Abubakir-Caf-2

ئەبوبەکر جاف : سوژە لای فۆکۆ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

فۆرمیولەبونی ” سوژە ” لە ناو گەمەکانی حەقیقەت و پەیوەندییەکانی هێزدا

Le Sujet chez Foucault
La formulations de sujet dans les jeux de verite et dans les rapports des forces
سوژە بەو پێیەی فۆرمێکی گۆڕاو و فۆرمیولەبونێکی بەردەوامە ، نەک جەوهەر و ماهییەتێکی نەگۆڕی ئەبەدی .
یەک فۆکۆمان نییە ، ڕەنگە دوان و سیان بێت ، نمونەی فۆکۆی ساڵانی شەستەکان لە کتێبی ” وشەکان و شتەکان ” جیاوازە لە فۆکۆو ئەزمونی کارو وانەوتنەوەکانی لە کۆلێژى دو فرانس ، فۆکۆی بیۆسیاسەت و ئیرادەی مەعریفە ، فۆکۆی کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان جیاوازە لە فۆکۆی سەرەتای حەفتاکان ، فۆکۆی ئارکیولۆژیا ، فۆکۆی ژینالۆژیا ، فۆکۆی ئۆنتۆلۆژیای مێژوو فۆکۆی وێناکردن و بە تەنگەوە هاتنی خۆ وەک کارێکی هونەری ، بون و ژیان وەک کارێکی هونەری ، ئیتیکی هونەریانەی ژیان . فۆکۆی یەکەم زیاتر مۆرکێکی ستراکتورالی هەبوو تا پۆستمۆدێرن . فۆکۆی سەرەتای هەشتکان ، فۆکۆی دانەر و فەیلەسوفی هەر سێ بەرگی مێژوی سێکسواڵیتی و بەکارهێنان و بەکارخستنی چێژەکان و گرنگی بەخۆدان و بەتەنگەوەهاتنی خۆ ، فۆکۆی هێرمۆنۆتیکای سوژە، فۆکۆی هونەری بەڕێوە بردن گوڤێرنمۆنتاڵیتێ . ئەم فۆکۆیە وەک ئەوەی خۆی بڕوای بە دابڕانی ئیبستۆمۆلۆژی هەبوو لە چرکە زەمەنییەکانی ناو مێژودا ، بەهەمانشێوە جۆرێک لە دابڕان لای فۆکۆی دووەم دروست بووبوو . قسەوباسی فۆکۆ سەبارەت بە ” سوژە !” جێگەی گیرگازو بگرەو بەردە و قسەوباسێکی زۆری توێژەرانە . تا ئاستێک چەند توێژەرێک وەک پارادۆکسی ناو سیستمەم و مەنزومەی بیرکردنەوەی فۆکۆى دەبینن. بەڵام ئەمەی بەرئەنجامی ئەزمون و توێژینەوەو گەڕان و کۆچەریبونی فەیلەسوفێکی وەک فۆکۆیە کە، نەسەقی و سیستەمی و مەنزومەیی نەبووە و وای لێکردووە هەمیشە کۆچەری بێت .” کۆچەری و بیری کۆچەری بە تێگەیشتنە دولوزییەکەی ” ئەگەر دابڕانێکی ئەبستمیش بێت ئەوا ئاساییە . لای فۆکۆ ناتوانین لە سوژە ، یاخود لە هەر شتێکی تر تێبگەین لە دەرەوەی دەسەڵات ، ئەمەش بەو پێیەی کۆمەڵێک پەیوەندی هێزە و لە ناو پەیوەندی هێزەکاندایە تەنانەت تێگەیشتنی فوکۆ بۆ ستراکتۆرێکی سیاسی وەک دوڵەت یان حکومەت یان چینێکی کۆمەڵایەتی یاخود سەروەرو ” ئاغایەک” لە ئاست کۆیلەدا کۆی ئەم شتانە هەموی لە ناو پەیوەندییەکانی هێزدایە . پەیوەندییەکی دەسەڵات پەیوەندییە مرۆییەکان دەشکێنن ، جا هەر جۆرە شێوازو فۆرمێکی هەبێت ، چ گفتوگۆ بێت یان مومارەسەی سێکس یاخود دەزگاکان . دەسەڵات هەمیشە ئامادەیە لە ڕستێک پەیوەندی مرۆییدا و هەمیشە کار لە سەر ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی دەکات ، . ئەگەر پەیوەندییەکانی دەسەڵات بە سروشت و تایبەتمەندی جێگۆڕکێ و گۆڕاویی و بێنە دیارخستن ، وە بە سەر کۆی جەستەی کۆمەڵایەتی ، ئەوەی کە بە تەواوەتی جیای دەکاتەوە بە ڕای فۆکۆ ” ئازادییە” لە غیاب و نا ئامادەیی ئازادیدا پەیوەندییەکانی دەسەڵات بونیان نییە . ئازادی مەرج و پێش مەرجی مومارەسەکردنی دەسڵاتە.مومارەسەکردنی دەسەڵات لایەنی کەمی ئازادی دەوێت لە هەردوو بەرە ، ئەگەر نا ئەوا پرۆسە و کاری دەسەڵات نامێنێت ، ئەمەش بە تەواوی بە مانای ئەوە دێت کە،پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە خۆیدا شیمانە و توانا و ئیمکانیاتی بەرەنگاری و بەرگری هەڵگرتووە . ئەوەی کە یەکلابووەوەو ساغکراوەیە لای فۆکۆ هەموو شتەکان لە ناو پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدان،لە ناو گەمەکانی حەقیقەت و پەیوەندییەکانی دەسەڵادا فۆمیولە دەبێت.شکڵبەند دەبێت ، نەک جەوهەرێکی نەگۆڕ و ماهییەتێکی ئەبەدییان هەبێت بە ئاستێکی یونیڤێرساڵی و تۆتالیتێ .
سەرەتا فۆکۆ، واتە ئەگەر بکرێت بڵێین فۆکۆی یەکەم “ٍ سوژە ، بکەری ئینسانی” یەکی ملکەچ و هەژومون لە سەرکراوی پێشچاو خستبوین . سوژەیەک لە ناو تۆڕی هێزەکان و پەیوەندیى هێزەکاندا تەنیا بوکەشوشەیەک بوو. سوژەیەک هەمیشە ملکەچی ڕابەرایەتیکردن و ئیدارەدان و سەرپەرشتیکردن و ڕێنماییکردن بو ، سوژە بابەتی کۆمەڵێک شێوازو تەکنیکی جۆراو جۆر بوو. سوژەی ناو تەکنیکەکانی وێنەی تەکنیکەکانی زیندان، واتە ئەو تەکنیکانەی لە بەندیخانەکاندا پشتی پێدەبەسترا. تا ئەو شوێنە ، تا ئەو ئاستەی لە کتێبی ” وشەکان و شتەکاندا ” مەرگی مرۆڤ ڕابگەیەنێت. : ئەوەی لە ڕۆژگاری ئێستاماندا ڕادەگەیەنرێت. وە هەر لێردا (نیتشە) لەدوورەوە ئاماژە بۆ پنتی لادان دەکات، پرسەکە مەرگ و غیابی خوداوەند نییە ، بەڵکو جەختکردنەوەو پێداگیرییە لە سەر کۆتایی و مەرگی ئینسان ، ئینسان دروستکراوێکی نوێیە ” تەمەنی دوو سەت ساڵە ” ئەرکیۆلۆژیای بیرکردنەوەو بیرمان ئەوەمان بۆ دەردەخا ، واتە دەرخستنی سەردەمی تازەیی و نوێیی پەیدابونی مرۆڤ ، وە ڕەنگە کۆتاییەکەشی نزیک بێت “. هەرچی بەراوردکردنی دووەمێتی ” سوژەیەکی ئازاد و سەربەخۆ دەبینین . مەبەستی فۆکۆ نوسینەوەی مێژوی سوژەو حەقیقەت و دەسەڵات بوو،لە گەڵ هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تاکی.
تێگەیشتنی فۆکۆ سەبارەت بە سوژە تایبەتبوو ، ئەو بانگەشەی بۆ جۆرێک لە تایبەتمەندیی سوژە دەکرد. فۆکۆ بەرگریکاری سوژەیەک بوو، کە پشتبەست و قایمکراو بەسترابێت لە سەر جیاکراوەیی و جیاکردنەوەی ئەو سوژەیەی کە جەوهەرێکی نەگۆڕ و داکوتراوە بە سروشت و چوارچێوەیەکی گەردونی.لە گەڵ سوژەیەک بەو پێیەی یان بەو مانایەی کە فۆرم و فۆرمیولەبون و شکڵوەرگرتن و خولقێنراوێکی گۆڕاوەو هەمیشە لە گۆڕاندایە : پێش هەرشتێک، پێویستە ئەوە دیاریبکەین کە سوژەیەکی باڵادەست و سەروەرو پێکهێنراو و خولقێنرو بونی نییە کە فۆرمێکی گەردونی هەبێت و بتوانین لە هەموو شوێنێکدا بیدۆزینەوە، من گومانم لەم جۆرە وێنەو وێناکردنە هەیە، وە نەیارو دژی ئەم وێناکردنەم و پێچەوانەکەی دەبینم: سوژە لەمیانەو لە ڕێگەی مومارەسەکردنی ملکەچکردن و ئازادبون و ئازادییەوە شکڵ وەردەگرێت و فۆرمیولە دەبێت، دروستدەبێت، دەخولقێت، وەک چۆن ئەم دۆخە لە پێشوتردا هەبوو، ئەمەش لە سۆنگەی کۆمەڵێک بنەماو شێوازو پرۆتۆکۆلی تایبەت لەو ناوەندە کولتوریییەی کە دەستمان پێیدەگات “.فۆکۆ لێرەدا دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆسەکانی “ئۆبژێکتیڤاسیۆن و سوبژێکتیڤاسیۆنەوە” بە ئۆبژەکردن و بە سوژەکردن”ەوە ڕەخنە لەو گۆشەنیگاو تێڕوانینە باوە بگرێت کە لە فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیاو ئیگزیستێنتالیزم دەرچوبوو. وە پێشچاوخستن و پێشنیازکردنی تێڕوانین و گۆشەنیگایەکی نوێ بۆ ” “سوژە” کە شکڵبەند دەبێت لە ناو ئەم یان ئەو فۆرمە تایبەتییەدا بەو پێیەی سوژەیەکی شێت و دێوانەیە، یاخود سوژەیەکی نەخۆشە، یان سوژەیەکی تاوانبارو تاوانکارە. واتە لە ڕێگەی کۆمەڵێک مومارەسەوە کە گەمە و یاریی حەقیقەتن، مومارەسەی دەسەڵاتن…پێویست بوو لە سەرم کۆمەڵێک تیۆری پێشەوەخت و حازربەدەست لە بارەی سوژەوە ڕەتکەمەوە تا بتوانم شیکارو شیکردنەوەی پەیوەندییە شیمانەکراو و ئەگەر بۆ کراوەکان بدۆزمەوە، کە سوژە شکڵبەند دەکات، یاخود کۆمەڵێک فۆرمی جیاوازو جودای سوژە پێک دێنن، لەگەڵ گەمەو یارییەکانی حەقیقەت و مومارەسەکانی دەسەڵات.
ئەوەی گومانی تێدا نییە پەیوەندیی سوژە بە حەقیقەت و دەسەڵاتەوە وای کرد کارەکانی کۆتایی فۆکۆ سیمایەکی نوێ و جیاوازی هەبێت، چونکە ئیشکال و پرۆبلیماتیکی لەبارەی کۆی فەلسەفەکەیەوە هێنایە کایەوە، ئەویش : پێگەی سوژە لە فەلسەفەی دژە سوژەدا. بەواتایەکی تر: سێکس و سێکسواڵیتێ پەیوەندیى تەنیا بە مۆراڵەوە نییە، بەڵکو بە بابەتی “وتنی حەقیقەت-حەقیقەت وتن” سەبارەت بە سوژە لە ڕێگەی داپێدانان و ناسینەوەیەوە. ئەش ئەو بابەت و پرسە بوو کە لە کارەکانی کۆتاییدا ناوی نا “تەکنیکەکانی خود ” techniques de soi “.
” کێشەی من و کێشەکە لای من دەرخستن و دیاریکردن و تایبەتکردنی ئەو چرکەساتە نییە کە سوژەی تێیدا دەرکەوتووە ، بەڵکو دەرخەری کۆ ، یان سەرجەم ئەو پرۆسانەیە کە لە ڕێگەیەوە سوژە لەگەڵ کێشەو گرفت و بەربەستە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت، هاوکات لە پێگەی ئەو فۆرمانەش کە هێشتا دەرنەکەوتون . بەمشێوەیە پرسەکە پەیوەندیی بە تێهەڵکێشان و بە ناوداچونی سوژەوە هەیە کە لە کارە سەرتایی و یەکەمینەکانمدا رووێکیم جێهێشتبوو ، وە بەشێوینکەوتن و جێ پێهەڵگرتنی ئاراستەو ڕەوەند و بەربەستەکانی لەمیانەو لە ڕێگەی مێژووەکەیدا “.
ئەگەر قسەوباس لە سەر سێکس و سێکسواڵیتێ بەناچاری قسەوباس لە سەر “سوژە” بسەپێنێت، ئەوا فۆکۆ پشتی بە گەڕانێک بەستووە کە دەرچون و دەربازێک بێت بۆ فەلسەفەکەی، کە دژ و نەیاری سوژە بوو، یاخود بە لای کەمەوە ڕەخنەگری سوژە بوو، ئەمەش لەمیانەی نوسینەوەی مێژوی سوژە، وەک ئەوەی “پرۆسەیەک بێت لە ڕێگەیەوە سوژە پێکبهێنرێت و بخولقێت، پرۆسەیەکی زۆر وردتر لەو سوبژێکتیڤیتێیەی کە تەنیاو تەنیا زەمینەو پێدراوێکی شیاو و مومکینە بۆ ڕێکخستنی وشیاری و ئاگایی بە سوژە “.

ئەم شیکار و شیکردنەوەیە کە فۆکۆ لە ڕێگەیەوە باسی دەکات جەوهەرێکی نەگۆڕ و جێگیر و داکوتراو نییە، بەڵکو فۆرمێکی کولتوری و مێژویی دیاریکراوە. فوکۆ زۆر بە ڕوونی دەڵێت :” ئەم سوژانە جەوهە نین، بەڵکو فۆرمن ، ئەم فۆرمەش خودی هەمیشەیی خۆی نییە، وە شوناسی خۆی لە خۆیەوە وەرناگرێت. Ce n’est pas une substance.C’est une forme،et cette forme n’est pas surtout ni toujours identique a elle meme.”Dits et Ecrits p.718 “
” بەمشێوەیە فۆکۆ هەستا بە توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لە سەر فۆرموەرگرتن و شکڵبەندییە مێژوییەکانی سوژە ، لەناو ئەم فۆرمانەشدا ” سوژەی ئارەزوو مەند ” یان بە گوزارشتە فۆکییەکە “چۆن ئەوە ڕاڤە بکەین کە مرۆڤی نوێ لە ئارەزووە سێکسییەکەیدا بە دوای حەقیقەتی خۆیدا دەگەڕێت ؟”.
ئێمە ناتوانین تیگەیشتنی فۆکۆ سەبارەت بە سوژە جیا بکەینەوە لەگەڵ هەڵوێستی بەرانبەر سوژەی دیکارتی و سوژەی کانتی . ئەوە زانراو و ئاشکرایە کە دیکارت دروستکەرو دانەری “ٍ سوژەی عارف “بوو لە فەلسەفەی نوێدا ، کۆژیتۆ بەناو بانگەکەی ” من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم ” جیاکردنەوە و لێکجوداکردنەوەکەی دیکارت بۆ بواری زانست و مۆراڵ ، ئەگەرچی کانت سوژە دەبەستێتەوە بە مەعریفەوە مۆراڵەوە لە یەککاتدا. فوکۆ دەڵێت: لەپاش دیکارت بابەتی مەعریفە کێشەیەکی بەسەر کانتدا سەپاند کە پەیوەندی هەبوو بە ماهییەتی پەیوەندیی نێوان سوژەی مۆراڵی و سوژەی مەعریفی، لە سەروبەندی ڕۆشنگەریدا گفتوگۆ و قسەباسی زۆر کرا سەبارەت بەوەی ئەم دوو سوژەیە جیاوازن یاخود نا ، چارەسەری کانت بۆ ئەم کێشەیە لە پێشنیازکردن و پێشچاوخستنی سوژەیەکی گەردونی/ گشتیدا خۆی نواند و دەرکەوت، بەو پێیەی کە گەردونییە، توانای ئەوەی هەیە کە سوژەیەکی عارف و زانا بێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەڵوێستێکی مۆراڵی لە خۆی دەگرێت لەو، بە تایبەت لە پەیوەندی ئەو سوژەیەی کە کانت لە کتێبی “ڕەخنەی ئەقڵی پراتیکی”دا وێنای دەکات . لەپاش هەڵوێستی ئەم دوو فەیلەسوفە فوکۆ پێچەوانەی هەیە کە زیاتر لە کانتەوە نزیکە تا دیکارت ، ئەمەش لە میانەی پێداگیری و جەختکردنەوە لەوەی کە کانت “میتۆدێکی نوێى خستەکار کە ئیزافەو زیادکردنێک بوو لە میراتماندا، وە بە هاوکاری و لە ڕێگەی ئەم میتۆدەوە دەروون تەنیا دراو و پێدراوێک نەبوو، بەڵکو پێکهاتوویەک بوو لە گەڵ سوژەدا وەک ئۆبژە “.
لای فوکۆ ناکرێت سوژە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات جیابکرێتەوە. بۆ نمونە لێکۆڵینەوەکەی لە سەر حەقیقەتی شێتی لە پەیوەندیدا بە دەزگاکانی بەندکردن و زیندانیکردنەوە، کراو و پرۆسەکانی تەریککردن و دورخستنەوە، تاوان لە ناو دەزگای زینداندا کە خودی خۆی گوزارشتە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات کە لە پرۆسەکانی دورخستنەوەدا دەرناکەوێت ، بەڵکو لەو ڕێ و شوێنەی ڕاستکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردن و ئاشتکردنەوەی لە میانەی کۆمەڵێک پرۆژەی جیاوازەوە کە بەسەر تاوانبار و سێکسدا دەسەپێنرێت .
ئەم پرسە ، واتە پرسی سوژە و حەقیقەت لە ڕۆئاوادا فۆرمێکی تایبەتی بەخۆوە بینیبوو ، بۆیە بۆ فوکۆ تەنیا بەس نەبوو وەڵام بە پرسی پەیوەندی نێوان سێکس و مۆراڵ بداتەوە ، بەڵکو هەوڵ و کۆششێکی گەورەی گەڕان و توێژینەوەی دا ، سەبارەت بە پرسێکی گرنگ و بنەڕەتی لە پەیوەندی نێوان سوژەو حەقیقەت ، یاخو سوژەکان لە ناو گەمەکانی حەقیقەت پەیەندییەکانی دەسەڵات ، بەپێی گەمەکانی حەقیقەت و پەیوەندییەکانی دەسەڵات چۆن دروست دەبن؟ وە تاکەکان وەک سوژەی ئارەزو و چێژ چۆن شکڵبەند دەبن؟ ئەوەی کە فوکۆ گرنگی پێ داوە ئەو کێشەیەیە کە تەکنیکەکانی سوژە دەردەهاوێژن و پێشچاوی دەخەن .

سەرچاوە :
1-Michel Foucault، Dits et ecrit،vol،4
2-Margue VIHALEM، LE CONCEPT DE SUJET ET SES METAMORPHOSES A TRAVERS QUELQUES PHILOSOPHIES CRITIQUES CONTEMPORAINE. LES CAS NIETZSCHE،DELEUZE،FOUCAULT ET BADIOU. Directeur de these:Alain BADIOU، Universite paris VIII/ Ecole Normale SUperieure.

3-Judith Revel، Le Vocabulaire de FOUCAULT،ellipses،2002.

4-JEAN-MARIE FECTEAU، MARCELO OTERO،-MICHEL FOUCAULT ENTRE SUJET ET REVOLTE.