جەبـار ئەحمــەد : ڕەمزەکانی ترس و کۆدی گەمژەیی .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ترس ئـەوەندەی ڕەھەندێکی سایکۆلۆژی و ناوەکیانە مرۆڤە ، ئـەوەندە پەیوەند نییە بەلایەنی بایۆلۆژی و جەستەییەوە ، ترس ئـیشکردنێکی دەرونیانەیە لەسەر مرۆڤ و چاندنی تۆوی ملکەچی و گوێڕایەڵییە لەپێناو دەستەبەرکردنی تاکی دەستەمۆ و و کۆمەڵگای مێگەل ، بۆیە ترس ھەستە،ھەستی تۆقین و بەکەم زانینی خۆت ، ھەستی بەدێوەزمەکردنی ئـەویتری باڵا  ( باڵا لە نەست و زیهنییەتی کەسی ترساودا )، ترس ئـەوە ھەستەیە دواجار بووە بەڕەمز ، ڕەمزی زمان و ڕەمزی توندوتیژی و ڕەمز وەک ھەڵگری بەھای لەرزین ، ھەڵگری بەھای یەئـسێکی قوڵ لەناخی کەسی ترساودا . ئـەوکاتەی ترس دەبێت بەڕەمز ، پانتای کارکردنی و نەوعیەتی کارکردنی مەزنتر و پتەوتر دەبێت ، مەوای کاریگەریەکانی ترس لەدوای بەڕەمزبوونیدا فراوانتر دەبن و خێراتر شوێنی کاریگەریاکانی تۆختر ڕەنگ دەکات ، ئـەوکاتانەی ترس لەدەرەوەی ڕەمزەکانی زمان و لوعبەی بەلاغەدایە ئـەوا کەمتر وەکو دیوی دووەمی توندوتیژی و ھەڵگری ناوەڕۆکی بەھای داوەشاندن دەبینرێت  ، بەڵکو زیاتر وەکو پەرچاکرداری فیزیکی بایۆلۆژیانە دەناسرێ ، کەلەھەموو جۆر و شوێن-کاتەکانیدا توانای بەربەست و بەرپەرچدانەوەی ئـامادەیە ، بەڵام ڕەمزی زمان یاخو بڵێن بەڕەمزی زمان بوونی ترس و پێدانی مانای زمانی کە ھەڵگری ماھیەتی ترسی گەورەی ئـەو دیو وەسفەکانە، ئەوا ترس لەبوونێکی بەرجەستەوە بەرزدەکەنەوە بۆ ئـەفسانەیەکی خنکێنەری وا کە بەربەست و لەمپەرەکان ناتوانن بەری پێبگرن ، دەبێت بەئـازار و عەزابێک لەدەرەوەی مانا پێدانی وشەکان ، دەستەواژەکان لەئاست توانا و توانستی دەرخستن و نیشاندانی دا نەبن ، ھیچ شوبھاندن و شێوە پێدانێک ناتوانێ وەکو خۆی وێنای ترسمان بۆبکا . ئـەم ترسەی سەردەمی عەقڵانیەت و سەردەمی پەیوەندی مۆدێرنی نابەرابەری مرۆڤی نوێ دروستیدەکات ، بریتیە لەترسی وابەستە بەڕەمزەکان ، ئـەمەش بەڕونی لەترس لەزیندانەکان دەردەکەوێت ، ئـەو ترسەی فۆکۆ لەکتێبی ( چاودێری و سزا ) مێژوەکەی دەگێڕێتەوە ، یاخود ئـەو ترس و ئـازارەی کە جۆرج ئـۆرۆێل لە ڕۆمانی ( ١٩٨٤ ) دا بەوردەکارییەکانەوە وێنای دەکات ، بریتین لەترس لەڕەمزدا . ترس لەڕەمزدا واتا ئـەو ترسەی کەوەسفکڕدن و وێناکردن و گێڕانەوەی ڕوداوە ھەژێنەرەکانی مەترسیدارتر و وێرانکەرترن لەخودی ترسەکە یاخود لەخودی ڕوداوەکە خۆی ، ئـەو ماکیاژەی کە دەوری پرۆسەی ترسەکەی لەزماندا پێ دەچنرێت ئـەوا چەمکی ترس وا بەرزدەکاتەوە مرۆڤ دەکا بەوەھم ، دەیکات بەنەبوویەک ھەروجوودی ھەستەکی و باوەڕبەخۆبوون و شکۆی مرۆڤانەی تیا ناھێڵێ ، ئـەوەی جۆرج ئـۆرۆێڵ ناوی ناوە پرۆسەی بەھەڵم بوو .
دیوێکی تری ڕەمزی ترس بریتیە لەو فەزایەی ئـامادەیی و شیاوێتی تێدایە بۆ پەیدابوون و سەرھەڵدانی ، ئـەویش فەزای نەزانی و گەمژییە ، واتا لەو جۆرە کۆمەڵگایەدا کەھەستی ھۆشیاری زۆر نزمە ئـەوا دەبێتە ھۆکاری کردنەوەی کۆدەکانی ڕەمزی ترس ، لەو کۆمەڵگایانەی کائـاستی ناھۆشیاری ونەزانیان لەبەشی سەرەوەی ڕیزبەندی ھەڕەمەکەدایە ( ئـەگەر نەڵێین لەترۆپک و لوتکەدایە ) ، ئـەوا ڕەمزە زمانییەکانی ترس زیاتر لەناو عەوامدا ڕۆدەچن و دەماودەم کاریگەریان زیاتر دەبێت ، ئـەو کۆمەڵگایەی تاکەکانی بێدەنگ وەکو مەڕ لەڕیزی چونە بەردەم قەسابدا دەلەرزن ، ھیچ نیە جگە لەکۆمەڵگای مێگەلی طەوقکراو بە ڕەمزەکانی ترس ، کۆمەڵگا لەم دۆخی مت بوونەیدا ئـەوەندە ڕوداوەکانی ترسی بۆ باسکراوەو ئـاخنراوەتەوە گوێچکەکانیەوە ئـەوا پێی وایە ئـەگەر بچێتە بەردەم قەساب و سەرببڕدرێ بێ ئـازارتر و بەختەوەرترە لەوەی دەنگ ھەڵبڕێ لەهەمبەر قەسابدا ، لەبەردەم مەرگی خۆیدا ئـارام دەگرێ و تەحەمول دەکا بەڵام پێی وایە تەحەمولی ئـەو ترسانە ناکات کەپێی ترسێنراوەو لەسەری پەروەردەکراوە ، کۆمەڵگای مێگەلی ھاوکات کەکۆمەڵگایەکی گەمژە و ترسێنراوە ، باشترین و کۆمەڵگایە بەلای دەسەڵاتەوە ، دەسەڵات ھەر لەسەرەتاکانی سەرھەڵدانیەوە ھەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی لەو جۆرە ئـەدات ، بۆیە دەسەڵات بڵاوکردنەوەی ترس لەپێناو دەستەبەرکردنی گرەنتی مانەوەی خۆی بەئـەرکی ھەرەسەرکی و لەپێشێنەی خۆی دەزانێت ، دەسەڵات لەم ڕووەوە دوو ئـەرکی سەرەکی لەئـەستۆ دەبێت : – ئـەرکی یەکەم بریتیە لەبڵاو کردنەوەو مەزنکردنی ترس ، لەم ڕووەوە دەسەڵات چەندان چیرۆک و دۆزی پڕمەترسی دروستدەکات و ھەر خۆشی لەڕێگای دەزگا پۆلیسیەکانیەوە ھەڵیدەوەشێنێتەوە ، لەم کارەدا دەسەڵات پشت بەکۆدی نھێنی دەبەستێ ، نھێنی بوون گەورەترین چەکی دەستی دەسەڵاتە لەدروستکردنی ترسی ڕەمزیدا ، دەیان چیرۆکی بوونی گروپی مافیایی ، تاقمی تیرۆرستی ، دزەکردنی دوژمنی دڕندە و … ھتد ، دەبنە زمانی ئـاشکرای دەسەڵات لەپێناو دروستکردنی ترسی گشتی ، لەھەناوی تاکەکانیشدا ترسی فەردی بەشێوەی ڕێکخراو بونیاد دەنێت ، ھەرتاکێک ئـەگەر لەبەر بابەتێکی زۆر سادەش بکەوێتە داوی دەزگا پۆلیسیەکانەوە ئـەوا ترسێکی وەھای نیشاندەدەن کەتەواو مت و بێدەنگ دێتە دەرەوە  ،
بەجۆرێک ھەمووان گومان بکەین کە ئـایا ھەمان کەسی پێش دەستگیرکردنەکەیە ، یاخود کەسێکی ترە ، واتا ئـەگەرچی لەڕووی شکڵەوە ھەمان کەسە بەڵام لەناوەڕۆکدا لەڕێگەی دەزگاکانی ئـازاردان و ترسەوە کراوە بەکەسێکی تری کپکراوە . ئـەرکی دووەمی دەسەڵات لەپێناو بەردەوامی و مانەوە ، بڵاوکردنەوەی گەمژەیی دەبێت ، واتا کارکردن لەسەر ئـاگایی مرۆیی لەپێناو دروستکردنی مرۆڤی بەتاڵ لەعەقڵ و وەستاو لەبیرکردنەوە ،  لەم ئـەرکەشدا دەسەڵات ھەندێک پرۆسە جێبەجێ دەکا .
یەکەم :  ئـەرکی زمان وەک دەرخستن و خوڵقاندن ، زۆرێک لەو بیرمەندانەی دەربارەی توندوتیژی دەدوێن باس لەئـەرکی زمان دەکەن وەک بنەمای ھۆشیاری بۆ دەرخستنی ڕایەڵەکان و ھۆکارەکانی تووندوتیژی لەپێناو کەمکردنەوەو بەرتەسککردنەوەو دواجار بنبڕکردنی ، واتا ئـەرکی زمان لەم دۆخەدا بریتیە لەدەرخستن لەپێناو نەھێشتنی تووندو تیژیدا ، بەڵام ئـەرکی زمان پەیوەست بەترس جیاوەزە لەئـەرکی زمان بەرامبەر توندوتیژی ، لەبواری ترسدا ئـەرکی زمان ئـەرکی خوڵقاندنە ، خوڵقاندنی ھەموو ئـەو ڕەمز و ڕوداوانەی ترس دروستدەکەن و لەدەرونی تاکەکاندا بەمەزن و پتەوی جێگیری دەکەن .
دووەم:  بێبەھا کردنی ھۆشیاری یان ھۆشیاری ساختە ، دەسەڵات ئـەوەندەی بۆی بکرێ ھۆشیاری و بنەما و بونیادەکانی ھۆشیاری لەکۆمەڵگادا بێبەھا دەکات ، ئـەمەش لەڕێگەی بەڕێوەبردنی دەستگا و دامەزراوەکان ، لەڕێگەی کەسانێکەوە کەھیچ دەربارەی مەعریفە ئـاگادارنین و بەسووک سەیرکردنی ئـەو کەسانەی سەرگەرمی خوێندن و دەستخستنی زانیارین ، دەسەڵات لەڕێگەی دامەزراوەگەلی زۆر و بەربڵاوەوە بۆ ئـەم ئـەرکەی شۆردەبێتەوە ناواخنی کۆمەڵگاوەو کار لەسەر تاک بەتاکی مرۆڤاکان دەکات ، ئـەگەڕ دەسەڵات لەم ئـەرکەیدا شکستی ھێنا یانژی ئـاستی بەکارھێنانەکەی بەکەمزانی و نەیتوانی ھۆشیاری تاکەکان لەبواری سیاسی و ئـابوری و کۆمەڵایەتی و … ھتد ، بێ بەھا بکا ئـەوا لەھێڵێکی ترەوە کاردەکات ئـەویش دروستکردنی ھۆشیاری ساختەیە ، لەم ڕووەوە دەسەڵات دەست دەکات بە دامەزراندنی دەیان ناوەندی وەشاندن و بڵاوکردنەوە ، ھەر لە تیڤی و ڕادیۆوە تا دەگاتە ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگای چاپی کتێب و سەدان و ھەزاران سایت و پەیجی ئـەنتەرنێت و بەخشینی بڕوانامەی باڵا با ئـەندامە دڵسۆز و گوێڕایەڵەکانی و دانانیان لەناوەندە ئـەکادیمیەکاندا ، لەم ڕووەوە زانکۆکانی لای خۆمان پڕن لەو کەسانەی کار لەسەردروستکردنی گەمژەیی یاخود ھۆشیاری ساختە لای خوێندکارەکانیان دەکەن ، ئـەمە جگە لەکتێبی بێناوەڕۆک و جەریدە و گۆڤاری بێ مەعریفە و تیڤیگەلێک کە ئـینسانی ھۆشیار لەسەیرکردنیان ھێڵنجی دێت ، لەم ڕێگەوەیەوە دەسەڵات ھۆشیاری درۆینە ،  بەواتایەکی دیکە گەمژەیی لەبەرگی ھۆشیاریدا ئـەوەندە بەفراوانی و بە بەرنامە بڵاودەکاتەوە کەلای بەشە گشتییەکەی کۆمەڵگا جیاوازی کردن لەنێوان ھۆشیاری ساختەو ھۆشیاری ڕاستە قینەدا نامێنێ .

بەکلیکێک لەسەر بابەتەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگاتە هاوڕێکانت

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت