Saman-Reshid

سامان ڕەشید : ئەرک و رۆڵى پەرلەمانى کوردستان لە یەکلایکردنەووەى پرسى کەرکوک  .

کردنەووەى نوسینگەى پەرلەمانى کوردستان لەشارى کەرکوک هەنگاوێگى گرنگى دەسەڵاتى سیاسى هەرێمى کوردستان بوو سەبارەت بەم شارە . هەڵبەت پێشتر و لەچەند ساڵى رابردوو لەچەندین وتارمدا بەڕاستەوخۆ ئەو پیشنیارەم خستووەتە روو کە تاچەند پێویستە پەرلەمانى کوردستان نوسینگەى تایبەتى خۆى هەبێت لەکەرکوک ، دواین جاریش ئەو پێشنیارەم لە دواى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى کوردستان لە ڕێگاى وتاریکەوە بڵاوکردووە .

ئەم هەنگاوەى هەرێمى کوردستان لەرووى سیاسییەوە پەیامێکى روون وئاشکرایە بۆ ئەوانەى کە کەرکوک وەک شارێکى کوردستانى ناناسێنن یان هەمیشە کاریان بۆ ئەوە کردووە ئەم شارە لە هەرێمى کوردستان دابڕێنن ، بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەو پەیامەى دا بەگوێیان کە هەرێمى کوردستان بەبایخەووە دەڕوانێتە ئەم شارە و تێراونینى دەسەڵاتى سیاسى کورد بۆ هەولێر و سلێمانى چۆن بێت بۆ کەرکوک کەمتر نابێت .
بەکردنەووەى ئەم نوسینگەیە لەباردۆخێکى وەک ئەمرۆدا کە هەرێمى کوردستان بەدرێژاى سنوورى لەشەڕدایە وهەموو ئەو کێشە و پرسانەى کە بەهەڵپەسێردراوى ماوەنەتەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا وەک خۆى ماونەتووە و هیچ لەو کێشانە چارەسەرنەکراوان وهیچ ئاسۆیەک بەدى ناکرێت لە بەغدا کە هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستەیە بنێت کە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوو لاى لێ بەرهەم بێت،هەرێمى کوردستان هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستە دەنێت کە پرس و چارەنووسى ئەم شارە یەکلابکرێتەووە.
یەکێک لەئەرکەکانى پەرلەمان چاودێرى کردنە ، بەو پێیەى کە نوێنەرى گەڵە ، دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بەدواداچون و چاودێرى هەندێ پرسى گرنگ پەیوەست بە شارێک یان بەهەرێمى کوردستان بکات.
بێگومان بوونى نوسینگەى پەرلەمان لەهەر شارێک بەجۆرێک لەجۆرەکان خزمەت بەو شارە یان بەو دەڤەرە دەگەیەنێت ، بەو پێیەى نوێنەران لەنزیکەوە گوێ بیستى خواست و داواکارى هاونیشتمانیان دەبن و کار بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتى دانیشتووانى ئەو شار و ناوچانە دەکەن ، یان یەکلایکردنەوەى هەندێ پرسى گرنگ کەپەیوەسەتە بە کۆمەڵگا لەڕێگاى دەرچواندنى یاسا و چاودێرکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکار.
ئەوەى لێرەدا کرۆکى باسەکەیە ئەمەیە ئایا کردنەووەى ئەم نوسینکەیە تەنها مەغزا و ئامانجێکى سیاسى لەپشتەوەیە یان ئەم نوسینگەیەش وەک هەموو نوسینگەکانى پەرلەمان لە شارەکانى هەرێمى کوردستان بە ئەرک و مەهامى خۆى هەڵدەستێت و گۆێ لە هاونیشتمانیانى ئەم شارە دەگرن ؟ یان تا چەند کار بۆ چارەسەرکردن و یەکلایکردنەوەى پرسى ئەم ناوچانە دەکەن و ئەم پرسە نیشتمانى و نەتەوەییە دەکەنە دۆسێیەکى گرنگى پەرلەمانى کوردستان و کار بۆ چارەسەرکردنى دەکەن یاخوت تاچەند بەدواداچوون بۆ کەموکورتى و گەندەڵى و بەهەدەردانى موڵک وسامانى ئەم شارە دەکەن؟ یان تاچەند ئەتوانن چاودێرى و لێپێچینەووە لە بەرپرسانى ئیدارى ئەم شارە بکەن؟
ئەمرۆ هاونیشتمانیانى ئەم ناوچانە بە ئومێدە دەڕواننە دەسەڵاتى سیاسى هەرێمى کوردستان و هیواى چەندین ساڵیان لەسەر هەرێمى کوردستان کەڵەککردووە و بەچاوى پر ئومێدەوە چاوەڕوانى دەسەڵاتى سیاسى هەرێمن و هەمووان ئاواتەخوازین پەرلەمانى کوردستان دۆسێى ئەم ناوچانە بکاتە یەکێک لە ئەولەوییاتەکانى وکار بۆ چارەسەرکردن ویەکلاکردنەوەى چارەنوسى ئەم ناوچانە بکات .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies