ژیل دولوز : ئیمانانس ، ژیانێك .

لە فەرەنسییەوە : ئەبوبەکر جاف .
دواهەمین دەقی ژیل دولوز ، دەقێك لە شێوەی وەسێتنامە .
ڕوتەختێكی ترانسێندانتاڵی لە بەرانبەر سوژەیەكدا دەرناكەوێت ، لە بەرانبەر ئۆبژێیەكدا دەرناكەوێت ، واتە لە بەرانبەر سوژەو ئۆبژێیەك كە ، بتوانێت گەمارۆی بدات .
پێشەكییەكی كورت :
لێرەدا دولوز ، كە ئەم وتارەی بە چەند مانگێك پێش ” پێش خۆكوشتنی ” نوسیوەو دوا وتارێتی ، جەختكردنەوەو پێداگیرییە لە سەر بەردەوامیبوونی لە ناو میراتی سپینۆزاو نیتشەدا . دولوز لێرەدا كۆمەڵێك چەمكی تایبەت بە خۆی بەكاردێنێت كە دەبێت زیاتر ڕوونكراوە بن لەوانە : هێكسیتێ ، ئەكتویڵ ، ڤێرتویل ، ڕووتەختی ئیماناسی ..
دولوز دەستبەرداری ئەوە نەبووە كە بوونێ ، شتێك لە دەرەوەی ڕووتەختی ئیماناسی بوونی هەبێت . تەنانەت بۆ دولوز مەجاز بەشێكی جیاكراوەو جودا نییە لەئێستاو ئێرە ، وەك چۆن ئێستاو ئێرەش بەهەمان شێوەو بە ڕەهایی لە ناو مەجازو ڤێرتویلدایە .
دولوز جیاكارییەك لە نێوان ترانسێندانس و ترانسێندانتدا دەكات تاوەكو نەكەوێتە ناو میتافیزیكیای تیۆلۆژیاوە. بە هەمانشێوە دولوز لە باس و خواسس لە سەر ئەوەی ژیان ، واقع و مەجاز هیچ نوقستانی و كەموكورتییەكی نییە تا ئەو پەیوەندییەی بەرانبەر بە نوقستانییەك جوڵەو ژێستێك بنوێنێت ، ئەمەش لێدان و توڕهەڵدانی ئەو تەفسیرە فرۆید – لاكانییەی كە پێی وایە ئۆبژە نوقستانییەكی سوژەیەوە ، سوژە هیچ نییە جگە لە ئارەزوویەك بۆ ئۆبژێ . لە هەمووی گرنگتر : دولوز بە سەر ئەفسانەو سەفسەتەی بیزەنتیانەی سوژە / ئۆبژێدا باز دەدات ، دولوز ژیان و بوونێك پێشنیاز دەكات كە سوژەو ئۆبژێ و پەیوەندی ئەم دووانە بوونیان نییە ، بەڵكو لە یەككاتدا هەردوكیانە بەبێ درزو بێ قڵیشان و بێ جیاكردنەوەیەك .
سوژەو ئۆبژێ بوونی نییە بە جیاكراوەیی و وەك دوو جەمسەری بەریەككەوتوو , لێرەو لەوێ هەندێك جار دەست بۆ دولوز دەبرێت ، كە بە هیچ شێوەیەك ناكاتە دولوز !, دولوز ز سیستەمی چەمكی و خولقاندن و داهێنانی چە مكیانەی دولوز پەرتناكرێت ، لێكتر جیاناكرێنەوە ، بە دەرهێنان و جیاكردنەوەو توڕهەڵدانی چەمكێكی و بەكارهێنان و تەوزیفكردنی لە كایەیەكدا ، ناحەقی و غەدرە لە دولوز ، تێنگەیشتنە لە دولوز. ئەگەر چەمكی سەیرورەی دولوزی بە نمونە وەرگرین : “DEVENIR چەمكی دولوزیانەی سەیرورە دابڕاو نییە لە كۆی ئەو پرۆسەو پرۆسیسویانەی لە سەر ڕووتەختی ئیمانانسی ڕوودەدەن ، ژنبوون DEVENIR-FEMME ،بە مناڵبوون ،DEVENIR ENFANT ، بە گیانلەبەربوون , DEVENIR-ANIMALE یان هەر سەییرورەیەكی تر ، بوون بە ژن ، بوون بە منال , بوون بە گیانلەبەر. دۆخ و ڕەگەزو ماهییەت و جەوهەرێك نییە ، بەڵكور پرۆسیەكی ئیمانانسییە بە ڕەهایی كە بوار بۆ هیچ دۆخێكی وەستاوەو بەرجەستەبوو بەكۆنكرێتی ناهێڵێتەوە كە ، ببێتە شوناسێك ، ببێتە ناسنامەیەك ، ببێتە نوێنەرایەتیكردن و نواندن و نواندنەوە .. سەرجەم سەیرورەكان بە ڕەهایی لە ناو چەمكەكانی دیكەی وەك لە قەڵەمڕەویی خستن ، هێڵەكانی هەڵهاتن ، ماكینەی جەنگ ، قەڵەمڕەویی دروستكردنەوە ، هەمیشەو بە ڕەهایی كۆچەریبوون و ڕۆیشتن ، كەمینەو كەم و بە كەمینەبوون .. بێ ئەوەی ئامانج یان ئامانج گەلێك هەبێت بۆ شوناس وەرگرتن . هەر شوناسوەرگرتنێك لە وێنەی فیمینیزم ، شوناسی پرۆلیتاری ، شوناسی پیاوبوون و بوون بە پیاو وەك ڕەگەزو ژێندەر .. ئەمانە چ پەیوەندی و سەروكرارێكی بە فكری دولوزەوە نییە ئاگابوون لە دولوز فكری دولوز ، ئاگابوونێكی تەواوی دەوێت لە كۆی چەمكەكانی دولوزو چەمكە دوزلوزییەكاند . لە هەمووی گرنگتر : دولوز بەس لە ژیان دەگات وەك كردەو ئەكتێكی ئیمپیریكی ، وەك ئەزمون نەك وەك مەعریفە.! واتە دولوزیش وەك ژیان ، لە گەڵ ژیانی دەیەوێت نەك بۆ مەعریفە و مەعریفە وەرگرتن ..” . ئەبوبەكر جاف .

ئیمانانس : ژیانێك
“ڕوتەخت و نەخشەیەكی ترانسێندانتاڵی لە بەرانبەر سوژەیەكدا دەرناكەوێت ، لە بەرانبەر ئۆبژێیەكدا دەرناكەوێت ، واتە لە بەرانبەر سوژەو ئۆبژێیەك كە ، بتوانێت گەمارۆی بدات .”
كایەو كێڵگەیەكی ترانسێندانتاڵ چییە ؟ ئەم كایەیە دەتوانێت خۆی لە ئەزموون جیا بكاتەوە بەو شێوەیەی كایەیەكی ترانسێندانتاڵیییە كە ، نە دەگڕێتەوە بۆ ئۆبژێیەك ، وە نە پەیوەندی بە سوژەیەكەوە هەیە ” نواندنەوەی ئیمپیریكی”. پاشان وەك تەوژم و شەپۆلێكی وشیاری و ئاگایانەی نا – سوبژێكتیڤ ، وشیارییەكی پێش بیركردنەوەی نا كەسی خۆی پیشان دەدات ، یان وەك قورسایی و توندو تۆڵی و پتەوییەكی جۆریی وشیارییەكی بێ – من SANS-MOI خۆی دەنوێنێت . ڕەنگە جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامان و تیامان بێت كە ، پرسی ترانسێندێتاڵی لە ڕێگەی كۆمەڵێك پێداروی بێ نێوەند و كتوپڕەوە پێناسە بكرێت ، تایبەتمەند بكرێت : ئێمە باس لە جۆرێك ئیمپیریزم و ئەزمونخوازی ترانسندانتاڵی دەكەین ، قسەوباسێك كە كە بەرانبەرو دژ دەكەوێتەوە لە گەڵ ئەو شتەی دونیاو جیهانی سوژەو ئۆبژێ پێشكەشی دەكات .
شتێكی سەركێش و ڕیسككارو وەحشی و بەهێزو بە دەسەڵات لە ناو ئەم ئەزموونخوازییە ترانسێندێنتاڵەدا بوونی هەیە ، كە ، بە هیچ شێوەیەك ڕەگەزی هەستیاری نییە ” ئەزمونخوازییەكی سادەو ساكار “، چونكە هەستیاری جگە لە پارچەو بەشێكی بچوكی ناو وشیاری ڕەها هیچی دیكە نییە ، نانەت هێندە نزیكن دەبن بە دوو هەستیاری ، پەرێنەوەی ئەمیان بۆ ئەوی دیكە وەك سەیرورە ، وەكو زیادبوون و زیادكردنێك ، یان دابەزین و كەمكردنێكی هێزو توانایی . ” چەندێتی مەجازی و ڤێرتوێلی “. ئا لێرەوە ، دەبێت و پێویستە كایەی ترانسێندانتاڵ لە ڕێگەی وشیارییەكی پەتی و پوخت و بێگەردی بێ نێوەندەوە دیاری بكرێت ، ئەمەش بە بێ ئۆبژێ و بە بێ من” MOI “. بەوشێوەیەی جوڵەو بزاوتێكە ، كە نە دەست پێدەكات و نە كۆتایی دێت ،” تەنانەت چەمكی سپینۆزایی پاساژ یان چەندێتی هێزو توانا ، بە هەمان شێوە پەنا دەباتە بەر وشیاری و ئاگایی . بەڵام پەیوەندی نێوان كایەی ترانسێندانتاڵی ، لەگەڵ وشیاریدا ، تەنیاو تەنیا چەمكییە. وشیاری نابێت بەكردەو كارێك ئەگەر سوژەیەك لە هەمبەر ، یان لە بەرانبەر ئۆبژێكەیدا بەرهەم دێت ، ئەمەش لە هەمان كات و لە یەككاتدا ، هاوشان و پێكەوە ، وە تەنانەت هەردوكیشیان ، لە دەرەوەی كایەو بە شێوەو بە ناونیشان و وەك پرسگەلێكی ” ترانسێندانت ” دەردەكەون .
بە پێچەوانەوە ، تا ئەو كاتەی كە ، وشیاری بە خێراییەكی ناكۆتاو كۆتانەهاتوو كایەی ترانسێندێنتال تێدەپەڕێنێت ، وە لە هەموو شوێنێك و سەراپاگیرانەپەخش و بڵاو دەبێتەوە ، هیچ شتێك ناتوانێت ئاشكرای بكات و هەڵی سێنێتەوەو پەردەیان لە سەر لابدات . ئەو ناتوانێت خۆی دەربڕێت و گوزارشت لە خۆی بكات تەنیا لە میانەی بیركردنەوەیدا نەبێت لە بارەی سوژەوەیەك كە ، دەیگەڕێنێتەوەو دەینێرێتەوە بۆ ئۆبژەكانی. هەر لە بەرئەمەشە كە ، كایەی ترانسێندانتاڵ ناتوانێت لە ڕێگەی وشیارییەكەیەوە كە لە گەڵی درێژ دەبێتەوە ، خۆی دیاری بكات و خۆی پێناسە بكات ، بەڵام بەرانبەر هەموو ئاشكرابوون و دەركەوتن و شهودێك بازدەدات. ترانسێندانت” ترانسێندانتاڵ نییە . بەهۆی وشیارییەوە ، كایەی ترانسێندانتاڵ وەك ڕوتەختێكی ئیمانانتی پوخت خۆی دیاریدەكات ، خۆی پیناسە دەكات . ئەم كێڵگەیە ، ئەم كایەیە ، بە سەر تەواوی ” ترانسێندانسی سوژەو ئۆبژێدا باز دەدات و تێدەپەڕێت “!. ئیمانانسی ڕەها لە خۆیدایە : ئەو لە ناو شتێكدا نییە ، ئەو لە بەانبەر شتێكیشدا نییە ، دەرگیرو لكاو و پەیوەست نییە بە ئۆبژێیەكەوە ، هیچ پەیوەندییەكیشی بە سوژەوە نییە . لای سپینوزا ئیمانانس بە بەرانبەر جەوهەر دەستنیشان ناكرێت ، واتە ئیمانانسێك نییە لە بەرانبەر جەوهەردا ، بەڵكو جەوهەرو مۆدەكان لە ناو ئیماناسدان . كاتێك سوژەو ئۆبژێ دەكەونە دەرەوەی ڕوتەخت و نەخشەی ئیماناسەوە ، وەك سوژەیەكی یونیڤێرساڵ و گەردوونی دەردەكەون ، یان وەك هەر ئۆبژێیەك ، بەو شێوەیەی ئیماناس پشتی پێ دەبەستێت و دەگەڕێتەوە بۆی .
ئەو كاتە بە تەواوی سڕینەوەو لابردنی ترانسێندانتاڵ بەو شێوە دەكەوێتەوە كە ، ئەزموونی چەندبارە دەكاتەوە ” وەك لای كانت “، وە دەبێت بە شێوێنراو و لادانی ترانسێندانتاڵ . كەواتە ئەم لە ناو ترانسێندێنتدا خۆی دەبینێتەوە , ئیماناس پەیوەندی بە هیچ شتێكەوە ناكات وەك یەكێتییەكی باڵاو سەروتر لە شتەكان ، لە سەروی شتەكانەوە ، وە پەیوەندی بە سوژەیەكەوە ناكات وەك ئەكت و كردەیەك كەسێنتێزی شتەكان بنوێنێت و بیانكات بە پێویستی و ناچاری : ئێمە تەنیا ئەو كاتە دەتوانین لە بارەی ئیماناسەوە قسە بكەین كە تەنیاو تەنیا ڕوتەختێكی ئیماناسە نەك شتێكی دیكە و نە لە بەرانبەر شتێكی دیكەدا . وە ئیتر كایەی ترانسێندانتاڵ لە ڕێگەی وشیارییەوە خۆی تایبەت ناكات ، خۆی پێناسە ناكات ، خۆی بەدیارناخات . ڕوتەخت و نەخشەیەكی ترانسێندانتاڵی لە بەرانبەر سوژەیەكدا دەرناكەوێت ، لە بەرانبەر ئۆبژێیەكدا دەرناكەوێت ، واتە لە بەرانبەر سوژەو ئۆبژێیەك كە بتوانێت گەمارۆی بدات.
ئێمە لە بارەی ئیماناسی پوختەوە بەو جۆرە قسە دەكەین كە ژیانێكە و هیچی دیكەUNE VIE. نەوەكو ئیماناسێك بەرانبەر بە ژیان و لە هەمبەر ژیاندا. بەڵكو ئیماناسێك كە خۆی ژیانێكە . ژیانێك ئیمانانسی ئیماناسە ، ئیماناسێكی ڕەهایە : بە تەواوی بەتواناو بە دەسەڵاتە ، بەختەوەری و كامەرانییەكی كامڵ و تەواوە . تا ئەو ڕادەو ئاستەیە كە بەسەر گیروگازو بێنەو بەردەو تەنگ و چەڵەمەكانی سوژەو ئۆبژێدا سەردەكەوێت ، بە و شێوەیەی كە فیشتە ” فیختە ” لە دوا فەلسەفەكەیدا كایەی ترانسێندانتاڵی وەك ژیانێك دەنوێنێت و پیشانی دەدات. ژیانێك كە پشت ئەستورو پابەند نییە نە لە سەر بوون وەستاوە ، وە نە ملكەچی ئەكت و كردارێكە : وشیارییەكی بێ نێوەندی ڕەها. كەواتەو بەوشێوەیەی كە چالاكییەكان ناگەڕێنەوە بۆ بوونێك ، بەڵام لەوەش ناپچڕێن كە خۆی لە ناو ژیانێكدا بەبێ وەستان و پشودان ژیان پێشنیاز دەكات .
بەمشێوەیە كایەی ترانسێندانتاڵ دەبێت بە نەخشەو ڕوتەختێكی ڕاستەقینەی ئیمانانس كە ، سپینۆزاخوازی بەشێوەیەكی دیكەی تەواو قوڵ لەكردەو لە ناو كردەی فەلسەفە بەرهەم دێنێتەوە. ئایا ” مۆن دو بیرا ” لە دوا فەلسەفەكەیدا كارێكی لە هەمان شێوەی كرد؟ ” ئەوەی كە زۆر لەوە ماندووتر بوو كە ئەمە بە ئەنجام بگەیەنێت ، ئەو كاتە ماندوبیران توانی لە سایەی ترانسێدانتاڵیدا هەوڵی ژیانێكی ئیماناتی ڕەها بدۆزێتەوە ؟ كایەیەكی ترانسێندانتاڵی لە ڕێگەی ڕوتەختێكی ئیمانانسەوە خۆی دیاری دەكات ، وە ڕوتەخت و نەخشەیەكی ئیماناسیش لە ڕێگەی ژیانێكەوە.
ئیمانانس چییە ؟ ژیانێك .. هیچ كەس باشتر لە دیكنز نەیتوانیوە وەسفی ئەوەمان بۆ بكات كە ژیانێك چییە ؟، ئەمەش ئەگەر ئارتیكڵی نەناسراو نەناسین وەك ئاماژەیەكی ترانسدێنتاڵی وەربگرین و ئەژماری بكەین . كەسێكی خراپ و مەترسیدار ، سەرلێشێواو سەرگەردان ، سوژەیكی ڕقلێبووی توڕ هەڵدراو و بێزراو ، كە هەموان لێی هەڵدێن ، لێی ڕادەكەن ، سڵی لێدەكەنەوە ، لە دۆخێكی مەرگەسات و مەرگهێنەردا ، هەموان چاودێری دەكەن ، لە بەرانبەر بچوكترین نیشانەی ژیان و گەڕانەوە بۆ ژیان ، هەموان بەرپرسیارن بەرانبەری و ڕێزی بۆ دەنوێنن ، وە تەنانەت عشقیش وە كەمترین نیشانەیەكی ژیانی لە سەرەمەرگدا. هەموان هەوڵی ڕزگاریكردنی ئەو دەدەن ، تا ئەو كاتەی لە قوڵایترین دۆخی بێهۆشیدا ، شتێكی جوان و شیرین و كامەران و ئاسودە لە گەڵ مەرگدا هەست پێ دەكات ، ئەمەش لە گیان و ڕۆحیدا نیشتەجێ دەبێت . بەڵام كاتێك ئەو دەگەڕێتەوە ناو ژیان ، ڕزگاركەران ساردتر دەبنەوە ، ئەویش سەرگەردانی و پوخڵەواتی خۆی وەردەگرێتەوە.
لە نێوان ژیان و مەرگدا چركەساتێك هەیە كە ،هیچ شتێك نییە جگە لە ژیانێكی ئاوێزان بە خۆشی و شادی مەرگ . ژیانی تاك ، جێیەك دەكاتەوە بۆ ژیانێكی كەسی , وە بەهەمان ئەندازە ، ژیانێكی دەگمەن و ناوازە ، كە ڕوداوێكی پەتی و پوخت و بێگەردی ئازادەو بەركەوتنەكانی ناوەوەو دەرەوەی توڕهەڵدەدات . واتە ” ڕاها لەسوبژێكتیڤیتێ و ئۆبژێكتیڤیتێ ” كە ، توشی دەبێت. تەنیا مرۆڤ”HOMO TANTUM “، تەنیا یەك مرۆڤ كە هەموان لە گەڵی هاودڵن و چاوەڕوانی بەختەوەری لێ دەكەن . ئەمە ” ئەمبوون بە ، ئەمێتی Hecceite ” یەوەیە ، كە ئیتر بە تاكبوون بوونێكی نییە ، بەڵكو بە ناوازەبوون و بە دەگمەن بوونە : ژیانی ئیماناسێكی پەتی و پوخت ، بێلایەن لە بەرانبەر چاكەو خراپەدا ، نەچاكەیەو نەخراپە ، واتە ناكەوێت بەلای چاكەو خراپەشدا ، لەگەڵ ئەوەی تەنیا ئەو سوژەیەی دەكەوێتە نێوەندی شتەكانەوەو چەقی بەستووە باشی و خراپی دەنوێنێت ، سوژەیەك لە ناو شتەكاندا كار دەكات و باشی و خرای پێ دەبەخشێت . ژیانی هەر تاكێك سودو قازانجی ژیانێكی ناوازەی ئیمانانت دەسڕێتەوە لای ئەو مرۆڤەی كە لەمەولا ناوی نییە ، ناوێكی نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا ، لەگەڵ هیچ كەسێكی دیكە تێكەڵ نابێت . ناوەڕۆك و ناواخنێكی ناوازەیە .

ژیانێك ….
بەڵام نابێت ژیان لە چركەساتێكی سادەو ساكاردا قەتیس بكەین ، گەمارۆی بدەین ، بە تایبەت ئەو كاتەی ژیانی تاكێك بە مەرگی هەمیشەیی ڕووبەڕوو دەبێتەوە . ژیانێك لە هەموو شوێنێكە ، لە هەموو ئەو چركەساتانەی كە ئەم یان ئەو سوژەی زیندوو تێیدەپەڕێنێت ، یان كۆمەڵێك ئۆبژێی ژیاو تیاژیاو دیاریدەكەن. ژیانی ئیماناتی ئەو ڕووداوگەڵ و ناوازەیی تێدەپەڕێنێت كە لە ناو سوژەو ئۆبژێكاندا نەبێت خۆیان ئەكتوالیزە ناكەن. ئەم ژیانە نا كۆتاهاتوو بێ پایانە لە خودی خۆی چركەساتی نییە ، بە نزیكییەكی وەها كە ، ئەمان ببێت بەوانی دیكە ، بەڵكو تەنیاو تەنیای ” لە نێوان- زەمەنەكانداENTRE-TEMPS، لە نێوان و مابەینی چركەساتەكاندا. بەوشێوەیە نییە كە هاوكات و هاوسات و یان پاش سات بێت ، بەڵكو فراوانی و گەورەیی و فراوانی زەمەنێكی بۆش دەنوێنن ، لەو كات و شوێنەی كە ڕووداوەكان دیسانەوە دێنەوەو دەگەن و بەڕێوەن و پێشوتریش گەیشتوون ، ئەمەش لە ناو ڕەهایی وشیارییەكی كتوپڕو خێرای بێ نێوەد.
كارە ڕۆمانی چیرۆكییەكانی لورنێ هۆلینیا ڕووداو دەخاتە ناو ” ناو – زەمەنەوە ” بەشێوەیەك كە ، دەتوانێت ڕژێمەكانی ناوەوەی ئاوادان بكاتەوە . ناوازەیی و دەگمەنییەكان ، یان ڕووداوەكان ژیانێكی پێ كەوەبوو پێك دێنن لەگەڵ بەیەككەوتن و بەركەوتنەكانی ژیانی گونجاو لەبارو هاوئاهەنگ و پەیوەند بە یەكەوە ، بەڵام ، ئەمە گروپێك پێكەوە پێكناهێنن ، گروپبەندی دروست ناكەن ، وەك چۆن بەهەمان شێوەش یەكدی پارچە پارچە ناكەن ، یەكتر بەشناكەن ، بەشنابن. لە نێوان خۆیاندا پەیوەندی دەكەن ، پەیوەندی دروست دەكەن تەواو بە شێوەیەكی جیاوازو جودا لە تاكەكان . وە ژیانێكی ناوازە خۆی دەردەخات كە ، دەتوانێت بە سەر هەموو بە تاكبوونەكاندا تێپەڕێت و تێیان پەڕێنێت ، یان تێپەڕاندن و دەرچوون لە هەموو هاوشێوەی بوون و سازان و وەك یەكبوونێك لە گەڵ بوونێك ، كە ، دەیكات بە تاك ، بە تاكی دەكات . بۆ نمونە سەرجەم مناڵە بچوكەكان هەموویان وەك یەك دەردەكەون ، هاوشێوەن ، بە بێ ئەوەی تاكێتییەكیان هەبێت : بەڵام ئەوان ناوازەیی خۆیان هەیە ، پێكەنینێك ، ژێستێك ، ڕووگرژكردنێك ، ڕووداو گەلێك كە هیچ تایبەتمەنددی و سیمایەكی سوبژێكتیڤییان نییە .
كۆی مناڵە بچوكەكان ، زارۆكەكان ، سەرجەم ساوایان ، بە ژیانێكی ئیمانانتیدا تێدەپەڕن ، كە ،توانایەكی پەتییە ، توانستێكی پەتی و بێگەردە ، بەهەمان ئەندازەش بەختەوەریی و كامەرانییە بە بازدان و لادانیان لە هەمبەر ئازارو و ژان و لاوازییەكاندا. ناكۆتاییەكانی و فراوانی و بەربڵاوی ژیانێك هەموو لێڵی و ئاڵۆزیی و خۆڵەمێشییەك وون دەكات ، ئەمەش بەو پێیەی ڕووتەختێكی ئیمانانتی پڕ دەكات. یان بۆ هەمان ئەو شتەی ، كە بە پوختی دێت و دەگات ، بە پێكهێنان و دامەزراندنی ڕەگەزەكانی كایەو كێڵگەیەكی ترانسێندانتاڵی ( ژیانی تاكەكەسی بە پێچەوانەوە بەبێ جیابوونەوەو بە جیانەكراوەیی دەمێنێتەوە بەرانبەر لێڵی و تاریكی و ئاڵۆزییە ئیمپیریكییەكان) . ناكۆتا و بێپایان ، وەك ئەوەی هەیە ، لێڵی و تەموومژاوییەكی ئیمپریكی” ئەزموونی ” دروست ناكات ، جێپەنجەی بۆ جێناهێڵێت ، بەڵكو دیاریكردن و تایبەتمەندكردنێكی ئیمانانس ، یان تایەبتكراو و دیاریكراوێكی ترانسێندانتاڵی.
ئەرتیكڵی نەناسراو نەناسین ، لێڵی و تەموومژاوی كەسێك نییە بە بێ بوونی تایبەتكردن و دیاریكردنی ناوازەو دەگمەنی. یەك “UN” ترانسێندانت نییە بەو شێوەی كە ، بتوانێت ئیمانانسێك لە خۆی بگرێت ، بەڵام ئیمانانت لە ناو كایەیكی ترانسێندانتاڵدا بەردەوام دەبێت .” یەك ” هەمیشە ئاماژەو هێماو نیشانەیە بۆ فرەیی : ڕووداوێك ، ناوازەیی و دەگمەنییەك ، ژیانێك … دەتوانین بە بەردەوامی و بە هەمیشەیی پەنابەرینە بەر ترانسێندانتێك كە دەكەوێتە دەرەوەی ڕووتەختی ئیمانانس ، یان ئەوەی خۆی بۆ تایبەت دەكات. ماوەتەوە ، هەموو ترانسێندانسێك بە تاق و تەنیایی خۆی لە ناو تەوژم و شەپیۆلێكی وشیاری ئیمانانتێكی تایبەت و دیاردا ، لە بەرانبەر ئەم ڕووتەختەدا پێك دێنێت و خۆی دروست دەكات . ترانسێندانس هەمیشە بەرهەمێكی ئیماناسە.
ژیانێك بە ڤێرتوێ و مەجازەكان نەبێت نە پێك دێت وە نەفراوان دەبێت ، ژیانێك كردەو كاری مەجازییەكانە. ڕووداوگەلی ناوازەیی و دەگمەنی. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ” ڤێرتوێل” شتێك نییە ، كە نوقستانییەكی هەبێت لە واقعدا ، كەموكورتییەكی واقعی نییە ، كەمووكرتییەك نییە بەرانبەر واقع ، بەڵكو خۆ خستنە ناو پرۆسیسویەكی بە ئێستاییكردنە لە پاش ، یان ، لە شوێنكەوتنی ڕووتەختێك ، كە واقعێتی تایبەت بە خۆی پێدەدات.
ڕووداوی ئیمانانت لە ناو دۆخێكی شتەكان و دۆخێكی تیاژیاودا خۆی بە ئێستاییدەكات ، خۆی ئەكتیوالیزە دەكات . ڕووتەختی ئیمانانسی خودی خۆی لە ناو سوژەو ئۆبژێیەكدا خۆی بە ئێستایی دەكات ، ئەو سوژەو ئۆبژانەی كە تایبەتی دەكات بە خۆیەوە. بەڵام بە شێوەیەكی هێندە كەم لێكدابڕاوو جیاكراوە ، كە دەبن بە ئێستاییكردنەكانیان. ڕووتەختی ئیماناسی خۆی ڤێرتوێل و مەجازە تا ئەو شوێنەی ڕووداوەكان فراوانی دەكەن ، زیادی دەكەن ، ئەمانە ڤێرتیوالیتی و مەجازییەكانن. ڕووداوەكان ، یان دەگمەنییەكان تەواوی مەجازیبوون و ڤێرتویالیتێ خۆیان دەدەن بە ڕووتەختێك ، وەك چۆن ڕووتەختی ئیماناسی ڕیالێتی و واقعێكی لێوانلێو پڕ دەكەن بەڕووداوە مەجازی و ڤێرتوێلییەكان . ڕووداوێك وەها دەكەوێتەوە كە ، نا- واقعییە ” ناكۆتا و بێپایان ” ە كە هیچ نوقستانی و كەموكورتییەكی نییە . تەنیا ئەوەندە بەسە لەگەڵ هاوشانی و هاوچەرخەكانیدا بكەونە پەیوەندییەوە : كایەیەكی ترانسێندانتاڵ ، ڕووتەختێكی ئیمانانس ، ژیانێك ، كۆمەڵێك دەگمەنی و ناوازەیی . برین و زامێك ، ژان و ئازارێك خۆی چڕ دەكاتەوە ، یان خۆی ئەكتیوالیزە دەكات لە ناو دۆخێكی شتەكان و لە ناو تیاژیاوێكدا “UN VECU”. بەڵام خودی خۆی ڤێرتویلێكی پەتی و پوختە لە سەر ڕووتەختی ئیماناس ، ڕووتەختی ئیماناسێك كە دەمانخاتە ناو ژیانێكەوە. ئازارو برینەكانم پێش من بوونی هەبووە . نەك ترانسێندانسێكی ئازارو برین وەك ئێستاییەكی سەرو باڵا. بەڵكو ئیماناسەكەی وەك ڤێرتوێلێتی و مەجازی ، كە هەمیشە دەكەنە پێشەوەی نێوەندو ناوەندەكان ” كایە یان ڕووتەختێك “. جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان ئەو مەجازانەی كە ئیمانانسی كایەیەكی ترانسێندانتاڵی دیاریدەكەن و پێناسەی دەكەن ، لەگەڵ ئەو فۆرمە مومكینانەی كە ئەكتوالیزەی دەكەن ، وە دەیگۆڕن و تەحویلی شتێكی ترانسێندانتی دەكەن .

سەرچاوە :
GILLES DELEUZE,DEUX REGIMES DE FOUS, TEXTES ET ENTRETIENS 1975-1995.P.359-363.EDITION PREPAREEPAR DAVID LAPOUJADE.LES EDTITIONS DE MINUIT.2003

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies