سەباح شێخانى : تۆ ” یەکەى فرمێسک مستەفا .

خوێندنەوەیەکى شیعری

شیعر ئەو ئەوینە سیحرییەیە کە لە پەنجەرەى خەمەکانەوە دێت و شنەباى فریادڕەسی پێیە !! فرمێسک بە نیشتمانێک پڕ لە وەنەوشەوە دێت و خۆی دەکات بە ڕۆحماندا. زمانى شیعر لە قسەکردنى ئاسایی جیاوازە ، چونکە پێوەندى دروست دەکات لەنێوان ئەو شتانەدا کە دەرکیان پێکراوە ، لەگەڵ ئەو شتانەى کە ناتوانرێت دەرکیان پێبکرێت . ئەگەر وشەکان عەشقبازى لەگەڵ یەکدیدا بکەن وەک ” ئەندرێ بریتۆن” دەڵێت ، ئەوا شاعیریش دڵدارى لەگەڵ وشەدا دەکات. فرمێسک زۆر ڕاستگۆیانە بە نێو کووچە و پێچاوپێچەکانى ژیاندا دەگەڕێت ، بە کۆمەڵێک وشە و دەبڕینى جوان شیعرێکى ناسک پێشکەش دەکات ، سیمۆن دى بۆڤوار لە کتێبەکەیدا ” ڕەگەزەکەى تر ” دەڵێت :” کە نێر و مێ لە دایک دەبن وەک یەکن ، بەڵام پەروەردە و کۆمەڵگە جیایان دەکاتەوە بۆ دوو ڕەگەزى جیاواز .” شاعیری داهێنەر زیندەوەرێکە لە کەس ناچێت و کەسیش لە ئەو ناچێت ، ڕەنگە شیعر ، جیاواز لەژانرەکانی تر ، کەمتر بتوانیت لەگەڵی هەڵبکەیت و بەبەردەوام تێیدا بمێنیتەوە ، واتە لەشیعردا شیاوە ئەزموونێکی بەرفراوانی ساڵانێکی دوورودرێژ ، ببێتە چەند بەیتێک، یان دەق و چامەیەک .

تۆ
دڵرەقیت دەموەرێنێت
با
دەمهێنێتەوە بۆ لاى
تۆ

ئەدەبی ڕاستەقینە ڕۆڵی دایک دەبینێت دەتوانێت خوێنەر و شاعیریش پەروەردە و گۆش بکات . شیعر حەز ، ئارەزوو ، خەم ، هیوا و داخوازى ئەم خانمە شاعیرەى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ئەمڕۆکە شیعر ، بەرەو لاساییکردنەوە و زۆری و بۆری دەڕوا ، ئەم ڕەوتە مەترسیدارە ، شاعیرانی تووشی بەنداوێک کردووە و دەربازبوون لێی ئەستەمە ، شیعر ئەگەر دۆزینەوەی جیهانێکى نوێ و پردێک نەبێت ، نەبووونی لە بوونی پیرۆزترە . زمانی شیعر هەوڵی ئەوە دەدات کە سیستەمێکی تایبەت بە خۆی بخولقێنێ ، تایبەتمەندی ئەم خولقاندنەش پەیوەستە بە شاعیرەوە. شیعر وەک ئەفراندن کارێکى شۆڕشگێرانەى قاڵبشکێنە و هیچ یاسا و ڕێساسەک قەبووڵ ناکات ، ” ئەحلام موستەغانمی ” گوتەنى : ” ئەدەب بۆ ئەوەیە فێری خۆشەویستى بین .”

بێ تۆیی سڕم دەکات
بەفر
دەمباتەوە بەر پەنجەرەکەى
تۆ

دەقى شیعر ژانرێکى دیاری دونیاى ئەدەبە ، خودان زمانى تایبەتی بە خۆیەتى ، بە وێنەى جوان و ڕوون خۆی دەرازێنێتەوە ، زمانى شیعر ، زمانێکى خودییە و ئامانجى یەکەمى ئەفڕاندنە ، زمانى ئاسایی ئاماژە بۆ جیهان و شتەکانى ناوى دەکات ، بەڵام زمانى شیعر ئەو جیهانە سەر لە نوێ بونیاد دەنێتەوە ، ئەزموونى خودى و تاکەکەسی لە شیعردا ، بە تایبەتى لە شیعری تازەدا، یەکێکە لە نیشانەکانى تازەخوازى و تازەبوونەوە و پێداگرتن لەسەر شیعرییەت و گوزارشتى شیعری . ئەزموونى کەسی واتا بایەخدانى پتر بە جیهانى ناوەوە ، دونیاى هەست و نەست و خولیا کەلەکەبووەکانى مرۆڤ ، ئەرستۆلە کتێبی “هونەرى شیعر” ەییەکەیدا دەڵێت :” شیعر لاساییکردنەوەى سروشتى شتەکانە بەتایبەتیش سروشتى مرۆڤ .” شیعر بۆ زۆرینە نانووسرێت و ڕووی دەمی لە کەمینەیە ، بۆیە خوێنەرێکی کەمیشی هەیە ، چونکە شیعر خۆی لەخۆیدا داهێنانە ، نەک هەر شیعر بەڵکوو سەرجەم ژانرە ئەدەبییەکانی دیکەش ، لەمیانی تێکستە زیندووەکانەوە لەجەنجاڵی ژیان دوورمان دەخەنەوەو ئیدی لەمیانی میکانیزمە جیاجیاکانی ئەدەبیاتەوە ، دونیایەکی جیاوازترمان لەبەرچاودا بەرجەستە دەکەن خۆم حەز بە شیعری سادە و بێ گرێوگۆڵ دەکەم ، بەڵام سادە بەمانای ساکار نا، بەڵکوو ئاسانێک کە درەنگ خۆی بدات بەدەستەوە

بێ باکیت دەمگرێنێت
باران
لە دڵمدا
دادەکاتەوە سەر ئەشقی
تەنیا

تۆ …

شیعر ڕەنگدانەوەى هزر ، خەیاڵ ، ژینگە و ڕووداوەکانە ، کردنەوەى دەرگەیەکە ، تەواوى دیاردەکانى بوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە . ئەز باوەڕم بەوە نییە ئەدەب بە زمانى بازاڕی بنووسرێت . یەکێک لە شتە جوانەکانى ئەدەب زمانە ، ئەوەى ئەدەبی خراپ لە ئەدەبی چاک جیادەکاتەوە ، تەنیا زمانە . زمان کە بنچینەی شیعرە ، شاعیر نەک هەر پێویستە بە چاکی ئەو زمانە بزانێت کە پێی دەنووسێت ، بەڵکوو دەبێت ، گەشەی پێ بدات و مانای تازە و جیاواز لە مانا کۆنەکانی ، تێدا بدۆزێتەوە . شیعر کارێکی تاکەکەسە و ئیش لە سەر زمانێکی گشتی دەکات ، کەواتە شیعر جیهانبینییە ، ئەم جیهانبینییەیش تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە دێتەدی ، ئەم تایبەتمەندییەش بەرهەمی سەلیقە و لێهاتووی شاعیر و شارەزایی لە دونیا و تێڕوانینی بۆ چەمکەکان دێتەدی . شاعیر لە رێگەی زمانەوە، جیهانمان بۆ هەڵدەوەشێنێتەوە و جارێکى دیکە سەر لەنوێ دروستی دەکاتەوە. زمانی شیعرییەت ، بە بێ ئەرک خۆیمان پیشان دەدات ، کارێکی وا ئەنجام نادات کە هەموو دونیا لەسەری تەبا بن. جۆرە ئیشکردنێکە لە سەر زمان بەڵام لە قووڵاییەکان ڕوو دەدات ، بێدەنگ دەهێنێتە زمان، ئاماژەکان بەیان دەکات ، دەنگەکان ڕووت دەکاتەوە و ژیان بە جۆرێکى دیکە دەنووسێتەوە. وەک ” فۆکنەر” دەڵێت : ” ئەگەر نووسەر باش و بەتوانا بێت ، هیچ شتێک نییە زیان بەنووسینەکانی بگەیەنێت ، خۆ ئەگەر نووسەرێکی خراپیش بوو ، هیچ کەس و شتێک نییە بتوانێت هاریکاری بکات .” بۆ شیعر یەک شت هەیە دانووستانی لەسەر ناکرێ ئەویش جوانی و شیعریەتە . هیچ هەڵوێست و بڕوا و پیرۆزییەک شەفاعەت بۆ شیعری خراپ ناکەن ، ناتوانن ناشیعرێک بکەن بە شیعر. شیعر دەبێ بخوێنرێتەوە ، چێژی لێوەربگرێت و گەلێ جاریش بتخاتە ناو سەرسامییەکی قووڵەوە . پرسیارت تێدا بووروژێنێ. شیعری بێ خوێنەر یان دوور لە خوێنەر لە پردێکی ڕووخاو دەچێ ، چون شیعر و خوێنەر یەکتری تەواو دەکەن. شیعر ئەو خەیاڵەیە ، کە زمانێکی سەرسامکەر و سیحراوی دەخوڵقێنێ ، ئەم زمانەى هەموو مانا قامووسییەکان تێدەپەڕێنێ. شیعر هەمیشە زمانی هەڵبژاردەی ناو خەڵک بووە .
سەرچاوە:
1_ شیعری ” تۆ ” ى فرمێسک مستەفا ، رۆژنامەى هەولێر ، ژمارە ( 2099) رۆژى سێشەممە 17ى ئادارى 2015 ، ل 24.