگه‌ری ئه‌بێ له‌سه‌ر ده‌رونی کۆمه‌ڵ که‌هه‌موان به‌پله‌ی جیاواز و به‌ئاڕاسته‌ی جیاواز کاردانه‌وه‌یان بۆی ئه‌بێ . چۆن له‌سه‌ر ئاستی تاک چاوه‌ڕوانی ماوه‌ درێژ حاڵه‌تێکی تایبه‌تی ده‌رونی دروست ئه‌کات به‌هه‌مان جۆر له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵیش هه‌مان حاڵه‌ت دروست ئه‌بێ که‌له‌زۆر کاتدا ئه‌شێ کاردانه‌وه‌ی زیان به‌خش دروست ببێ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵ به‌عقڵ و ئیراده‌ نه‌توانێ ئیداره‌ی ئه‌م حاڵه‌تانه‌ بکات .
دوای ده‌ست به‌سه‌را گرتنی نەینەوا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ که‌م یان زۆر دڵه‌ڕاوکێ له‌ناو خه‌ڵکی کوردستان بوو به‌هۆی ئه‌گه‌ری دروستبونی کێشه‌ی داعش له‌گه‌ڵ کوردستان به‌ڵام وه‌کو چاوه‌ڕوانی ئه‌گه‌رێکی دور بوو ، که‌ئه‌مه‌ له‌کوردستان روبدات . به‌ڵام شۆکی روداوی شه‌نگال به‌م کتوپڕیه‌و ، ئه‌نفال و ئاواره‌ بونی یه‌زیدیه‌کان ، له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی داعش ده‌رونی هه‌مو تاک و کۆمه‌ڵی کوردستانی هه‌ژاند ، به‌تایبه‌ت که‌به‌رگری هێزی چه‌کداری کوردی له‌ده‌ڤه‌ره‌که‌ له‌ئاستی کاره‌ساتدا بوو . نه‌بونی هیچ به‌رگریه‌کی هێزی چه‌کداری کوردی و په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی هێزی چه‌کدارو خه‌ڵک که‌بووه‌ هۆی ئه‌نفالی یه‌زیدیه‌کان دۆخی ( له‌چاوه‌ڕوانی داعشدا) ی له‌پارێزگای هه‌ولێر و دهۆک به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک کرد ، ئه‌گه‌ر هێرشه‌کانی ئه‌مریکا نه‌بایه‌ ئێستا چه‌نده‌ها ئه‌نفال و کۆڕه‌وێکی گه‌وره‌تر له‌کوردستاندا دروست ببوو . له‌گه‌ڵ هێرشه‌کانی ئه‌مریکاشدا ، تائێستاش له‌چاوه‌ڕوانی داعشدا له‌زۆر له‌شوێنه‌کانی کوردستاندا به‌جددی هه‌یه ‌، بۆیه‌ کاری جددی پێویسته‌ بۆئه‌وه‌ی له‌چاوه‌ڕوانی داعشدا نه‌بێته‌ هه‌ره‌شه‌ی جددی وه‌ درێژخایه‌ن چونکه‌ حاڵه‌تی له‌چاوه‌ڕوانی داعشدا هه‌ره‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌موو کایه‌کانی ژیانی هاوڵاتی و وڵات ، پێویستی به‌کۆده‌نگی گشتی کۆمه‌ڵ و حکومه‌ت و خیتابی سیاسی هه‌یه‌ هه‌ر که‌می و که‌مته‌رخه‌میه‌ک کاره‌ساتی مرۆیی لێ ئه‌که‌وێته‌وه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ که‌باسی کۆده‌نگی ده‌کرێ ، ئه‌مه‌ هه‌رنابێ له‌چوارچێوه‌ی کۆبونه‌وه‌و قسه‌دا بێ ، به‌ڵکو ئه‌بێ له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی دا خۆی ببینێته‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ دروستکردنی و کاراکردنی ئه‌گه‌ر هه‌بێ شوراکانی:
1 – ئابوری بۆئه‌وه‌ی پشێوی ئابوری دروست نه‌بێ خه‌ڵک بتوانێ که‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی مسۆگه‌ر ده‌ست بکه‌وێ . بۆئه‌وه‌ی شورای ئابوری کارابێ ئه‌بێ هه‌رچی سه‌رمایه‌ی حکومه‌ته‌ له‌وانه‌ سه‌رمایه‌ی نه‌وت که‌به‌سه‌دان ملیارد مه‌زه‌نده‌ ئه‌کرێ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو وڵات چونکه‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌و شه‌ڕ درێژه‌ بکێشێ ، ئه‌وا ئارامی ئابوری و دارایی تاکه‌ گرنتی سه‌رکه‌وتن ئه‌بێت.
2 – شورای سه‌ربازی نیشتمانی پێویستیه‌کی حتمی ئێستایه‌ به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه‌ له‌وانه‌ هه‌واڵگری تابتوانێ گیانی به‌رگری و ئیراده‌ی خه‌ڵک به‌هێز بکرێ . ئه‌مه‌ی له‌شه‌نگال رویدا کاره‌ساتێکی متمانه‌ بوو به‌رامبه‌ر هێزی چه‌کداری ئێستا ، ئه‌بێ زوو ئه‌مه‌ تیمار بکرێ. بونی یه‌ک فه‌رمانده‌یی له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری سه‌ربازی به‌ئه‌زمون له‌بواری جه‌نگه‌ جیاوازه‌کان.
3 – شورای سیاسی له‌نێوان هێزه‌ چه‌کدراه‌کانی کوردستان و خه‌ڵک پێویسته‌ دروست ببێ بۆ دانانی نه‌خشه‌و‌ پلانی سیاسی و دبلۆماسی به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ئابوری و سیاسی و هاوسه‌نگی هێزه‌کانی به‌شداربوی ناوچه‌یی و جیهانی و ناوخۆیی له‌گۆره‌پانی عێراق و ناوچه‌دا. بۆئه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌ی ئه‌نفالی ترو چاوه‌روانی داعشه‌کان بڕه‌وێته‌وه‌ پێویستمان به‌فکرێکی تازه ‌، عه‌قڵێکی تازه‌، که‌سی تازه ‌، فۆرم و ژیان و بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئابوری و سه‌ربازی تازه‌ هه‌یه ‌. نه‌بونی و که‌مته‌رخه‌می له‌تازه‌گه‌ریدا وه‌ حتمیه‌تی تازه‌گه‌ری دا له‌چاوه‌ڕوانی داعشه‌کاندا ئه‌بێته‌ مۆته‌که‌ی ژیان که‌له‌ ئه‌نجامدا ئه‌نفالی تر و کۆڕه‌وی تر له‌گه‌ڵ تراژیدیای مرۆیی له‌گه‌ڵ خۆیا ئه‌هێنێ ، که‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نابێ ئه‌مه‌ ببینینه‌وه .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies