بورهان شێخ رەئوف : ململانێ و ناکۆکیەکان لەسەر پرسى سەرۆک .

لە کاتێکدا ململانێ و ناکۆکیەکان گەلێک فراوان بووە لە نێوان هێزە سیایە سەرەکیەکانى هەرێمى کوردستان لە سەر شێوازى حوکمڕانى و پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، هەرێم لە بەردەم گەلێک کێشەو قەیرانى جدیدایە لەوانە شەڕى داعش و قەیرانى دارایى و دەرهاویشتەکانى کە سەرلەبەرى جومگەکانى حوکمڕانى لە هەرێمدا نزیک بە ئیفلیج بوون خستۆتەوە .
جگە لە هەڵگیرسانى شەڕلە باکوورى کوردستان و هەرەسهێنانى ئاگربەس لە نێوان گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى تورکیا و کاردانەوەى ئەو کێشەش بۆسەر هەرێم و سنوربەزاندنى فڕۆکەکانى تورکیا بۆ سەر قەندیل .
هەرچەندە ئەنجومەنى شوراى هەرێم بە بڕیارێک لە 17 / ئاب / 2015 ولایەتى سەرۆکى هەرێمى درێژ کردۆتەوە بە هەموو دەسەڵاتەکانیەوە بۆ ماوەى دووساڵ بەڵام ئەم بڕیارەش نەیتوانى ململانێ و ناکۆکیەکان بپوکێنێتەوە و بگرە ناکۆکیەکانیشى قووڵتر کردەوە و لایەنە سەرەکیەکانى بە سەر دوو بەرەدا بەشکرد لایەکیان ئەو بڕیارە بە ناڕەواو نایاسیى لە قەڵەم دەدەن و لایەکەى تریش بە ڕەواى دەزانن کە لە حاڵەتى درێژە کێشانى ئەم ململانێ و ناکۆکیانەدا پێدەچێت هەرێم بەرەودۆخێکى بۆشایى یاسایى بەرێت کە نیگەرانى زۆرى لێبکەوێتەوە لەوانە :
1 – ڕەخساندنى هەلى زیاتر بۆ داعش و هێزە تیرۆریستەکانى تر بۆ نەشونما و گەشەکردن و پەلهاویشتن لە کاتێکدا لە یەک ساڵى ڕابردوودا هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵێکى باڵاو گرنگیان بینى لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعشدا .
2 – ڕەخساندنى بوارى زیاتر بۆ وڵاتانى ئیقلیمى بۆ دەستێوەردانى زیاتر لە کاروبارى هەرێم و سەپاندنى هەژموون وبۆچوون و بەرژەوەندیەکانى خۆیان بە سەر هەرێمدا ، هەموو ئەوانەو هەرچەندە لە ماوەى ڕابردوودا زۆر خاڵى ناکۆکى و بۆچوونى جیاواز لە نێوان لایەنە سیاسیەکانى هەرێمدا هەبوو کە کارێکى سروشتى و ئاسایى و تەندروستیش بوو سەبارەت بە پەیوەندى لە گەڵ ناوەند و مەسەلەى باکوورو ڕۆژئاواى کوردستان و زۆر کەیس گرنگى تر بەڵام هیچیان وەکو ئەم قەیرانەى سەرۆکایەتى کاریگەرى خراپیان لە سەر ڕەوشى هەرێم نەکرد کە هەموو دامودەزگا فەرمیەکانى پەرلەمان و حکومەت و جومگە گرنگەکانى ترى گرتۆتەوە لە حاڵەتى درێژە کێشانى ناکۆکیەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و چارەسەرکردنیان ئاسان نابێت و هەموو ئەو ئومێدو ئاواتە دێرینانەى کورد کە ساڵانێکى زۆرە قوربانى بۆ دەدات بۆ پێکهێنانى قەوارەیەکى سەربەخۆ بە تایبەتى دواى ئەو گۆڕانکایە گرنگانەى بەسەر ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناویندا هاتوون و شەڕى داعش لەبەر ئەو ڕۆڵە کاریگەرەى کورد لە باشوورو رۆژئاوا گێڕاى لە بار دەبات و شکستێکى گەورەى ئەزموونى حوکمڕانى کوردی و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵاتە و دۆستەکانى مەسەلەى ڕەواى کورد نیگەران و دوژمنەکانیشى دڵشاد دەکەن .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies