کۆبانێ .. نوسینه‌وه‌ی مێژوو .

 

کۆبانی شارێکی کوردنشینی رۆژئاوای کوردستانی گه‌وره‌یه‌و سه‌ر به‌پارێزگای حه‌له‌بی سوریایه‌ به‌دوری 150 کیلۆمه‌تر دوره‌ له‌باکوری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و پارێزگایه‌وه‌‌. له‌روباری فوراتیشه‌وه‌ 30 کیلۆمه‌تر ڕوه‌و رۆژهه‌ڵات دوره‌و 384 گوند له‌ده‌وروبه‌ریه‌تی‌‌ .
ئامادەکردنی : رێنوار نه‌جم
شاره‌که‌ له‌لێواری سنوری تورکیا- سوریادایه‌و وه‌ک به‌شێک له‌سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی عه‌ره‌بی رژێمی به‌عسی سوریا ، ناوه‌ ئیدارییه‌که‌ی گۆڕاوه‌ بۆ ” عین العرب “. له‌دوای شۆڕشی سوریاوه ‌، له‌ته‌مموزی 2012 شاره‌که‌ که‌وته‌ ده‌ست پارتی یه‌کێتی دیموکرات ناسراو به ‌” په‌یه‌ده ‌” ، دواتریش کرا به‌کانتۆنێکی سه‌ربه‌خۆ .
کۆبانی باوه‌ڕوایه‌ ناوه‌که‌ی له‌وشه‌ی ( Company ) ئینگلیزییه‌وه‌ هاتبێت‌ به‌وه‌ی له‌ساڵی 1911 کۆمپانیایه‌کی ئه‌ڵمانی پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری هه‌بوه‌و باره‌گای سه‌ره‌کییان له‌و شاره‌بوه‌ . کۆبانی زیاتر له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌ڕه‌نسییه‌کان په‌ره‌یپێدراوه‌و شه‌قامه‌کانی دروستکراوه ‌، تائێستاش هه‌ندێک له‌بینای دروستکراوی فه‌ڕه‌نسییه‌کان که‌ له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م هاتنه‌ ناوچه‌که، له‌ناو شاری کۆبانی ماون .
دانیشتوانی کۆبانی که‌ به‌پێی ئاماری ساڵی 2004 ، پێکدێت له‌نزیکه‌ی 45000 هاوڵاتی . جگه‌ له‌زۆرینه‌ کورده‌که‌ی ، که‌مینه‌یه‌کی عه‌ره‌ب‌و تورکمان‌و ئه‌رمه‌نیشی تێدایه‌ ، ئه‌مه‌ی دواییان هه‌ڵهاتوی کۆمه‌ڵکوژیی ئه‌رمه‌نه‌کان بون که‌ له‌جه‌نگی یه‌که‌می جیهاندا ده‌وڵه‌تی عوسمانیی تورک پێی هه‌ستا ، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌رمه‌نه‌کانی کۆبانی له‌شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردو ، به‌ره‌و یه‌کێتی سۆڤییه‌ت کۆچیان کرد .
له‌نێو دانیشتوان‌و خه‌ڵکانی کۆبانی ، چه‌ندین که‌سی ناودارو به‌توانا هه‌ڵکه‌وتوه‌ . له‌نێو ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌ندانه‌کانیدا که‌سانی وه‌ک مشۆیێ بەکەبورێ ، باقی خدۆ ، ره‌شید سۆفی ، مچۆ کەنده‌ش ، ئەحمەد چەپ ، کاردۆخ بەیرۆ ، سیامەند ئۆسکوللی ، هه‌ن . هه‌روه‌ها پۆلات جان که‌ جگه‌ له‌وه‌ی نوسه‌رو رۆژنامه‌وانێکی پڕ به‌رهه‌مه‌ ، هاوکات یه‌کێکه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانی په‌یه‌ده‌و له‌ئێستاشدا وته‌بێژی ئه‌و پارته‌یه‌ .
رۆماننوس‌و شاعیری ناودار جان دۆست- یش خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌یه‌ . له‌سیاسه‌تمه‌داره‌کانی کۆبانییش ، ساڵح موسلیمی سه‌رۆکی په‌یه‌ده‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ئێستادا ئه‌و حزبه‌ به‌رگرییه‌کی بێ وێنه‌ له‌و شاره‌ ده‌که‌ن.
له‌دوای به‌رگرییه‌ بێ وێنه‌که‌ی کوڕان‌و کچانی کۆبانی له‌شاره‌که‌یان به‌رامبه‌ر به‌چه‌کداره‌کانی داعش ، ئه‌و شاره‌ چوه‌ زێڕینترین لاپه‌ڕه‌کانی مێژوه‌و له‌ئێستادا سه‌رجه‌م میدیا گرنگه‌کان جیهان روماڵی ڕوداوه‌کانی کۆبانی ده‌که‌ن .

سەرچاوە – ئاوێنە .