Newshirwan-Nechirvan

نەوشیروان مستەفا بۆ نێچیرڤان : دەبێت مەمنونمان بن كە بەشداریمان لەحكومەتێكی شكستخواردوی مایەپوچدا كردووە ، ئەوەی لەدەستماندایە فەرموو وەریبگرنەوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بەرزانی جێگیری سەرۆکی پارتی بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی . ئەوەی لەسەرەوە نوسراوە لەنێو ئەم بابەتەدا بوونی هەیە .

نێچیرڤان لەگفتوگۆكانی لەگەڵا یەكێتی‌و گۆڕان لەسلێمانی ئەوەی دەستنەكەوت كە بەدواییدا دەگەڕا ، لەو یەكشەممەیەدا كە جێگری سەرۆكی پارتی گەیشتە سلێمانی ، كەشی شار ئێجگار گەرم‌و گوڕ‌و كۆبونەوەكانی نێچیرڤانیش تەواو ساردو سڕ بون .

یەكێتی : سورین لەسەر هەڵوێستی خۆمان
كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 5/7، كاروانی ئوتومبێلەكانی نێچیرڤان بارزانی گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسلێمانی ، نێچیرڤان ، رۆژ نوری شاوەیس ، فازل میرانی‌و ئازاد بەرواری‌و دڵشاد شەهاب لەدەستپێكی سەردانەكەیاندا لەدەرگای ئەو هێزەیان دا كە تا دوێنێ‌ ” هاوپەیمانی ستراتیجی ” ییان بو ، خواستی ئەمان لەیەكێتی كورت دەبۆوە بۆ ئەوەی یەكێتی ” پشتیوانی پارتی بكات بۆ ئەوەی بارزانی تا دو ساڵی دیكە بەسەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە “.
لەم كۆبونەوەیەدا ، پێكهاتەی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بەر لەهەر شتێك جێی سەرنج‌و گەیاندنی مەسجێك بو بەپارتی ، كە لەكۆسرەت رەسوڵا‌و دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی‌و مەلا بەختیار‌و عومەر فەتاح‌و حاكم قادرو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێكدەهات ، ئامادەبونی هەمویان پێكەوەو سپاردنی قسەكردن بەناوی یەكێتییەوە بە دکتۆر بەرهەم پەیامی ئەوە بو كە ” هەمو یەكێتی نەك تەنها بەشێك ” یان ، لەسەر پێویستی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌و سیستەمی پەرلەمانی هاوهەڵوێست‌و كۆكن .
لەو كۆبونەوەیەدا كە پتر لەدو كاتژمێر‌و نیوی خایاند ، بەرهەم ساڵح نیگەرانیەكانی یەكێتی دەگەیەنێت بەوەفدەكەی پارتی‌و دەڵێت ” یەكێتی لەسەر سێ‌ ئاست لەپارتی نیگەرانە ، لەسەر ئاستی ئاسایشی نەتەوەیی‌و لەسەر ئاستی ئابوری‌و لەپرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا ، ئێمە لەشێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت نیگەرانین وەكو یەكێتی ، كە هەستدەكەین شەریكی راستەقینە نین “.
دکتۆر بەرهەم بەنێچیرڤان بارزانی دەڵێت : تۆ خۆت سەرۆكی حكومەتیت لەحكومەتەكەی خۆت رازیت ؟ لەم حكومەتەدا پشكی شێر بەر پارتی كەوتوە ، بۆیە بەقەدەر ئەوەش پارتی رەخنەی بەردەكەوێت ، خەڵك نیگەرانەو ئەم وەزعە ئابورییە قبوڵ ناكات ، جا كێشەی سەرۆكایەتیشی بێتە سەر خراپتر دەبێت .
وەفدی پارتی كە هاتوە بۆ ئەوەی مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكاتەوە ، لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستانەدا هەست بەنائومێدی دەكات ، نێچیرڤان دەڵێت : ئێمەش زۆر نیگەرانین لەئێوە چونكە رێككەوتننامەی ستراتیجیتان رەچاو نەكرد ، ئێوە لە 23 ی حوزەیراندا پشتیوانی گۆڕانتان كرد بۆ ئەوەی ئەو دۆخە دروست بێت ، بەڵام ئێستاش نەچوە بچێت ، بەس ئێوەمان لەگەڵا بێت با هەمو حیزبەكان بۆ خۆیان بڕۆن “.
دوای ئەوەی وەفدی یەكێتی ئەو پێشنیارەی پارتی رەتدەكەنەوە ، دکتۆر بەرهەم دەڵێت : ئێمە مرونەتمان هەیە بۆ سازان‌و تەوافوق‌و گفتوگۆ كردن ، بەڵام جارێكیتر جەماوەرەكەمان لێمان قبوڵا ناكات 30ی حوزەیران دوبارە بكەینەوە ، كە زیانمەندی سەرەكی بوین‌و جارێكیتر نامانەوێ‌ بچینەوە ژێر ئەو بارە . ئێمە پڕۆژەی خۆمان هەیەو مەسەلەی سەرۆكایەتی ئەبەستینەوە بەو پڕۆژەیەی خۆمانەوە . ئێوەش خۆتان هەنگاوێك وەرنە پێشەوەو دەستپێشخەر بن لەڕێگەی پڕِۆژەیەكەوە تا پێكەوە لەگەڵا لایەنەكانی تر گفتوگۆی لەسەر بكەین‌و بسازێین .
نێچیرڤان دەڵێت : ئێمە هیچ پڕۆژەیەكمان نییە ، تاقە داواكاریمان ئەوەیە بارزانی بۆ دوو ساڵی تر لەپۆستی سەرۆكایەتیدا بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان .
سەرەنجام یەكێتی‌و پارتی بەدو رای جیاواز لەكۆبونەوەكە دێنەدەرو ئەم جیاوازی‌و نائومێدییەش هەم بەتۆنی قسەكردنی دکتۆر بەرهەم‌و هەم بەلێدوان‌و رەنگ‌و روخساری نێچیرڤان بارزانییەوە لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیاندا دەردەكەوێت .
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ، دوێنێ‌ 6/7 بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشنیارەی پارتی كە پێشكەشی كردبو كۆبۆوە . ” عیماد ئەحمەد ” وتەبێژی یەكێتی سەبارەت بەبڕیاری كۆبونەوەكە بەئاوێنەی راگەیاند ” ئێمە هەر سورین لەسەر هەڵوێستی خۆمان ، كە خۆی لەسازدانی نیشتمانی‌و سیاسی دەنوێنێت ، بەردەوامیش دەبین لەسەردانی لایەنەكان بۆ گەیشتنە خاڵی هاوبەش‌و دۆزینەوەی رای هاوبەش ، هەلومەرجە وا دەخوازێت كە هەمومان پێكەوە بەشداری لەپرۆسەی سیاسیدا بكەین‌و ناكرێت بەتەنها لایەنێكمان بۆچونی خۆی بسەپێنێت ، ئێمە ئامادەین بۆ سەردانی هەمو لایەنەكان‌و پێشوازیش لەهەر لایەنێك دەكەین كە سەردانمان بكات بۆ چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی “.

گۆڕان : سەرۆك دەبێت تەشریفاتی‌و لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت
دوای ئەوەی نێچیرڤان بەنائومێدی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەکێتی بەجێدەهێڵێت ، رودەكاتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگردەكەی زەرگەتە ، لەكاتی پێشوازی لێكردنیان نەوشیروان مستەفای رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بەتوانجەوە بەئازاد بەرواری دەڵێت ” چییە كاك ئازاد زۆر نیگەرانن ؟” ئەویش دەڵێت ” جا ماوە نیگەران بین ؟!”
كۆبونەوەی وەفدی پارتی‌و گۆڕان زیاتر لەكاتژمێر‌و نیوێك دەخایەنێت . لەكۆبونەوەكەدا نێچیرڤان دەڵێت ” وەك بزوتنەوەی گۆڕان‌و وەك كاك نەوشیروانیش داوایەكمان لێتان هەیە ئەویش ئەوەیە كە پشتیوانی ئەوەمان بكەن تا دو ساڵی تر كاك مەسعود لەپۆستەكەیدا بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمان “.
نەوشیروان مستەفا ئەوەیان پێڕادەگەیەنێت كە ” وەك بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژە یاسایەكیان هەیەو لەسەر خاڵەكانی ئەو پڕۆژەیە دەتوانین گفتوگۆ بكەین‌و رێكبكەوین “.
پێداگری لەسەر ئەوەش دەكات كە پێویستە سەرۆكی هەرێم تەشریفاتی‌و سیستەمی حكومڕانی پەرلەمانی دیموكراتی بێت‌و سەرۆك لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت نەك لەناو خەڵك . كاتێك كە وەفدی پارتی ئاماژە بەسیستەمی سەرۆكایەتی دیموكراسی لەوڵاتانی رۆژئاوا دەكەن ، نەوشیروان مستەفا پێیاندەڵێت : بۆ دور مەفڕن‌و مەچن بۆ ئەمەریكاو نەمسا‌و باسی سیستەمی سەرۆكایەتی ئەوان مەكەن ، باسی دەوروبەرمان بكەن ، سیستەمی سەرۆكایەتی لەكوردستان سەرەنجام لەسیستەمی سەرۆكایەتی میسری موبارەك‌و سوریای بەشار ئەسەد باشتر نابێت “.
كاتێكیش كە وەفدی پارتی باسی بەشداریپێكردنی ئەوان لەحكومەتی هەرێمدا دەكەن ، نەوشیروان مستەفا پێیان دەڵێت : دەبێت مەمنونمان بن كە بەشداریمان لەحكومەتێكی شكستخواردوی مایەپوچدا كردووە ، چیمان دەستكەوتوە جگە لەوەی هاتوین پڕ كێشەترین وەزارەتەكانی وەك دارایی‌و پێشمەرگەمان وەرگرتوەو دەمانەوێ‌ راست‌و چاكیان بكەینەوە ، ئەگەر ئەڵێن ئەوەشمان ناوێت فەرمو لێمان وەربگرنەوە .
نێچیرڤان‌و وەفدەكەی پارتی لەم كۆبونەوەیەشدا بەبێ‌ دەستكەوتنی ئەوەی بۆی هاتبون دێنەدەرو بەرەو هەولێر دەگەڕێنەوە .

س / ئاوێنە .