شیلان بیبانى : نه‌وت ، شه‌ر ، گه‌نده‌ڵى ، قه‌رزارى .

له‌م كاته‌دا له‌ حكومه‌تى عێراق مه‌سه‌له‌ى بودجه‌ و په‌سه‌ندكردنى گه‌رمترین هه‌واڵى ئابورییه‌ كه‌ باڵى به‌سه‌ر سیاسه‌تى ئه‌مرۆى عێراقدا كێشاوه‌ ، سه‌یر له‌وه‌یه‌ گه‌شبینى و هیوا به‌م بودجه‌یه‌ ئه‌كرێت ، له‌بیریان چووه‌ كه‌ بودجه‌ى ساڵى 2015 زۆر به‌ كه‌موكورتیه‌وه‌ بوو و ته‌نانه‌ت نیوه‌ى به‌نده‌كانیشى جێبه‌جى نه‌كرا ، به‌رچاوترین نمونه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ى كه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ریمى كوردستاندا كرا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جىَ نه‌كرا و بودجه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ داریژرا كه‌ نه‌وتى كوردستان هه‌نارده‌ بكرێت و بڕى پاره‌ى بودجه‌كه‌ به‌و پێوانه‌یه‌وه‌ دانرابوو گه‌رچى هه‌مووى بى بنه‌ما ده‌رچوو ، چونكه‌ نه‌وتى كوردستان زۆر به‌ كه‌مى له‌ رێگاى به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ كرا كه‌واته‌ هیچ مانایه‌ك بۆ راست و دروستى ئه‌و بودجه‌یه‌ دانه‌نرا ، ئیستاش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ زۆر له‌ شاره‌زایانى بوارى ئابورى ده‌ڕواننه‌ بودجه‌ى 2016 كه‌ جگه‌ له‌ نادروستى بودجه‌كه‌ى به‌ڵكو هه‌ڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى بودجه‌ى 2015 پێوه‌ دیاره‌ ، له‌م بودجه‌یه‌دا به‌ نزیكه‌ى 106 تریلیون دینار مه‌زه‌نده‌كراوه‌ و به‌رامبه‌ر 143ملیار و 100 ملیون به‌رمیل نه‌وت .

ئه‌وه‌ى شایانى باسكردنه‌ داهاتى نه‌وت %90 له‌م بودجه‌یه‌ داگیرده‌كات سه‌یر له‌وه‌یه‌ هه‌موو شیكاره‌ ئابورى و لێكدانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ كرا كه‌ داهاتى ولات ته‌نها له‌ نه‌وت سنوردار نه‌كرێت به‌لاَم بۆ ساڵى داهاتوو ئه‌م رێژه‌ به‌رزه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ عێراق جارێكى تر و به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵه‌ى ئابورى روو له‌ لوتكه‌ ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ 24 تریلیون دینار كورتهینانى بودجه‌یه‌ كه‌ پلانیان بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ قه‌رزى ناوخۆیى و نێو ده‌وڵه‌تى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌م كورتهێنانه‌ كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كان دوو روو له‌ خۆ ده‌گرێت كێشه‌ى كورتهێنان بنه‌بڕبكریت و مه‌سه‌له‌ى قه‌رز دێته‌ كایه‌وه‌ واته‌ هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ ! جگه‌ له‌وه‌ش نرخى هه‌ر به‌رمیلیك نه‌وت 45 دۆلاره‌ ئه‌وه‌مان له‌ بیر نه‌چێت كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا هیچ كات نرخه‌كه‌ى له‌ 36 دۆلار تینه‌په‌ڕى !! ئه‌مانه‌ جیگه‌ى پرسیارن و گومانه‌كان زیاد ده‌كات له‌م بودجه‌یه‌ . هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ 3.3 ملیون به‌رمیل له‌ رۆژێكدا هه‌نارده‌بكرێت به‌و پییه‌ى كه‌ 550 هه‌زار به‌رمیلى له‌ كوردستانه‌وه‌ بێت ، ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ئاماژه‌ پێكردنه‌ كه‌ 9 ملیار دۆلار داهاتى عێراق كه‌مده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كوردستان به‌شدار نه‌بێت له‌ هه‌نارده‌كردنى بڕى دیاریكراوى نه‌وتى خۆى ، ئه‌مه‌ باشترین ده‌رفه‌ته‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بتوانێت سودمه‌ند بێت لێی . عێراق باسى له‌ هه‌نارده‌ و فرۆشتنى قه‌واڵه‌كانى كردوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار ، جگه‌ له‌وه‌ش 1.7 ملیار دۆلار قه‌رزى بانكى نێو ده‌وڵه‌تى و 833 ملیون دۆلار له‌ سندوقى نه‌قدى نێو ده‌وڵه‌تى بۆیه‌ ئه‌توانین ریزبه‌ندى عێراق له‌و ولاتانه‌ دابنیت كه‌ قه‌رزارترین ولاَتى دونیایه‌ .
هه‌وڵه‌كان له‌و ولاته‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ ساڵى 2017 سفره‌كانى سه‌ر دینارى عێراقى لاببه‌ن سه‌یر له‌وه‌یه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ جگه‌ له‌ تیچوو هیچ چاره‌سه‌رێكى خراپى ئابورى ئه‌و ولاَته‌ ناكات ، به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ ساڵى 2016 دراوى جۆرى 50 هه‌زارى و 100 هه‌زارى زیاتر بكرێت له‌ بازاڕه‌كان ئه‌مانه‌ ته‌نها ژماردنى دراوى دینارى عێراق ئاسانتر ده‌كات و هیچ قازانجێكى ئابورى نییه‌ . جگه‌ له‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت ئه‌و ولاَته‌ له‌به‌رده‌م دوو كێشه‌ى گه‌وره‌یه‌ یه‌كه‌میان شه‌ڕى داعش و ده‌ست به‌سه‌راگرتنى زۆر له‌ بورى نه‌وت و شارى عێراق و ته‌رخانكردنى بڕیكى زۆر له‌ پاره‌ى ئه‌م ولاته‌ له‌و جه‌نگه‌دا كه‌ ئه‌مساڵ زۆر كه‌مكرایه‌وه‌ به‌ رێژه‌ى %20 دانرا له‌ بودجه‌ بۆ كه‌رتى به‌رگرى و باس له‌وه‌ كراوه‌ دواى پێداچونه‌وه‌و و كه‌مكردنه‌وه‌ى تیچووى جه‌نگ به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ ساڵى پیشوو ، ته‌نانه‌ت جۆرى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیش ده‌ست نیشانكرا كه‌ جۆرى قورس و گرانبه‌ها ناكردرێت بۆ ساڵى 2016 ، ئه‌مانه‌ جۆرێكن له‌ نیشاندانى بىَ هیزى و راگه‌یاندنى ئیفلاسى ئه‌و ولاته‌ .
كه‌واته‌ ئه‌توانین بڵێین داعش گه‌وره‌ترین هۆكاره‌ بۆ خراپكردنى ئابورى عێراق چونكه‌ تیچوویه‌كى زۆرى كرد له‌و جه‌نگه‌دا ، به‌لام لێره‌دا خاڵیكى دى كه‌ جگه‌ له‌ نرخى نه‌وت و شه‌رى داعش ئه‌و گرفته‌ ئابورییه‌ى عێراق كه‌ پێی ده‌ناڵینى مه‌سه‌له‌ى گه‌نده‌ڵیه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ریزبه‌ندى ولاَتانى دونیا پله‌یه‌كى باشى به‌ده‌ست هێناوه‌ ، له‌ ئێستادا به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كان له‌ كه‌مكردنى گه‌نده‌ڵیه‌ به‌لام رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و زیادبوون ده‌روات ، ئاخۆ گۆرینى ساڵ له‌م ولاتانه‌ هیچ كام له‌و گرفتانه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌رى ده‌بات چونكه‌ ره‌گى كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندوه‌ لق و پوپى به‌ هه‌موو لایه‌كدا بلاوبۆته‌وه‌ . ئه‌وه‌ى كه‌ گرنگه‌ بوترێت هه‌رێمى كوردستان به‌داخه‌وه‌ له‌ زۆر له‌م كێشانه‌ پشكى شیرى به‌ركه‌وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وت و شه‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و تیچووه‌كانى و بگره‌ زۆر زیاتر له‌و ولاَته‌ چونكه‌ دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بووته‌ سه‌ردیڕى كێشه‌ ئابورییه‌كانى 2015 و له‌وانه‌یه‌ په‌ره‌بسینى بۆ 2016 چونكه‌ جیاوازییه‌كان ته‌نها رۆژن و هیچى تر .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies