Fuad-Masum

عیماد عەلی : فوئاد مەعسوم نەچوو بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان !

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئەوەی لە دەستوری عیراق دیاریکراوە کە ئەرکەکانی سەرۆکی عیراق تەشریفاتین و لە سەردان و یادە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان وەک سومبولێکی نیشتمانی دادەنرێت و بۆ زیاتر شیکردنەوەی راو بۆچونی دەوڵەت لە کۆر و کۆبونەوە یادە گرنگەکان بەشداری دەکات و هەڵوێستی عیراق ڕوون دەکاتەوە ، ئەوەی جێی باسە ، بۆی هەیە کەسێک بە نوێنەری خۆی بنێرێت یان بەرپرسێکی تری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەشداربێت . بەڵام دەبێت هەر کەسێک بەشدار بێت نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکان بێت نەک لایەن و حزبێک ، ئەوەی جێگەی تێرامان و لە هەمان کاتدا سەرسورمانە کە فوئاد مەعسوم جگە لەوەی تا ئێستا سەردانی هەندێک وڵاتی ناوچەکە هیچ سەردانێکی رۆژئاوای نەکردوە لە لایەک ، لەلایەکی ترەوە ئەوەی لەسەری کەوتوە کە لە سیاسەتە نێوخۆییەکانیشیدا لە شتی بچوک خۆی هەڵقورتاندوە وەک تەعین کردنی کەسە نزیکەکانی وەک راوێژکار و داوای کەمکردنەوەی چەند دۆلارێک لە نرخی بلیتی گواستنەوەی فرۆکە بۆ کەسە نزیکەکانی خۆی و … هتد و هیچی تر ، بەمەش هێز و هەڵوێست و توانا و بیرکردنەوەی بۆ هەموو لایەک دەرخستوەو تا ئێستا نەک جێی دەستی لەهیچ شوێنێکەوە دیار نیە ، بەڵکو لە زۆر بواردا تەنانەت کە پێویستە پرسی پێ بکرێت کەس ئاگای لێ نیە و لایشی لێناکەنەوە . بۆیە ڕاستە خەڵک پێداگری لەوە دەکەن کە شوێنی شیاو پێویستی بە کەسی شیاو هەیە ، ئەگینا لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی چەند دەسەڵاتت هەبێت بە کەسی لاواز ناتوانیت بەکاری بهێنیت .
لەم خولەی نەتەوە یەکگرتوەکان عەبادی بەشداریی کرد و بەرێز مەعسوم لەماڵەوە دانیشتبو و نوتقی نەکرد و ، عەبادیش وەک سەرۆکی یەکێک لە وڵاتە عەرەبیەکان رەفتاری کرد و تەنانەت ئەگەر گوێمان بۆ وتارەکەی بە وردی شلکردبێت ، کەس پەی بەوە نەبرد کە لە عیراقدا کوردیش هەیە و تەنانەت قورسترین ئەرکی مرۆڤایەتی و عەسکەری و سیاسی گرنگ جێبەجێ دەکەن و خۆیان بەخت دەکەن ، بەڵام بیرکردنەوەی عەبادی و تێروانین و سیاسەتەکانی روون بووەوە . لە بەرامبەردا ئەوەی بەدیدەکرا کە بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا پێزانینی خۆیان بۆ ئازایەتی و خۆراگری پێشمەرگە دەبری لەجیاتی عەبادی و وەفدەکەی ، بەڵام بینیمان سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدراڵی تەنها بە باڵای حەشدی شەعبیدا هەڵدەدات و تەنانەت وەزیرێکی کوردیشی لەگەڵدا بوو کە لە یادێکی ئەو کۆبونەوانەو لە پەراوێزدا بواری بۆ رەخسا قسە بکات ، ئەویش بەیەک وشە ناوی پێشمەرگەی نەهێنا تەنانەت بە ناراستەوخۆش ئاماژەی بۆ رۆڵی پێشمەرگە نەکرد ، وا دیارە وتارەکەی لەلایەن دەسەڵاتی عیراقەوە بۆ نوسرابێت .
بۆیە ، لەم بارەدا ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ، رۆژ نیە خوێنی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەردا نەرژێت ، بەڵام لای کەس دیار نیە دوارۆژ و وەزعی کورد چی لێ دێت و تەنانەت گومانی گەورە لەوەدایە ئەم خوێنە بە سیاسەت و مامەڵە هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان بە فیرۆ بچێت . هەر بۆیە دەکرێت بڵێم : تادێت بارودۆخی کورد لە عیراق قورستر دەبێت و ڕووە و تەنگەژەی زیاتر دەروات و کەس نازانێت پاشەرۆژی چۆن دەبێت . ئەگەر لەم کاتەدا کە ئەو هەموو بەناو بەرپرسە لە بەغدا بن و ئەمە حاڵمان بێت ، ئەی ئەگەر بە ناوی نەهێشتنی موحاسەسەوە بێبەش بکرێین چۆن حاڵێکمان دەبێت . بۆیە ، گەلی کوردستان حەقی خۆیەتی لە بەرپرسانی بەغدا بکۆڵێتەوە و بزانێت بۆ پرسی کورد و دوارۆژی رۆڵەکانی چیان کردووە .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت