Paris-

بورهان شێخ رەئوف : داعش لە عێراق و شامەوە بۆ پاریس .

دواى ئەوەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام تووشى چەند شکست و پاشەکشەیەکى سەربازى هات لە پارێزگاى سەلاحەدین و ڕزگارکردنى بێجى لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى عێراق و ڕزگارکردنى شەنگال لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگەو شەڕڤانان و گریلاکانەوە و هەروەها لە سوریاش لە چەند شوێنێک پاشەکشەیان پێکراوە لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە دەیەوێت چەند ئامانجێک بپێکێت و لە هەمان کاتدا چەند نامەیەکیش ئاڕاستەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژ بە داعش بکات کە هەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا کورتیان بکەمەوە :
1 – دەوڵەتى ئیسلامى بە هەموو یارو نەیارەکانى دەڵێت : کە ئەو هەر ئامانجێک لە هەرکوێ بێت دەتوانێت پێی بگات و بە وردى بەرنامەکانى کردەوە تیرۆریستیەکانىجێبەجێ بکات .
2 – ئەم کردەوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە وڵاتانى جیهان خۆیان بۆ دوو ڕووداوى گرنگ ئامادە دەکەن یەکێکیان کۆبوونەوەى ڤیەنا یە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى سوریا و ئەوى تریان کۆبوونەوەى وڵاتانى بیستە لە ئەنتالیا لە تورکیا کە بڕیار بوو سەرۆک کۆمارى فەرەنسا ش بەشدارى تێدا بکات بەڵام بە هۆى ئەو کردەوە تیرۆریستیانەوە نەیتوانى بەشداربێت کە ئەوان ویستیان کاریگەریان لە سەر ڕاسپاردەو گفتوگۆکانى ئەو کۆبوونەوانە هەبێت .
3 – دەوڵەتى ئیسلامى لەم کردەوەتیرۆریستیەدا هەشت کەسى بەکارهێناوە بە پشتێنى بۆمب ڕێژکراوو ڕەشاشى ئۆتوماتیکى بەم ژمارە کەمەوە توانى چەند پێگەیەکى گرنگ و هەستیار لە پاریسى پایتەختى فەرنسادا بکاتە ئامانج و دۆخێکى پڕلە ترس و سام و شەڵەژان بلاوبکاتەوە جۆریک لە ئیفلیج بوونى ژیان لە چەند ناوچەیەکى ئەو شارەدا بخولفێنێت و ئامانجەکان بە وردى بپێکێت کە ئەوەش نیشانەى چاودێرى و ئاگادارى بەردەوامى ئەو شوێنانەى پێوە دیارە لە لایەن دەوڵەتى تیرۆرستى داعشەوە .
4 – هەروەها داعش دەیەوێت بە هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى بڵێت کە ئەوان ناتوانن بە و هەموو کۆبوونەوەو نەخشەکێشان و لەشکرکێشیە هێزەکانى داعش بترسێنن و ڕۆڵیان کەم بکەنەوەو کۆڵیان پێ بدەن .
5 – هەروەها بانگەوازێکە بۆ جەنگاوەرانى ڕێکخراوەکەیان لە وڵاتانى ئەوروپا کە هەرکەسێک شەڕى دەوڵەتى ئیسلامى بکات دەبێت بمرێت و نەمێنێت هەروەها ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکراشە بۆ ئەوەى کە سوورن لە سەر دروشم وئامانجەکانیان بۆ بە دیهێنانى کاردەکەن .
6 – هەروەها هەوڵێکى دەوڵەتى ئیسلامیە بۆهاندانى هەموو موسڵمانە توندڕەوەکانى دانیشتووى وڵاتانى ئەوروپا و بەتایبەتى ئەو وڵاتانەى ئەندامى هاوپەیمانى نێو دەوڵەتین دژى داعش کە کردەوەى تیرۆریستى ئەنجام بدەن .
7 – هەوڵدان بۆ قووڵکردنەوەى شەڕى ئتنیکى و ئاینى و بە تایبەتى شەڕى دژبە مەسیحیەت و خاچپەرستى کە لە هەموو بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانیاندا دووپاتى دەکەنەوە و بەڵێنى داگیرکردنى ڕۆماو بە دیاریکراوى ڤاتیکان یش دەدەن وەکو هێماى ئایینى مەسیحى و ئاماژە بەوەدەدەن کەدەبێت بگەنە ئەوروپا.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە تیرۆر هیچ سنوورو بەربەستێکى لە بەردا نیە هەموو شوێنێکى جیهان دەگرێتەوە و ئامانجى تیرۆریستان کوشتنى زۆرترین ژمارەى خەڵکى سڤیل و بێتاوان و بڵاوکردنەوەى کەش و دۆخێکى ترس و سام و شەڵەژانە و تۆڵەکردنەوەیە لە هەر جێگەیەک بیانەوێت ورەى لایەنگرو هەوادارەکانیان بڵندبکەنەوە پێیان بڵێن ئێمە ش کەرەسەو تواناى ڕووبەڕوونەوەمان هەیە .
لە کۆتاییشدا ئەو تۆمارە دەنگیەى دەوڵەتى ئیسلامى کە بە فەرمى دان بە ئەنجامدانى ئەو کردەوەدا دەنێت و بە غەزوەى موبارەکە ناوى دەبات دەڵێت هەموو ئامانجەکانى بە سەرکەوتوویى پێکاوە .
ئیتر هیچ بوارێک بۆ خەمساردى و بێخەمى و خاوە خاوو خۆ خەریک کردن ناهێلێتەوە لە لایەن کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتیەوە بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانیەتیەکى زۆر بە هێزتر و پڕتواناتر بۆ پەکخستن و ڕیشەکێش کردنى داعش و هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانى تر .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 60 seconds