سەباح شێخانی : شیعرى ” هانا ” ی ئیسماعیل خورماڵی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کەروێشکە ڕەشتاڵەکەى ناو سەوزایی شیعرى نوێی کوردى , خوێندنەوەی شیعرى ” هانا ” ی ئیسماعیل خورماڵی .

شیعرە ” هانا ” کەی ئیسماعیل خورماڵی ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی جوانی ، چێژوەرگرتنیش لە جوانیی سەفەرێکە ئینسان لە ڕێی گەڕان و پرسیارکردنەوە دەستی دەکەوێت ، جوانی شتێک نییە بوونێکی هەمیشەیی هەبێت ، بەڵکە جوانی دەدۆزرێتەوە و دروست دەکرێت و هەمیشەیش لەگەڵ گۆڕانی قۆناغەکانی ئینساندا خۆی دەگۆڕێت و ون دەبێت ، گەڕان مەرجی سەرەکی دۆزینەوەی جوانییە ، دۆزینەوەی جوانیش بەخشینەوەی مانای ئینسانە بە ئینسان خۆی ، واتا جۆرێکە لە شێوازی ژیان بۆ تێگەیشتن و جوانکردنی ناشیرینییەکانی ژیان ، ڕەنگە یەکێک لەنهێنییەکانی خوێندنەوەی تێکستە زیندووەکان ، بەشیعریشەوە ئەو بانگهێشتکردنەی خوێنەر بێت بۆ بەشداریکردن ، بڕوام وەهایە کە شیعر بۆ خەڵکە ، ڕۆڵان بارت (1915 ــ 1980) گوتەنی: ” خوێنەر دروستکەری تێکستە .”

ماڵوێران خۆم سەرنج وەری ئاوی چاوم وشکایی هات

سەری کاسم چاوەڕوانی کۆشی تۆ بوو ئەی بۆچی نەهات

ڕەنگە لەزۆر ڕووەوە شیعر خەیاڵ بەچەشنێکی سەیر لەژانرە ئەدەبییەکانی دیکە ببزوێنێت و زیاتر تەسوویرە گوزارشتییەکان لەخۆ بگرێت و نەتوانێت بەتەواویی بەلایەکدا بشکێتەوە ؟ شیعر زیاتر هەڵهێنجراوی ئەزموونێکی هەستییە ؟! نیزار قەببانی( 1923 – 1998 ) دەبێژێت :” خۆشەویستی شیعرێکی جوانە ، لەسەر مانگ ، گەڵای درەختەکان و نمەی باران نووسراوە .” بۆیە دەشێ بڵێین خورماڵی نەفەسێک بەبێ ئەوین ناژی !!

بۆچی نایەت خۆ بڕیار بوو بن ئەم دارە جێ ژوان بێ
وەکو ڕۆژان گەڵای وەریو لەتەرزەی ماچ هەراسان بێ

ژیان و نووسین بە تایبەتی نووسینی ئەدەبی ، زۆربەی جارەکان ئەگەر ڕاستەوخۆ گوزارشت لە ژیانی نووسەر نەکات ، ئەوە بێ گومان ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و مۆرالی نووسەرە، هێمینگوای (1899 ــ 1961) دەیگوت : ” نووسەری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لەسەر هێڵی مان‌ و نەمان ڕاوەستێ .”

ئەی ئەمێستا هەوارت کوا هەوری سەوزی ئەم دڵەی من
خۆ بەبێ تۆ لێڵە چاوم وشکە کێڵگەی ئەم دڵەی من

پێدەچێت یەکێک لەو شتانەی کە تێکستێکی زیندوو ، بەزیندوویەتی دەهێڵێتەوە ، قووڵی ئەو گەمەیە بێت کە لەگەڵ خوێنەری دەکات ؟! ڕەنگە سەرپێی نەزانین چ پێکدادان و ململانێ و بگرەو بەردەیەکی شاراوەو پەنهان لەنێوان خوێنەرو تێکستدا هەیە ؟! ئەمە جگە لەوەی وەک ئاماژەمان پێدا خوێنەر بۆ خۆی بەشدارێکی تێکستە و بەم چەشنەو لەم میانەیەوە هەموو خوێنەر و خوێندنەوەیەکی جوداو جیاواز ، نووسینەوەیەکی نوێی تێکستە ؟! فلۆبێر دەڵێت : ( نووسین ڕێگەیەکە بۆ ژیان .)

ئەی ئەمێستا کە تۆ ونی دەستی هانا بۆ کێ بەرم
لەڕەهێڵەی ئەم غوربەتا چی بکەمە چەتری سەرم

خورماڵی هەموو شوێنێک بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت ، مرۆڤ هەر لە ئەزەلەوە عیشق و جوانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە ، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن ئەو هەستە دەخەیتە چوارچێوەیەکی کارێکی هونەری و نووسینەوە، بخەیتە چوارچێوەی کارێک تا بگاتە لای خەڵک

هۆ دەریاچەی ئەوینی من لەهەر کوێ هەی دەنگ هەڵبڕە
بەدڵی کام بیابانا ڕۆیشتی سەر هەڵبڕە

کەس نییە لە نێو یادەوەریی دوێنیدا نەژی ، بەڵام لای خورماڵی ئەمە بەجۆرێکی دیکە کەوتوووەتەوە ، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو جوانییەکی داوەتە شیعرەکانی خورماڵی ، ئەمەیش دەری دەخات شاعیر هەمیشە عاشقە ، ئەو بەبێ عیشق ناتوانێت بژی ، بەبێ عیشق ناتوانێت بنووسێت وەکو دالای لاما دەڵێت : ” ژیان گەڕانە بە دوای خۆشبەختیدا ”

سەر هەڵبڕە و گۆمی سووری چاوەڕوانیم بهەژێنە
سەر هەڵبڕە و ماسی ڕۆحم لەم زۆنگاوە دەربهێنە

ئیسماعیل خورماڵی ، لە سەرەتای ساڵانی هەشتایەکان سەرقاڵی نووسینە ، بەڵام بەر لەماوەیش خەریکی خوێندنەوە بووە ، لە دەسپێکی خوێندنەوە و نووسینیشدا یەکێک بووە لە دەروێشانی ئەدەبیاتی کلاسیک ، نالی ، مەحوی ، سالم ، کوردی … تاد ، لەوساوە هەست بەوە دەکات عەجولە ، دەبێت بڵێت و بژی . لەوێوە توانی وەک کەروێشکێکی ڕەشتاڵە خۆی بگەیێنێتە حەوشەی پڕ سەوزایی شیعرى کوردى .