فەتاح حەسەن : فەیسبووکە چیرۆك .
هەشتەم
ئەو شەوەی هاتمەوە سەر سفر
شەوێکی ساردی چلەی زستان بوو ، پاش خواردنەوەی بەشی خۆم ( گەر دەڵێیت نۆش یا بە قوزەڵقورتت بێت ، هەردوکیانم قبوڵە ) ئەوەی قبوڵم نییە کە پێمبڵێی ئێ بۆ دەخۆیتەوە؟! ئەتۆ ناخۆیتەوە سەرپشکی ، دەلێگەڕێ لەوانەی دەخۆنەوە ، ئەزیزم . چیبکەم دڵم حەزی لە پێکیکی تردەکرد ، ئەملاو ئەولای ماڵەکەم گەڕام ، ئەی هەش بەسەرم قومێك مەیم نەدۆزییەوە ، یاران چیبکەم ، چی نەکەم ؟! نەمکردە نامەردی پێمنا بەجەرگی خۆمدا ، خۆم پێچایەوە ، نزیکترین باڕ خۆت بگرە و هاتم ، پێکیکم فڕکرد ، کە سەیردەکەم ، هەر بەتەنها منی لێم ( سەرڕەش – خەڵکی پەناهەندە) ، زۆر دڵم بەخۆم سوتا ، لەبەرخۆمەوە وتم ئای لە من چەند تەنهام !! داوای پەرداخێکی تر شەرابم کرد ، کوڕیکی گەنجی رەشتاڵە فەرموی لێکردم و کەوتە کۆکردنەوەی بۆشەکان ، سەد جنێوم بەخۆمدا و بگرە زیاتر کە بۆ هاتم بۆ ئێرە ، بۆ ؟! بۆشەکانی مێزەکەی تەنیشتمی کۆدەکردەوە ، کچێکی دانیمارکی ، بەرزەپێ لەجێگەی خۆی هەستاو بەزمانێك ، میهرەبانی لێدەتکا ، بەدەنگێکی ناسك و پڕ لە ویقارەوە ، پێیوت : هەزار جار سوپاس، لەشت ساخ بێت بۆ ئەو خزمەتەی دەیکەیت ، لەجێگەی خۆم توامەوە.. رێك هاتمەوە سەر سفر، ئیتر نازانم چی منی هێنایەوە سەر سفر ، خۆم یا .. رەشتاڵەکە یا کچە دانیمارکییەکە ؟!
قسە ناخوات
دەوروبەری کاتژمێر نۆی بەیانی بوو ، جاوەڕوانی هاوڕێیەکم دەکرد ، ماوەیەك بوو بێ ئوتۆمبیل بوو ، بەنیازبوو ئوتۆمبیلێك لە پێشانگایەکی کۆبنهاون بکڕێت .
سواری شەمەندەفەرێك بووین ، هێندەی نەبرد پشکنەر لەمسەرو ئەوسەری شەمەندەفەرەکە وەك قارچك هەڵتۆقین .
/ بەیانیتان باش ، بلیتەکانتان.. کارتەکانتان
من ، کارتی مانگانەکەم پیشاندا.
/ سوپاس .
هاوڕێکەم بەدڵنییاییەکەوە ( کلیپ کۆرت )* ەکەی پیشانی پشکنەرەکەدا، ئەویش لەدەستی وەرگرت و سەیرێکی کرد..
/ ئەوە کۆنە ، هی دوێنێ شەوە .
چی ؟! کۆن ، نیوکاتژمێر لەمەوبەر لەپاسدا کلیپ کۆرتەکەم لێداوە ، دوێنێ شەو هەر لەماڵ نەهاتومەتەدەرەوە!!
/ خەریكبوو ( ٧٥٠ کرۆن ) ی بۆ دەنووسی ، کە دەکاتە نزیکەی ( ١٠٠ یۆرۆ ).
یانی بڕوام پێناکەیت ؟
/ لەوانەیە راست بکەیت ، بەڵام من هەر سزاکەت بۆ دەنووسم ، دەتوانیت بچیت لەگەڵ سەنتراڵدا قسەبکەیت.
هاوڕێکەم سەرێکی ناچاری بۆ لەقاندو وەسڵەکەی وەرگرت . بڕیارماند ، پێش کڕینی ئۆتۆمبیلە بۆر ، بچین بۆ سەنتراڵ. فەرمانبەرێك کلیپ کۆرتەکەی لە هاوڕێکەم وەرگرت و لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەمیدا چێکی کرد ، وتی راست دەکەیت ، قسەی تۆیە ، ئەو پاسەی ئەم بەیانییە سواری بوویت ، شۆفێرەکەی کات و بەرواری ئامێری کلیپ کۆرتەکەی نەگۆڕیوە ( بە پێکەنینێکەوە ) لای ئەو برا شۆفیرە هێشتا شەوە.
ئێمەش خەندەیەکمان بۆ کرد و خواحافیزیمان لێکرد.
/ راوەستە مەڕۆن ..
هاوڕێکەم وتی بۆ ؟!
/ دەبێت ( ٥٠ کرۆن ) هەر سزا وەربگریت ، بۆ ئەوەی فێربیت هەموو کاتێك کلیپ کۆرتەکەت لێدەدەیت سەیری ، کات و بەروارەکەی بکەیت .
هاوڕێکەم پەنجا کرۆنی خستە سەر مێزەکەی ، وەسڵەکەی لێوەرگرت و بەرەو پێشانگای ئۆتۆمۆبیل بەڕێکەوتین.
* کلیپ کۆرت : کارتێکی هاتووچۆیە ، دەتوانرێت بۆ پاس و شەمەندەر و میترۆ بەکاربهێنرێت ، دەدرێت لە ئامێرێکی تایبەت لە پاسدا ، یان لە وێستگەی شەمەندەفەر و میترۆدا ، پارچەیەکی لێدەقرتێنێت ، کات و بەروار و شوێنی بەکارهێنانەکەی لەسەر کارتەکە تۆماردەکات.
تێبینی : بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لە سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).
فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.