عیماد عەلی : کوتلەبازی زبر یەکێتی بەرەو کوێ دەبات ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەرجەم کادرو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دان بەوەدا دەنێن کە کێشەی ناوخۆییان هەیە و ، هەر یەکە و بە شێوەیەک لە ململانێدایە و ، تەنانەت راگەیاندنی سەربەخۆ و سایدە ئەلیکترۆنیەکانیشیان تێوەگلاندوە و کوتلەکان هەر ماوە و جارێک دان لە یەک دەسون و زۆرجار دەیگەیەننە مریشکە رەشە ، بەڵام هەرجارەو بەهۆکارێکی نێوخۆیی خودیی یەکێتی بێت یان دەرەکی ، بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە . کە پرسیار دێتەئاراوە ؛ بۆچی چارەسەری یەکجاری ناکرێت ، وەڵامەکان هەمەچەشنن ، هەریەکەو خەتاکە دەخاتە ئەستۆی ئەویتر ، بەڵام زۆر جار بۆ ئاسان کردنی دۆخەکە دەڵێن یەکێتی لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە و هەروا هاتوە ، دوور لە راستیی روداوەکان وەک ئەوەی پێکهاتەکانی یەکێتی نیشتمانی ؛ کۆمەڵەی رەنجدەران و بزوتنەوە سوشیالیست و خەتی گشتی کوتلە بوبن لە کاتی خۆیدا نەک سێ رەوتی فیکری و عەقیدی و تەنانەت ئایدیۆلۆجی جیاواز و یەکتر تەواوکەری کاروان و رێرەوی ئەوکاتی شۆرشی نوێ . وەک ئەوەی ئێستا هەمان زەمینەی جاران بێت و گۆرانکاریە بنەرەتیەکان لەبەرچاو ناگیرێت و ، ئەوە لەبەرچاو نەبێت کە یەکێتی لە پاش راپەرینەوە بەکوتلەبازی و شەرەدەندوک بەرەو دواوە چووە و پاشەکشەی لە زۆر بواردا کردووە . ئەگەر ئەوسا سێ رێبازی جیاوازی نێوخۆ و یەک دوژمنی هاوبەش سەرجەم پێشمەرگەی کۆکردبێتەوە و یەکێتی نێوخۆی یەکێتی پاراستبێت ( جگە لە چەند جیابونەوەیەک ) ، ئێستا جگە لە رکابەری و ململانێی نێوخۆیی لەسەر پلە و پایەی حزبی و حکومەتی و پارە و پوڵ و کۆمپانیا نەبێت هیچ جیاوازیەک لە نێو باڵەکاندا نابینرێت و ، تەنانەت ئێستا لە ململانێدا هەر کوتلە و دووری و نزیکی لە لایەنەکان بەتایبەتی لەگەڵ پارتیدا لەسەر ململانێی نێوخۆیی بیناتدەنێت و لەوبارەوە تادێت زەرەر لە خودی یەکێتی دەدەن و ، پارتیش تا بۆی دەکرێت لەو نێوانەدا یاری سیاسی و ململانێی خۆی دەکات و تا ئێستا گەورەترین قازانجی لێکردوە . ئەگەر ئەوسا دوو کوتلەبوو ، بەڵام ئەگەر پاش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان و ململانێی لەگەڵ یەکێتیدا بخوێنینەوە ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەند بارەکەی یەکێتیی زیاتر قورس کرد و ، پاش نەخۆشکەوتنی مام جەلال، دواجار چۆن سێ کوتلە سەریهەڵدا . بە جیابونەوەی گۆڕان باڵانسی ململانێکانی یەکێتی و پارتی تێکچوو و لەوێشدا دیسان پارتی ئەسپی خۆی تاودا و کۆمەڵێک دەستکەوتی حزبی بەدەستهێنا ، دواترینیان راکێشانی گۆڕان بوو بۆ نێو حکومەتی هەرێم بێ هیچ گۆڕانێکی چاوەروانکراو کە بزوتنەوەی گۆران لەسەر ئەو وەعد و پەیمانانە درێژەی بەخەباتی خۆی دەدا و بەم بەشداریکردنەی ، بەزەرەر بۆ خودی گۆران و بۆ یەکێتیش شکایەوە .

ئەگەر پاش جیابونەوەی کاک نەوشیروان تا کاتی نەخۆشکەوتنەکەی ، مام جەلال کاریگەری گەورەی لەسەر راگرتنی باڵانسی نێوخۆی یەکێتی هەبوو ، بەڵام ململانێکان لەچەکەرەکردندا بون و خەتەری کوتلەکان لە سنوری خۆی دەرنەچوو ، بەڵام ئێستا سێ کوتلەی بێ ئامانج و دور لە رەسەنایەتی یەکێتی جاران و بە تێروانینی تاکەسی و تەنها چاولەسەر پارەو پوڵ و پلەو پایە بەرامبەر لایەنێکی قۆرخکاری نێوخۆیی حزبی کە بەدەسترۆیشتو ناسراون ، کێشەکانیان گەیاندۆتە ئاستێکی خەتەرناک و ، ئەگەرو شێمانەی زۆری لێ چاوەروان دەکرێت ، بەتایبەتی پاش ئەوەی لایەنی دەرەکیش دەستبخاتە نێو مەسەلەکە و لەپێناو چارەسەرکردندا هیچیشی بۆ نەکرێت .
ئێستا و لەم قۆناغە زۆر خەتەرناکەدا ، یەکێتی لەدوریانێکی ترسناکدایە، کە بەهەر لایەکی نەخوازراودا بشکێتەوە زەرەر لە خۆی و لە رەوتی سیاسی کوردستان و دەسکەوتەکانی گەلی کورد بە گشتی دەدات .
بە لاوازبونی لایەنێکی پێشکەتنخوازی نیمچە دیموکراسی لەکوردستان ، راستەوخۆ لایەنی موحافزکار سەردەکەوێت ، بەمەش رەوتی دیموکراسیبونی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکانی میلەت و بەدیهێنانی خزمەتگوزاری پەیوەست بە خەڵک دوادەکەوێت و ماوەی خەباتی بەرقەراربونی ئاشتی و دیموکراسی و گۆڕانی سیستمی سیاسی کوردستان روە و قۆناغێکی تر قورستر دەبێت . بۆیە زۆر پێویستە دەسەڵاتدارانی نێوخۆی یەکێتی بە وردی لەم کارە بروانن و پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت ، بە کورتی بیبرنەوە و ، ئەمەش بە هەنگاوی عەمەلی و قوربانیدان بە بەرژەوەندی شەخسی دەبێت ، بەڵام هەرچەند کادرانی یەکێتی بدوێنی کەس گەشبین نیە بەم جۆرە پێکهاتەی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتیەوە و ، ئەگەر هەموان نەبێت، زۆرینەیان لەوە دڵنیان تەنها بە گۆڕانی زۆرینەی رەهای ئەم سەرکردایەتیە یەکێتی هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵدەکێشێت و ، بە نەمانی سەرانی کوتلەکان تا رادەیەک وەزعی یەکێتی ئاسایی دەبێتەوە ، ئەگەر نا ، ئەوە کەس پێشبینیی بۆ دوارۆژی یەکێتیی پێ نیە .