Allai-Xoibwn

 سیروان کاوسی : چەند دێڕێک لەبارەی ” ئاڵا ”ی کوردستانەوە .

یەکێ لەو خاڵە بنگەهین و سەرەکییانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی و لاوازیی بیری نەتەوەیی کورد خۆیەوە ، تاکو ئێستا لەسەری رێکنەکەوتووە ، کێشەی ” ئاڵا ” یە . سەرەڕای خەباتێکی دوورودرێژی خوێناویی کە لەمێژووی نوێدا خۆی لەسەتوچل ساڵێکدەدات ، هێشتا کورد خاوەنی ئاڵایەک نییە کە لای تێکڕای جەماوەری کوردستان و لای دنیای دەرەوەش هێما و پێناسەیەک بێت بۆ هەبوون ( موجودیت ) ی  کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ  .

هۆی ئەم کورتی و ناتەواوییەش تەنیا بۆ حیزب و ڕێکخراوەی ئۆتۆنۆمیخواز و کۆمۆنیستی  ناگەڕێتەوە کە پتر لە نیوسەدە خەبات و چارەنووسی سیاسیی کوردیان گرێدا بە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەر و ، بۆ رازیکردنی دڵی داگیرکەران و پارتەچەپەکانی باندەستی کورد ، بەداتاشینی بیرۆکەی چەوت و ناقۆڵا کەوتنە دژایەتیکردنی یەکگرتنەوەی کورد و دەوڵەت و ئالا و ، ناسنامەی نەتەوەیی کورد ، بەڵکو ئەم کێشەیە مێژوویەکی کۆنتری هەیە و  ، هەر لەشۆرشەکەی شێخ عوبەیدۆڵڵا شەمزینییەوە تاکو شۆرشی ئەیلوول بەسەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر کە بەدواقۆناخی سەرکردەیەتیی کلاسیکی کورد دەژمێردرێت ، نەتەوەی کورد بەلانیکەمەوە زیاتر لە دە (10) شۆرش و بزووتنەوەی هەڵگیرساندووە ، بەڵام جگە لە حکوومەتەکەی شای کوردستان مەلیک مەحموود لەباشووری کوردستان کە لەساڵی 1919 دادەزرا ، ” شۆرشی خۆییبوون  ” ( بەسەرۆکایەتیی ئێحساننووری پاشا ) لە 1930 بۆ 1933 لەباکووری کوردستان ، هەروەها کۆماری کوردستان بەسەرۆکایەتیی پێشەوا قازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاڵای فەرمیی خۆیان هەبووە و ، بەوێنە و نووسراوە      گەیشتوونەتە ئەمڕۆ ، لەبارەی ئەوانی دیکەوە هیچ ئەرشیڤ و نووسراوەیەکمان لەبەردەستدا نییە و ، نازانین نەخشە و رەنگی ” ئاڵا ” ی هەر یەکێ لەو شۆرشانە چۆن بووە ؟ ئەوی دەیزانین زیاتر پشتبەستنە بەوتە و گێڕانەوەی ئەو کەسایەتی و نیشتمانپەروەرانەی کە دوای نەمانی شۆرشەکان ، لەبارەی رەنگەکان و نەخشەی ئالاکانەوە دواون . بێگومان هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بیرتەسکی و تێنەگەیشتنی ئەو نووسەر و رۆشنبیرانەی کە لەو کات و سەردەمانەدا ژیاون ، رووداو و بەسەرهات و گرێوکۆسپی نێوخۆ و دەرەکی و ئالا و ئامانج و روانگەی شۆرشەکانیان بەراستی و دروستی تۆمارنەکردووە ، کە وەچەکانی دوای خۆیان بتوانن سوودی لێ ببینن .

وەک ئاماژەم پێکرد ، حکوومەتی مەلیک مەحموود خاوەنی ئالایەک بووە بەرەنگی سەوز لەنێوەراستیدا وێنەی مانگ کێشراوە ، کە ئەمەش وەک زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامیی ئەوکات و ئێستاش ، لە ئاڵای ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە وەرگیرابوو . شۆرشەکەی ” خۆییبوون ” کە زۆر جاریش بە شۆرشی ” ئارارات ” نێودەبرێ و ، بەیەکێ لە گەورەترین شۆرشەکان لەمێژووی کورد ئەژماردەکرێت ، نەخشەی ” ئالا ” کەی ، هەر ئەو ئاڵای ” ئێران ” ی سەردەمی پاشایەتیی بوو بەو جیاوازییەوە لە نەخشەی ئالاکەی کۆمەڵەی خۆییبوون دا ، هەتاو بەرەنگی زەرد ، لەنێو هەتاوەکەشدا وێنەی دووچیای ” ئاگری گەورە ” و ” ئاگری بچووک ” کێشرابوو .

 ئەوجا کۆمەڵەی ” ژێکاف ” کە وەک رێکخراوەیەکی نهێنی لەساڵی 1942ی زاینیی سەریهەڵدا،  لەگەڵ ئەوەی کە باوەڕی بەیەکگرتنەوەی کورد و کوردستان و کیانی کوردی بوو ، بەڵام ئالای نەبوو ، تەنیا لەسەر پەڕەی رۆژنامەی  ” نیشتمان ” ، وێنەی هەتاوی دەکێشا . دواتر کە لەساڵی 1946ی زاینیی ، کۆماری کوردستان لەسەر بناخەی هزریی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا ، بەفەرمیی بڕیاری لەسەر هەڵبژاردنی ‘‘ ئاڵا ” بۆ کۆمارەکەی کرد ، کە نەخشەکەی بەمجۆرە بوو : رەنگی سۆر لەسەرەوە ، بەنیشانەی شەهیدانی کوردستان ، رەنگی سپی لەنێوەراست بەنیشانەی ئاشتی ، رەنگی سەوز لەخوارەوە بەنیشانەی ئاوەدانی و سروشتی جوانی کوردستان . ئەوجا لەنێوەڕاستیدا دوو چەپکە گەنم وەک کەوان کێشراوە ، بە کەتانی سۆر پێچراوەتەوە ، کە نیشانەیە بۆ کشتوکاڵ و بەروبووی کوردستان ، لەنێو کەوانەکەدا قەلەمیک بەنیشانەی خوێندەواری و زانست ، لەژێر قەلەمەکەش وێنەی هەتاو کێشراوە کە رۆناکیی بە ولات دەبەخشێت . هەڵبژاردنی هەتاو هەروەها پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بەمیتۆلۆژیا  و ئاینەکۆنەکانی کوردەوارییەوە وەک میترایزم و زەردەشتی و ، مەزدانیزم کە مێژووەکەی بۆ چەند هەزارساڵیک دەگەڕێتەوە . لۆگۆی نێو ئەم ئالایە، لەسەر راگەیەندراوە و نامەفەرمییەکانی سەرکۆمار و وەزارەتەکانی کۆماردا دادەنرا .

دوای رووخانی کۆماری کوردستان ، لەساڵی 1964 دا کۆنگرەی دووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد تۆفیق لەژێر درۆشمی ” سەربەخۆیی بۆ کوردستان ” لەگوندی ” سوونێ ” لەباشووری کوردستان بەڕێوەچوو ، هەر ئەو ئالایەی کۆمار لە کۆنگرەدا بەرزکرایەوە بەبێ هیچ گۆڕانێک . لە کۆنگرەکانی دواتری حیزبدا ، لەگەڵ لکاندنی نێوی ” ئێران ” بەپاشکۆی نێوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە ، لۆگۆی نێو ئالای کۆماریش گۆڕدرا و ، وێنەی هەتاوێکی گەش لەجێی دانرا .

ئەم ئالا تازەیە هەر لەسەرەتای هەشتاکانی زاینییەوە ، لەلایەن نیشتمانپەروەران و رێکخراوەی نەتەوەیی و لەگۆڤار و رۆژنامە نەتەوەییەکان بەتایبەتیی لەدەرەوەی وڵات وەک ئالای کوردستان قەبووڵکرا . پاسۆک کە لە سەرەتای هەشتاکان دامەزرا ، کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان لەساڵی 1985 و پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەسەرەتای هەشتاکان لەدەرەوەی وڵات دامەزران ، لەکۆنگرە و سەمینار وبۆنە نەتەوەییەکاندا ئەم  ئالا تازەیان دادەنا . دوای ئەوەی ساڵی 1991 ” هەرێمی دژە فڕین ” لەبەشێکی زۆری باشووری کوردستان لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە دامەزرا ، کەسایەتی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری ناوداری کورد مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو لەسەمینار و دانیشتن و کۆڕی شیعری هەزاران کەسی و دیدارەکانی لە باشووری کوردستان ، رۆڵی گەورەی گێڕا لە تێگەیاندنی لایەنی سیاسی و جەماوەری کورد بەگشتی لە گرنگی و پێویستیی ئالا وەک ناسنامەی نەتەوەیی .

 لەنێو حیزبەکانی رۆژهەڵاتیشدا کە ژمارەیەکیان لەباشوور دامەزروان ، یەکێتیی شۆرشگێڕانی کوردستان لەپێش هەموویانەوە دوای دامەزرانی لەساڵی  1992، ئاڵای کوردستانی لەسەر بنکەی پێشمەرگەکانی هەڵدا و ، بەدرۆشمی سەربەخۆیی بۆ کوردستان چالاکیی سیاسی و چەکداریی دەستپێکرد . ئەم حیزبە دواتر ناوەکەی گۆڕی بۆ ” پارتی ئازادیی کوردستان ”. ئێستا جگە لەحکوومەتی هەرێم ، هەروەها تێکڕای حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵات و باشوور ئالای کوردستان لەسەر بنکە و بارەگە و لە بۆنە و کۆنگرەکانیاندا هەڵدەدەن . نێزیک بە چارەکە سەدەیەکە لەنێوخۆ و لەدەرەوەی وڵات هەڵکردنی ئالای کوردستان بووە بە نەرێتێکی نەتەوەیی و لەبۆنەنەتەوەییەکان بەتایبەتیی لە جێژنی نەورۆز ، لەشار و لادێ ، لە دەشت و داوێنی چیا و مێرگ و چیمەن ، لە شایی و سەما و خۆشی و لەگەڵ خوێندنی سروودی نەورۆز ، ئالای کوردستان بەسەر دەستی کیژان و کوڕان و گەورە و بچووکی کوردەوارییەوە دەشەکێتەوە . 

بەکورتی ، نەتەوەییەکانی کورد لەهەر دوو بەشی باشور و رۆژهەڵات و لەدەرەوەی وڵات ، رۆڵی گەورەیان گێڕا لەوەی کە لای جەماوەری کوردستان و لەئاستی دەرەوەش ئەم ئالایە ، بەئاڵای کوردستان بناسرێت .  ڕێکەوتی 11/11/1999 پەرلەمانی کوردستان بەتێکرای دەنگ ئەم ئالا سێ رەنگەی وەک ئاڵای فەرمیی حکوومەتی هەرێم پەسندکرد . ئیستا ئەم ئاڵایە ، نەک هەر لەباشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان ، بەڵکو لەئاستی نێودەوڵەتیش ، بەئاڵای کوردستان دەناسرێت .

ئەوی مابێ لێدوانیکی کورتی لەسەر بکەم ، جێنەکەوتنی ئاڵای کوردستانە لە هەردوو بەشی باکوور و رۆژاڤای کوردستان . وەکدەزانین پارتی کرێکارانی کوردستان ، لەو دوو بەشەی کوردستاندا پێگەیەکی جەماوەریی گەورە و بەهێزی هەیە . پێ کێ کێ لەماوەی دامەزرانییەوە تاکو ئەمڕۆ گەلێک داهێنانی گرنگی لەبواری ئابووریی سەربەخۆ ، میدیا ، شەڕی چەکداری و رێکخستنی جەماوەریی ئەنجامداوە . پیلانگێریی بەردەوامی سیاسی و چەکداری و دیپلۆماسی رژێمی تورکیای تووشی شکست کردووە . بەرخۆدانی شەرڤانانی پێ کێ کێ لە ” کۆبانێ ” ، لەم دوو مانگەی دواییدا ، نێوبانگی ئازایەتی و ئازادیخوازی و بیری پێشکەوتنخوازانەی کوردی بەهەموو جیهاندا بڵاوکردەوە . پێ کێ کێ هاوکات لەگەڵ ئەم خزمەتە گەورە و بەرچاوانەی ، هەروەها بە پەسندکردنی سروودی نەتەوەیی ” ئەی رەقیب ”، هەڵوێستێکی نەتەوەیی گەورەی نواند و بێ هیچ کێشەیەک سروودی ” ئەی رەقیب ” بوو بە سروودی نەتەوەیی لەسەرتاسەری کوردستان . ماوەتەوە سەر ” ئالا ” کە پێ کێ کێ لەپێناو یەکێتیی نەتەوەیی لەسەر ئەم خاڵە بنگەهینە نەتەوەییەش رێکبکەوێ و ئالای کوردستان پەسندبکات ، بەمەش نەتەوەی کورد هەنگاوێک لەو ستراتیژە هاوبەشە نێزیکدەبێتەوە کە مەبەست لێی ، رزگاریی یەکجارەکیی نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی سیکۆلار و مودێڕنە لەسەرتاسەری کوردستان .

هەر شەکاوەبێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان!

(1*) – ئەم وتارە لەسەر داوای رێزدار سیروان دەروێش بۆ رۆژنامەی ”خەبات” (زمانڕەوشی پارتی دێمۆکراتی کوردستان) نووسراوە و، رێکەوتی 18/12/2014 لە ژمارە (4707) دا بڵاوکراوەتەوە .