عەتا قەرەداخی : کوردو موسڵ .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەر بەشداریکردنێکی کورد لە شەڕی رزگارکردنی موسڵداو بە فیڕۆدانی خوێنی پیرۆزی پێشمەرگەى کوردستان لەو شەڕەدا نەک هەر گەمژەییە بەڵکو خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانییە ، بۆیە هیوادارم سەرۆکی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەڵەى واگەورە نەکەن. با بەجوانی مێژووى کوردو موسڵ بخوێننەوە ئەوسا دەزانن کە موسڵ هیچ پەیوەندییەکی بە کوردو کوردستانەوە نییە ، تەنیا ئەوە نەبێت کە جێگای یادەوەرییە تاڵەکانە بۆ خەڵکی کوردستان.
ئێستا زیاتر لە شەش مانگ بەسەر داگیرکردنی موسڵ لە لایەن هێزەکانی داعشەوە تێپەڕ دەبێت . ئێستا ورتە ورت و دەنگۆی ئەوە دەبیسترێت کە گوایە عێراق خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات کە شەڕی رزگارکردن موسڵ دەست پێبکات . هەرچەندە ئەوە جێگای گومانێکی گەورەیە کە ئەو حکومەت شەق و شڕەی بەغدا بتوانێت کارێکی لەوجۆرە بکات چونکە تەنانەت ئەمرۆ شارەدێی بەغدادیە لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئەمەش مانای ئەوەیە کە تاکو ئێستا هێزەکانی داعش زۆر باڵادەستن بەسەر هێزەکانی عێراقدا. ئەمە سەرباری ئەوەى کە جوگرافیای سوونە مەزهەبی عێراقی کە خۆی لە پارێزگاکانی موسڵ و ئەنبارو سەلاحەدین و بەعقوبەدا دەبینێـەوە لە رووی جەماوەرییەوە ئەگەر بە تەواوەتی لەگەڵ داعشدا کۆک و تەبا نەبن ئەوا پێدەچێت زۆرینەیان کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو هێزەدا نەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو نوخبە سیاسیەى سوونەکان کە لە بەغدا بەشداری حکومەت و ئەندامی پەرلەمانی عێراقن لە روانگەى زۆرینەى سوونەکانەوە وەکو خۆفرۆش بە بە دەسەڵاتی شیعەى عێراقی سەیر دەکرێن.
هەر لێرەوە رەنگە زۆر بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر پێمان وابێت زۆرینەى سوونەى عەرەبی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتیان پێباشتر بێت لە دەسەڵاتی شیعەی عێراقی. رەنگە زۆرێک لەو ناڕەزاییانەشی کە هەندێ لە خێڵە سوونەکان بەرامبەر بە داعش هەیانە پەیوەندی بەوەوە بێت کە ئەو خێڵانە بەرژەوەندیی مادیان لەگەڵ حکومەتی شیعەی عێراقیدا هەبێت. دیارە بوونی پێگەى جەماوەری داعش لە ناوچە سوونەکاندا هۆکاری یەکەمینی سەرکەوتنی ئەو هێزە دڕندەیە تاکو ئێستا. دیارە هەر ئەو جەماوەرەش پشت و پایەی داعشە بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەى کە داگیریان کردووە. تەنانەت لەو ناوچە هاوسنوورانەى کوردستانیش کە سوونەى عەرەبی هاوکاری داعشن تاکو ئێستا ئەو هێزە بەردەوامە لە هێرش کردن بە تایبەتی لە باشووری کەرکوک. بۆیە ئەوە جۆرێکە لە وەهم کە حکومەتی عەبادی و ئاغای سەرۆک کۆماری عێراق پێیان وابێت دەتوانن داعش لە موسڵ و ناوچە سوونەکانی تر وەدەربنێن لە کاتێکدا نەرمە پیاوێکی وەکو ئاغای نوجەیفی بۆ چاودێریکردنی رزگارکردنی موسڵ رادەسپێرێت.
بەهەرحاڵ موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار بەشێکن لە نیشتیمانی عەرەبی و سوونەی عێراقیش بەشێکە لە نەتەوەى گەورەى عەرەب و ئاماژەکانی پشتگیری کردنی داعشیش لەلایەن سوونەى عەرەب و جیهانییەوە بە تورکیاشەوە ئاشکرایە. هەر لێرەشەوە دەشێ وەهای لێکبدەینەوە ناکۆکیەکی ئەوتۆ لە نێوان دەوڵەتی خەلافەت و سوونەى عێراقیدا نەبێت و پێدەچێت عەبادی و بەشێک لە شیعەکانیش ئەوەندە گێل نەبن ئەو راستیانە نەزانن و نەبینن، بۆیە هەر لێرەشەوە لێدوان و قسەکانی حکومەتی شیعەى عێراقی بۆ رزگارکردنی موسڵ و ناوچە سوونەکانی تر لە دەستی داعش وەکو جۆرێک لە سیاسەتی رۆژانەو بۆ سەرفی ناوخۆیی بێت. بەڵام بابزانین ئایا کورد چ پەیوەندییەکی بە موسڵەوە هەیە؟
موسڵ یەکێکە لە شارە هەرە کۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە پێی هەندێ لە سەرچاوە مێژووییەکان شەش هەزار ساڵ پێش زاین مرۆڤــ لە دەشتی نەینەوا نیشتەجێ بووەو مێژووى خواوەندی عەشتار دەگەڕێـتەوە بۆ 1800ی پێش زاین و سەردەمی ئاشوورییەکان بە سەردەمی زێڕینی موسڵ دادەنرێت کە ئاشوور پانیپاڵ لە سەدەی نۆیەمی پێش زایندا برەوی بە ئیمپراتۆرێـتەکە داوەو و دوای ئەویش سەنحاریب لە 700ی پێش زایندا زیاتر پەرەی بە نەینەوا داوە. بەڵام دواترو لە ساڵی 612 ی پێش زایندا بابلی و میدەکان نەینەوایان داگیر کردووەو دواتر شارەکە ئەو پێگەیەی نەماوەو کاتێ زەینەفون بەو ناوچەیەدا تێپەڕیووە لە شوێنی موسڵدا شارە دێیەک هەبووە. موسڵ بەر فەتحی ئیسلامی کەوتووەو لەسەردەمی عەباسیەکاندا زۆر گەشەى کردووەو پاشانیش یەکێک بووە لە ولایەتەکانی ئیمپرتۆرێتی عوسمانی، تا جەنگی یەکەم کە بەپێی رێکەوتننامەى سایکسبیکۆ ولایەتی موسڵ بڕیاربوو بدرێت بە فەرەنسا، بەڵام بەریتانیا ساڵی 1918 موسڵی داگیرکردو دواتریش لە رێکەوتننامەى سیڤەردا فەرەنسای رازیکرد کە دەستبەرداری موسڵ ببێت. دیارە ئەو بەڵێنەشی کە بە کورد درابوو کە لە ناوچە کوردییەکانی ولایەتی موسڵدا دەوڵەتێکی کوردی درووست بکرێت، جێبەجێ نەکرا، ئەویش لەبەرخاتری تورک و بۆ درووستکردنی هاوسەنگی لە نێوان شیعەو سوونەى دەوڵەتی تازە درووستکراوی عێراقدا لە رێکەوتنی لۆزاندا لەو بەڵێنانەى بە کوردیان دابوو پاشگەزبوونەوە. تورکیای نوێش تا ساڵی 1925هەر داوای موسڵی دەکرد دواتر کۆمەڵەى نەتەوەکان موسڵی خستە سەر عێراق .
دانیشتوانی موسڵ لە سەدەی بیستدا بریتی بووە لە عەرەبی سوونە کە پێکهاتوون لە چەند عەشیرەتێکی دیاری وەکو شەمەرو جبورو دلەیم و بەقارەو.. هەروەها سەرباری ئەوەى کە رۆژهەڵات و باکوری شاری موسڵ کوردە لە ناو موسڵیشدا ژمارەیەک کورد هەن ئەمە بێجگە لە شەبەک کە هەندێکیشیان بە گەرگەری خۆیان ناودەبەن، هەروەک ئیزیدییەکانیش هەن کە لە ناوچەکانی شەنگاڵ نیشتجێن. دیارە مەسیحی و تورکمانیش بەشێک لە دانیشتوانی موسڵ پێکدەهێنن. موسڵ لە چارەکی دووەمی سەدەی بیستدا بووەتە پێگەی سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیی عەرەبی و تەنانەت دوای هاتنە سەرکورسی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم، موسڵاویە نەتەوەییەکان بەسەرۆکایەتی عەبدولوەهاب شەواف و بەشێک لە سەرخێڵە عەرەبەکان دژی دەسەڵاتی قاسم راپەڕین کە ئەو دەمە شەواف فەرماندەی یەکەى پێنجەمی سوپای عێراق بوو، بەڵام سوپای قاسم بە یارمەتی شیوعیەکان و بەشێک لە خەڵک توانیان ئەو یاخیبوونە دابمرکێننەوەو شەوافیش بکوژن. لە هاتنی بەعسەوە موسڵ بە لانکی بەعس و شاری ئەفسەرو سەرباز دەناسرا. ئێستا موسڵ لە رووی ژمارەى دانیشتوانەوە دووەم گەورەترین شاری عێراقە. کە بەشێکی ئەو دانیشتوانە کوردن بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئەو شارۆچکەو ناوچانەى موسڵ کوردستانن کە بە سنووری کوردستانەوەن. هەر کەسێکیش لە موسڵ ژیابێت باش دەزانێت کە عەرەبی موسڵ نموونەى خۆپەرستی و نموونەى شۆڤێنیستن بە تایبەتی بەرامبەر بە کورد .
موسڵ لە یادەوەری کورددا دزێوو ناشیرینە، هەرچەندە من چوار ساڵی زانکۆم لەوێ بەسەر بردووەو هەرلەوێش لە هۆڵی خوێندنەوە بەرەو زیندانی ئەمنی موسڵ براوم و ماوەى زۆر ئەشکەنجەى زیندانم لەوێ چەشتووە، کە هیوادارم ئەو یادەوەرییە تاڵانەى زیندان کاریان لە تێڕوانینم بۆ موسڵ نەکردبێت، چونکە لەبەرامبەردا من هەر لەو شارە زمانی ئینگلیزیم خوێندووەو فێربووم. لە ساڵی 1909 کاتێ شیخ سەعیدی باوکی شیخ مەحمودی حەفید دوورخرابووەوە بۆ موسڵ لەوێ لە رووداوێکی تەمومژاویدا خۆی و ئەحمەدی کوڕی شەهیدکران و شیخ مەحموودیش بە رێکەوت رزگاری بوو. هەر لە موسڵ لە ساڵی 1914دا تورکەکان شیخ عەبدولسەلامی بارزانیان لە پای داواکاری جۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە کوردییەکان لە سێدارەدا. بەدرێژایی دەسەڵاتی بەعسیش موسڵ ئەو یادەوەرییە تاڵەیە لە کۆنەستی کوردەواریدا کە سەدەها خەباتگێڕی ئێمە لەو شارە لە سێدارە دراون. کەواتە پەیوەندی کوردو موسڵ نەک هەر پەیوەندییەکی دۆستانەو برایانەو نیشتیمانیانە نییە بەڵکو پەیوەندییەکی خوێناوییشە .
کەواتە بابپرسین ئایا حەقە کورد بەشداری بکات لە جەنگی رزگارکردنی موسڵدا؟ بێگومان وەکو باسمان کرد موسڵ شارێکی عەرەبەو ئەوەى ئێستا لە ژێردەستی داعشدایە بێجگە لە شەنگاڵ ئەویتری هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە، کەواتە رشتنی یەک دڵۆپە خوێنی هەر کوردێک لە پێناوی رزگارکردنی موسڵدا نەک هەر ساویلکەیی و گەمژەییە بەڵکو خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیشە، چونکە هاریکاریکردنی کوردو یارمەتی دان عەرەبب عێراقی بۆ دەرکردنی داعش لە موسڵ بە خۆڕایی بە فیڕۆدانی تواناو ژیانی پێشمەرگەى کوردستانە کە روانینی عەرەبەکانی موسڵ و کۆی عەرەبیش بۆ پێشمەرگەو بۆ کورد بە گشتی جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لە روانینی داعش بۆ پێشمەرگەو کورد. پێموایە دەبێ سەرکردایەتی کورد لەوە ژیرتر بێت کە تازەبەتازە خۆی بە عێراقی بزانێت و ئەرکی پاراستنی عێراق بە ئەرکی خۆی بزانێت، بۆیە حەقە سەرۆکی هەرێم بە هیچ شێوەیەک نەچێـتە ژێرباری ئەوەی کە خوێنی پیرۆزی پێشمەرگەى کوردستان بۆ عەرەبی سوونەو شیعەى عێراق بە فیرۆبدات، چونکە هەموومان دەزانین ئێستا کە عیبادی کەمێ نەرم و نیانە بەرامبەر بە کورد لەبەر لاوزایەتی، ئەگینا هەموو نوخبەى سیاسی عەرەبی عێراق بریتین لە مالیکی و مالیکی و ئەوانی تریشیان پێکەوە بریتین لە سەدام حسێن. من هیوادارم سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەڵەى وەها ستراتیژی و مێژووی نەکات خۆ ئەگەر هەڵەەیکی وەهاشی کرد لە بڕیارداندا بۆ بەشداری لە شەڕی موسڵدا، ئەوا فەرماندەکانی پێشمەرگەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان دژی ئەو بڕیارە بووەستنەوەو جێبەجێی نەکەن و جەماوەری خەڵکی کوردستانیش بە شێوەى مەدەنیانە سەرکردایەتی سیاسی کوردی ناچاری ئەوە بکەن کە بڕیاری لەوجۆرە نەدات چونکە سەرئەنجام سەرۆکی هەرێم بەرپرسی یەکەمە لەوەى کە کورد چ بڕیارێک دەدات، کە ئومێدم وایە بڕیاری حەکیمانە بدات و لەوە تێبگەن کە ئاڵاندنی کورد لە شەڕی موسڵەوە مانای سەنگەرگرتنی کوردە لە هەموو سوونەى عەرەبی لە موسڵەوە بۆ دوورگەى عەرەبی و بۆ سودان و بۆ مەغریبی عەرەبیش کە ئەوەش شەڕێکە بە کورد ناکرێت و لەبەرژەوەندی کوردیش نییە. بەڵکو پێویستە کورد سنوورەکانی خۆی بپارێزێت و بە هیچ بیانوویەک و لەژێر هیچ فشارێکدا پێنەخاتە سەر یەک مەتر دووجا لە خاکی ئەوانی تر. هەروەک چۆن بەرپرس نییە لە پاراستنی یەک مەتر دووجای خاکی عەرەب .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت