wria-baqr

ئیبلاس و جەنگاوەرانى لەڕۆمانێکى کوردیدا

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خوێندنەوەى : وریا باقر .
( حزب گەورەى هەموومانەو ئێمەش بچووک و هیچ شتێکیش نییە ، بەردەم حزووریى گەورەیى ئەومان پێ چۆڵ بکات ، هەتا هەبین دەستەو نەزەر لەئاست حزبدا هەر بچووکین و بچووکین و بچووک .. هەر بژى ژیناو هەموو ئەو مێینانەى لەپێناو داکۆکى لەشەرەفى هەموومان گیانى خۆیان بەختکرد … ) لاپەڕە- 133 -ى رۆمانى ” وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ” بۆ ئەوەى جەنگاوەرانى ” ئیبلاس ” یان ” ئیبلیس ” لەدوو توێى ئەدەبیاتى کوردیدا بناسینەوە یان بدۆزینەوە ، ئەوە بێگومان پێویستیمان بەخوێندنەوەى یەکێک لەنموونە دیارەکانى ئەم ئەدەبیاتەمانە ، ئەویش ڕۆمانى ( وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ) ى ( یوسف عزەدین ) ـە.
تاوەکو ئێمەى مرۆڤ پارێزراو بین لەخراپەى ئیبلیس و ئەبالیسەکان ، دەبێت سەرەتا جەنگاوەرەکانیان بناسینەوەو لەماهییەتى کارکردن و هەڵسووڕانیان تێبگەین و پاشان هەوڵى خۆ قوتارکردن بدەین لەشەڕى جەنگاوەر و خزمەتکار و دەست و پێوەندەکانى ، کەکۆمەڵێکى زۆرو زەوەندەن لەشێوە وفۆرم و دەمامکى جیاوازدا بەدرێژایى مێژووى بەشەرییەت خۆیان مانفێست کردووە !
” یوسف عزەدین ” ى رۆماننووس لەڕێگەى ڕۆمانێکى فانتازیى مێژوویى” میتا واقیعى ” بەتێکشکاندنى هەردوو ڕەگەزى ( شوێن و کات ) دەست پێدەکات و هەر لەدەسپێکەوە پێمان دەڵێـت : مرۆڤ لەگەڵ چ ( کۆمەڵە ڕەفتار و خوویەکى خراپ ) دا کەوتۆتە ململانێ و کێشەوە ، دەبینین هەموو ئەو ڕەفتار و هەڵسووکەوتانەى ئەو جەنگاوەرانە بەکارى دەهێنن ، بۆتە مایەى کارەسات بۆخۆیان و سەرتاپاى کۆمەڵگە و چواردەوریان .
خوێندنەوەى من بۆ ئەم ڕۆمانە جودایە لەهەموو خوێندنەوەکانى ترى ” تێکۆشەر خالید و داستان بەرزان و ڕابەر فاریق و کۆشان عەلى ” و ئەوانى تر کە بۆ ڕۆمانەکەیان کردووە ، ئەوان زیاتر ویستویانە لایەنە ئەدەبی و فانتازى و ئیستاتیکاییەکەى تاوتووێ بکەن و بەندەش مەبەستیەتى کەمێک لەلایەنە رۆحى و ئیمانییەکەى ڕۆمانەکە ، لەقووڵاییەوە بهێنێتە دەر و بەیانى بکات .. بۆیە دەڵێم گرنگى ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کەئاگادارمان دەکاتەوە لەسەرجەم جەنگاوەرانى ئیبلیس و ڕەفتار و کردارە خراپەکانیان و ڕاماندەکێشێتە ناو جەنگێکەکەوە کەمرۆڤ پێویستە لەم ژیانە فانییەدا وریابێت بەرامبەریان .
سەرەتاى ڕۆمانى” وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ” بەکەسى دووەم دەست پێدەکات ، نەک کەسى یەکەم بۆئەوەى لاى خوێنەر ئەو پرسیارە دروست بکات ئەى کەسى یەکەم چکارەیە ، بۆ بەکەسى یەکەم دەست پێناکات لەپێشدا ؟
وەک لەڕۆمانەکاندا هاتووە ( من ” فەرهاد تانجوورى دووەم ” ، گەرچى لەمنداڵییەوە هەوڵمداوە بە ” فەرهاد تانجوورى یەکەم ” بناسرێم ) ل7
کەواتە سەرەتاى ڕۆمانەکە خۆى گرفت و کێشەیە بۆ کارەکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە ، لەڕاستیشدا کێشەى گشت مرۆڤایەتى هەر ئەوەیە کەهەموو مرۆڤێک لەناخى خۆیدا دوو لەتە یان دوو کەسایەتى و دوو بەشە ( خووى باش ، خووى خراپ ) .. یان ئەوەى کە ( عەلى وەردى ) کۆمەڵناسى ناسراوى عێراقى پێى وایە مرۆڤ ( ئیزدیواجییە ) و بەمەش لەڕووکەش و ناخیدا جیایە .
ئەوەى گرنگە ئەوەیە کەئەم خوووانەى مرۆڤ ” باش و خراپ ” هەریەکەیان بۆخۆیان داواى سەرکەوتن دەکەن و مرۆڤ بۆلاى خۆیان پەلکێشدەکەن .
بەبڕواى من کاراکتەرى ( هەردوو فەرهاد) ەکان یەک کەسن بەڵام دابەشبوون بەسەر دوو کاراکتەرى ( فەرهادى خێر و فەرهادى شەڕ ) داو هەردووکیشیان جیاوازن ، بۆیە مرۆڤ هەمیشە لەناو ناخى خۆیدا لەجەنگێکى گەورەدایە ، تا ئەو کاتەى بەسەرکەوتنى هێزى چاکە یان سەرکەوتنى هێزى خراپە ململانێیەکە یەکلایى دەبێتەوە ، هەرچۆن هەر دوو ( شەهرام ) ـەکەش یەکێکن لە ڕۆمانەکەداو ئەویش ( شەهرامى سۆفى و شەهرامى ساحیر ) ە.
” یوسف عزەدین ” زۆر جوان توانیوویەتى گومانەکان بکاتە پرسیارى جەوهەریانەو لەخودى مرۆڤەکان خۆیان بپرسێت ؟.. هەرئەوەى کەدەروونناسى بەتوانا ( سیگمۆند فرۆید ) باسى دەکات ( من و منى باڵا ) لەململانێى ” من ” ى بەردەوام چ بەداکەوتنى بۆ نێو دنیاى ویست و ئارەزووە کاتییەکان و چ بەبەرز بوونەوەى بۆ ئاستى ” منى باڵا ” ئەویش لە” تسامی- بڵند بوون ” دا دەگاتە چڵەپۆپە .
هەر ئەمەش بۆتە هۆى کێشەو گرفت بۆمرۆڤەکان ، چونکە لەپێناو خۆدەرخستندا هەرچى هەیەتى لەدەستى دەدات و هۆکارەکەشى ئەو ویستە زاتییەى هەموو کەسێکە بۆ مانەوەى لەبەرزى و شکۆمەندیدا ، کەئەمەش زۆر کات لەلوت بەرزى و یستى خۆ بەزل زانینیدا بەرجەستە دەبێت .
هەر ئەمەش کەبۆتە هۆى دەرکردنى ئیبلیس لە ڕەحمەتى خوداى تاک و تەنها، خۆبەزلزانین و لووت بەرزییەکەى بوو !

ئەوەى ئێمە دەمانەوێت لەم ڕۆمانەدا بیناسێنین و قسەى جیاوازى لەسەربکەین ، ناساندنى جەنگاوەرانى ئیبلیسە ، کە نووسەر ڕەمزى ( سێگۆشە ) یان بۆ بەکاردەهێنێت ، ڕەمزى سێگۆشە لەڕۆمانەکەدا تایبەتە بە ( ئیبلیس و جەنگاوەرانى) وەک ” فەرهاد ” دەیگێڕێتەوە :
( هەڵگرى هەمیشەى ئەو باجە سێگۆشەییە بوو ، چونکە هەر لەمنداڵییەوە ئەوکەسێکى بەدڕوشت و خراپ بوو ) ل 8.
وەک نووسەرى ڕۆمانەکە باسى دەکات ( بەو پێیەى سێ گۆشە چەقى نییە ، کەواتە بۆى هەیە لەهەر سوچێکیدا شتێک هەبێت ، لەم ڕووەوە بێکۆتابوونى خۆى لەڕێگەى سوچەکانییەوە دەپارێزێت ) دەبینین جل وبەرگى ژنەسۆزانییەکانى شەقامى ” مسیۆ دۆبرێ ” ، جل و بەرگى ژێرەوەیان شێوە سێگۆشەیە . سێگۆشە رەمزى ڕێکخراوى ماسۆنییەتەو کە هێمایە بۆ پووچکردنەوەى واتا ئیمانییەکانى ژیان و زیاتر ئیش بۆ ئەوە دەکات کەدوا ڕۆژى ئینسانیمان هیچ ڕۆشناییەکى تێدا نەمێنێت .
بەرامبەر بەوەش ( بازنە) دەکاتە ڕەمز بۆ ئیمانداران کەهەموویان بەدەورى چەقێکدا دەسوڕێنەوە . لاى ” یوسف عزەدین ” ( خولانەوە بەدەورى چەقێکدا پیرۆزە ) ل46 ، هەر بەوێنەى تەوافى حاجیانى ماڵى خوداى تاک و تەنها بەدەورى کەعبەدا . جیاوازى سێگۆشەو بازنەش لەوەدایە ( سێگۆشە دەتوانرێت گۆشەکانى درێژ بکرێتەوە کەڕەمزە بۆ گوناه وتاوان بەشێوەى ستونى ) بەڵام ( بازنە بەشێوەى ئاسۆیى فراوان دەبێت و هێمن ترە و ئاسوودەیى دەبەخشێت ، هەروەک ئەو ئاسوودەییەى لەتەوافى کەعبەدا ئیمانداران هەستى پێدەکەن ).
لەوەدەچێت خوڵقاندنى هەموو ئەو دونیا سەرسامکەرەى ناو ئەم ڕۆمانەى ” یوسف عزەدین ” ئیمانێکى قووڵى لەپشتەوە ڕاوەستابێت ، کەڕەنگە خوێنەرى ئاسایى زۆر هەستى پێنەکات.
بەڵام حەقیقەتى دەربڕینى ڕۆمانەکە لەوەدایە کەلەڕێگەى گومانەکانییەوە هەوڵى باسکردنى نەگریسى و ناشرینییەکانى شار و خەڵکەکانى دەدات ، وەک نموونەیەکى هەموو شارەکانى دنیا و وا لەخوێنەر دەکات بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەکانى ناسینى جوانییەکانى ئیمان و خوداناسى .
ئەم ڕۆمانە هەوڵێکە بۆ ناساندنى دنیاى تێکچڕژاوى پاڵەوانەکانى شار و مەدەنییەت و وێناندنى جموجۆڵى ئەوان لەنێوان مەعسییەت و گوناهدا .
بەکارهێنانى کۆمەڵێک دەستەواژەى ئاینى لەنێوان ڕۆمانەکەدا سەرنجمان ڕادەکێشێت ، وەک : ( حەج ، بوراق ، زولقەڕنەین ، حەلاج ، قورئان ، سۆفى ، پیرمەنسوور ) و بەتەسەوورى منیش ڕەنگە لەپشت ئەم دێڕانەوە ئیمانێکى خەفى خۆى حەشار دابێت ، ئەوەتا ” فەرهاد تانجوورى دووەم ” باسى وێنە کێشانى باوکى دەکات :
( کەوێنەى بوراقەکانیشى ناموسڵمانى دەکردە موسڵمان ) . ل10
نووسەر لەیەکەم گێڕانەوەی ـدا دەمانخاتەوە یادەوەرى ( حەللاج ) کەچۆن جەنگاوەرانى ئیبلیس فەتواى کوشتنى بۆ دەردەکەن و چوار پەلی دەبڕنەوە ، جێى پرسیارە بڵێین تۆ بڵێى ئەو هێز و دەسەڵاتەى ئەو کارەى کردووە بەرامبەر بە سۆفى و عارفێکى خوداناسى وەک ( حەللاج ) خۆى بەهێزى خێر بزانێت ؟
کاتێک ” شەهرامى بازرگان ” داواى تابلۆى ئیبلیس لە” فەرهاد ” دەکات و پێى دەڵێت بەهەرنرخێک بێت دەى کڕین! ” فەرهاد ” نازانێت چى بۆدروست بکات ، مەجبوور وێنەى یەکێک لە ” جەنگاوەرانى ئیبلیس ” وێنادەکات ، ئەویش وێنەى ” شیڤا ” ى خواوەندى کۆنە شارەکەى باوانى بووە .
ئەوەى شایەنى باسکردنە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا ” ئیبلیس” بە ” ئیبلاس ” ناو دەبات و لەوە دەچێت ویستبێتى ڕاستەوخۆ ناوى کارەکتەرە سەرەکییەکەى ڕۆمانەکە دەرنەخات و خوێنەر بەرەو گەڕان بەشوێن واتاو دەلالەتەکاندا ڕابکێشێت ، یان ڕەنگە ماناو دەلالەتى تر لەخۆ بگرێت ، بەتایبەت بەگۆڕینى ئاین و شوێنەکان گۆڕان بەسەر ناوی ” ئیبلیس ” دا دێت ، وەک عەزازیل و ئەهریمەن و شەیتان و مەلەک تاووس و… تاد.

لەڕۆمانەکەدا یەکێک لەجەنگاوەرانى ئیبلیس خودى کەسایەتى کاریگەر و ناسراو ” مسیۆ دۆبرێ ” یە ، کە( شەیتان دەچێتەجەستەى کەسێکەوە بەناوى مسیۆ دۆبرێ ) ـەوە” ( ئەو پیاوە وەک سیحربازێک سەرنجى هەمووخەڵکى ئەم شارە بەلاى خۆیدا ڕادەکێشێت ) ل26
پاشان شەقامێکى بەناوەوە دەکەن کەشەقامەکە دەبێتە شوێنێک بۆ فەساد و خراپەکارى کەپڕە لە ( باڕ و مەلهاو نادى شەوانەو شوێنى سۆزانى و هەڵپەڕکێى شەوانەو جل وبەرگى ژنانەى شێوە سێگۆشە ) ، ئەو وەسفەى بۆ ئەو شەقامەکراوە لەڕۆمانەکەدا هەمان ئەو جۆرە شوێنانەیە کەلەشارەکانى دنیادا گەڕەک و شەقامى بۆ تەرخان دەکرێت .
لەسەر زارى قەشە ( ئوگستین) ـەوە کە بەزمانێکى توندو توڕەوە لەکتێبە بە ناوبانگەکەیدا دەڵیت : ئەوانەى کەگوێم لێ دەگرن ، ئەگەر دەتانەوێت مەسیح پاش هەڵسانەوەى بە نێو شارەکەتاندا گوزەربکات دەبێت ئەم شەقامە بسوتێنن ). ل 27
یەکێکى تر لەجەنگاوەرانى ئیبلیس ، ئەو ” شەهرام ” ناوە بوو کەخۆى پەیکەرتاش بوو ، پەیکەرى بۆچەند کەسێکى خراپ دروستکردبوو ، ڕەمزى خراپەکارى بوون ، وەک ئەو پەیکەرەى کە بەناوى ” شەهرام ” ـەوە بەریتانیا بۆ ” مێجەرسۆنى” دروست دەکەن کەڕەمزى نێربازى بووە لەشارەکەدا.
هەروەها پەیکەرى ” شێخى سەنعان وبەرازەکانى ” لەشارەکەدا دادەنرێت .. ( شێخى سەنعان ئەوپیاوە باوەڕ دارەیە لەپێناو کچێکى فەلەدا لەئاینى خۆى هەڵگەڕایەوە ، بەڵکو ئامادەش بوو ببێتە شوانى بەراز لەسەرداواى ” کڵێسەى کوردزمان ” ئەم پەیکەرەمان بۆ ئەوپیاوە و بەرازەکانى دروستکرد ، بەهیواى ئەوەى لەمەودوا هەمووکەس ئامادەبێت …). ل75
کەئەمەش هێمایە بۆ گۆڕینى ئاینى لەکوردستاندا و ئێستاشى لەسەربێت بەردەوامى هەیە؟
نووسەر باس لە کارەکتەرێکى سیاسى دەکات ، کەهەندێک سیفات و خەسڵەتى حەقیقى و مێژووییەو هەندێکیشى خەیاڵى و ئەدەبیى وەک ( شێخى سپی ) ، دەشێت هەندێک سیفاتى لە ” شێخ مەحمود ” ى نەمر بچێت ، وەک قارەمانێتى و بەرەنگاربوونەوەى ئینگلیزەکان و بەڵام لەزۆر ڕووى تریشەوە زۆر جیاوازە ، چونکە ” شێخى سپى ” کاراکتەرێکى ئەدەبى خوڵقێنراوى نێو مێژووییەکى گریمانکراوى کوردە ، نووسەر قسە لەسەر ناخى ” شێخى سپى ” دەکات ، کەبەهۆى ( حەزى خۆدەرخستنەوە و بوون بەقارەمان و شۆڕش گێڕو ناوبانگ پەیداکردنەوە کەوتۆتە هەڵەى کوشندەوە ) و دەست لەگەل ئینگلیزییەکان تێکەل دەکات و دواجار ئەوەى لەمێژووى گریمانکراوى ڕۆمانەکەدا ڕوو دەدات هەموى سیناریۆیە بۆ بەناوبانگ بوونى ” شێخى سپى “.. نووسەر ، لەسەر زارى مێجەرسۆن وە دەڵێت : بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەیت ئەوەى ئێمە دەیکەین گەر بەڕاستى ژمارەیەکى زۆریش لەهەردوو لاماندا بکوژرێت ، بەڵام لەڕاستیدا گەمەیەکەو تەنها خۆم وخۆت دەى زانین و سینارێوی ئەوەى کە ڕووشدەدات پێشوەخت دانراوە ، بۆئەوەى بتکەینە ئەفسانەو حیکایەتى ئازایەتى تۆ بڵاو دەکەینەوە ) ل72
نوسەر لەم ڕووەوە لە ” جەمیل سائیب ” توندتر ڕەخنەکانى لە ” شێخى سپى” دەگرێت ، ئەگەر وایدانێین لەهەندێک ڕووەوە ڕەمزە بۆ کەسایەتی ” شێخى حەقیقى ” کەئەویش ڕەخنەگرتنە لەخودى هەڵە مێژووییە گریمانکراوەکانى کەسەکە . وەک لەزارى شێخ مەحمودەوە دەڵێت : حەشامەتەکە ئەمە دەبینن و هاوار دەکەن: شێخ شەهیدە ، بەڵام گەرچى لەڕاستیدا شەهید نابم بەڵام وەک مەجازێک دەبمە شەهید ، جێگەى داخیشمە هەموو ئەوەى کەدەوترا ڕوودەدات پێشتر زانراوە ) .ل81
هەروەها نووسەر سەرهەڵگرتنى کەسایەتییەکى گەورەى زانا و خواناسى وەک ” مەولانا خالیدى نەقشبەندى ” ئەخاتە ئەستۆى بنەماڵەى ” شێخى سپى ” کەئەوان خاوەن تەریقەتى قادرى بوون و وەک لەسەر زارى شەهرامى سۆفییەوە باسى دەکات : تۆمن ناناسى نەک ناوم شەهرامە بەڵکو کوڕەزاى ئەوشەهرامەشم کەکتێبە سانکریستییەکەى بۆشێخى سپى وەرگێڕاوە . دواتر باپیرم لەتاو موریدو پیاوەکانى ئەو هەڵهاتووە . ل85
ڕۆمانەکە باسى گەورەترین جەنگاوەرانى ئیبلیس مان بۆدەکات ، ئەویش فەسادى ئەخلاقییە کەچۆن تەنگیان بەکۆمەڵگە هەڵچنیووە ، بەتایبەتى لەلایەن مەسئول و دەسەڵاتدارانى کۆمەڵگەوە ، نووسەر لەسەر زارى ( ژینا ) وە بۆمان دەگێڕێتەوەو ئەو وێنە زۆر تاڵ و سامناکەى فەسادکردنى کچان و ئافرەتانمان دەخاتەوە بیر ، کەبەداخەوە بۆتە باجێکى بەردەوامى خۆجێکردنەوەى ئافرەتان ، لەسیستمى بژێوى و نان پەیداکردندا !؟
یەکێک لەشتە سەرنج ڕاکێشەکانى ترى ناو ڕۆمانەکە ، ئەوەیە کە باسى دووکەسایەتى جیاواز دەکات کەدووانیان پیاون بەناوى ( فەرهاد و شەهرام ) کەهەریەکەیان دوو ڕۆڵى تر دەبینن کەدەورى ( خێر و شەڕ ) ە ، هەروەک چۆن کەسایەتى ” ژینا ” ش دوولایەنەیە ،
ژینا – یەک لەگەڵ هەردوو کەسایەتى ناو ڕۆمانەکە ( جوت دەبێت ) ، بەڵام یەکێکیان بەخۆشى خۆى و ئەوى تریان بەئارەزووى پیاوانى هەوەس باز و شەهوانى کەدەیانەوێت پۆست و پلەى دەسەڵات و ئیدارییان لەپێناو تێرکردنى غەرائیزە ئاژەڵییەکانى خۆیاندا بەکاربهێنن ، بەبێ گوێدانە ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەى کۆمەڵگەى کوردى ، کەدەسەڵاتى دوور و درێژى فاشییانەى بەعسیش نەیتوانى بەو شێوەیەى کەسایەتییە دەسەڵاتدارە گریمانکراوەکانى نێو ڕۆمانەکە ، کچان و ژنانى کورد داماڵێت لەمافى سروشتى پاکیزەیى و بوونى شەرەف و کەراماتى مرۆییان .. بەدرێژایى ساڵانێک بەعس نەیتوانى تەنانەت کەمترین ژمارەش لەکچان و ژنانى کورد ئالوودەى لەشفرۆشى و سێکسبازى بکات ؟!
لەزارى” ژیناوە ” باسى ” فەرهاد تانجوورى یەکەم ” دەکرێت ، وەک مەسئول و دەسەڵاتدار ، دەڵێت : هەر دوا بەدواى ئەوە سەدانجار سوارم بوو ، بەوەش ڕانەوستاو منى گەیاندە لاى کەسانى لەخۆى باڵادەست ترو لە هەموو شاردا بەسۆزانى ناسراوم و خەڵکى تریش پێم فێربوو . ل103.
نووسەر لە ڕۆمانى ” وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ” دا دووجەنگاوەرى هەرە ترسناک بەخوێنەر دەناسێنێت .. ئەم دوو جەنگاوەرەش خۆشەویسترین جەنگاوەرانى ئبلیس – ن ئەوانیش : ( میجەرسۆن-ى جاسوسى ئینگلیز و ژنى توجارباشییە ) کەدەیەوێت کارى بەد ڕەوشتى لەگەڵ ” مێجەرسۆن” بکات ، ( مێجەرسۆن ) هەم جەنگاوەرى شەیتان و هەم کاراکتەرێکى سیاسیشە ، وابەستەبوونى ژنى تووجارباشییەکەو مێجەرسۆن لەکردەیەکى سێکسیدا و بەرجەستەکردنى لەبەشێکى ڕۆمانەکەدا ، بەکارێکى تەسادووفى ناچێت ، چونکە هەمیشە ( سیاسى و بازرگانەکان ) دوو دیوى یەک دراوون و ئەشێت ئەم ژنەى تووجارباشییەکە ئەم کارەى بەئاگادارى یان چاوپۆشى مێردەکەى لەگەل ” مێجەرسۆن ” کردبێت و مەبەستیش مەیسەرکردنى مامەڵەو ئیش و کارە بازرگانییەکانە کەلەو سەردەمەدا ئینگلیز تێیدا باڵادەست بووە..
مێجەرسۆن لە ڕۆمانەکەدا دەبێتە گێڕەڕەوەو باس لەوە دەکات چۆن ژنى تووجارباشییەکە بەگیرى دەهێنێت و دەڵێت: کاتێک ویستم لەدەستى هەڵبێم توند زەکەرى گرتم و گوتى لەدەعبا خەتەنەنەکراوەکەت دەترسیت ، نەدەکرا لەوە زیاتر منجڕى بنوێنم ، هەربۆیە خۆم تەسلیم بەمێینەیەکى ئاڵۆشاوى کرد ، ئاوەڵکراسە شین باوەکەى داکەندوو کەواو کراسەکەى هەڵدایەوە لەدواوەڕا سوار خۆى کردم ، هەرلەیەکەم ساتەوە هەستم کرد سوارى هەموو مێینەکانى شارەکە بووم و هەرچەندە گرتنى ئەو شارە ئاسانترین کارێک بوو ، کاتێک سووپاکەمان مەبەستى بووایە بیگرێت ، بەڵام هەر لەو ساتەوە هەستمکرد شارمان گرتووەو تازە بۆ هەتا هەتایە هى خۆمانە . زۆر بەئاستەم ئاڵۆشیم بۆ دامرکایەوە ، شێتانە پەلامارى زەکەرمى دەداو شوێن گۆڕکێى پێدەکرد ، تابڕست و هێزى تەکاندانم تێدا مابوو دەستبەردارم نەبوو ، ئێستاشى لەگەڵدا بێت سێکسى لەو چەشنەم نەکردووە ، چێژێکى سیحرییانەى پێبەخشیم ، دەیان جار سوپاسى ” شەهرام ” ى ساحیر دەکەم ، کەتوانى بەگایینى چەندین مێینەى ئەم شارە دەرکەى گۆڕانکارییەکان بخاتە سەرپشت ، سوپاس بۆ ئەو کەپێش ئەوەى ئێمە خەڵکە بنەڕەتییەکەى شارەکە بگۆڕین و بەزەحمەتێکى زۆر مێینەکانیان بهێنینە ژێر خۆمان ئەو هێنایە ژێرمان ، دەبێت خاترجەم بین لەمڕۆوە شار لەژێرماندایە ) ل57_58
ئەوەى کە نووسەرى ڕۆمانى ” وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ” لە ڕۆماننووس و نووسەرەکانى ترى کورد جیادەکاتەوە ئەوەیە بەپێچەوانەى ئەوانەوە کەباسى سێکس دەکات دەیەوێت سێکس لە بەرچاوى خوێنەر ناشرین بکات .
ئەگەر بڕوانیتە رۆمانەکانى ( حسێن عارف و بەختیار عەلى و شێرزاد حسن ) دەبینیت لادانە سێکسى و کردارە ناشەرعییە سێکسییەکان لاى تۆى خوێنەر شیرین دەکرێت ، بەناوى ڕۆمانسیەت و فانتازیاوە مێشکى خوێنەر بەرەو شوێنێکى غەریزى و شەهوانى دەبرێ .
هەموو ئەمانەش لەفەرهەنگى ئەم کۆمەڵگەیەى ئێمەدا شوێنى نابێتەوە ، تۆ چەند بڵێیت و بڕێسیت و ژنان و ئافرەتان بەرەو سێکسى ئازاد بانگ بکەیت ، دواجار کۆمەڵگە بەسووک سەیریان دەکات یان دەیانکوژێت ، تازەترین نموونەش کوشتنى ئافرەتێک بوو ، لەناو جەرگەى پایتەختى ڕۆشنبیرى و لەپارکێکدا کەناوى ” پارکى دایک” ە ، کەڕەمز بوو بۆ جوانترین سیفاتەکانى ئافرەت کەدایکایەتییەو ئێمە هەموومان لەدایک بووین ، دایک – ێک کەدەبێت قەناعەتمان بەپاراستنى بوونى مرۆییانەى بێت ، هەر لەیەکەم ڕۆژى لەدایک بوونییەوە تا مردنى .. ئیتر لەم سەفەرى لەدایک بوون تا مردنەى مرۆڤ بەگشتى و ئافرەت بەتایبەتى ، تاوانە حەزە سێسکییەکانى نەوەى ئادەم بکرێتە وەسیلەى بازرگانى و هەوەس بازى ، لەکاتێکدا بەپێى عورف و عادەت و ئاینى کۆمەڵگەکان ئەوەى پێویستە بۆ دامرکاندنەوەى ئارەزووەکانى ئینسان لەڕووە شەرعییەکەیەوە ڕێپێدراوە .
هەر کوشتنیشە چارەنووسى پاڵەوانە ئافرەتى ناو ڕۆمانەکە، لەزارى( ژینا ) وە : چەند مێینەى وەک من کوژران ، ئێمە ئیختیارێکمان نەبوو لەوەى کە ڕویدا نەدەکرا بەپێچەوانەى ئەوشەپۆلانەوە مەلەبکەین کەئێمەى بەرەو مەرگ برد . ل111
پاشان( ژینا) باس لەشێوە کوشتنەکەى دەکات : ئەوەى دواى کوژرانم نیگەرانى کردم شێوەى کەوتنەکەم بوو بەچەشنێک ئەوانەى بینیانم تێر ڕوانییانە دەرپێکەم ، ئەودەرپێیەى کەدەبوو بە پێى زەوقى ئەوانەى لەگەڵیان ڕادەبوێرم زوو زوو بیگۆڕم. ل111
لە پاشکوژرانم : زۆر شتم لە بارەوە گوترا ، زۆر شتم لەبارەوە نووسرا ، زۆرشتم لەبارەوە خوێنرایەوە کەهیچیان پێوەندییان بەڕاستییەکانى ژیانى منەوە نەبوو ، کاتێک پۆستەرەکانى خۆم دەبینى بەهەموو شوێنێکى شاردا هەڵواسراون ، زۆر نیگەران دەبووم بەو هەموو درۆیەى لەبارەى منەوە نووسرابوو . ل133
لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵیم کە ئەم ڕۆمانە کۆمەڵێک پرسیار و گومانى تێدایە کەخوێنەر پێویستە خۆى وەڵامى خۆى بداتەوە ، بەردەوامى پێدەدات تادەگاتە یەقین و ماهییەتى بوون ، هەرچەندە ئینسان کردەوەکانى دابەشى دووبەرە دەبن ( خێر و شەڕ ) ، ئەمەش ئەوکاتە جیادەکرێتەوە کەئینسان دەگاتە مردن و ( یەقین ) کەلە ڕۆمانەکەدا زۆر جوان باسى مەرگ دەکات و زیاتر پاش دیمەنە سێکسییەکان دەیهێنێتەوە بەرچاوت ، واتە هەمیشە دەرچوون لەدنیاو فەنابوونت پیشان دەدات و بەمەش مۆرکێکى عیرفانى لەخۆدەگرێت ، چونکە یەکێک لەخاڵە سەرەکییەکانى ئەدەبیاتى عیرفانى باسکردن و بارزکردنى مەرگ و فەنابوون و پووچگەرایەتى ئارەزووە کاتییەکانە .
رۆمانى ” وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان ” بەڕاى شەخسى خۆم ، بەئەدەبیاتێکى عیرفانى جوانى کوردى دادەنێم .. گەشتى مرۆڤە لەگومانەوە بۆ ئیمان .. بەبڕواى من دەبوو ناوى ئەم ڕۆمانە ( ئیبلاس و ماجەراکانی ) بووایە کەچەندین کاراکتەر بەشدارن لەگێڕانەوەیدا و بەمەش دەبێتە رۆمانێکى فرە دەنگى .
ئامانجى ڕۆمانەکە : نووسەر سەربارى ئەوەى کە بەشێکى زۆرى ڕۆمانەکەى تەرخان کردووە بۆگەمەکانى ئیبلیس ” ئیبلاس ” ، بەڵام ئەم ڕۆمانە لەئەدەبیاتى کوردیدا یەکەم ڕۆمانى ” تەسەووفە ” کەنووسرابێت چونکە لەسەر زارى ” حەلاج ” ـەوە ، دنیابینیمان بۆمەرگ و بۆ ژیان وماهییەتى بوون دەگۆڕێت ، ” ئیبلیس ” مان لەڕوانگەى سۆفییەکانەوە بۆ شی دەکاتەوە .. کەبەتەسەوورى ئەوان دواجار ئەوە ئێمەین بەخراپەکانمان ئیبلیس ـەکان تێپەڕدەکەین و خۆبەخشانە ئامادەیى خۆمان دەردەبڕین ، تا ببینە جەنگاوەرێکى ڕێگەى تاریکى و خراپەکارییەکانى ئیبلاس .
ڕۆمانەکە کۆمەڵیک پرسیارى حەقیقى و گوماناوى هەڵدەداتە ناومێشکى خوێنەرەوە، کۆمەڵێک بۆچوون دەوروژێنیت کە ئەساسیاتى بوونى مرۆڤ پێک دەهێنێت .. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەى ئەم مەسەلەیە با بگەڕێینەوە بۆ ڕۆمانە کە لە بەشى ( پێنجەمى گێڕانەوەکانى فەرهاد تانجورى دووەم ، لە لاپەڕە 104 بۆلاپەڕ 110 کەتەواوى ئامانجى ڕۆمانە کە ڕوون دەکاتەوە لە سەر زارى هەر دووکارەکتەرى ” چاک و سۆفى ” واتە ” فەرهاد تانجوورى دووەم و شەهرامى سۆفى” شەهرام ، فەرهاد بەموریدى خۆى دەزانێت و پێى دەڵێت : تۆ بەبێ ئەوەى بەخۆت بزانیت باشترین موریدى ڕێگەى دۆزینەوەى شتە نەزانراوەکانیت ، توانیت دوورترین ڕێگەى سەفەر بگریتەبەر و بەچەشنى سۆفییەکان دنیا بگەڕێیت ، تۆ ئەو کەسەى لەنێو وشەکاندا بۆ مانا ناگەڕێیت ، وشەکان وەهمن و ڕاستییەکان لەنێو وێنەکاندان ، بەبێ بینین هیچ شتێک بوونى نییە ، خۆشەویستییەکى نەبینراو خۆشەویستى نییە ، خۆشەویستى لەنێو وشەکاندا وەهمە .. ل105
ئەوەى گرنگى ئەم ڕۆمانە زیاتر دەکات ئەوەیە کەتوانیوویەتى زۆر بەباشى زاڵبێت بەسەر تێکشکاندنى ” شوێن و کات ” دا بەچەشنێک توانیوویەتى هەموو ڕووداوەکان لەشارێکى بچووک – گەوەرەدا جێ بکاتەوە ، ئیتر خوێنەر دەتوانێت بەکەیفى خۆى تەسەوورى ئەو شارە بکات ، لاى من شتێکەو لاى خوێنەرێکى تر شتێکى تر .. ئەمەش گەورەترین دنیا بینى تەسەوف و سۆفییەکانە بۆ ژیان و تەماشاکردنى گەردوون و بینینەوەى لەجووڵەى بەردەوامدا .. سۆفییەکان بەچاوى دلڕ دەڕواننە بوون و گەردوون .
لەڕۆمانەکەدا ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت ، بەدرێژایى مێژوو مرۆڤ بەناوى خواى گەورەوە چ کارەساتێکى گەورەى خوڵقاندووە ، وەک نوێنەرى خوداو دنیاى غەیبیى لە هەوڵى کوشتن و بریندارکردن و ڕووخاندندا بووە ، ئەمەش بەناوى یاساگەلێکەوە کەبۆ خۆی داناوە .. ئاخر حاموڕابى یاسا بۆ دەربکات لە کاتێکدا خۆى خوێنڕێژترینە کەچى یەکەمین کەسە لەمێژوودا قوتابخانە بنیاد دەنێت و یاسا تەشریع دەکات و لەسەر بەرد بۆ هەتا هەتایە بەفەرمانى ئەو دەنووسرێتەوە.
ئێمەیەک کەبەفیترەت وغەریزە بارگاوین بەشەڕەنگێزى بەچى دەستەمۆو کەوى دەبین . ل107
دەبێت بەشوێن ڕێگەچارەیەکدا بگەڕێین لە بەدبەختى و کڵۆڵى ڕزگارمان بکات ، ئەویش لاى نووسەر بەو مەرگەوە بەستراوەتەوە کە حەللاج داواى دەکات و لەڕۆمانەکەیدا لە زۆر شوێن نزیک دەبێتەوە لەو مەرگەو پرسیاردەکات و دەڵێت : کەئێمە مەحکوم بین بەمەرگ بۆدەبێت بژین بۆدەبێت هەبین و ئەو هەموو ئازارو ئەشکەنجەیە بکێشین ، چ وەهمێکە ئەو ژیانەى ئێمە تێیدا دەژین . ل104.
ئەمەش هەمان قسە بەناوبانگەکەى حەللاجە کەدەڵێت :
اقتلونی یاپقاتی ان فی قتلی حیاتی
ومماتی فی حیاتی و حیاتی فی مماتی
بمکوژن بمکوژن ئەى متمانە پێکراوەکانم ( نەک دووژمنەکانم ) چونکە لەکوژرانیشمدا ژیان هەیە .
سەرچاوە : وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان – یوسف عزەدین – ڕۆمان – بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى – چاپخانەى شڤان – 2009 

  تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر