Daesh-2

 دکتۆر ئەحمەد میراودەلی :  داعش و جاعش .

سمبولی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆسەر بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەتاکو ئێستا داعش هیچ شتێکی نەکردووە کە سەلەفییەکان نەیانکردبێت –  تاڵان ، کۆمەڵکوژی ، سووتاندن ، بەکۆیلەکردن ، بردنی سەبایا و هەتا دەگاتە زەوتکردن و بەکاڵاکردنی ئافرەتییس .

یەکەمین هەنگاو بەرەو بوون بە داعش ، پەیوەستبوونە بە ئاینەکەوە / ئیسلام . ئیسلام هەر ئاین نییە بەڵکو نەخشە رێگای ژیانییشە ، ئەگەر بتەوێت ئیسلام بیت ، دەبێ بە تەواوی پێڕەوی بکەیت . بە بڕوای سەلەفییەکان : ئیسلام بەدەستی جوولەکە و مەسیحی و بێ باوەڕەکان لاواز بووە و بۆ گێڕانەوەەی بۆ ئاستە رەواکەی خۆی ، ئیسلامەکان دەبێ ” شەریعە زیندوو بکەنەوە – خیلافەت درووستکەنەوە ”.

یەکەمین جووڵانەوەەی سەلەفی بەناوی ” دێوبەندی ” لە هیندستان سەری هەڵدا ، ئەم جووڵانەوەیە لەسەرەتاوە جووڵانەوەیەکی دژە کۆلۆنیالی بوو . کۆمەڵێک سکولاری سوننی دوای رێگە خۆشکردن بۆ هەڵگەڕانەوە دژی ئینگلیز پێی هەستان و جووڵانەوەکە  ناونرا ” جیهادی ١٨٥٧ ” .  ئینگلیز بەدەستێکی قورس لەو راپەڕینەی دا و گوایە دوووسەت هەزار ئیسلامی تێدا کوژراوە . دوای ئەوە ، بەریتانیا دوا ئیمپڕاتۆری ” موگال ” ی  دوورخستەوە و بەتوندی دەستی بەسەر هیندستاندا گرت. بەڵام ئەو سکۆلارە سوننانە وازیان نەهێنا ، پاشەکشەیان کرد و لە شاری ” دێوبەند ” جێگیر بوون . ئەو دێوبەندیانە ، پرسیاری ئەوەەیان لەخۆ کردووە ، بۆ ئیسلام کەوتۆتە ژێر دەستی رۆژئاواوە ؟ لە هەمان کاتیشدا رەتی ئەوەیان کردۆتەوە کە ئیسلام زانیاری ” زانست و تەکنۆلۆجیا ” لە رۆژئاوا وەرگرێت ، ئەوان دژی ئەوە بوون لاسایی بێ بڕوایان بکەنەوە و خودا و یاسای خودا لەبیرکەن . زیاتر بیریان لەوە کردۆتەوە ئاینەکە پاک بکەنەوە و بیگێڕنەوە سەر ریشە سەرەکیەکەی .

پێش جیابوونەوەی پاکستان ، مەڕجەعی هەرە گەورەی ئیسلام لە هیندستان موفتی ” محەممەد سافی دێوبەندی ” بووە ، دوای جیابوونەوەش بوو بە موفتی هەرە گەورەی پاکستان لە کەراچی . وەک سەرجاوەی یاسای هەرە باڵا ، ئەم موفتییە بڕوای وابووە کە ئافرەت دەبێ لە ماڵەوە دانیشێت و لەژێر جاودێری پیاوەکاندابن ، جارێکیان نووسیوێتی ( لە راستیدا نیوەی بەرەڵڵایی ، خوێن رشتن و شەڕی خویناوی بەهۆی ئازادی ئافرەتەوە روویداوە )     6 Wanted Women    p

ئەو موفتییە و نووسەرانی وەک ” ئەبو ئەلعەلا مەودوودی ، حەسەن بەننا ، سەید قوتب و … هتد ” ئامانجیان گێڕانەوەی خیلافەی ئییسلامی بووە . لە ساڵی ١٩٣٠ دا ، مەودوودی مشتومڕی ئەوەی بووە کە لافاوێک بیروباوەڕ و نەریتی رۆژئاوایی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسلام دەکەن . هەروەها لە مشتومڕەکەیدا دەڵێت : ئیسلام هەر بریتی نییە لە ئاین ، بەڵکو لە ئاین بەولاوەترە ، ئیسلام ، ئایدیۆلۆجیایەکی شۆڕسگێڕانەی رامیاری و ئابووریە و هەروەها سیستێمێکی رامیاری و ئابووریشە ” . مەودوودی بیری لە زیندووکردنەوەی ” جیهاد ” کردۆتەوە . ئەو لەو بڕوایەدا بووە کە جیهاد ، فەرمانی ئاینییە بۆ گەیشتن بە دەەسەڵاتی سیاسسی . ئەو وتووێتی ” دینی تەواو ” سروشتەکەی هەرچییەک بێت دەسەڵاتی بۆخۆی دەوێت و نابێت بیر لە هاوبەشیکردنی دەسەڵات بکەینەوە .  هەمان سەچاوەی پێشوو  ل ٧

ساڵی ١٩٤١ مەودوودی پارتێکی بەناوی ” جەماعەتی ئیسلام ” دامەزراندووە . مەودوودی مەبەستی گێڕانەوەی ئافرەت بوو بۆ ژێر چاودێریی وردی پیاو ،  لە هەمان کاتیشدا رێگەی بە ئافرەتی خانەوادەی زۆر کۆنسێرڤاتیڤ  دا ، تێکەڵی ژیانی سۆسیالی ببن . لەو ریگەیەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ جەماعەتی ئیسلامی لەهەموو پارتەکانی دیکەی پاکستان زیاتر ئافرەتی کارای هەبوو . ئەوجا ئێمە لەخوا بەزیاد بێت پارتی ئیسلامیمان هەن و ئافرەتی کاراشیان زۆرە کە بڕوای بەهاوتابوونی خۆی لەگەڵ پیاودا نییە . ئیدی پێویست بە دامەزرانی پارتی وەها نییە .

لە وڵاتە عارەبیەکانیشدا ، بزووتنەوەی ئیسلامی پەڕگیر و تێڕۆڕیست هەر وەک وڵاتانی ، هیندستان ، پاکستان و ئەفگانستان ، لەژێر ناوی دژە کۆلۆنیالیدا سەری هەڵدا . لە میسر ” حەسەن بەننا ” ساڵی ١٩٢٨ ” ئیخووان موسلیمین ” ی دامەزراند . بەننا  بەریتانیای تۆمەتبار دەکرد بە هەموو هەژاری و نەهامەتییەی بەسەر وڵاتەکەیدا هاتووە و دێن . ئەو نووسیوێتی ” ئینگلیزەکان ، شەپۆلێکی بی بڕوایی و بی رەوشتییان لەگەل خۆیاندا هییناوە ” حەسەن بەنناش وەک مەودوودی دۆزەرەوەەی ” جەماعەتی ئیسلامیی ” پاکستان ، داوا لە ئیسلامەکان دەکات دەوڵەتێکی نوی دامەزرینن کە شەریعەی ئیسلام پیادە بکات .  ئەندامێتی لە پارتەکەی بەننا دا نهێنی بوو ، مردنیش لە ریگەی خودا دا گەورەترین ئامانجە و جهیادیش ئەو ریگەیە بووە . بەننا لەو بروایەدا بووە کە جوولەکە دەستی بەسەر ئیسلامدا گرتووە .

سعوودییەکان ؛ شێوە ئیسلامێتیەکەی خۆیان لە ریگەیەکی جیاواز و کۆنترەوە دۆزیەوە . لەسەتەی هەژدەوە خانەوادەی سعوود ، دۆست  و هاوەڵی ئامۆژگارکەر ” محەممەد ئیبن عەبدولوەهاب ” بوون ، لێکدانەوە و بۆچوونەکانی عەبدولوەهاب بۆ ئیسلام و شەریعە وەک ” ئیسلامی سەلەفی ” و هەروەها ” وەهابیزم / وەهابی ، ناسراوە . ئەمانیش وەک دێوبەندییە کۆنەکان ، کە دواتر بوون بە هاوەڵ و دۆستی نزیکی یەکدی ، دەیانەوێت ئەوە لەناوبەرن کە خۆیان پێی دەڵێن ” بت پەرستی ” دەیانەوێت ئیسلام بە هەموو وردەکارییەکانەوە بگێڕنەوە بۆ سەردەمی سەلەفی / هاوەڵەکانی پێغەمبەر ، هەتا ئاستی ئەوەی چۆن دەم و دانیان شوشتووە ، تارەتیان گرتووە ، دەستنوێژیان هەڵگرتووە ، ئافرەتیان لەبەر چاوان لاداوە و بە تەواوی خستویانەتە ژێر رکێڤی پیاوەوە .  لەو کاتەوە سعوودییەکان دەستیان بەسەر وڵاتی سعوودیدا گرتووە ” ١٩٢٠ ” پیادەی بیرە سەلەفییەکەی محەممەد عەبدولوەهاب دەکەن . دوای ئەوەی نەوت دۆزرایەوە ئەم بیرە وەهابیە ساڵانە بوو بە خاوەن بەدجەیەکی بێ شومار . لەو کاتەوە بەشێکی ئەو سامانەیان بۆ داڕشتنەوەی ئیسلام لە شێوە وەهابیدا لە سەرانسەری جیهاندا ، تەرخان کردووە . شارەزایەکی بواری رامیاری ” ئەلێکس ئەلێکسیێڤ ” ئەو پڕۆژەیەی ناوناوە ” گەورەترین کامپێنی پڕوپاگەندەی جیهانی ” ئەم پادشانشینە ” سعوودییە ” لە سااڵی ١٩٧٨ وە هەتا ساڵی ٢٠٠١ بۆ ئەو پڕۆژەیە ٧٥ بلیۆن دۆلاری تەرخان کردووە . ئەویش بۆ درووستکردنی فێرگە ، دامەزراندنی مامۆستای سەلەفی ، درووستکردنی مزگەوت ، بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی دیوبەندی ، ئیخوان موسلمین و ناردنی مورید بۆ هیندستان ، پاکستان و بەنگلادێش بگرە ئەوروپا و ئەمەریکاش .

یەکێک لەو نووسەرانەی سعوودییە پەرتووکەکانی بڵاو دەکاتەوە ، سەید قوتبە ، سەید قوتب بۆ سەلەفییەکان هاوتای لێنینە لە  مارکسیزم دا . قوتب ساڵی ١٩٦٦ لەسە تۆمەتی ” خیانەت / ناپاکی گەورە بەرامبەر وڵات ” لە سێدارە  درا .

لە پاکستان ؛ ساڵی ١٩٧٧ جەنەڕاڵ ” زیائولحەق ” کە هەڵگری بیری دێوبەندی بوو ، بە کوودەتا دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت و بەڵێنی دا وڵاتەکە لەسەر سیستیمی پێغەمبەری ئیسلام  بباتە ریوە . یەکێک لەو بەڵێنانەی ئەوەبوو کە ئافرەتانی پاکستان بخاتەوە ژێر پەچە و عەباوە . ئیدی  یاسایەکی نوێی دەرکرد کە ناونرا ” حودوود ”  ئەو یاسایە سەرلەنوێ تاوانی سێکسیی رێکخستەوە . زینا ، بوو بە تاوانێک دژی دەوڵەت ، ئەگەرچی بە زۆرەملێش بووبێت . بۆ سەلماندنی زۆرەملێیی ، دەبوو ئافرەتەکە چوار بینەر / شاهدی نێرینەی هەبووایە کە ئەوە هەر ناکرێت . بەپێی ئەم یاسایە ، ئافرەت مڵکی پیاوە و پیاو دەتوانێ چۆن بییەوێت ئاوا لەگەڵیا بجووڵێتەوە .

ئێستا لە وڵاتانی ، پاکستان ، هیندستان و ئەفگانستان جگە لە قاعیدە و تالیبان ، دەیان ریکخراوی میلیتاریی توندڕەو لە ژێر ناوی جیجیادا وەک ” جەیشی محەممەد ، زەڕبی موسلیم و …….. چی و چیدا هەن ” چ با ئاشکر ا چ بە نهێنی دەستیان بەسەر هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵتدا گرتووە .

داعشیزم پرنسپە ، هەتا ئەو پرنسپە لەئارادابێت ، ناوچەکە ئارامی نابینێت ، کەواتە دەبێ باوەڕەکە – بە واتای سەری مارەکە بپلیشێتەوە .

جاعش

بۆ ئێمەی کورد ، بەرەنگاربوونەوەی داعش لەبەرەکانی شەڕدا بووەتە ئەرکی سەر شان ، کێشەی مان و نەمانە وەلێ بەداخەوە دەسەڵاتی کورد لە باشوور پاڵی لێداوەتەوە و ئاگای لە جاعشەکان ” ئەو کوردانەی دەچنە ریزەکانی داعشەوە یان هاندەریاننن ” نییە . بەپێی ئاماری میدیا کوردییەکانی باشوور ، لە دوا هێرشی داعشدا بۆ سەر کەرکوک نزیکەی ١٨٠ جاعش رەوانەی دۆزەخ کراون . باشە دەسەڵاتی کوردی لەخۆی ناپرسێ ئەم هەموو بەچکە جاعشە لەکوێ ترووکا ؟  کێ پێیگەیاندن و رەوانەی ریزەکانی داعشی کردن ؟

ئەگەر بە هەڵەدا نەچوبم ، لە سەرەتای شەستەکاندا لە دە مزگەوت زیاتر لەسلێمانیدا نەبوو ، جا ئێستا کە زێدە لە بینج هەزار مزگەوت لە باشووردا هەیە ، سلێمانی هیچ نەبێت هەزاری بەردەکەوێت ، هەر لە نزیک ماڵی برایەکمەوە لە گەرەکی سارداو سێ مزگەوت هەیە و هیچکامیان لە دوووسەت مەتر دوورتر نین لێیەوە . تۆ بڵێ چی لەو مزگەوتانەدا روودەدات ؟ وتارخوینەکان دەڵێن چی ، چۆن مێشکی نەفامان دەشۆنەوە ، چ خورافاتێک بڵاودەکەنەوە ؟ چ سووکاێتییەک بە رۆشنبیر و ئافرەتان دەکەن !! ؟  ئەوەی  روودەدات بەڕاستی کارەساتە .

مەلایەک دەڵێ : جەهەندەم حەفتا هەزار قوڵفی هەیە ، هەر قوڵفێکی بەدەستی مەلائیکەتیکەوەیە . بەرینایی نێوان نەرمەی گوێی مەلائیکەت و شانی ، حەفتا ساڵە بە فڕین ، ئەوجا وەرە حیسابی خۆت بکە دەبێ ئەم دەعبایە چەند زل بێت و ئەو حەفتا هەزارە لەکوێ جێیگەی کرابێتەوە ؟. ئەمڕۆ کە مرۆڤ بەناو ئەستێرە و هەسارەکاندا دەگەڕێ هەتا ئێستا دەعجانییەکی وەهای  نەکەوتۆتە بەرچاو . ئەوجاش ئەگەر جەهەندەم هێندە گەورەبێێت دیارە بەهەشت درۆیەکی شاخدارە و بوونی نییە . باشە ئەمە شەرمەزاری نییە بۆ دەسەڵاتێک رێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە خورافاتانە بدات ؟

مەلایەکی دیکە دەڵێت : ئەو پیاوەی ریشی نەبێت ، وەک ئافرەتی ” سفوورە ” تۆ سەیری ئەم بێ رێزییەکە جەنابی مەلا بە ئافرەتی سفوور و پیاوی بێ رێشی دەکات ، بەلای مەلاوە سفووری ، بێ رەوشتییە ، ئەوەش لەکاتیکدایە کە هەموو بێ رەوشتییەکان لەژێر پەجەو و عەباو نیقابەوەوە دەکرێن . مەلا رێگە بەخۆی دەدات بە ئافرەتی سفوور و پیاوی بێ رێش بڵی بێ رەوشت کە بەندەش دەگرێتەوە ، بەڵام دیارە ئەو مەلایە لەوە نەگەیشتووە کە ئەو کەسەی ریزی بۆ بەرامبەرەکەی نەبێت ، جوێن بدا و سووکایتی بە کەسانی دیکە بکات ، بۆخۆی سووک و بی رەوشتە .

 مەلایەکیش دەەڵێ :  پێی بڵێ نوێژ بکات ، ئەگەر نەیکرد جاری دووهەمیش پێی بڵێرەوە ، ئەگەر نەیکرد جاری سێهەمیش پێی بڵێرەوە نوێژ بکات ، ئەگەر هەر نەیکرد ، لەملی بدە !! . تۆ سەیری ئەم لۆجیکە بکە و لە گەڵ کوردستانێکدا هەڵیسەنگێنە کە شانازی بە لێبووردەیی ئاینی و فرە ئاینییەوە دەکات . ئەمە چ کارەساتێکە ؟ ئەمە راگەیاندنی شەڕی ئاینی و تایفی نێو کورد نییە ؟ بە وتەی ئەم مەلایە دەبێ سەری هەموو کەسێک ببڕین کە سەلەفی نییە کە دەکاتە زۆرینەی کورد ، با واز لە کاکائی ، ئێزیدی ، عەلەوی ، مەسیحی و  جوولەک و  ….. هتد بهێنین .

مەلایەک ؛ خۆی و نەتەوەکەی بەقوربانی پێڵاوەکانی حەزرەتی عومەر دەکات ، یەکێکی دیکەیان بە شانوباڵی عوسماندا هەڵدەدا کە هەشت هاوسەری هەبووە و سووکاێتی بە رۆشنبیران و جوێن بەوانە دەدات کە دژی فرە ژنین . لەم جۆرە گوتار و کلیپی ڤیدیۆیی مەلاکان لەسەر یوتووب زۆرن . ئەوەی بیەوێت دەتوانێ بەدواداچوونیان بۆ بکات . بەڵام مەبەستی ئەم وتارەم ، کاریگەریی بلاوکردنەوەی ئەو خورافاتانەیە کە لە هێندێک مزگەوتدا دەخوێندرێنەوە لە سەپاندنی دەسەلاتی سەلەفی لە باشووری کوردستاندا . ئەو مەلایانە لەخۆیانەوە ئەو وتارە پڕوپووچانە ناڵێن، ئەوە پەروەردەکردنی سەلەفییەتە . سەلەفییەتێک کە هەتا ئێستاش ، بەنگلادیش ، پاکستان و ئەفگانستان ، خاپوور دەکات .

بە بڕوای هێندێک کەس ؛ لە باشووری کوردستاندا زەمینەی بڵاوبوونەەوەی داعش نییە . دەبێ بەلای ئەو بەڕێزانەوە زەمینەی داعش ، چ بێت ؟ ئەگەر لە وڵاتێکی وەها بچووکدا زێدە پێنج هەزار مزگەوت زەمینە نەبێت ، دەبێ زەمینە چ بێت ؟ ئەگەر سەرژمێری باشوور پێنج ملیۆنیش بێت ، ئەوا هەر نۆسەت کەس مزگەوتێکی بەردەکەوێت . لە نێوەندی شەستەکانی سەتەی رابوردوودا ، لەسلێمانی بە نموونە بەدەگمەن خوێندکارێک یان ئافرەتێکی لاوت دەبینی وەک ئێستا خۆی پێچابێتەوە ، بەڵکو بەپێچەوانەوە باو باوی ” ماکسی جۆب و مینی جۆب ” بوو ، بۆ ئێستا لە شوێنی تایبەتی نەبێت ئافرەتی سفوور دەبینی ؟  ئەم گەڕانەوە بەرەودوایەی کۆمەڵگەی کوردەواری زەمینەیەکی لەبارە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری سەلەفی هاوتای پاکستان ، ئەفگانستان و بەنگلادێش .  ئەو مەلا و وتارخوێنانەی ئەو جۆرە  خورافات و باوەرە دواکەواتوانە بلاو دەکەنەوە ، جاعشن ، مەبەستیان خۆشکردنی زەمینەیە بۆ داعش ، مەبەستیان پەروەردەکردنی جاعشە و کوردستانیش بکەنە بەشێک لە دەوڵەتی خیلافەی ئیسلامی سەلەفی  .

2012 Wonted Women; by Deborah Scroggins