نەوزادی موهەندیس : كورد لە نێوان ململانێ مەزهەبیەكانی سعودیە و ئێراندا .

ئاشكرایە ململانێكانی نێوان شانشینی سعودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران هێندەی ململانێیەكی مەزهەبیە نیوهێندە ململانێیەكی سیاسی و ئابوری و سەربازی نیە ، بەڵام دووریش نیە لەهەموو ئەو ململانێیانەی تر و هەریەكەیان گەرەكێتی كە هەژموون و دەسەڵات و نفوزی خۆی لەناوچەكەدا فراوان بكات و بسەپێنێت .

ئاشكرایە ئەم ململانێ مەزهەبیە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژووی دێرینی هەیە و بۆ زیاتر لە 1000 ساڵ دەگەڕێتەوە ، لە زۆرێك لە قۆناغەكاندا توندوتیژی و خوێناوی بوە و لە ئێستاشدا پەردەیەكی ئەو شانۆگەریە خوێناویە دووبارە دەبێتەوە ، ئەوەتا ئێران پشتیوانی لە شیعەی دەسەڵاتداری عێراق و دەسەڵاتی عەلەوی ئەسەد لە سوریا و حیزبوڵای لوبنان و حوسیەكانی یەمەن و كەمینە شیعەكانی بەحرەین و كوێت و داگیركردنی 3 دورگەی ئیمارات لە ساڵی 1971وە و … هتد دەكات . سعودیەش ئەم كار و هەنگاوانەی ئێران بە گەمارۆی بۆ سەر خۆی دادەنێت و لەبەرامبەریشدا سعودیە هەڵپەی پێكەوەنانی هاوپەیمانیە لەگەڵ زۆرترین وڵاتە ئیسلامیەكان و بەتایبەتیش توركیاو وڵاتانی كەنداو و … هتد . و گەرەكیشێتی كوردیش بەناوی سونە مەزهەبەوە تێكەڵ بەم گەمە قێزەونە بكات و سعودیەش بە لە سێدارەدانی 47 كەسی شیعە و لەناویشیاندا ئایەتوڵا ( نەمر باقر ئەلنەمر) هێندەی تر ململانێكانی گەیاندە ئاستی تەقینەوە و پچڕاندنی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكان و سووتاندنی بارەگای سەفارەت و ناڕەزایی دەربڕین لەلایەن ئێران و شیعەكانەوە و بەمەش دەسەڵاتدارانی هەردوولا ناوچەكەیان ڕووبەڕووی ململانێیەكی خوێناوی و توندتیژتر كردەوە .
سعودیە و ئێران لە ئێستادا هەریەكەیان بەو پێیەی كە لە ڕووی پانتایی زەوی و زۆری ژمارەی دانیشتوان و دەوڵەمەندیان بەهەردوو سەرچاوەی وزە لە نەوت و غازی سروشتی كە مایەی سەرجەم ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكانن و بونەتە هۆی چاوتێبڕینی زلهێزەكان بۆ ئەم ناوچەیە و هەریەكەشیان خۆیان بە دەم ڕاست و ڕابەری مەزهەبی سون و شیعە دەزانن لە دونیای ئیسلامدا ، هەریەكەشیان سەر بە بلۆكێكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتن و گەرەكیانە بە زەبری هێز و توانای سەربازی ململانێكەیان یەكلا بكەنەوە .
سعودیە كە بەدرێژایی مێژوو وەك سەرچاوەی ئیسلام سەیركراوە بەهۆی سەرهەڵدانی ئیسلام تیایدا و بونی جێگە پیرۆزەكان لەناویدا و دواتریش بەهۆی سەپاندنی ڕێبازی وەهابیەتی سەلەفی لەو وڵاتەدا لەلایەن بنەماڵەی ئال سعودەوە ، سعودیە بۆتە پاڵپشت و هاوكاری سەرجەم بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامیە سەلەفیەكان لە دونیادا و هەر لەسەر دەستی سعودیەدا ڕێكخراوی موجاهیدە ئەفغانیەكان و قاعیدەی ئوسامە بن لادن و جوندلئیسلام و ئەنسارولئیسلام و تازەترینیشان داعش لەسەردەستی سعودیە و قەتەر و ئیمارات و توركیای سونە مەزهەبدا دروستكراون . و كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی كە بەبەڵای ئەم توندەڕەوە سونە مەزهەبانەوە سووتاوە و خاك و گەلەكەی زیانی گەورەیان پێگەیشتوە هەرچەندە كە خۆشی سونە مەزهەبە .
هەرچی ئێرانی شیعە مەزهەبیشە ، بەهەمان شێوە لەسەرەتای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەساڵی 1979وە سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی پیادە كردوە بۆ دەرەوەی ئێران و لەماوەی 25 ساڵی ڕابووردوودا توانیویەتی تاڕادەیەكی باش نفوزو هەژمونی خۆی بسەپێنێتە سەر گەلێك لە وڵاتان و دەسەڵاتدارانی عەرەبی لە عێراق و سوریا و لوبنان و سەڵتەنەتی عومان و یەمەن و …. هتد . كە سعودیە ئەم هەوڵانەی ئێران ڕاستەوخۆ بەهەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی خۆی دادەنێت و كەوتۆتە بەرگریكاری و هێرش و پەلاماردانی ئێران و هاوپەیمانەكانی . و هەر ئەم ململانێ‌ مەزهەبیە بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە چەقی ململانێكان و گۆڕەپانی سەرەكی جەنگەكان و هاتنە ناوەوەی زلهێزەكان و تێكدانی ئاسایش و ئارامی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی ناوچەكە و ئەم ناوچەیە هەمیشە بۆتە كوانوی ململانێكان و گەشانەوەی پشكۆی ململانێ‌ مەزهەبی و ئاینیەكانو كۆمەڵگا و خاكی وڵاتەكانیش بونەتە سووتەمەنیەكەی .
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، كە كورد چ ڕۆڵ و كاریگەری و پێگەیەكی هەیە لە نێوەندی ئەو ململانێیانەدا ؟ ئایا كورد دەتوانێت بێلایەن و گۆشەگیری هەڵبژێرێت ؟ ئایا كورد چی دەستدەكەوێت لەلایەنگیری لایەكدا و كامیشیان هەڵببژێرێت ؟ ئایا كورد چ هەڵبژاردەیەكی بە قازانجی خۆی لەبەردەمدایە ؟
كوردی باشوور ( هەرێم ) لەبەرئەوەی تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆی نیە ، و دانپیادانراو نیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا و هێشتاكە هەرێمێكە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا ، هیچ كات پێگە و قورساییەكی ئەوتۆی نیە لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیانەدا ، چونكە لەڕووی پانتایی جوگرافی و ژمارەی دانیشتوانەوە هێزێكی سەربازی بچوك و لاوازە و تەنها لەڕووی ئابوریەوە گرنگیەكی گەر هەبێت دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت ، بەڵام بەداخەوە تائێستاش ئەو سوودەی وەرنەگرتوە لەبەر سیاسەتی هەڵە و ناشەفافیەت لەكەرتی نەوت و غازی سروشتیدا ، بەداخەوە هێندەی كوردستان وەك هەرێم زیانی پێگەیشتوە لەم ململانێیەدا هیچ كام لە سعودیە و قەتەر و توركیا بەناو دۆست و هاوپەیمانی سونە مەزهەبیەوە پێیان نەگەیشتوە چونكە كوردستان بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی ئەم جەنگە لە ڕۆژئاواو باشوور و شەڕی داعش تەنها بەكورد جێبەجێدەكەنو لەگەڵ ئەوەشدا سعودیە و توركیا و هاوپەیمانەكانی هێندەی دۆستی داعشن هیچ كات دۆستی كورد و مەسەلەكەی نەبوون نە لەڕابووردوو نەلە ئێستاشدا ، بەدرێژایی دەسەڵاتی سعودیەكان و ئەتاتوركەكان هیچكات پشتگیری ئیسلامی و مرۆڤایەتی مەسەلەی كوردیان نەكردوە نەلەسەر ئاستی دەسەڵات و دەوڵەت و نەلەسەر ئاستی پیاوانی ئاینی ، ئەوەتا لەسەردەمی كیمیایباران وئەنفال و جینۆسایدی كورددا بچوكترین هەڵوێستیان نەبوە و تەنانەت لە تازەترین كارەساتدا كە بەسەر شەنگالیەكاندا هات پیاوانی ئاینی سعودیە فتوای حەڵاڵكردنی كڕین و فررشتن و بە سەبایاكردنی ژنانی ئێدزیان دەركرد و دەستخۆشی و پیرۆزباییان لە داعش دەكرد .
بەم شێوەیە پێگەی جێوسیاسی كوردستان واهەڵكەوتوە كە ناتوانێت بێلایەنی بپارێزێت و خۆی لە ئاگری ئەم ململانێ ناڕەوایانە بەدووربگرێت چونكە كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نیە و لە ئەوروپاشدا هەڵنەكەوتوە كە بتوانێت وەك سویسرا بێلایەنی هەڵببژێرێت و دەرودراوسێكانیشی ڕێز لەو بێلایەنیەی بگرن ، دوژمنان و داگیركارانی كوردستان لە توركیا و ئێران و هاوپەیمانە سونە و شیعە مەزهەبەكانیشیان هیچ كات نیەتێكی ڕاستگۆیانەیان نەبوە و نیشە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی ، بەڵكو تەنها كورد و مەسەلەكەیان وەك كارتی فشار و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كات كوشتن بەكارهێناوە و بەداخیشەوە كورد و سەركردەكانیشی بە بەڵێنە شیرین و هەنگوینیەكانی ئەوان هەڵخەڵەتاونو قۆناغ و هەڵكەوتە سیاسیەكانیان لەدەستداوە .
هەربۆیە كورد ناتوانێت بێلایەن بێت و لایەنگیری تەواویش بێت ، چونكە كورد و مەسەلەكەی دابەشبۆتە سەر 4 وڵاتی عەرەبی و ئێران و توركیا و بەوپێیەش دەبێت هەم پەیوەندی دۆستانە و هەمیش دژایەتی هەموانیان بكات ، پێویستە كورد و سەركردایەتیەكەی بەدوای بەرژەوەندیەكانی نەتەوە و نیشتیمانی خۆیەوە بێت و بتوانێت توانا و نفوز و هێزی سیاسی و ئابوری خۆی وەك كارتێكی فشار و بەلێزانانە لەناو گەمە سیاسی و ئابوریە ئاڵۆزەكانی ناوچەكەدا بەكاربهێنێتو بەهیچ شێوەیەكیش خۆی ساغ نەكاتەوە لەسەر هیچ لایەكیان، چونكە هەردوولایان بۆ كورد وەكو یەك وان ، بەڵام نابێت هەندێ‌ چاكە و ڕاستی مێژوویمان لە بیر بچێت لەهەندێ‌ قۆناغی خەباتی كوردایەتیدا كە ئێران هەرچەندە وڵاتێكی داگیركاری بەشێكی كوردستانە ( ڕۆژهەڵات ) بەڵام بەدرێژایی شۆڕشەكانی كورد لە ئەیلول و شۆڕشی نوێ‌ و بە ئێستاشەوە هەمیشە هاوهەڵوێست و پشتیوانی مادی و مەعنەوی كورد بوە و لەكارەسات و ناوخۆشیەكاندا هاوكارمان بوە بە پێچەوانەی تورك و عەرەبی سونە مەزهەبەكانەوە .
بۆیە كورد لەم سەردەمی جەنگی جیهانی چوارهەمەدا ( جەنگ دژی تیرۆر ) دەبێت هەمیشە لە بەرەی دژە تیرۆردا بێت و بەرگری لە بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەكان بكاتەوە و هەربەمەش دەتوانێت پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی فراوانتر بۆ كورد و مەسەلەكەی بەدەستبهێنێت ، نەك خۆی بكاتە هاوپەیمانی لایەنێك دژی لایەنێكی تری ناوچەكە كە بەداخەوە هەموانیان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ شەریكە كاری تیرۆر و تیرۆریستانن بە ئاشكرا و بەنهێنی ، بۆیە لایەنگیری كورد بۆ هەرلایەكیان وەكو ئەوە وایە لایەنگری تیرۆر وتیرۆریستان بێت كە لە ئێستادا ڕای گشتی شەقامی ناوچەكە و دونیاش و لەسەر ئاستی ڕەسمی دەسەڵات و حكومەتەكانیش بەپێچەوانەی تیرۆر وتیرۆیستانەوەیە ، هەربۆیە كورد ئەوەندەی قازانجیكردوە لەجەنگی دژ بە تیرۆریستاندا هیچ كات هێندەی ئەم قۆناغە دەسكەوت و قازانجی وەرنەگرتوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا . و هیچ كاتیش بەهێندەی ئێستا قازانجی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی وڵاتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەكە بە سونە و شیعەیانەوە نەكردوە .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies