Kosret-Berhem

چیا عەباس : کاک کۆسره‌ت و دکتۆر به‌رهه‌م چیان پێده‌کرێت ؟

دکتۆر به‌رهه‌م پاش ماوه‌یه‌کی درێژ بێده‌نگی شکاند ، پێش ئه‌میش به‌چه‌ند رۆژێک کاک کۆسره‌ت له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا سه‌راحه‌ت و بوێرانه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر زامه‌کانی یه‌کێتی و هه‌رێم دانا ‌.
ئه‌م دو به‌رێزه‌ به‌فه‌رمی و شه‌رعی لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی پێکده‌هێنن و کاتی خۆی به‌رێز مام جلال پشتیوانی ته‌واوی لێکردون و متمانه‌ی پێداون‌ بۆ پۆستی جێگرانی خۆی . زیاده‌ بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبونی یه‌کێتیه‌وه‌ کاک کۆسره‌ت وه‌ک کادر و فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ بێ دابران و خه‌باتکردن پله‌ به‌پله‌ به‌هه‌ره‌می رێكخستندا رۆیشتوه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ی ئێستا ، دکتۆر به‌رهه‌میش وه‌ک کادر و سه‌رکرده‌یه‌کی دیبلۆماسی و شاره‌زای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پله‌کانی رێكخستندا گه‌یشتۆته‌ ئه‌م پێگه‌یه‌ی ئێستای .
بۆ خۆم وێرای رێزلێنان و به‌رزنرخاندنی خه‌بات و ماندوبونیان ، هاوکاتیش چه‌ندین تێبینیم له‌سه‌ریان هه‌بوه‌ و له‌ رابوردودا چه‌ند جارێک نوسینی ره‌خنه‌ئامێزم له‌سه‌ریان نوسیوه ‌.
ئه‌م دو سه‌رکرده‌یه‌ له‌ دۆخی ئێستای یه‌کێتی و هه‌رێمدا ده‌توانن رۆڵی به‌رچاو و گرنگ ببینن ، هۆکاره‌کانی زۆرن، لێره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێک ده‌که‌م :
یه‌که‌م : خاوه‌نی مێژو و خه‌باتێکی درێژن و به‌رده‌وام بێ دابران له‌به‌ره‌ی خاک و نه‌ته‌وه‌دا بون ،‌ ئه‌م مێژوه‌ قورسایی تایبه‌تی خۆی هه‌یه .
دوهه‌م : خۆشمان بوێت یا ترش واقعێکه‌ که‌ ناشێت چاومان به‌رویدا داخه‌ین ، هه‌ر دوکیان له‌ دو ناوچه‌ی گرنگی کوردایه‌تی و شۆرشه‌کانی کورده‌وه‌ هاتون و ده‌توانن کاریگه‌ری زۆر ئه‌رێنیان له‌سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه هه‌بێت .
سێهه‌م : هه‌ر دو به‌رێز ئه‌زمونێکی زۆریان له‌ لوتکه‌ی حوکمرانی هه‌رێم هه‌یه ‌.
سێهه‌م : کاک کۆسره‌ت وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی و سه‌ربازی ناسراو و خاوه‌ن ئه‌زمونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌و بواره‌دا له‌ گه‌ڵ دکتۆر به‌رهه‌م وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک و خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ دنیای ده‌ره‌وه ‌، تایبه‌ت لای ئه‌مریکا و خۆرئاوا ، ده‌توانن به‌یه‌که‌وه‌ و به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیری باش له‌ گه‌ڵ هاورێکانیان له‌ ناو یه‌کێتی و ده‌ره‌وه‌ی رۆڵی ئه‌رێنی له‌ پرسه‌کانی یه‌کێتی و حوکمرانی و سیاسه‌ت له‌ باشوری کوردستان ببینن .
بۆ خۆم ماوه‌ی 33 ساڵ ئه‌ندامی یه‌کێتی بوم ، له‌یه‌که‌م رۆژی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا دروستبونی گۆڕان ، شاره‌زاییه‌کم له‌ پێکهاته‌ و مێژو و خه‌بات و کێشه‌ و ململانێکانی ناو یه‌کێتی هه‌یه . وێرای ئه‌وه‌ی گۆڕانم و گۆڕانیش ده‌مێنمه‌وه‌ و به‌رامبه‌ر به‌شێک له‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی ململانێم کردوه و ده‌یکه‌م ، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ش کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی و لاوازبونی پێگه‌ی سیاسی و حوکمرانی به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر بزافی کوردایه‌تی و ره‌وشی سیاسی و حوکمرانی باشور ده‌بینم .
ده‌شێت له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی کاک کۆسره‌ت و لێدوانه‌کانی دکتۆر به‌رهه‌م هێڵێکی تۆخی ئه‌ستور بکێشم به‌ژێر ده‌ره‌نجامی قسه‌کانیان : ” نیه‌تی جدیان هه‌یه‌ بۆ چاککردنی دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی و چاره‌ی کێشه‌ و قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم ‌”.
کاک کۆسره‌ت له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ده‌ڵێت : یەكێتی وەك حیزب چ لەناوخۆیدا چ لە ئاستی حكومەتی هەرێم هەروەها لەبەغداو ناوچەكەش پاشەكشەی بەرچاوی كردوەو دەبینین یەكێتی بەلارێدا دەبرێت و بەشدار دەبێت لە كۆمەلێك سیاسەتی چەوت و هەڵەدا كە بەزیان بۆ میللەتەكەمان شكاوەتەوە و …. تاد .
دکتۆر به‌هه‌م یش ده‌ڵێت : شێوازی كاركردنی حوكمڕانی پێشوو له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و ئه‌و شێوازه‌ی حوكمڕانی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده‌ ئه‌م رۆژه‌ و دۆخی ئێستای هه‌رێم قابیلی قبوڵكردن نییه و ده‌بێت بگۆڕدرێت و چاكبكرێت و پێویستی به‌ پێداچونه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه ، له‌پێناو باشتركردنی بار و گوزه‌رانی هاوڵاتیان ، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان رێككه‌وتنی سیاسی بكه‌ن و ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنن ، به‌ڵام رێككه‌وتن له‌پێناو چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی هاوڵاتیان رێككه‌وتن له‌پێناو برابه‌شی ده‌سه‌ڵات و كۆمپانیای هاوبه‌ش نا .
ئه‌م دو به‌شه‌ له‌ لێدوانه‌کانی ئه‌و دو به‌رێزه‌ کرۆکی پلانێکی ستراتیژی داده‌رێژن ، کارکردن بۆیان پێویستی به‌پشتگیری فره‌لایه‌نه‌یه هه‌یه‌ بێئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی تری بۆ بکرێت ، وه‌ک ته‌ره‌فداری له‌ کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی ، چونکه‌ ده‌مێکه‌ خه‌ڵکی ده‌لێن ئه‌و کێشانه‌ ته‌نها ناوماڵی یه‌کێتی لاواز ناکه‌ن به‌ڵکو سه‌رجه‌م پرسه‌ گرنگه‌کانی باشوری کوردستانیش . ‌
کاتێک بتوانن دۆخی تێکچوی ناو یه‌کێتی به‌و شێوازه‌ی یه‌کێتییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ په‌سندی‌ ده‌که‌ن راست بکه‌نه‌وه ‌، به‌واته‌ی یه‌که‌مجار ناوماڵی خۆیان رێکبخه‌نه‌وه‌، دواتر رێگه‌ی ‌هاوپه‌یمانی و هاریکاری هێزه‌کانی تر بۆ گۆرانکاری بنه‌ره‌تی له‌ حوکمرانی و چاکسازی جدی بگرنه‌ به‌ر ده‌توانن ته‌وژمێکی گه‌وره‌ به‌چاره‌ی کێشه‌کانی هه‌رێم بده‌ن .
چاوه‌روانین .

س – سپی م

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies