Salih-Muslim

عیماد عەلی : گەرانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا بێ مەرج دووبارەکردنەوەی ئەزمونە شکستخواردوەکەی باشورە .

زۆر پێویستە یەپەگە و یەپەژەو و پەیەدە زۆر لەوە ئاگادار بن کە بە هیچ شێوەیەک بارودۆخ و ئەزمونی هێزی پێشمەرگەی باشوور دووبارە نەکەنەوە .
لەم رۆژانەدا گوێمان لەوەبوو کە ساڵح موسلیم لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی دا ، رازی بووە کە پێشمەرگەی رۆژئاوا بێ قەید و شەرت بگەرێنەوە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ شەرفانان بەشداربن لە پاراستنی رۆژئاوا .
جارێک با بە روونی بڵێین : بۆچی دەسەڵاتی هەرێم ئەو هێزەی دروستکردووەو هانی ئەو خەڵکەی نەداوە لە ریزی هێزی پاراستنی گەل و ئاسایشی رۆژئاوا خەباتی خۆیان نەکەن ، بۆچی پشتگیریان دەکات و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت تەڤلی رۆژئاوایان بکات، بۆچی ئەو هێز و پاڵپشتی و خەرجیەی کە لەسەر ئەم کۆمەڵە پێشمەرگەیەی خەرج کردووە بۆ لە شەرڤانانی رۆژئاوای سەرف نەکردووە و راهێنەرانی بۆ رۆژئاوا نەناردووە بۆ ئەو ئامانجە ، نەک لێرە و لە ژێر رکێفی خۆی و هەندێک حزبی دارودەستە و هاوپەیمان و هاوکوفی خۆی و بە ئامانجی حزبی و بۆ خۆهەلقوتاردن لە هێزی رۆژئاوا و دروستبونی دەستی باشور لەو هێزەی رۆژئاوا دەیەوێت ئەو کارە بکات . وەک ئەوەی دەسەڵاتی کورد لە باشور هێزێکی یەکگرتوی هەبێت و هێزەکانی دابەشی سەر حزبەکان نەبوبن .
تۆیەک ، تەنانەت کە سەرۆکی هەرێم بویت تاوەکو 20 ی ئاب و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بویت و هیچ فەرمانێکت لە هەندێک شوێنی دەرەوەی زۆنی حزبەکەت جێبەجێ نەکرابێت ، چیت لەوە دوواوە کە هێزی حزبی هاوکوفی خۆت و هاوپەیمانەکانت دروست بکەیت و رەوانەی رۆژئاوای بکەیت .
ئەزمونی کاربەرێکردنی هێزی پیشمەرگەی باشور ئەوەندە سەرکەوتو نەبووە تاوەکو لە رۆژئاوا دوبارەی بکەیتەوە . تۆیەک پاش بیست و چوار ساڵ لەدەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی عیراق نەتوانیت هێزی پێشمەگە یەکخەیت، چیت دەوێت لە پێشمەرگەی رۆژئاوا ، بۆچی ناهێڵێت بەیەکگرتوویی و یەکبونی خۆیانەوە بەردەوام بن و روح و بیرو عەقیدەی خۆفیدایی لەسەر بنەما سەرەکیەکانیلە مێشک و بیرو باوەری کوردایەتیاندا بەردەوام بێت نەک وەک ئەوهێزانەی لای خۆمان واتان لێکردون کە زۆرێک لەو پێشمەرگانە تەنها لەبەر دەستکەوتی مادی لە بەرەکانی شەر مابنەوە ، جگە لەوانەی کە خۆیان فیداکار یخاکی وڵاتن بی بونی ئێوەش ، بۆچی دەتانەوێت ئەم چەند بەرەکیە بخەنە دوانی رۆژئاوا و لەهێزیان کەم بکەنەوە ، بۆچی دەتانەوێت هێزی رۆژئاواش بەحزبی بکەن ، هەی دەسەڵاتی باشور ، تەنها لەبەر ئەوەی قسەتان لەوێش بروات و دەسەلاتتان لەوێش هەبێت ، یان ئەمە فەرمانی وڵاتانی دەوروبەرە و دەتانەوێت جێبەجێی دەکەن .
ئەگەر زۆر بەرەکانی شەری رۆژئاوا پێویستی بە جەنگاوەر و پێشمەرگە بوو ، پێشوەخت دەبێت لە خولێکی پەروەردەی عەقدی بەشدار بن ، ئەگەر رازیش بوون بە وەرگرتنی ئەو هێزانە ، دەبێت بەمەرج و بە شێوەیەک رەوانەی رۆژئاوا بکرێن نەبنە هێزێکی جیاواز لە شەرفانانی رۆژئاوا، ئەویش بە وەرگرتنیان بە تاکە کەسی نەک وەک هێزی یەکگرتوو ، واتە وەرگرتنی هەر پێشمەرگەیەک و دابەشکردنیان بەسەر یەکەکانی شەرفاناندا بەشێوەیەکی بەربڵاو نەوەک دووبەرەکی دروست بێت وەک لە کوردستانی باشوردا هەیە ، کە تا ئێستا هیزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتین نەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ، سەرەرای بونی وەزیری پێشمەرگەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی پێشوو ، تا ئێستا نەیتوانیوە بێ رەزامەندی هەردوو حزب هەنگاوێکی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بنێت .
بۆیە ئەوەی زۆر پێویستە بکرێت کە نەهێڵرێت بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندی حزبەکانی باشور کاریگەری لەسەر یەکێتی ریزی شەرفانانی رۆژئاوا بکات و ، بیانەوێت هێزێک لەوانەی هاوپەیمانی خۆیانن رەوانەی رۆژئاوا بکەن کە ئەمەش دەرئەنجامێکی کارەستباری وەک وەزعی پێشمەرگەی یەکنەگرتوی کوردستانی باشوری لێدەکەوێتەوە .
بۆیە ئەم هەنگاوانە هەستیارانە ، زۆر وریایی و ئاگاداری پێویستە لە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی پێشمەرگە و شەرفانان لە رۆژئاوای کوردستان و هیچ پێویست ناکات هێز رەوانەی رۆژئاوا بکرێت لەلایەن لایەکەوە کە تا ئێستا بەخۆی هۆکاری سەرەکی دووپارچەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشوورە .
دەبێت خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا و هێزی شەرفانان و یەپەگە و یەپەژە و بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدەن هیچ لایەن و دەستی حزبی و بە ئامانجی حزبی نەک پاراستنی رۆژئاوا خۆیان بخزێننە نێو هێزی پاراستنی گەلی کوردستان لە رۆژئاوا دا .
با ئەزمونی رۆژئاوا بە دەردی باشور نەبرێت ئەمەش بەرپرسیاریەتیەکە لە ئەستۆی پەیەدە و یەپەگە و یەپەژەدایە و لەپیشەوەی هەموانیش بەرێز سالح موسلم و هەموو ئازادیخوازانی رۆژئاوا .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies