پەشێو حەمەئەمین : تا یەکێتی و پارتی لە بوودجەی خۆیان مووچەی پێشمەرگە نەدەن ، هێزی نیشتمانی درووست نابێ .

مێژوویەکی دوورە کورد لە ژێر کۆلۆنیالیزمی وووڵاتانی داگیرکەردا بەرخوودان دەداو ،لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدی بە نیشتمان بەخشیوە و ، جیاواز لە هەموو نەتەوەکانی دونیا ، زۆرترین گورزی مرۆیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەنجامدراوە .
لە پاش ساڵانی حەفتاکانەوە دوو بەرەی سیاسی لە ژێر شووناسی خەبات و شۆڕشگێڕیدا دەرکەوتن ، سەرهەڵدانی ئەم دووبەرەیە گەورەترین زیانی گەیاند بەدۆزی کوردو کرانەوەی بەڕووی جیهاندا ، لە گەورەترین دەستکەوتەکانی ئەم دوو هێزە ، لەتکردنی کوردستان و درووستبوونی شەڕی ناوخۆو بوو ، کە هەر یەکەیان لە پێناو بەهێزکردن و مانەوەی خۆیدا ، هانای دەبردە بەر ووڵاتێك کە چەندین ساڵە کورد لە پارچەکانی تری کوردستان لە ژێرنەژاد پەرستی ئەو ووڵاتانە ئاوارەیە و دەچەوسێنرێتەوە . یەکیان دۆستی وارسی کەمالیەکانی تورکیایە و ، ئەوی تریشیان بێ شەرمانە هاوپەیمانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرەی ئێرانە کە کۆماری کوردستانی لەناو بردوو قازیان لە سێدارەدا.
ناپلیۆن دەڵێ شکستەکان بێ خاوەنن ، بەڵام دەستکەوتەکان زۆرترین کەسی لێی کۆدەبێتەوە . بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ و کوژران و بێ سەروو شوێن بوونی هەزاران کەس و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتی و ڕۆتینیاتی ئیداری و لەتکردنی کوردستان و لە ناوبردنی پڕەنسیپە نیشتمانیەکان و نەبوونی ئازادی تاك و دانەمەزراندن و قەیرانی ئابووری و بەحیزبی کردنی دام و دەزگاحکومیەکان و … بە دەیان خاڵی تر کە پێویستە فۆکسیان بخرێتە سەر ، کەس خاوەنیان نیەو ئەمانە لە پێناسی یەکێتی و پارتیدا بەڵایەکی ئاسمانین و چارەنووس بۆی دیاری کردووین .
لە دواین ئەو هێرش و مەترسیانەی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە ) داعش ( کە کردیانە سەرهەرێمی کوردستان ، چەندین گەنجی دڵساف و خوێن گەرمی ئەم نیشتمانە لە پێناو ڕووبەڕوو بوونەوەو بەرگریکردن لەم خاکە ، سنگیان کردە قەڵغانی نیشتمان و لەو پێناوەدا شەهید بوون . ڕووی ڕاستەقینەی یەکێتی و پارتی لەم دوایەدا جوانتر لەوەی کە هەن دەرکەوتن .
کاتێك گەنجێك بەو پەڕی حەماسەوە دەڕوا بۆ بەرگری و شەهیددەبێ لە پێناو ئەم خاکەیا ، کە چی ئەوان دێن و بەشەهیدی یەکێتی یاخوود پارتی ناوی دەبەن و ، بەو هزرە تەسکەی خۆیانەوە لەشکۆی گەورەیی و شەهید بوونی کەمدەکەنەوە .
من نازانم ئەم حەوسەڵەیەی ئەوان لە مزایەدات کەی کۆتایی دێ ، هزری بۆگەنی حیزبیان لە نێو مێشکی حکوومەتدا تا کەی بەردەوام دەبێ ؟
باشە کە ئەوان یەكیان خۆی بە پاڵەوانی جەلەولا دەزانێ و ، ئەوی تر گوێڕوو مەخموور ، ئەی وێران و خاپووربوون و بەدستەوەدانی شنگال کێ خاوەنیەتی ؟
ئەی کێ بەرپرسە لە خراپی گوزەران و کەمی موچەی پێشمەرگە ؟ ئەی کە ٣٠ هەزار کەس لە پێناو ئەواندا لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا کوژران ، بۆچی ڕێگە بەخۆیان دەدەن وەزارەت مووچەی شەهیدانە بداتە خانەوادەکانیان و ئەرکی خوێندنی مناڵەکانیان حکوومەت لە ئەستۆی بگرێ ؟
یەکێتی دەڵێ ناکرێ هەر ئێمە شەهید بدەین و بەرگری لەخاکی نیشتمان بکەین و کەچی دووساڵی یەکەمی پارێزگاری سلێمانیشمان پێ ڕەوا نەبینرێ …!
سەرنج بدەن ئەم لێدووانە لەوپەڕی قەناعەت و هزری حیزبێکی سۆشیال دیموکراتەوە سەرچاوەی گرتووە ، بەڕاستی مەهزەلەیە . گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ ، خاوەنی دەیان هەزار نفووزن لەنێو ئەم وەزارەتەیا ، دیارە ئەوەی لە جەنگدایە تەنها لایەنگرانی یەکێتی و پارتین شەهید دەبن و هەواداری لایەنەکانی تر هەموو لەسەنگەر ڕایان کردووەو هەڵهاتوون .
شەهید لەپێناسی هەموو دنیاو گشت پڕەنسیبە ئاینیەکان ، بەو کەسە دەوترێت کە لە پێناو شکۆی گەل و پاراستنی ماڵ و ناموس و خاکەکەیدا بجەنگێ و لەو پێناوەدا شەهید بکرێ . بەپێی ئەم پڕەنسیپە ئەوانەی لە کوردستاندا شەهید دەبن ، شەهیدی یەکێتی و پارتین نەك گەل و خاك . بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە چیتر سووکایەتی بە شەهیدان نەکرێ و ڕێگە لەو گاڵتە جاڕیانە بگیرێ کە چیتر خوێنی شەهیدان بەحیزبی نەکرێن ، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ نیە ، کە ئەوانە لە پێناو مانەوەی حیزبێکدا خۆیان بەختکردبێ ، بەڵکو ئەوانە شەهیدی گەلن و بۆشکۆی بەرزی ئەم ووڵاتە جەنگاون .
ئیستا کە وەزارەتی پێشمەرگە لەپشکی بزووتنەوەی گۆڕاندایەو وا بڕیارە بەنیشتمانی بکات و دەستی حیزبی لێ دوورخاتەوەو چاکسازی تیا بکات ، دەبێ زۆر بەڕوونی ئەو پەیامە بگەیەنێ . گەر یەکێتی و پارتی واز لە بەحیزبی کردنی پێشمەرگە ناهێنن بەردەوام دەبن لە مزایەدەکردن بەخوێنی شەهیدانەوە ، ئەوا هیچ پێویست بە وەزارەت ناکات و با هەر ئەوان خاوەنی پێشمەرگە بن . بەڵام بەو مەرجەی لەو بوودجەی کە لەپەرلەمانەوە بۆیان دیاری کراوە مووچەی پێشمەرگە بدەن و ، وە شەهیدانەو زامنی ژیانی خانەوادەی شەهیدانیش هەر بۆ خۆیان لە ئەستۆی بگرن.
بە پێی هەموو پڕەنسیپە ئایینی و نیشتمانیەکان ئەوانەی لە شەڕی ناوخۆدا تیاچوون شەهید نین ، چونکە ئەوان لە پێناو بەرگریکردن و مانەوەی حیزب و بنەماڵەدا ، لەنێوان یەکێ لە کورد ترین شاری کوردستان و پایتەختەکەیدا لە پێناو مانەوەو ڕێبازی یەکێتی و پارتی کوژراون ، چونکە نە لەچیاکانی حەمرین و دووا سنووری خاکی کوردستان جەنگاون ، وە نە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران و شاڵاوی دوژمن بۆ سەر کەرامەت و شکۆی ئەم خاکە ڕاوەستاون .
بەم پێیەش بێت ئەوانە شەهیدی ڕاستەقینەی یەکێتی و پارتین ، کەچی ئیستا ناوەکانیان بە پلەی بەرزی عەسکەری و شەهیدی سەنگەر لە قەڵەم دراون و لە دارایی ئەم حکوومەتە مووچە وەردەگرن .
بۆیە دەبێ شەهیدانەی ئەوانیش لە ئەستۆ بگرن و دیسانەوە لە بوودجەی حیزبەکانیانەوە مووچەی ئەوانەش دابین بکەن .
گەر ئەم هەنگاوانە نران ، دەبینین چۆن دەکەونە بەر نەعرەتەی خانەوادەی شەهیدان و ، ئەو کات دەبینین کێن ئەوانەی دەبنە پێشمەرگەی کوردستان و کێن ئەوانەی دەبنە میلشیاکانی ئەوان ، بەڵێ ئەو کات هێزی پێشمەرگە بەنیشتمانی دەکرێ ، چونکە پێشمەرگە بۆی دەردەکەوێ کە چەندین ساڵە ئەوان مشەخۆری حکومەتن و گەر حکومەت نەبێ هیچیان پێ ناکرێ .