ئەسعەد جەباری : سونەكان داوای 46% خاكی عێراق دەكەن .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

سەركردەكانی عێراق پێشنیارێكدەدەنە ئەمریكا بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی سونی كە46% عێراق لەخۆدەگرێ بەدەوروپشتی بەغداشەوە .

لەكۆتایی ساڵی رابردوو ئیدارەی ئەمریكا پێشنیارێكی هەندێ سەركردەو سیاسی باڵای سونەو سەرۆك خێڵ و چەند پیاوێكی بازرگانی سونەیان گەڵاڵە كردوە بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژەی دامەزراندنی هەرێمێكی سونی لەعێراقدا تا ئیدارەیەكی نیمچەخۆماڵی پێك بهێنن هاوشێوەی ئەزمونەكەی هەرێمی كوردستان ، هەر ئەوكاتیش بەرپرسێكی عێراق ئاشكرای كرد پێشنیاری ئەم هەرێمە ناوچەكانی باكوورو رۆژئاوای عێراق لەخۆدەگرێ وەكو پارێزگاكانی نەینەواو سەڵاحەدین و ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركوك و دیالاو ئەنبارو پشتێنەی بەغداش لەڕۆژئاواو باشوورو باكوورەوە .
ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق كە بەشدارە لەحكومەتەكەی حەیدر عەبادی وتی 38كەسایەتی سونەی عێراقی كەزۆرینەیان بەشدارن لەپرۆسەی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەڵساون بەپێدانی پرۆژەیەك بەبەرپرسانی ئەمریكی و وێنەیەكیشیان داوە بە ” ستیۆرات جۆنز” باڵوێزی ئەمریكا لەبەغدا .
ئەو بەرپرسە ئاماژەش بۆ ئەوەدەكات كە پێشنیارەكەیان راستەوخۆ داوەبە ئەمریكا تاكو پشتیوانیان لێبكەن بەدانانی هەرێمێكی سونی لەعێراقدا هەروەكو هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ، ئەو هەرێمەش لە46%ی رووبەری خاكی عێراق لەخۆبگرێ ، ئەو شوێناش بگرێتەوە كەزۆرینەی زۆری سونین بەبێ بەغدا كە هەروەكو خۆی بمێنێتەوە بەپایتەختی عێراق .
ئەو بەرپرسە باڵا عیراقیە بەپێی لێدوانەكانی بۆ سایتی ” العربیە الجدید ” و ئاژانسەكانیش زانیویانە كە پرۆژەكە نوسراوەتەوەو پێشكەش بەئەمریكیەكان كراوەو هەنگاوەباشەكانی پێكهێنانی دامەزراندنی هەرێمەكەش باس دەكات ، هەروەها رۆڵگێڕانی هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی كەبڕیار وایە دابمەزرێ بەڕۆڵێكی سەرەكی دادەنێت لەپاراستنی ئەمنیەت و كۆنترۆڵكردنی ئاژاوەی تایەفی و سەقامگیری و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی ئێران بەقسەی ئەو بەرپرسە باڵایە، هەروەها ئەوەشی نەشاردەوە كە ژمارەیەكی بەرچاولەكەسایەتی و سیاسیەكانی سونە سەردانی ئەمریكایان كردوە بۆ وتوێژ لەوبارەیەوە ، بەڵام مەترسی هەبوو لەبەربەستەكانی دراوسێكانی عێراق وەكو ئێران وسعودیا كە دژایەتی ئەو پرۆژەیە دەكەن و بەهەند وەرگرتن بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆیان تەمشای دۆخەكە دەكەن .
لەڕاستیدا نەخشەی سیاسی و زەمینی لەعێراقدا لەحاڵی حازر دابەشكراوە ، هەرلەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ئەو راستیە بەروونی بۆ هەموولایەك رونبویەوە ، بەڵگەش بۆ ئەمە چوارخوولی پەرلەمانی و دەق و ماددە دەستووریەكانی عێراق بەناڕاستەوخۆ ئەوەی سەلماند كە ئەم وڵاتە ئەبێت سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوەو هەرلایەنە پشكی تایبەتی خۆی پێبدرێ ، بەڵام ئەوە سونە بوو كەملی بۆ ڕاستی ئەو مەسەلەیە نەئەداو لەعەقڵدانی سونەدا ئەوان بۆ ماوەی هەشتا ساڵ حوكمی عێراقیان كردبوو بەئاسانی ئەو ڕاستیە تاڵەیان لەبیرو ئەندێشەی خۆیان كاڵنەكردبوەوە كە ئەم عێراقی تازەیە ئەوەی بیری لێناكرێتەوە ئەوەیە كە جارێكیتر كەس ناتوانێ ئەویتر فەرامۆش بكات و خۆی بەگەورەی هەموو پێكهاتەكان بزانێ .
بۆیە سونەكان لەئێستادا بەهۆی سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی داعشەوە ئەوەی لەماوەی نێوان 11 بۆ 12 ساڵی رابردووش چنیبویانەوە لەنێوان شەورۆژێكدا بوو بەبڵی سەر ئاو!، سەركردەكانی سونە لەنێوان خۆیاندا دابەشبوون بۆ چەندین گروپی جیاجیاو شپەرزە لەمامەڵەی سیاسی وڵات و ناڕێكی لەلێدوان و بیركردنەوەكانیان ئاستی داخوازیەكانیان رۆژ لەدوای رۆژ ناڕونی پێوە دیاربوو، ئەوە جگەلەوەی كە هەرلەسەرتادا باوەڕیان بەبەشداری لەپرۆسەی سیاسی وڵاتدا نەبوو بەبیانووی جیاجیاو خۆپەرێزخستن لەهەموو هەنگاوێكی پێشكەوتنی وڵات بەئەقڵیەتی ئەوەی دەسكەوتەكانی دوای 2003 بۆ پێكهاتەكانیتر كاتین!، پێچەوانەی ئەوەش راست دەرچوو كە سونە لەم بیركردنەوەیەیان هەڵەبوون و سەرئەنجام باجی قورسیان دایەوە كە ئێستا هەستی پێدەكەن ، هەروبۆیە لەدوای 12 ساڵ دەرككردن بەدۆزینەوەی نەخشەڕێگایەك وەكو دامەزراندنی هەرێمێكی سونە مەزهەب بۆ داكۆكیكردن لەداخوازیەكانیان تاكە ئەلتەرناتیڤە بۆ هەڵسانەوەیان بۆنێو كایە سیاسەكانی وڵات .
ئەم باوەڕەی بەشێك لەسەرانی سیاسی و كۆمەڵایەتی سونە ئەگەربوایاو لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەرجەستەبوایا، بێگومان سونە ئێستا لەدۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا نەدەژیا كە داعش هەنجن هەنجنی كردن و دوورنیە 15 بۆ 20 ساڵیتریش نەتوانن ئەو شكۆیەی تەنانەت كە پێش داگیركردنی موسڵ هەیانبوو وەدەستی بهێننەوە بۆ جارێكیتر، بەڵگەش بۆ سەلماندنی قسەكەمان بەهەموو توانای سەركردەكانی سونەوە ئەیانەوێ پرۆژەی بوون بەهەرێمێكی سوونە رزگاریان بكات لەو پاشاگەردانیەی تێی كەوتوون تەنانەت خودی باڵوێزی ئەمریكا لەعێراق نێوانگیریان ئەكات بۆ سەرخستنی پێشنیارەكەیان .
ماوەتەوە بڵێن ، ئەو نهێنیە چیە سونەی عێراق لەبنەڕەتدا هیچ هەماهەنگی و بڕوایەكی بەبوونی ئەمریكاو هاوپەیمانان نەبوو لەعێراقدا تا ئەندازەی ئەوەی كە سونەكان پێڵاویان هاویشتە سەرۆكی ئەمریكا “جۆرج دەبلیو بوش ” ، كەچی ئێستا 180 پلە گەڕاونەتەوە بۆ ملكەچبوون و كرنووشی پەشیمانی بۆ ئەمریكا دائەنەوێن كەپێشتر بەهیچیان نەدەزانین ، ئێستا داوای تیماركردنی برینەكانی لێ دەكەن ، بێگومان ئەمریكاش برینپێچێكی زیرەك و وریایە خۆی ئەزانێ كام دەرمان بداتە نەخوشێكی لەخۆبایی بوو !!.

س / م

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت