Daesh

کاردۆخ : داعش لە ئینگلستان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

Made in England !?

مانگی ڕابردوو لە ٢٢/٠١/٢٠١٥ کۆبوونەوەیەک لە سەر کێشەی داعش لە لەندەن پێک هات و ژمارەیەک وڵات تێیدا بەشدار بوون . کورد و سەرکردایەتیەکەی بە سەر سوووڕمانەوە ئەوەیان لێ ئاشکرا بوو کە کورد لەو کۆبوونەوەدا ، بە مەبەست لە بیرکرا و ئەوە بوو کە سەرکردایەتی کورد دڵ نگەرانی خۆی لە مەر ئەو کەمتەرخەمی یە بە مەبەستەی ، دەربڕی و بە تایبەت لەندەنی لەوە ئاگادار کردەوە کە ئەو هەڵس و کەوتەی ئەوان لای کورد پەسەند نیە و کورد ئەو مافە بە کەس نادات کە لە جیاتی ئەوان لەو جۆرە خڕبوونەوانەدا بپەیڤن . هەر لەم پێکیەش لەم مانگەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لەو بابەتە بە پەلەپەل دوای کۆبوونەوەکەی موونشن لە ئالمان ، لە ئامریکا ساز کرا و دژ بە و بە پێچەوانەی جڤینی تەناهی ئاڵمان ، کورد لەمەش دا بەشدار نەبوو. پاکانەی ئامریکایەکان لۆ کەمتەرخەمی و خەمساریان لە مەر کورد ، گوایە کێشەی ڤیزا و هاتووچووکردن بووبێت کە پتر وەک جەفەنگێکی سیاسی و دیپلۆماسی خویا ئەبێت تاوەکو پەیڤێکی سەر ڕاست و جێگەی باوەڕ و پەسەند . ئەم هەڵوێست و کار و کردانەی ئینگلیس و ئامریکاش لە کاتێک دایە کە بە گوێرەی پێ لێ نانی خۆیان ، کورد و هیزی پێشمەرگەی کورد ، تاکە هێزی کارامە و کاریگەرە کە لە جیاتی هەموو جیهان شەری هۆڤانەکانی داعش ئەکات و تەسی داونەتەوە .

ئەوەی کە لەم بابەتە هەڵوێستانەی ئینگلیس و ئامریکاوە دەرئەکەوێت ئەوەیە کە ئەوان لە شەڕی دژی داعشا زۆر سوور نین و لەوانەیە کە نەیانەوێ بە خێرایی پەتای داعش لەناو بەرن و بەرەو ئەوەی بەرن کە خۆیان ناوی ” شەڕی سەدە ” یان لێ ناوە . وەک ئەبینرێ ، شەڕەکەشیان و ئاستی بەشداریان هەر لە ئاستی ڕاگرتنی داعشە لە چوارچێوەیەک کە لەوانەیە بەرژەوەندی کاتی و درێژخایەنیان بپارێزێ . ڕۆژئاوا ئەتوانێ هەر زۆر بە ئاسانی دەزگای بانگەشەکەری داعش لە ڕێگەی ئینترنێتەوە بە خێرایی دابخات و دەنگی داعش و داعشیان بە تەواوەتی کپ بکات . ئەمە بۆ ناکەن ، پرسیاری خەڵکێکی زۆرە بە ڕۆژئاوایی یەکانیشەوە .

ئەزموونی داگیرکردنی عێراق و ئەفغانستان زراوی سپای ئامریکا و ئینگلیزیان تۆقاندوە و ناوێرن خۆیان لە قەرەی داعش بدەن و تەنیا کوردکەو ماچۆ بە دوورە تەقەی ئاسمانی یەوە بەسیان کردوە . زۆریشیان لێ ناگیرێت چوونکە سیاسی یەکانی پێشوویان ئەوەندە درۆ ودەلەسەی سووک و چرووکیان دەرخواردی خەڵکەکەی خۆیان دا لە مەڕ چەکی کۆمەڵ کووژی بەعسی ، کە ئێستا بۆیان ناچیتە سەر کە ڕای گشتی ئەڕای شەڕێکی تەواو لە دژی داعشێکی تەیار و پڕچەک و هۆڤانە ، ئامادە بکەن لۆ قوربایەکانی .

خەڵکی ئاگادار لە کەین و بەێنی ئابووری ئەزانن کە ژمارەیەکی بەرچاو گرێ بەستی ئابووری لە نێوان دەوڵەتی عێراق وکۆمپانییە نێونەتەوەی وجیهانی یەکانا واژۆ کراوە و بەستراونەتەوە بە عیراق و دەولەتەکەی بە یەک پارچەیی و دەسەلاتی تەواوی بە سەر سامان و داهاتی ئەو وڵاتە . ئائەم هۆکارە ئابووریەیە کە بنەمای هەڵوێست و هەڵس و کەوتی ناتەبا و نەگونجاوی سیاسی یەکانی ئامریکا و ئینگیسی ، بە نموونە ، لی ئەکەوێتەوە . دەوڵەتە لەرزۆک و شەق وشڕەکەی عیراق ، وەک دەستی رژیمی عەجەمان و لە ناو بازنەی دەسەڵاتی ئەواندا ، ئەم یارییە سیاسی وئابووری یەی لە دژی کورد بە کار هێناوە و کۆسپێکی سووری خستوەتە سەر ڕیگای ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزاڤی کوردێنی بە تایبەت لە باشوور .

لە مانەش فرەتر ئەوەیە کە داعش و هاوپێڕەکانی ، ڕۆژئاوا وەک ” پشتی بەرەی شەڕ”ی خۆیان بە سەرکەوتوویی یەوە بەکار ئەهێنن و کردوویانە بە سەرچاوەیەکی گرینگی دارایی و مرۆڤی و سیاسی و بانگەشە لۆ مەبەستە دژە مرۆڤانەکانیان ، سەرڕای بوونی ئەو هەمکە دام و دەزگا سیخوڕی و ئاسایشانەی کە لە ڕۆژئاوادا چالاکن . داعش و هاوپێڕەکانیان ئەوەندە دەرەتانیان هەیە کە بە ڕواڵەت بە دوو برای بە ڕەچەڵەک ئەلجەزائیری فەرانسەیی بتوانن پەڵاماری فەرانسە بدەن بە شێوەیەک کە لە کێشی دوو کەس زۆر زۆر فرەترە . هەر لەم پێکیەش تاکە کەسێک کە گوایە تەنیا یەک حەفتە پێشتر لە زیندان بەردرابوو ، توانی نەک هەر چەک و تەقەمەنی بەڵکو گەڵالەی هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەیەک بکات لە دانمارک کە ئەشی ئەو بە وردی ئاگاداری بووبێت تەنیا لە ماوەی یەک حەفەتەدا . دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییش وا لە خەڵكەکەی خۆیان ئەگەێنن کە ئەو پیاوکوژ و ڕەشەکوژە تاک و تەرانە هەر ئەوە بوون و ئیترئەوەی کە کێیان لە پشت بوون و چلون ئەو کارە تروریستیانە ڕێکخراون ، دێزە بەدەرخۆنە ئەکرێ ولە بیر ئەچێتەوە و دەزگەهێن تەناهی و ئاسایش ئەمێننەوە خۆیان و خوای خۆیان .

داعش و داعشیان و هۆگرانیان ئەبی بە بینینی ئەو وێنەیەی لێرەدا دامان ناوە ، شاگەشکە بن و دە قوونی خۆیان هەڵدەن . کابرایەک بە سەر وسیما و هێمای دەق داعشیەوە لە یەکێک لە کێ بەركێ وەرزشی یە گرینگەکانی ئینگلیستاندا نەک هەر بەشدارە و کەوتووەتە بەرانبەر بە ڕۆنی ئۆسوولیڤان (Rinnie O’Sullivan) پاڵەونی هەرە ناودار و پلەی یەکەمی جیهانی و مێژوویی ئەو یاریە ، بەڵکو مۆرکی داعش (ISIS) ی لە سەر سینگ و دڵی داناوە . دەزگای سێخوڕی ئینگلیس بە MI5 و MI6 و کەرتی دژە تێرۆری سکاتلەندیارد و دەیان لق و پۆپی دیکەیان ، ئەبی لە گوێی گادا نوستبێتن کە داعش توانیبێتی خۆی بگەێنێتە ئەو ئاستە و ئەو جێگەیە. هاوشان لەگەل ئەوانیش ، یاریکەران بە ئۆسوولیڤانیشەوە و ڕیکخەرانی کێ بەركێکە و میدیاکاران و هەموو ئەوانەی کە بە جۆرێک دەو یاریەی کە لە وێلز (Wales) ساز کرابوو ، بەشداربوون ، خڕ تێکڕایان کوێر بوون و ئەو دەست تەڕیەی داعشیان نەبینیوە کە نە ئەچیتە مێشکی هیچ مرۆڤێکی ساخەوە و نە لە ئینگلیزیان ئەوەشێتەوە .

جا ئەگەر ئەم بەزم و پەنە (پەنگە – سلێمانیانە )ی داعش بە ئینگلیزیان داوە ، خۆی بەس نەبێت ئەوە پاکانەی کابرا لە تاوانەکەی پیستر و خراپترە . بە گوێرەی وتەکانی کابرای داعش پۆش بێت ، ئەو داعشەی سەرسینگی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ ئالیکاری بووگن . هەویری ئەم ١٤ ساڵە ئاو زۆر هەڵ ئەگرێ پەی ئینگیزیان . داعش دیاردەیەکی نوێ یە و ١٤ ساڵ لەمەوبەر وشەکە نەبینرابوو و نە بیسترا بوو . جا ئەگەر ١٤ ساڵ لەمەوبەر داعش ( دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام =Islamic state of Iraq and Syria  ) هەر بەو ناوەوە لە Wellingborough و Northamptonshire ی ئینگلستانا هەبووبێت و چالاکێش بووبێت لەو ئاستەی دا کە بتوانی هاریکاری وەرزشکارێکی لە بابەتی ئەوەی کە ئەبینرێ بکاتن ، ئیتر ئەوە ئەبێ خەڵک تۆزکاڵیک بە خۆدا بچنەوە و سەری مارەکەی داعش لەو شوێنانەی ئینگلستانا وەبینن .

تێکەڵی گەرم و گوڕی پاشایەتی ئینگلیس وەگەرد زوڕیەت یەل وەهابی عەبدولعەزیز لە حیجاز ئەشێ ئەو هۆکارە بێت کە بواری تەشەنە کردنی ئیسلامی وەهابی لە ئینگلیس دا بە رەهایی ڕەخساندبێ . وەهابیە یەل روخساری زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئینگلیسیان گۆڕیەوە ، پاش پەلاماری ١١ ی سێپتامبر ی ٢٠٠١ . لە خۆڕاییش نەبوو کە یەکەم سەربڕین لە بەرچاو خەڵکا لە لەندەن ڕووی دا و پاشان بوو بە شێووازی دیاری داعش . وەهابی یەل لە ڕۆژئاوا دەستیان فرە ئاوەڵایە لۆ پەروەردەکردنی جیلی داعشی بۆ ئێستا و دواڕۆژیان و ئەگەر ئاواش بڕوات ئەو ئیتر بۆ گرتنی ڕۆما پێویستیان بە شەڕ نامێنێ . ئەم دیاردە نامۆیەی وەهابی لە ڕۆژئاوا بووەتە و بە مسۆگەریشەوە لە داهاتوودا ئەبێتە هۆی سەرهاڵدانی ڕاستە ڕەگەزپەرەستەکان وەک ئەوەی ئێستا لە ئالمانا ئەبینرێ . ئەوەش کە ڕەشەکوژەکان بە مەبەست پەلاماری جوولەکەی ڕۆژئاوایی ئەدەن ئەشێ وەک شێوە تێرۆری بژاردەی وەهابی پەی مەبەستی ورووژاندنی بیرۆکەی نازیانە لە دژی جوولەکەی ڕۆژئاوا تواشای بکرێت و لێک بدرێتەوە .

تۆ بێژی ئەمەش گەمەیەکی ئینگلیسیانە و وەهابیانە بێت کە داعشیان بەردابێتە کوردستان و چڕچیڵی مل چرچی ( گوتەی مام هەژار) کۆنمان لێ زیندوو بووبێتەوە کە بۆمبای ناپاڵم ، درووسکراوی پاش شەری جیهانی یەکەم ، بۆ یەکەم جارلە کوردستانا ، سلێمانی و بارزان، تاقی بکەنەوە وەک لە نامەکانی نەهرۆ بۆ ئیندیرای کچی تۆمار کراوە . کێ هەیە گومانی لەوەدا بمێنێ کە پشت گوێ خستنی کورد لە کۆبوونەوەکەی لەندەن هەمان سیاستی قرێژی کۆنی ئیستعماری و ئیمپریالیستی ئینگلیزی نیە کە ئامیانی هەموو گێرە و کێشەی دەیان ساڵەی ڕابردووی عیراق بوو . پاشەڵ پیسی ئینگلیزیان لە هەر شوێنی کە بووبێتن ، وەک هێند وچین و بڕێک لە وڵاتانی ئافریقایی و مسر و عیراق و ئێران و… ، ئەوەندە بۆگەن و قرێژە کە بە دەیان ساڵ پاش وەدەرنانیان هێشتا ئازاری خەڵک ئەدات . هەر دوێنێ بوو کە کامەرۆن لە ئینگلیستان و سارکۆزی هاوحاشیرەتی لە فەرانسە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە لیبی و تەشەنەکردنی ئەو پەتا گڵاوە بۆ ناو دڵی ئافریقا و بە تایبەت ئەو شوێنانەی بۆنی نەوتیان تیا ئەکرد و ئەمرۆش کە قێبتیە بەستەزمانەکانی مسر بوونە قوربانی ئەو سیاسەتە گڵاوە ، هێشتا داکۆکی لەو کارەیان ئەکەن و گیانی مرۆڤ لۆیان نرخێکی نیە .

سەیریش لەوەدایە کە میدیای ڕووداو لە کوردستانا بواری بە کابرایەکی وەک گاری کێنت (Gary Kent) داوە کە ناوبەناو لە پەنجەرەیەک بۆناو پارلمانی ئینگلیس ەوە (window on Westminster) لۆ کوردان بدوێ و باسی کەبابەکەی وەستا ڕەجەب لە چەقەخانە و چاخانەکەی پارلمانمان لۆ بکاتن کە چۆن چۆناهی ڵۆبی کوردان بە کەبابی ( ترشیات و بە تایبەت ماستاوەکەی لە بیر چووە ) وەستاکانی سلێمانی و هەولێر، دۆزی کورد بەرەو پێش ئەبەن . گاری کێنت جار و باریش بە خۆدا ئەپەرمی کە ئامۆژگاری کوردان بکات لە مژاری دیمۆکراسی و ئەنجومەنی نوێنەران و مێژووی ٧٠٠ ساڵەی دیمۆکراسی یە سەقەتەکەی ئینگلیزمان بە چاودا ئەداتەوە . ئانکو ئەوەتا لە کاتێک دا کە ئینگلیزیان کوردیان لە کۆبوونەوەکەی لەندەن بێ بەش کرد لە دۆخیکدا کە دەبا کورد یەکەم بەشدار بووبا ، مەلحەکەی لەندەن، بۆریس جانسۆن (Alexander Boris de Pfeffel Johnson) بە ڕەچەڵەک نیوە تورک، شارەداری لەندەنیان ناردە هەولێر پەی گەمە و شانۆی سووک وچرووکی بازرگانی سیاسی و بە قات و قراواتەوە ، لە تەنیشت پێشمەرگەیەک ڕاکشا ( ئەبی ژێرەخەرێکیشیان لۆ ڕاخستبێ) لە بەردەم کامیرای میدیاکانا . جەنابی گاری کێنتیش لە سەری نووسی کە یەک وێنە بە قەدەر هەزار وشە ئەدوێ . دەبا گاری وێنەی داعشی ئینگلیزیشمان لۆ باس بکات و کە هەر بە وتەی خۆی بە قەدەر هەزار وشە ئەدوێ لە ماک و ناوەرؤکی سیاسەتی ئینگیزیان.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان