جەمال حسێن : پاریس لەشاری جوانیەوە بۆ پایتەختی شەرانگێزی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی دووەم
بەکورتی دنیابینی تەهتاوی بۆ پاریس ، وەکو دنیابینی کەسێکە کە پاش هەزار ساڵ لەخەوتن لەئەشکەوتێکدا بۆ یەکەمجار دنیا دەبینێ ، پاش گەرانەوەى لە ئەشکەوتەکە و بۆلای هاورێکانی ، هەوڵدەدات لەرێی زمانێکی هەژارەوە چی دیووە لەدنیای نوێ بگوازێتەوە و بگێڕێتەوە . بەڵام بێگومان گێرانەوەیەک کە لەپێناوی کاریگەری و گۆرانکاریدابێـت .
ئەم بەرهەمەى تەهتاوی بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ، دەقێکی نوێخوازو ناوەرۆکێکی رۆشنگەر بووە ، هەوڵێکی جدی و لێبڕاوانەبوە بۆ لەخەوهەڵساندنی ئەقڵی خۆرهەڵاتی نوستو .
لای تەهتاوی وێنەى پاریس لەوێنەى بەهەشت دەچێ ، شوێنێک کەپریەتی لەخۆشگوزەرانی و پێشکەوتن ، سەرباری هەر سەرنجێکی کورت و ئاینیانەى تەهتاوی لەو دیاردە کۆمەڵایەتیە نامۆیانەى لەوێ بینیویەتی ، بەڵام هیچ کات ئەمە رێگەی ئەوەى لێناگرێ کەبەسەرسامیەوە حیکایەتی چیم دی لەپاریس بۆ خوێنەرانی عەرەبی موسڵمان بگێرێتەوە . بەجۆرێک کەزۆرجار وەکو شاری خەونەکانی هەر مرۆڤێکی رۆژهەڵاتی وێنای دەکا . زۆربەى لێکۆڵیارانی عەرەبی پێیان وایە لەگەڵ گەڕانەوەى تەهتاوی لەنیوەى یەکەمی سەدەى هەژدەدا ، گوتاری رۆشنگەری و چاکسازی لەهەمو ئاستەکاندا لەجیهانی عەرەبی ئیسلامی دەستی پێکردوە . دەستپێکردنێک کەزوو روبەری دیواری زیندوبونەوەى کەلتور و گەرانەوە بۆ شوناسی دواکەوتوی ئیسلامی و عەرەبی .
گەرچی شکستی عەرەبی لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لەساڵی 1967، بەسەرەتای یەکجارەکی زیندوبونەوەى کەلتوری ئیسلامی و گوتاری کۆنخوازیە لەبەرامبەر گوتاری ناسیۆنالیزم و نەتەوەى پێشکەوتوخوازی ناسری و عەرەبی بەگشتی . بەڵام راستر وایە ئەم پاشەکشەیە بۆسەردەمانی زۆر زوتر و نزیک لەتەهتاوی خۆی دەگەڕێتەوە ، رێک بۆسەردەمی جەمالەدینی ئەفغانی و دەرکردنی گۆڤاری ( العروە الوپقى ) لەپاریس . ئەزمونی تەهتاوی لەپاریس لەجەوهەردا ناکۆکیەکی قوڵی هەیە لەگەڵ ئەزمونی ئەفغانی و محمد عەبدە لەهەمان شار ، لای یەکەمیان پاریس شوێنی دنیای تازەو سەردەمێکی نوێیە ، مۆدێلێکە مایەی لاسایکردنەوەو شوێنپێ هەڵگرتنە ، هەرچی لای ئەفغانیە خۆرئاوا بەگشتی و کۆلۆنیالیزم هۆکاری ماڵوێرانی و کاولکاریە . لای یەکەم کێشەى راستەقینەى جیهانی ئیسلامی دواکەتویی ئەقڵی و کەلتوریە ، وەکو چۆن لای کەواکیبی ستەمکاری و نەبونی ئازادیە ، بەڵام ئەفغانی بەپێچەوانەى هەمو موتەنەویرەکان پێی وایە پەرتەوازەیی و یەکنەبونی جیهانی ئیسلامی بەگشتی لەروبەروبونەوەى خۆرئاوا هۆکاری سەرەکی ئەوتاریکیەیە کەئەم جیهانە تێی کەوتوە .
بەکورتی ئەفغانی هەڵگری خەونێکی سیاسی و بەرەنگاریە بەرامبەر رۆژئاوا ، کەئەمەش بینینێکی سیاسی ڕوووتە ، چونکە لای ئەو چۆن پەرتبون هۆکاری لاوازی و داگیرکردنیەتی لەلایەن خۆرئاواوە ، بەهەمان شێوە یەکبون سەری رمی بەرەنگاریە . تاکەشتێک کە ئەفغانی هانی موسڵمانان دەدات لەخۆرئاواوە فێریبن ، دیوە تەکنیکیەکەى خۆرئاوایە ، ئەوبەشەیە کەدەکرێ وەکو چەکێک جارێکی تر بەگەربخرێتەوە بۆ وەستانەوە بەروی هەمان ئەو دنیاتازەیەی لەپشتی بەرهەمهێنانیەتی . ئەفغانی دێت و بەموسڵمانان دەڵێ دەستگرتوبن بەکەلتورو ئەقڵیەتی چەندین ساڵەتان ، هیچ بەهایەکی کۆمەڵایەتیتان با نەلەرزێ ، بەرەنگاری ئەو جیهانە تازەیەبکەن و لێوەی تەنها فێری تەکنیکی جەنگ و بەهێزبون بب ن. وەکو شوناسی رۆژهەڵاتی و کۆمەڵگاکانی لاوازی و قەیرانەکانی بەرهەمی ئەقڵیەت و مۆدێلی ژیان و سیستەمی دەسەڵاتداریان نەبوبێ و نەبێ .
هەرچی تەهتاویە بەدیدێکی رۆشنبیرانەوە لە دیاردە شارستانیەکانی خۆرئاوا دەروانێ . گەشەکردنی مەیلی وەستانەوە بەروی خۆرئاواو سیاسەتەکانی ، کەزۆرجار لەهەمبەر کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکاندا شەرانگێزو داگیرکارانەبە ، بەرۆشتنی کات دەگۆرێ بۆ وەستانەوە بەروی هەمو شارستانیەت و کەلتورو دەرکەوتەیەکی خۆرئاوایش .
بەجۆرێک کە کۆمەڵگای عەرەبی بەگشتی لەرێگەى بزوتنەوەیەکی وەکو وەهابی لەکۆتای سەدەى نۆزدەو سەدەى بیست بەگشتی ، وزەیەکی زۆری بەخشیەوە بەگوتاری نۆستالیژی و کۆنخوازی و گەرانەوە بۆ رابردوو ، لەبەرامبەردا ویستێکی گەورەى بەهەمهێنا بۆ وێناکردنی کۆی شارستانیەتی خۆرئاوایی وەکو مەترسی بۆسەر بەها و شوناسی رۆژهەڵاتی ئیسلامی . لێرەوە بەکۆتای هاتنی کۆلۆنیالیزمی فیعلیش ، ئەم ئاراستەیە وێنەیەکی دروستکرد لەوەى کەگوایە هەر دەرکەوتەو دیادەردەیەک پەیوەندی بەخۆرئاواوە بێت بەشێکە لەکۆلۆنیالیزمی کەلتوری .
گەرچی تیۆریزەکردنی رق بونەوە لەخۆرئاوا لەسەردەمی نوێدا بۆ جەمالەدینی ئەفغانی دەگەرێتەوە ، بەڵام بەگەشەکردنی روحی سەلەفی لەجیهانی عەرەبیداو لەدایک بونی قوتابخانەى ئیسلامی سیاسی لە سەرەتاکانی سەدەى رابردوو ، ئەم رقە گەیەنرایە دۆزەخیترین ئاستی ئایدۆلۆژی و ترسناکترینی . لەم سیاقەشدا دیسان سەید قوتب لەبەرهەمەکانیدا بەردەوام وێنای خۆرئاوای کردوە وەکو سەرزەمینی شەیتان و دژایەتیکردنی ئیسلام . بۆیە ئەوەى لەپاریس رویداو ئەگەری رودانی زیاتریشی هەیە ، بەشێکی دانەبراوە لەو دیدە ئایدۆلۆژی و ئاینیە ، لێکەوتەیەکی راستەوخۆی ئەم گیرۆدەییەى جیهانی عەرەبی و ئیسلامیە بە مێژوو رابردوەوە . کەلەسایەى تەکنەلۆژیای پەیوەندی و گلۆباڵیزمەوە لەهەموکات زیاتر چانسی ئەوەى لەبەردەستدایە کەخۆی بنوێنی و لەرێی کردەوەکانیەوە دەربکەوێت . وەکو چۆن خەلافەتە ئیسلامیەکەى داعش بەری خەونی گەراندنەوەى خەلافەتی زیاتر لەسەد ساڵەى ئیسلامی سیاسیە ، بەهەمان شێوە کردەوکانیشی لێرەو لە پاریسیش دەرەنجامی ئەو رق و بەشەیتانیکردنەى دنیای خۆرئاوایە لەناو هەمان فەزای ئایدۆلۆژیدا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت