کامەران وریا قانع : ئیران و ئه‌مریكا .

نزیكى پێش سالێك له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ندازیارێك له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا , من پرسیارێكم له‌ به‌رێزیان كرد و وتم : ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ رێكخراوێكى ئه‌مریكى كارم ئه‌كرد له‌ هه‌ولێر , ئه‌مریكییه‌كان بۆچونێكى زۆر خراپیان له‌سه‌ر ناوچه‌ى سلێمانى هه‌یه‌ , به‌ درێژكراوه‌ى ئێرانى ئه‌زانن , ئاماده‌ نین پرۆژه‌ى تیا بكه‌ن و یارمه‌تى بده‌ن وه‌كو شاره‌كانى تر , ئایا بزووتنه‌وه‌ى گۆران هیچ كارى كردوه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ كاڵبكاته‌وه‌ یان نه‌یهیلیت؟ له‌وه‌ڵامدا هه‌ندێك هۆكارى باس كرد كه‌ بۆچى ئه‌مریكیه‌كان وا ده‌روانن , كه‌ لێره‌ جیگاى باس نیه , ‌هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌شى كرد ( له‌ 2003 ئه‌وه‌ هێزه‌كانى یه‌كیه‌تى نیشتمانى بوو بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان چونه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌ ) . دواجار وتى هه‌ولیش ئه‌ده‌ین ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌سه‌ر سلێمانى هه‌ڵگرین و كارى بۆ ده‌كه‌ین .
ئه‌م به‌سه‌ر هاته‌ بچوكه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌گێرمه‌وه , كه‌ دواجار په‌یوه‌ندى ئێران و ئه‌مریكا به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ ئه‌روات وبه‌ فه‌رمى یه‌كیه‌تى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ئابلۆقه‌ى ئابوریان له‌سه‌ر ئێران ( هه‌‌ڵسپارد ) , دواى هه‌شت ساڵى تر بریارى یه‌كجاركى ئه‌درێت له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنى به‌مه‌رجێك ئه‌گه‌ر ئێران پابه‌ند بوو به‌ مه‌رجه‌كانى كۆتایی پێهێنانى بریارى دروست كردنى چه‌كى ئه‌تۆمى . وه‌ رۆژى یه‌كشه‌م17/1/2016 ئۆباما یاداشتى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى ( ده‌ره‌وه‌ , بازرگانى , گه‌نجینه‌ , وزه‌ ) كردوه‌ كه‌ سزاكانى سه‌ر ئێران هه‌ڵسپێرن .
هاتنه‌وه‌ى ئێران بۆ ناو گۆره‌پانى نێو ده‌وڵه‌تى و ئاسایی بوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان , كاریگه‌رى باشى ئه‌بێت له‌سه‌رناوچه‌كه‌ به‌ دورخستنه‌وه‌ى ئه‌گه‌رى شه‌ڕو هه‌روه‌ها ئابورى ئێرانی له‌ مه‌ودایه‌كى دوور سوود مه‌ند ئه‌بێت , چونكه‌ ئێرانیش گه‌نده‌ڵى و خزمايه‌تى و زاڵبوونى ده‌زگا سه‌ربازییه‌كان به‌سه‌ر جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ئابورى , كێشه‌ى سه‌ره‌كى بۆ گه‌شه‌ سه‌ندنى ئابورى دروست كردوه‌ , كه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانى ئابورى به‌ ئاسانى هه‌ستى پێده‌كرێت . له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌شدا ئێران وڵاتێكى سه‌رنج راكێشه‌ بۆ كۆمپانیا جیهانیه‌كان كه‌ وه‌به‌رهێنانى تیا بكه‌ن له‌ بوارى وزه‌و پیشه‌ سازى , ئێران 32 ملیار دۆلارى بۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌ دواى هه‌ڵسپاردنى ئه‌م بریاره‌ , هه‌روه‌ها ئێران دواى وڵاتى میسر گه‌وره‌ترین بازاره‌ له‌ رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست بۆ كه‌لو په‌لى ئه‌مریكى و ئه‌وروپاى رۆژئاوا . وه‌كو بازرگانێكى ئێرانى وتى ( ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت , رزگارمان بێت له‌ كه‌لو په‌لى چینى و و پێشخستنى ئابوریمان و ئاسایشى ناوچه‌كه‌ كه‌ هه‌مان ستراتیجیه‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ر وڵاتێكى ناوچه‌كه‌ى ئه‌وێت ) . هه‌روه‌ها ‌ بۆچونێكى تر هه‌یه‌ هه‌ڵسوكه‌وتى توندى سعودییه‌كان به‌رامبه‌ر ئێران له‌م كاتدا بۆ سه‌رنجراكێشانى ئه‌مریكایه‌ كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ئاسایی نه‌كاته‌وه‌ ‌ یان زۆر قورسى بكات , به‌ڵام دیاره سه‌ركه‌وتو ‌نه‌بوو .
ئه‌م كرانه‌وه‌ى ئێران به‌ به‌رووى جیهانى ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستانیش جێگاى بایه‌خه‌ به‌ تایبه‌تى سنورى زۆنى سلێمانى . ئیتر كرانه‌وه‌ى كۆمپانیا ئه‌مریكیيه‌كان و ئه‌وروپیه‌كان بۆ ناوچه‌ى سلێمانیش جێگاى ترس نیه ‌. ئه‌و بۆچونه‌ش نامێنێت له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ درێژكراوى ئێرانه‌ و نابێت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت .
ئه‌م كرانه‌وه‌یه‌ بۆ هێزه‌كانى ناوچه‌ى سلێمانى به‌ تایبه‌تى یه‌كیه‌تى و بزووتنه‌وه‌ى گۆران سوودێكى باشى ئه‌بێت , چونكه‌ چیتر توركیا ئه‌و تاقه‌ ده‌روازه‌یه‌ نابێت بۆبازرگانى و گواستنه‌وه‌ى وزه‌ى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌ بۆ بازاره‌كانى جیهان , هه‌روه‌ها ئه‌م كرانه‌وه‌یه‌ ئه‌زموونێكى باشه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ چیتر سیاسه‌تى نه‌وت ته‌نها له‌ ژێر ده‌ستى یه‌ك حزب ( پارتى ) نه‌بێت و هه‌موو كلیله‌كانى ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ گیرفانى یه‌ك كه‌س نه‌بێت .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەرە دەگات بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies