Kosret-Berhem

گڵۆڵەی‌ بەرهەم ساڵح كەوتە لێژیی‌ هەڵەی‌ ستراتیژی‌ خۆی‌‌و بەربەرەكانی‌ نەیارەكانی‌ بەمڕۆژەیان گەیاند

رەنگە هەموو كەسێك لەناوەڕۆكی‌ پەیامەكەی‌ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تێگەیشتبێت تەنها بەرهەم ساڵح نەبێت، چونكە جێگرەكەی‌ تاڵەبانی‌ ئەمجارەش لەقورسایی‌ بەرامبەرەكەی‌ تێنەگەیشت‌و چووە ململانێیەكەوە كە چاوەڕێی‌ دۆڕانی‌ لێدەكرا .

بەر لەوەی‌ یەكێتی‌ كاندیدەكەی‌ بۆ پۆستی‌ سەرۆك كۆماری‌ عێراق یەكلا بكاتەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوشكی‌ خانمی‌ یەكەمی‌ یەكێتی‌‌و لێپرسراوی‌ ناوەندی‌ رێكخستنی‌ دەرەوەی‌ یەكێتی‌ وتی‌ “پۆستی‌ سەرۆك كۆمار بۆ كەسێك نابێت كە لەرۆژانی‌ تەنگانەدا پشتی‌ لەیەكێتی‌ كردبێت”.

شاناز بێئەوەی‌ ناوبهێنێت هەموو كەس دەیزانی‌ كە ئەو قسەیەی‌ لەگەڵ‌ بەرهەم ساڵحە، چونكە ماڵی‌ تاڵەبانی‌ پێیانوایە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ 30ی‌ نیساندا بەرهەم ساڵح پشتی‌ لەیەكێتی‌ كردووەو ئێستا نابێت ئەو بەری‌ رەنج‌و ماندووبوونی‌ كەسانی‌ تر بخوات .

بەرهەم ساڵح‌و هاوكارەكانی‌ لەمەكتەبی‌ سیاسی‌ رەنگە كاتی‌ زیاتریان بوێت بۆ ئەوەی‌ تێبگەن ئەم رۆژگارە لەناو یەكێتیدا قسەی‌ ماڵباتی‌ تاڵەبانی‌ دەخوات‌و ئۆرگانەكانی‌ تر بەمەكتەبی‌ سیاسیشەوە شوێنیان لەق بووە ، هیچ بڕیارێكیش لەناو یەكێتیدا نایەتە بەرهەم هەتا بەفیلتەری‌ ماڵی‌ تاڵەبانیدا نەڕوات .

هەڵە ستراتیژییەكانی‌ بەرهەم ساڵح

بەرهەم ساڵح جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ لەژیانی‌ سیاسی‌ خۆیدا سەركەوتن‌و نوشوستی‌ زۆری‌ هاتووەتە رێ، ئەو سەركردە تەمەن 54 ساڵە ژیانی‌ سیاسی‌ خۆی‌ لەناو یەكێتی‌ لەكۆتایی‌ 1976 وەك كادیرێكی‌ سادە دەستپێكرد تا لەكۆنگرەی‌ پێشووی‌ یەكێتیدا گەیشتە لوتكەی‌ كاری‌ حیزبایەتی‌‌و لەگەڵ‌ كۆسرەت رەسوڵدا بوونە جێگری‌ تاڵەبانی‌، لەسەر ئاستی‌ ئیداریش سەرۆكایەتی‌ حكومەتی‌ یەكێتی‌‌و حكومەتی‌ یەكگرتووی‌ هەرێمی‌ وەرگرتووەو لەبەغداش هەتا جێگری‌ سەرۆك وەزیران هەڵكشاوە .

لەدوای‌ نەخۆشكەوتنی‌ تاڵەبانییەوە گڵۆڵەی‌ بەرهەم ساڵح كەوتە لێژیی‌‌و لەچەندین ئەزموونی‌ یەك لەدوای‌ یەكدا پاشەكشەی‌ كرد، هەندێك لەوانە بەهۆی‌ بەربەرەكانی‌ زۆرەوە تیایدا سەركەوتوو نەبوو، هەندێكی‌ تریشیان هەڵەكانی‌ خۆی‌ بەو ئەنجامەیان گەیاند، بەڵام لەپێش ئەو رێكەوتەشەوە بەرهەم ساڵح چەندین هەلی‌ زێڕینی‌ لەدەستداوە .

لەساڵی‌ 2006و چەند ساڵی‌ دوای‌ ئەویش كە نەوشیروان مستەفاو ژمارەیەك لەئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ لەو حیزبە جیابوونەوە، بەرهەم ساڵح بەرەی‌ “مام” تاڵەبانی‌ هەڵبژاردو پێیوابوو ئەمە ئەو هەلە زێڕینەیە كە ئەو تیایدا دەبێتە ژمارەیەكی‌ گەورەتر، بەڵام لەوە تێنەگەیشت نەوشیروان مستەفا كە سەری‌ لەسیاسەتدا سپی‌ كردووە بۆڕبۆڕێنی‌ تاڵەبانی‌‌و گرووپەكەی‌ پێنەكرا، ئیتر چۆن سەركردەیەكی‌ تر دەتوانێت ئەو كارە بكات .

بەرهەم ساڵح هەرچەندە گەیشتبووە پۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌، بەڵام خوێندنەوەی‌ بۆ ئەو حاڵەتە نەبوو كە لەگەڵ‌ هەر دووركەوتنەوەیەكی‌ تاڵەبانیدا ئەوەی‌ ئەو بنیادی‌ ناوە وەك سەهۆڵی‌ سەر ئاوی‌ لێدێت .

ئەوەی‌ تائێستاش وەكو لەكەیەك لەسەر مێژووی‌ سیاسی‌ بەرهەم ساڵح هەژمار دەكرێت ئەوەیە كە لەكاتی‌ رووداوەكانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2011 كاتێك ئەو سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هاوبەشی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ بوو، لەشارەكەیدا چەندین كەس بەدەستی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ پارتی‌‌و یەكێتی‌ شەهیدكران، بەڵام كوڕی‌ شارەكە هەڵوێستی‌ نەنواندو لەبری‌ ئەوە سوپاس‌و پێزانینی‌ بۆ چەكدارەكان نووسی‌، كە ئەمەش بەیەكێك لەهەڵە ستراتیژییەكانی‌ ژیانی‌ حیساب دەكرێت .

دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانی‌‌و سەرەو لێژیی‌ بەرهەم ساڵح

كاتێك لەناوەڕاستی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ 2012 تاڵەبانی‌ نەخۆشكەوت‌و دووركەوتەوە، زوو هەموو نهێنییەكانی‌ پشتی‌ پەردە بەدەركەوتن‌و ململانێی‌ راستەقینەی‌ نێوان بەرهەم ساڵح‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەریهەڵدا .

چەند هەفتەی‌ یەكەم بەس بوو بۆ ئەوەی‌ هەموو كەسێك تێبگات كە ئیتر جڵەوی‌ یەكێتی‌ بەدەست خێزانەكەی‌ تاڵەبانییەوەیە نەك جێگرەكانی‌، لەو دەمەدا بەرهەم ساڵح نەك دەستی‌ بەسەر یەكێتیدا نەدەڕۆیشت، بەڵكو نەیدەتوانی‌ لەتەندروستی‌ سكرتێرەكەشی‌ دڵنیا بێت .

رۆژان‌ هات‌و رۆی‌ یەكێتی‌ گەیشتە یەكەم هەڵبژاردنی‌ بێ‌ تاڵەبانی‌، ئەنجامەكەی‌ هەڵبژاردنی‌ 21ی‌ ئەیلول بەرێبەرایەتی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ فرەكوێخای‌ یەكێتی‌ كەمەرشكێن بوو، لەوە بەدواوە لەبری‌ ئەوەی‌ بەرهەم ساڵح لەگەڵ‌ كۆسرەت رەسوڵدا خەریكی‌ راستكردنەوەی‌ باری‌ لاری‌ یەكێتی‌ بن، كەچی‌ ناوە ناوە نامەیەكیان بۆ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ دەنووسی‌‌و چاوەڕێی‌ ئەوەبوون هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەسەڵاتیان بداتێ‌ .

بەرهەم ساڵح پێیوابوو لەكۆنگرەدا دەتوانن لایەك بەلایەكدا بخەن، بەڵام لەوە تێنەدەگەیشت لایەنی‌ بەرامبەر هێشتا كەیفیان بەكۆنگرە نایەت‌و كاتی‌ گرێدانی‌ بەلەبار نازانن، لەوێش دیسان تەسلیمی‌ ئەمری‌ واقیع بووەوەو هەموو ئاواتی‌ لەسەر ئەوە بنیادنابوو كە لەپلینیۆمەكەی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ ساڵی‌ رابردوودا رۆژی‌ بەستنی‌ كۆنگرە بسەپێنن .

پلینیۆمە چارەكە سەعاتییەكە بەرهەم ساڵح خۆی‌ رێبەرایەتی‌ كردو لەوێش دەرگای‌ گفتوگۆی‌ داخست بۆ ئەوەی‌ رەخنەو گلەیی‌‌و پێشنیارەكان لەكاتی‌ بەستنی‌ كۆنگرە لەكۆتایی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ 2014 باس بكرێت‌و پیلینیۆم شوێنی‌ ئەوانە نییە .

بەدەستووری‌ ئاش لەخەیاڵێك‌و ئاشەوان لەخەیاڵێك یەكێتی‌  رۆژی‌ 31ی‌ كانوونی‌ دووەمی‌ بێ‌ بەستنی‌ كۆنگرە تێپەڕاندو بەرهەم ساڵحیش خۆی‌ لەو حیزبە زویر كرد، بەڵام لەو ماوەیەدا نەیتوانی‌ بڕیارێكی‌ یەكلاكەرەوە بدات، لەوكاتەی‌ بڕیاری‌ دەدا نەچێتە كۆبوونەوەكانی‌ مەكتەبی‌ سیاسییەوە، هەمانكات سەرۆكایەتی‌ وەفدی‌ دانوستكاری‌ یەكێتی‌ دەكرد بۆ پێكهێنانی‌ حكومەت، ناوە ناوەش بۆ گەیاندنی‌ ئەنجامی‌ دانوستانەكان دەچووە كۆبوونەوەكانەوە .

لەهەڵبژاردنی‌ 30ی‌ نیسانی‌ رابردوو بەرهەم ساڵح خۆی‌ لەدیمەنەكە دوورخستەوەو نەجمەدین كەریم‌و قوباد تاڵەبانی‌ وەك رێبەری‌ “هەستانەوەی‌ یەكێتی‌ ” دەركەوتن .

بەرهەم ساڵح پێیوابوو یەكێتی‌ بەو فرە دەنگی‌‌و بێ‌ بەرنامەیەییەوە ئەنجامێكی‌ باشتر لەوەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەیلول چاوەڕێی‌ ناكات‌و نەیدەویست پشكی‌ “شكستەكەی‌” بەربكەوێت، بەڵام نەیدەزانی‌ چی‌ لەژێر بەڕەكەدا هەیە .

ئەو ئەنجامەی‌ یەكێتی‌ كۆیكردەوە بۆ بەشێكی‌ زۆری‌ یەكێتییەكان‌و ئەوانەی‌ دەرەوەی‌ یەكێتیش مایەی‌ باوەڕ نەبوو، خاوەنەكانی‌ “هەستانەوەی‌ یەكێتی‌” رایانگەیاند بەهۆی‌ ئەوەی‌ لەهەڵەكانی‌ رابردوو تێگەیشتوون‌و پلانی‌ تۆكمەیان داناوە بۆیە ئەو ژمارە زۆرەی‌ كورسییان چنیوەتەوە، نەیارەكانیشی‌ دەیانوت ئەو سەركەوتنە یەكێتی‌ خۆی‌ خاوەنی‌ نییە، بەڵكو بە”ساختەو پشتیوانی‌ ئیقلیمی‌” وەدەست هاتووە .

هۆكاری‌ بردنەوی‌ یەكێتی‌ هەرچییەك بووبێت بەرهەم ساڵح تیایدا شەریك نەبوو، بەوەش هەنگاوێكی‌ گەورە هاتە دواوە، بەڵام لەو قۆناغەشدا بەرچاوی‌ روون نەبوو كە بەنیازی‌ چییەو وەك جاران هێلكەكان لەسەبەتەی‌ ماڵی‌ تاڵەبانیدا جێمابوون، كاتێك حكومەتیش پێكهات هەر لەدانانی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتەوە هەتا وەزیرەكان گوێ‌ لەرای‌ ئەو نەگیرا.

دۆڕاندنی‌ دوا گرەو

لەناو یەكێتیدا بەرهەم ساڵح هەلێكی‌ گەورەی‌ لەبەردەستدا بوو بۆ ئەوەی‌ وەك یەكێك لەجەمسەرە كاریگەرەكان بمێنێتەوە، ئەویش كاندیدكردنی‌ بوو بۆ پۆستی‌ سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەم خواستە بەر دیواری‌ ناڕازیبوونی‌ ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەكەوت.

ماوەیەكی‌ زۆر بوو بەرهەم ساڵح وەكو ئەو دەمە لەناو مەكتەبی‌ سیاسیدا پشتیوانی‌ بەدەست نەهێنابوو، بەجۆرێك هەندێ‌ لەو ئەندام مەكتەب سیاسییانەی‌ رۆژێك لەرۆژان نەیاری‌ سەرسەختی‌ بوون، ئەمڕۆ پاڵپشتییان دەكرد، بەڵام ئەوەی‌ بڕیار بەدەست بوو مەیلی‌ لەسەر كەسێكی‌ تر بوو.

بەرهەم ساڵح نەیتوانی‌ لەو قۆناغەدا مانۆڕێكی‌ سیاسی‌ بكات‌و بەبێ‌ خوێندنەوەی‌ ورد شانی‌ دایە بەر گرەوێك كە بردنەوەی‌ ئاسان نەبوو، رازی‌ بوو بەوەی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ دوو كاندیدی‌ فەرمیی‌‌و یەكێكی‌ نافەرمیشیان هەبێت .

بۆ ئەوەی‌ بەرهەم ساڵح بگاتە كورسییەكەی‌ تاڵەبانی‌ لەبەغدا پێویستی‌ بەوە بوو كە دوو ململانێ‌ بباتەوە، یەكەمیان لەگەڵ‌ فوئاد مەعسوم، دووەمیشیان لەگەڵ‌ نەجمەدین كەریم كە سەری‌ ئەوسەری‌ لێگرتبوو .

بەكەمزانینی‌ توانی‌ ركابەرەكەی‌ خستییە هەڵەیەكی‌ گەورەوە، بێ‌ ئەوەی‌ دەنگی‌ پەرلەمانتارەكانی‌ یەكێتی‌ مسۆگەر بكات‌و گەرەنتی‌ دەنگەكانی‌ پارتی‌‌و گۆڕان بەدەست بهێنێت، قەدەری‌ سیاسی‌ خۆی‌ دایە فراكسیۆنە كوردییەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراق، ئەوانیش فوئاد مەعسومیان خستە پێشی‌ .

هەندێ‌ لەوانەی‌ لەبەرهەم ساڵحەوە نزیكن ئاماژە بەوە دەكەن كە ماڵی‌ تاڵەبانی‌ پێشوەختە ساقی‌‌و باقییان لەگەڵ‌ پارتیدا كردووەو ئەو مەسەلەیەیان بەلادا خستووە، بەڵام بەرهەم ساڵح ئاگای‌ لەمەحمودی‌ بێ‌ زەوا نەبووە .

دۆڕاندنی‌ ئەو گرەوە گورزێكی‌ گەورەبوو بۆ ئایندەی‌ بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتیدا، ئیتر تێگەیشت كە ئەو خەیاڵەی‌ بنیادی‌ ناوە شوێنی‌ خۆی‌ ناگرێت .

چی‌ لەدەست دێت؟

ئێستا چەند سیناریۆیەك لەبەردەم بەرهەم ساڵحدا هەیە، یەكێك لەوانە مانەوەیەتی‌ بەو بارەی‌ ئێستاو دەبێت چاوەڕوانی‌ كۆنگرەی‌ داهاتووی‌ یەكێتی‌ بكات، كە بەهەموو پێوەرێك كۆنگرەی‌ ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەبێت .

سیناریۆیەكی‌ تریان لەوەدا خۆی‌ دەبینێتەوە كە بەپشتیوانی‌ ژمارەیەك لەئەندامانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ نەخشەرێگایەك بۆ ئایندەی‌ خۆیان‌و یەكێتی‌ بخەنەڕوو كە چانسی‌ هەستانەوەیان بداتێ‌، بێگومان ئەمەشیان ئاسان نابێت بەو پێیەی‌ لایەنی‌ بەرامبەر سەنگ‌و قورسایی‌ زیاترە .

تاڵترین سیناریۆش جیابوونەوەیەكی‌ لەیەكێتی‌ یان بەپێكهێنانی‌ هێزێكی‌ تازە، یان بەوازهێنانی‌ لەكاری‌ سیاسی‌ .

ئەم سیناریۆیەی‌ دوایی‌ تەباو ناتەبای‌ زۆرن، ژمارەیەك لەئەنداما‌نی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و كادیری پێشكەوتووی‌ ئەو حیزبە كە پشتیوانی‌ بەرهەم ساڵح دەكەن پێیانوایە یەكێتی‌ موڵكی‌ ئەوانەو نابێت “هەڵە”ی‌ نەوشیروان مستەفاو هاوكارەكانی‌ بكەنەوەو بۆ ماڵی‌ تاڵەبانی‌ جێبهێڵن .

لەبەرامبەریشدا گرووپێكی‌ تر پێیانوایە مادام لایەنەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن چوونەتە دەسەڵاتەوە‌و بەرهەم ساڵحیش پێگەیەكی‌ جەماوەری‌ بەهێزی‌ هەیە، بۆیە چانسی‌ ئەوەی‌ هەیە هێزێكی‌ جەماوەری‌ بەرفراوان دروست بكات، لەناو ئەمانەشدا دەنگێك هەیە كە دەڵێت نە بەرهەم ساڵح نەوشیروان مستەفایەو نە بارودۆخەكەش وەك ئەو سەردەمە لەبارە كە گۆڕانی‌ تیا دروست بوو، بۆیە ئەگەر شكست لەمەدا بەكراوەیی‌ دەمێنێتەوە .

لەهەموو بارێكدا ئەوەی‌ دواجار بڕیار لەچارەنووسی‌ سیاسی‌ خۆی‌ دەدات تەنها بەرهەم ساڵح خۆیەتی‌، یان ئەوەتا پلانێكی‌ لەخەیاڵدایەو هەڵدەستێتەوە، یان ئەوەتا بەریتمەكەی‌ جاران بەردەوام دەبێت‌و خوێندنەوە نادروستەكانی‌‌و ملكلانێی‌ سەرسەختی‌ نەیارەكانی‌ گڵۆڵەی‌ لێژتر دەكەنەوە .

ئەم راپۆرتە لەژمارە 31 گۆڤاری شار لەبەرواری 1/8/2014 بڵاوبووەتەوە .