Barzani

عه‌تا قه‌ره‌داخی : ئایا ئه‌گه‌ری ده‌رپه‌ڕاندنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ ده سه ڵات له ئێستادا چاوه‌ڕوانکراوه‌ ؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

وه‌کو ئاشکرایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای کوردستان ، وه‌کو ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن مێژوویه‌کی ئه‌وه‌نده‌ دوورو درێژی نییه ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بینرێت به‌تایبه‌تی له‌ ده‌ستپێکردنی راپه‌ڕینه‌کانه‌وه‌ جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردی له‌ کوردستاندا هه‌بووه ، ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن له‌ ده‌ستی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراقدا بووه ‌. به‌ڵام له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ کورد حسابی بۆ ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕیووی خۆی کردووه‌و به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که‌ راپه‌ڕین ئاماده‌بوونی هه‌بووه‌ ، کاریگه‌ری خۆیی له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر دیاری کردووه‌ . دیاره‌ هۆی بوونی کاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی مه‌عنه‌وی راپه‌ڕینیش له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی په‌یوه‌ستبوونی کورد بووه‌ له‌ رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ به‌و راپه‌ڕینانه‌وه‌ . ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌ که‌ سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه‌کانی کورد هه‌ر له‌ بزووتنه‌وه‌ی به‌درخانییه‌کانه‌وه‌ تاکو ئێستاش جه‌ماوه‌ر له‌رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوون به‌و راپه‌ڕینانه‌وه ‌. ئاستی ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ش به‌ندبووه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی نزیکی ئه‌و راپه‌رینه‌و به‌رنامه‌و کاره‌کانیه‌وه‌ له‌ داواکارییه‌کانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه ‌.
لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری باشووری کوردستان بکه‌ین ئه‌وا وێنه‌کمان له‌به‌رچاو ئاشکراتر ده‌بێت به‌ڵام هۆکارێکی تریش له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌عنه‌وییه‌ی که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌کانی کورد له‌سه‌روه‌ختی خۆیاندا به‌ده‌ستیان هێناوه‌ بریتیه‌ له‌ پێگه‌ی رابه‌ر یان سه‌رۆکی ئه‌و راپه‌ڕین یان بزوونه‌وه‌یه ‌. ئه‌وه‌ ئاشکرایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سنوورداره‌کانی خێڵی کوردی و پاشانیش میرنشینه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆک خێله‌کانه‌وه‌ رابه‌رایه‌تی کراون که‌ له‌سه‌روه‌ختی خۆیاندا جێگه‌و پێگه‌ی دیاریان هه‌بووه‌ چ خۆیان وه‌کو تاکه‌که‌س یان ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی که‌ لێیه‌وه‌ هاتوون . بۆ نموونه‌ به‌گزاده‌کانی جاف که‌ تاکو ئێستا ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌عنه‌وییان له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا هه‌یه‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی فیعلییان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع وه‌کو ئه‌وسا نه‌ماوه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌عنه‌وییه‌یان چ له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆو ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌و له‌ روانگه‌ی کوردناسان و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه‌ به‌ گرنگ و بایه‌خه‌وه‌ سه‌یر ده‌کرێت .
ئه‌گه‌ر سه‌یری ره‌مزێکی وه‌کو شێخ مه‌حمودی حه‌فید بکه‌ین سه‌رباری تێپه‌ڕبوونی مێژوویه‌کی تا ئه‌ندازه‌یه‌ک درێژ به‌سه‌ر ژیان و ئاماده‌بوونیدا وه‌کو رابه‌رایه‌تی کردنی به‌شێک له‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردی ، به‌ڵام تاکو ئێستاش له‌ کۆنه‌ستی خه‌ڵکی کوردستاندا ئاماده‌بوونی هه‌یه‌و له‌رووی رۆحیه‌وه‌ زیندووه‌و ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌عنه‌ویشی به‌سه‌ر ئێستاماندا هه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر دوو بنه‌ما به‌رهه‌م هاتووه ‌:
یه‌که‌م – که‌سێتی خودی شێخ مه‌حمووده‌ وه‌کو بوون و ئاماده‌بوون و کۆشش و خه‌باتکردنی له‌ پێناوی مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا .
دووه‌م – ڕه‌گوریشه‌و بنه‌ماڵه‌و ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌ر له‌ شێخ مارفی نودێوه‌ تا ده‌گاته‌ کاک ئه‌حمه‌دی شێخ که‌ ئاماده‌بوونی دیارو له‌به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ، له‌ رووی مه‌عنه‌وی و له‌ روانینی خه‌ڵکیشه‌وه‌ ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ مه‌عنه‌ویه‌ی ئه‌وان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شێخ مه‌حموود ، به‌و پیرۆزییه‌ ئایینیشه‌وه‌ که‌ باپیرانی له‌ تێڕوانینی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یانبووه ‌. واته‌ ده‌توانین بڵین کاتێ له‌ ئێستادا سه‌یری ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ مه‌عنه‌وییه‌ ده‌که‌ین که‌ شێخ مه‌حموود له‌ کۆنه‌ستی رووبه‌رێکی فراوانی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌یه‌تی به‌نده‌ به‌ خۆی و به‌ پێگه‌و ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ له‌مێژووی کوردا . ره‌نگه‌ زۆر هه‌وڵیش درابێت چ له‌لایه‌ن نه‌یارانی کورده‌وه‌ چ له‌لایه‌ن ئاسته‌ چه‌پ و لیبراڵه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌وه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ له‌ پێگه‌و ئاماده‌بوونی شێخ مه‌حموودو بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع رووینه‌داوه‌ چونکه‌ نه‌بڕیاری سیاسی و نه‌ تێروانینی حیزب و ئایدیۆلۆجیاو نه‌ هه‌وڵ و کۆششی توێژه‌رو لێکۆڵه‌ریش ناتوانێت نه‌ گومناوێک بکات به‌ ناو ، نه‌ ناوێکیش بچووک بکاته‌وه‌ . بۆیه‌ ده‌بینین پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌و ماوه‌ دوورو درێژه‌ش شێخ مه‌حموودو شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ قۆناغێکدا رابه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیان کردووه‌ وه‌کو ناوی گه‌شاوه‌ له‌ مێژووی کورددا سه‌یرده‌کرێن . دیاره‌ هه‌ریه‌که‌ له‌مانه‌ له‌ ره‌خنه‌ی زۆریش به‌ده‌رنین و ره‌خنه‌شیان لێده‌گیرێت و شێوازی کارکردنیشیان هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و لایه‌نی پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفیشیان دیاری ده‌کرێت . به‌ڵام دیاره‌ له‌ رووی راستیه‌وه‌ ده‌بێ مێژوو وه‌کو خۆی و وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ روویداوه‌و تێپه‌ڕیووه‌ وه‌ها سه‌یر بکرێت و لێکبدرێته‌وه‌ . واته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ نه‌ک به‌میزاج و روانینێکی زاتیانه‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ی دووه‌میان تێڕوانینی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی و رق و کینه‌ یان خۆشه‌ویستی تێکه‌ڵاو ده‌بێت .
ئه‌گه‌ر له‌ دوای که‌سێتی شێخ مه‌حموود ، سه‌رنجی پێگه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بده‌ین له‌ مێژووی کورددا ئه‌وا به‌ ئاشکرا ده‌بینین که‌ ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ ئاماده‌بوونێکی مه‌عنه‌وی و ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌عنه‌وی به‌ربڵاوی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا هه‌یه‌و ته‌سه‌ور ناکرێت هه‌تا ئێستا هیچ سه‌رکرده‌و رابه‌رێکی بزووتنه‌وه‌کانی کورد به‌ ئه‌ندازه‌ی مه‌لا مسته‌فا له‌ کۆنه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردیدا ئاماده‌بوونی هه‌بێت و زیندوو بێت . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م قسه‌یه‌ که‌مکردنه‌وه‌ نییه‌ له‌شوێن و پێگه‌ی هیچ سه‌رکرده‌و رابه‌رێکی تری بزووتنه‌وه‌کانی کورد . ده‌شێ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵبدات که‌ ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ به‌رده‌وامه‌ی بارزانی له‌ کۆنه‌ستی خه‌ڵکی کوردستاندا و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌عنه‌وییه‌ی له‌ کوێوه‌و له‌ چییه‌وه‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ، یان چۆن درووستبووه‌ ؟ ئێمه‌ پێشتر باسی دوو خاڵمان کرد که‌ رۆڵی درووستکردنی که‌سێتی شێخ مه‌حموودو ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ی ئه‌ویان له‌ کۆنه‌ستی خه‌ڵکدا بینیووه ‌. که‌ ئه‌وانیش بینای تایبه‌تی که‌سێتی ئه‌و و پێگه‌و ره‌گه‌و ریشه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی بوون . هه‌مان ئه‌و دوو خاڵه‌ بۆ مه‌لا مسته‌فای بارزانی و ئاماده‌بوونی دیاری له‌ کۆنه‌ستی خه‌ڵکدا دیارو ئاشکران .
یه‌که‌میان – که‌ که‌سێتی بارزانی حۆیه‌تی رۆڵێکی گرنگ و له‌به‌رچاوی هه‌بووه‌ که‌ ئه‌وی وه‌کو سه‌رکرده‌یه‌کی پایه‌به‌رزو لێهاتوو له‌ مێژووی کورددا پێشکه‌ش کردووه‌ . له‌به‌رگرتنی رێگای خه‌بات و تێکۆشان هه‌ر له‌ قۆناغێکی زووی ژیانییه‌وه‌و ده‌ربه‌ده‌ری و دوورخستنه‌وه‌ چۆکی پێدانه‌داوه‌و ئه‌و رێگایه‌ی بڕوای پێی هه‌بووه‌ له‌سه‌ری رۆیشتووه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه ‌. کارکردنی به‌رده‌وام و خاکی بوون و نزیکی له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ شانبه‌شانی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی که‌ پێویستن بۆ درووستکردنی کاریزما مه‌لا مسته‌فای بارزانیان کردووه‌ به‌ جۆره‌ کاریزمایه‌ک له‌ مێژووی کورددا که‌ تاکو ئێستاش هاوشانی بۆ درووستنه‌بووه ‌.
دووه‌م – پێگه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی و شوێنی ئه‌وانیش له‌ خه‌باتی کوردایه‌تی و له‌ رابه‌رایه‌تی کردنی رووبه‌رێکی فراوانی خه‌ڵکدا له‌ بواری ته‌سه‌وفدا هه‌ر له‌ شێخ عه‌بولسه‌لامی یه‌که‌مه‌وه‌ وه‌کو رابه‌رێکی دیاری رێبازی نه‌قشبه‌ندی بۆ شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌م وه‌کو رابه‌رێکی داواکارییه‌کانی مافه‌ ره‌واکانی کوردو خوێن به‌خشینیشی له‌و پێناوه‌داو دواتریش رۆڵی دیاری شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی وه‌کو رابه‌ری ته‌ریقه‌ت و هاوکارو پشتیوانی مه‌لا مسته‌فا له‌ خه‌باتدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌وری دیاریان هه‌بووه‌ له‌ بیناکردنی ئه‌و که‌سێتیه‌ کاریزمیه‌ی مه‌لا مسته‌فادا که‌ ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ که‌سێتی ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌ له‌ کۆنه‌ستی کورده‌واریدا که‌سێتیه‌کی ئاماده‌ بێت و به‌و پێیه‌ش له‌رووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت و ئاماده‌و زیندوو بێت ، که‌ به‌شێکی بوون و ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌بوونی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌ ئێستاشدا په‌یوه‌ندی به‌ که‌سێتی مێژوویی مه‌لا مسته‌فای بارزانیه‌وه‌ هه‌یه ‌.
ئێستا ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا له‌ملاو ئه‌ولا ده‌بیسترێت ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌توانرێت بنه‌ماڵه‌ی بارزانی که‌ هه‌ندێکی تریش به‌ سه‌رکردایه‌تی پارتی ناوی ده‌به‌ن له‌ ده‌سه‌ڵات رووت بکرێنه‌وه‌و بخرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات؟ که‌ ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی گۆڕان و یه‌کێتی به‌پێی هه‌ڵوێست و لێدوانه‌کانیان ئه‌وه‌ بێت که‌ ئێستا ئه‌رکی خه‌ڵکی کوردستانه ‌، خه‌بات بکات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌مێنێت چونکه‌ پێده‌چێت ئه‌مان پێیان وابێت هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌کانی کورد به‌هۆی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌ بێت .
ته‌نانه‌ت ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌باره‌ی بوونی سیستێمی په‌رله‌مانییه‌وه‌ له‌ کوردستان ده‌کرێت باسکردنێکی شه‌رمنانه‌ی ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ تایبه‌تی که‌ خۆیان هیچ جێگره‌وه‌یه‌کیان نیه‌ بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی .
هه‌روه‌ک به‌ ره‌سمی پڕکێشی ئه‌وه‌ش ناکه‌ن راسته‌خۆ بڵێن ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ین که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بکات ، به‌ڵکو به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ری ده‌بڕن کە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەم بکەنەوە چونکە ئەمان لە لاوەعى خۆیاندا بڕیاریانداوە کە بۆ ئایندەش سەرۆکایەتی هەرێم لاى بنەماڵەى بارزانی دەبێت ، ئەکەر وانیە ئەى بۆ هیج بەدیلێکیان نییە ؟.
له‌راستیدا ترسی ئه‌و لایه‌نانه‌ش له‌وانەیه‌ که‌ له‌ ئێستاداو بۆ چه‌ند ماوه‌یه‌کی تریش ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ نییه‌ هچ که‌س به‌ئاسانی بتوانێت پێش بنه‌ماڵی بارزانی بکه‌وێت ، که‌ ئه‌مه‌ش دیسان
له‌ ئاستی یه‌که‌مدا په‌یوه‌ندی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌عنه‌وییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا به‌ده‌ستیان هێناوه‌ .
له‌ ئاستی دووه‌میشدا لاوزی نه‌یاره‌کانی بنه‌ماڵەی بارزانیه‌ له‌وه‌ی که‌ ناتوانن کۆده‌نگ بن له‌سه‌ر دیاریکردنی که‌سێک تا بکرێته‌ رکه‌به‌ری مه‌سعود بارزانی یان هه‌ر که‌سێکی تری ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم . له‌به‌ر ئه‌وه‌ من پێمخۆش بێت یان پێمناخۆش بێت له‌به‌ر لاوازی و سیاسه‌تی هه‌رزه‌کارئاسایانه‌ی نه‌یاره‌کانیان ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ له‌ ئێستادا ئاماده‌بوونیان هه‌یه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌کی ئاشکراش به‌ جۆرێک له‌ عه‌قڵی دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ کارده‌که‌ن که‌ ئه‌وه‌ش زیاتر مانه‌وه‌یان له‌ ئاینده‌دا مسۆگه‌ر ده‌کات.
ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست ده‌کرێت له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش جۆره‌ روانینێک درووست بووبێت که‌ زیاتر له‌چاوی ئه‌وانه‌وه‌ سه‌ریری باشووری کوردستان بکرێت .
ئه‌مه‌ سه‌رباری بوونی ئه‌وان له‌ میحوه‌ری سونه‌ – تورکیا رۆژئاواداو بوونی نه‌یاره‌کانیشیان له‌ میحوه‌ری شیعه‌ – ئێراندا . بۆیه‌ پێموایه‌ به‌ راگه‌یاندن و به‌راوبۆچوونی سه‌رپێی و کاری هه‌رزه‌کارانه‌ ناتوانرێت ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی سنووردار بکرێت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ته‌نیا کاتێک ده‌بێت که‌ سه‌قامگیری له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا به‌جۆرێک درووست ببێت که‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ تاکه‌که‌س له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ببێته‌ تاکی خاوه‌ن شووناس که‌ خۆی خاوه‌نی بڕیار بێت ، به‌و مانایه‌ی بوونی تاکه‌که‌س به‌ند نه‌بێت به‌ بوونیه‌وه‌ له‌ناو حیزب و ده‌سته‌و گروپ و پێکهاته‌ دامه‌زراوه‌ییه‌کانداو په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ شێوازی په‌یوه‌ندی هه‌ره‌مییه‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندی ئاسۆیی ، هه‌تا ئه‌وه‌ش درووست نه‌بێت یه‌کسانی و عه‌داله‌ت وه‌کو ئه‌وه‌ی پێویسته‌ درووست نابێت و هەر لێرەشەوە دیموکراسی و ماف بێجکە لە قسەى بۆش هیجی تر نین ، له‌بارێکی وه‌هاشدا که‌ نوخبه‌ی سه‌ره‌وه‌ی نه‌یاره‌کانی پارتی زۆرینه‌یان هاوبه‌رژه‌وه‌ندین له‌گه‌ڵ نوخبه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتیدا لە دزین و بەتاڵنبردنی داهاتی کشتی وڵاتدا ، ئه‌سته‌مه‌ ته‌ختی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ ئاسانی به‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ی نه‌یاریان بله‌رزێنرێت که‌ له‌ پشته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نوخبه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتیدا له‌ هه‌موو جومگه‌ ئابووریه‌کاندا هاوبه‌شن .
خۆ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌م باره‌ دواکه‌وتووی و له‌و قه‌یرانی هوشیاریه‌ی ئێستای رزگاری ببێت و قۆناغی حیزبایه‌تی ده‌روێشی کۆتایی بێت و کۆمه‌ڵگه‌ له‌وه‌ رزگاری بێت گۆرانی به‌ شان و باڵی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فاو ئوچالان و کۆی ئه‌و به‌رپرسه‌ حیزبیانه‌دا بڵێت که‌ تا مردن له‌سه‌ر کورسیه‌کانیان ده‌مێننه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ زه‌مینه‌ی گۆڕانکاری ریشه‌یی به‌ره‌و فه‌راهه‌مبوون ده‌چێت و ئه‌وکاته‌ کورده‌واری ده‌توانێت کۆی ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ی ئێستا له‌ نوخبه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتیه‌وه‌ بۆ یه‌کێتی و بۆ گۆڕان و بۆ ئیسلامیه‌کان و بۆ ئه‌وانی تریش که‌ هه‌موویان مایه‌ی به‌دبه‌ختین بۆ کورد به‌ رابردوو بسپێرێت .
بێجگه‌ له‌ فه‌راهمبوونی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ بۆ گۆڕانکاری هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا خودی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ ده‌یکه‌ن هیچ نیه‌ بێجگه‌ له‌ شه‌ڕ له‌ پێناوی ماناوه‌ی خۆیان و درێژه‌دان به‌ مێژووی پڕ له‌ کاره‌سات و پڕ له‌ دزی و ناپاکی کردن له‌ میلله‌ت، که‌ ئه‌وه‌ش بۆ میلله‌ت بێجگه‌ له‌ راگرتنی ره‌وتی مێژوو، مانه‌وه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیدا هیچ مانایه‌کی تری نیه‌ . به‌ڵام ئه‌گه‌ر بارودۆخی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردى په‌ره‌سه‌ندن به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و ئاستی هوشیاری تاکی کورد پێبگات و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بگاته‌ ئاستێک له‌ سه‌قامگیری که‌ کۆی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ست به‌ دڵنیایی ته‌واوه‌تی بکه‌ن و له‌سه‌ر قاچی خۆیان رابووه‌ستن و که‌س پێویستی به‌وه‌ نه‌بێت باوک یان سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ یان حیزب بیپارێزێت ، ئه‌وا مانای وایه‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی هه‌نگاوی درووست به‌ ئاراسته‌ی ئاینده‌یه‌کی له‌وه‌ی ئێستا باشتر ده‌نێت .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت