Ali-Bapir

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : شەهید نا، مارتیار/Martyr !!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

من تێ ناگەم ، ئەم هەموو هاتوهاوارە چییە بۆ ئەوەی عەلی باپیر یان مەلایەکی سەلەفی هاوبیری عەلی باپیر رازیکەن بۆ ئەوەی بە پێشمەرگەیەکی گیان بەختکردوو لەپێناو ئازادیی خاک و نتەوەکەیدا بە” شەهید ” ناوبەرێت.

   ئاخر، وەک عەلی باپیریش لە دیمانەکەیدا گوتی” شەهید ” تێرمێکی ئیسلامییە . عەلی باپیر راستدەکات، وشەی شەهید لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامدا هاتە ئاراوە و بەو پیاوە شمشێر بەدەستە تاڵانچی و سەربڕ و زەوتکار و سەبایابەر و کۆیلەکەرانە دەگوترا کە لە هێرشەکانیاندا دەکوژران. ئەڕی دووعاکەی عومەری کوڕی خەتتاب ( خوایە لە زۆڵەکانی جەلەولا بمانپارێزی) گەواهی ئەو بێ رەوشتی و نامرۆڤاێتییە نییە؟ 

   ئیدی تێ ناگەم ئەگەر خۆ بەکمزان و لاساکردنەوەی داکیرکەر نەبێت، بۆ هەوڵ ئەدەن ، پێشمەرگەیەک یان پاڵەوانە شەڕڤانێکی گیان بەخشیو ، بهێننە ریزی ئەو جڕوجانەوەرانەوە . جڕوجانەوەرێک کە خەلیفەکانیان دەزانن بەهەشتەکەیان درۆیەکی شاخدارە و  بۆ مەرامە قێزەوەنەکانی خۆیان گێلەپیاو بە بەڵێنی نەمریی ئەوەدنیاو حەفتاو دوو حۆری چاوجوانی پاکیزە فریو دەدەن و لەبەرەی جەنگدا – حاشا لە ئاژەڵ ، بەتۆپینیان دەدەن . ئاخر تاوان نییە پێشمەرگە بخرێتە ئاستی ئەو جانەوەرانەوە ؟

   ئەوەی عەلی باپیر بە شەهیدی دەزانێت ، پیاوێکە – دەڵێم پیاوێکە ، وا فێرکراوە بکوژێ ، تاڵان بکات ، ئافرەت زەوت بکات ، کۆیلە و سەبایا بەرێت لەبازاڕدا هەڕاجیان بکات ، هەموو کارێکی ناچیزەی دژە مرۆڤ ئەنجام بدات . بەڵکو خواکەی رەوانەی    بەهەشتی بکات ، دەست لە مەمکی ٧٢ پاکیزەکان گیربێت و خۆی تێیاندا بەتاڵکاتەوە . ئەوە دەبێ چ خودایەک بێت ٧٢ ئافرەتی جوان بکاتە قوربانی ئاڵۆشی زرتەبۆزێک ؟ تۆ بڵێی ئەو هەموو حۆرییە ” حوڕ العین ” ە تاواناێکی وەهایان کردبێت کە ئاوەها سزا  بدرێن ؟

   تکایە وازبێنن ، پێشمەرگە مەکەنە هاوتای ئەو جانەوەرانە . چ سوودێکی هەیە عەلی باپیر و مەلی باپیر، پێشمەرگەیەکی گیانبەخشیو بە شەهید بزانن یان نا ؟  نەخێر پێشمەرگە شەهید نییە ، پێشمەرگە ” مارتیارە ”. مارتیاریش ئەو کەسەیە کە لەسەر داکۆکیکردن لە بیروڕای مرۆڤدۆستانە ، پاراستنی وڵات و نەتەوە ، خۆشەویستی سرووشت و جوانی ، بەدەستی ئەوانە تێڕۆڕ دەکرێت کە دوژمنی هەموو جوانی و پێشکەوتنێکن .

   زاراوەی مارتیار، زاراوەیەکی هاوبەشی زمانە هیندۆ – ئەوروپاییەکانە و نامۆ نییە بە زمانی کوردی ، هەر مردنەکەی خۆمانە و لەزمانە ئەوروپاییەکاندا بەهۆی کات و دابڕان لەیەکدی ، گۆڕانی بەسەردا هاتووە . لە زمانی یۆنانیدا بووەتە ” مارتیس” و لە لاتینیدا بووەتە ” مۆرت”.  بۆ نموونە لە زمانی رۆمانی دا ، بە مردن دەڵێن ” موارتێ ” بە مردووش دەڵێن مۆرت .

ئیدی ، باشەهیدی خۆیان بۆخۆیان بێت و مارتیاری خۆمان بۆخۆمان .

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت