شێرزاد شێخانی : سەربەخۆیی کوردستان وەک گرێیەکی دەرونی مەسعود بارزانی و شتی تر .
هاتنی وەفدی ئەوروپی بۆ کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵگری پەیامێک بو بۆ ئەو لایەنانە کە پێویستە دەسەڵاتی کوردی هەوڵیکی جیددی بدات بۆ ئەوەی سەرلەنوی ماڵەکەی خۆی رێکبخاتەوەو ، سنورێک بۆ ئەو قەیران و کێشە قوڵانەی ناوخۆ دابنێت ، پرۆسەی دیموکراسی بگەرێنێتەوە رێڕەوەی راستەقینەی خۆی ، کۆتایی بەو گاڵتەجاڕییەی ئیفلیجکردنی پەرلەمان و پەکخستنی حکومەت و تەنگژەی دارایی بێنێت ، لەجیاتی ئەوەی بیر لەسەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت بکەنەوە بەتایبەتیش لەم هەلومەرجەدا کەهێشتا کورد ئامادەی ئەو سەربەخۆیی و جیابونەوە نیە بەو ئیدارە فاشیلەی 24 ساڵە بەرێوەی ئەبات.ئەمریکاش چەند جارێک بەگوێی سەرکردەکانی کورددا چرپاندویەتی کەوا باشترە بگەڕینەوە باوەشی بەغداو واز لەو خەونەی سەربەخۆیی بێنن .
لە دوایین پەیامەکەی مەسعود بارزانیشدا تەنانەت خودی خۆیشی ئاماژەی بەهەڵویستی هەندێ وڵاتانی دونیا دابو بەوەی رازی نین رێگەبدەن بەسەربەخۆیی کوردستان و سازدانی ریفراندۆم ، تورکیاش کە زلهێزێکی ناوچەکەیە و هاوپەیمانی نزیکی پارتیە ئەویش بەراشکاوانە وتی ( سەربەخۆیی کوردستان وەک گرێیەکی دەرونی مەسعود بارزانی و شتی ترۆخ ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان .
سەرباری ئەم هەمو فیتۆیانە کەچی مەسعود بارزانی لەبەیانێکی دورودرێژیدا باسی ئەو مافە ئەکات و نیازی خۆی دەرئەخات بەسازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ، لەولاشەوە حزبەکەی لەرێگەی چەند کەسانێکەوە باس لەوە دەکەن کەوا دەبێت مەسعود بارزانی هەنگاو بۆ ئەم دەوڵەتە بنێت بێ گوێدانە ئەمو ئەو .. نوێنەرەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا هەمو ئەو راستییانەی لەسەر زاری وەفدەکەی یەکێتی ئەوروپاوە هاتوە ئاوەژو کردۆتەوەو بەدرۆیەکی شاخدارەوە ئەڵێ کەوا وڵاتانی ئەوروپا ئامادەن هاوکاری هەرێم بن لەراگەیاندنی سەربەخۆیی ، نوسەرێکی دەرباریشیان لەوتارێکدا بارزانی هانئەدات کەوا گوێ لەلایەنەکانی ناوەو دەرەوە نەگرێت و سەربەخۆیی رابگەیەنێت ، تەنانەت ئەم هەڵوێستەشی بەهەڵوێستی مەنعکردنی سەرۆکی پەرلەمان لەهاتنە ناو هەولێرەوە ئەشوبهێنێت ، گوایە مەسەلەکە ئاوا ئاسانەو کەس نایەتە دەنگ .
هەڵبەت سەربەخۆیی خەونی دێرینەی هەمو تاکێکی ئەم میللەتەیە ، کەسیش نکوڵی لەم مافە ناکات ، تەنانەت یاساورێساکانی دونیاش رێگا بەم مافە ئەدەن وەک مافێکی سروشتی هەمو گەلانی دونیا ، بەڵام خەونەکەی بارزانی خەونی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆو دەوڵەتێکی خودئیختیاری سەرکەوتو نیە ، بەقەدەر ئەوەی خەونێکی خۆیەتی بەوەی ببێتە پاڵەوانی سەربەخۆیی لەکوردستاندا ، ئەم خەونەشی ئێستا وەک گرێیەکی دەرونی لێهاتووە ، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ واقیعیەتی ئەو خەونەو هێنانەدیی بکات و ، پێشتر حیسایی ئەوەشی کردبێت تا چەند میللەتەکەی سودمەند ئەبن لەم دەوڵەتە چاوەرانکراوە بەم وەزعەی ئێستایەوە و لەم هەلومەرجە ئالۆزەی ناوچەکەشدا ، ئەو ئەیەوێت ئەگەر خوێنێکی زۆری میللەتەکەشی بڕژێت لەپێناو دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە ئەوە باجەو هەمو میللەتێک ئەبێ بیدات .
با جارێ واز لەوە بێنین تاچەند و لەچ کاتێکا زرووفە بابەتی و مەوزوعییەکان یامەتیدەر ئەبن بۆ راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە ، با بێینە سەر ئەو هۆکارانەی وا لەمەسعود بارزانی ئەکەن لەم ساتەوەختە پڕ لەقەیرانەی ئێستای کوردستان و لەوەزعی بێمتمانەیی لایەنەکان و هەڵویستی نەرینی وڵاتانی دونیاو ناوچەکەش و ، لەکاتێکدا میللەت نانی بڕاوەو خزمەتگوزارییەکانی وەستاون و حکومەت و پەرلەمانەکەشی پەکیانکەوتووە ، هەنگاوێکی وا سەرشێتانە بهاوێت و ، تەحەددای ئەم هەمو بابەتانە بکات و سەربەخۆیی ئیعلان بکات .
هۆکارەکان :
– بارزانی ئێستا هەست بەو شکستە ئابروبەرانەی حزبەکەی ئەکات لەسەرکردایەتی کردنی کوردستان و بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان لەرێگای ئەو حکومەتانەی سەر بەحزبەکەیەوەن ، چونکە نابێ لەبیرمان بچێ کەوا لەهەشت کابینەی حکومەتدا پێنج کابینە بەسەرۆکایەتی پارتیەوە بوە ، لەحوکمڕانی کوردستانیش لەوەتەی راپەڕینەوە تا ئەمرۆ حزبەکەی بارزانی هەمیشە لەسەروی حزبەکانی تر و هاوپەیمانەکانیشی بوەو دەستی باڵاتر بوە ، بەمەش بەشی شێری بەر ئەکەوێت لەم شکست و قەیرانە ئالۆزانەی هەرێم ، ئێستاش کەوا توڕەیی خەڵک گەیشتۆتە سەر لوت و خەریکە ئەتەقێت ، مەسعود بارزانی ئەیەوێت لەرێگەی یاریکردن بەهەستی نەتەوەیی و نیشتمانی میللەتەکەی هەڵخەڵەتێنێت و ئەو هەمو قەیران و کێشەی قوتو خزمەتگوزاری و فەشەلی دەسەڵاتەکەی خۆی و حکومەتەکانی حزبەکەی بشارێتەوە ..
– بارزانی لەدوای 24 سال لەباڵادەستی لەکوردستان و 10 ساڵی فیعلی حوکمرانی تاکەکەسی وەکو سەرۆکی هەرێم ، نەیتوانی وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک خۆی نمایش بکات ، ئەو تا ئەمرۆش هەروەکو سەرۆکی حزبی قائید ئەو دامەزراوەی بەناو سەرۆکایەتی هەرێمی بەڕێوەبردوە ، لەمەشدا شکستێکی گەورەتری لەشکستەکانی حکومەتەکانی پارتی توشهات ، بۆیە ئەیەوێت بەراگەیاندنی سەربەخۆیی وا نیشانبدات کەوا سەرۆکی میللەتەو هەر ئەو ئەتوانی کەشتی میللەتەکەی بگەیەنێتە سەرکەناری دەوڵتبونەوە .
– بارزانی کە ویلایەتەکانی تەواوبونەو حزبەکەشی هەوڵێکی زۆریدا بەبێ کێشەو قڕڕە ویلایەتەکەی درێژ بکرێتەوە بەڵام بۆی نەچوەسەر ، ئەیەوێت بەئیعلانکردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئیعتبارێک بۆ خودی خۆی بگەرێنێتەوە بەوەی لەژێرسایەی ئەودا بوە کەوا کوردستان سەربەخۆ بوەو ، لەبری ئەوەش هەقە میللەت پاداشتی بداتەوە بەوەی تا هەتا وەکو سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە بەو ئیعتبارەی ئەبێتە پاڵەوانی سەربەخۆیی میللەتەکەی و ئەبێ رێزی لێبگیرێت بە هێشتنەوەی لەسەر دەسەڵاتو دواتریش بۆ کوڕو نەوەکانی .
– بارزانی و حزبەکەی لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەگشتیەکان لەساڵی داهاتودا، درکیان بە توڕەیی خەڵک کردوەو چاوەڕوانی سزایەکی توندتر لەوەی یەکێتی نیشتمانی ئەکەن لەسەر هەڵویستە سیاسییەکانیان ، ئەوەشیان بۆ رونبۆتەوە کە ئێستا مەیلی جەماوەر بۆ لای بەرەی ئۆپۆسزیۆنی پارتییە ، بێجگە لەوەش ئەو بەرە چوار قوڵییەی نێوان لایەنەکانی تر زامنی چارەسەری کێشەو قەیرانە سیاسییەکانن ، بۆیە دور نیە هاوکێشە سیاسیەکانی داهاتو بەتایبەتیش هاوکێشەکانی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی حزبەکەی بارزانیدا نەبن ، بۆیە ئەیەوێ لەئێستاوە یاری بەهەستی جەماوەر بکات و ریفرادندۆم ئەنجامبدات ، ئەمەش بکاتە دروشمی هەڵبژاردنی داهاتوو بڵێت من ریفراندۆمم کرد ئێستاش مەجالم بەنی دەوڵەتتان بۆ دروستکەم .
– بەئیستغلالکردنی ئەم بابەتە هەستیارە کەوا هیچ حزبێک ناتوانێت رێگە لەریفراندۆمو سەربەخۆیی بگرێت ، ئەیەوێ وا لەحزبەکانی کوردستانیش بگەیەنێت کەوا ئەو پاڵەوانی سەر ساحەکەیەو ئەوانیتریش پاشکۆن ، بەمەش واقیعێکی تازە لە پەیوەندییە سیاسییەکان بچەسپێنێت و ببێتە حزبی قائیدو ئەوانی تریش لەدەوریدا بسورێنەوە .
لێرەدا نمونەی چەند میللەتێکی ترمان لەبەرچاوە کە لەهەنگاوێکی هاوشێوەدا شکستی گەورەیان توشهات .. نمونەی جیابونەوەی ئەریتیریاو باشوری سودان وەکو دو نمونەی زیندوی فەشەلی سیاسی حزبەکان و خەباتگێڕەکانی ئەم دوو وڵاتەن ، کاتێک سەربەخۆییان راگەیاند بەبێ بونی ئەسبابی زاتی و مەوزوعی بەمەش میللەتەکەیان توشی شکستێکی زۆر گەورە کرد ، ئێستا ئەم دو وڵاتە لەپەراوێزی خواری خوارەوەی دەوڵەتە سەربەخۆکانن ، سەرکردەکانیان ناتوانن سادەترین مافە سروشتیەکانی میللەتەکەیان دابینبکەن کە ئەوانیش بەقەدەر خۆیان قوربانیان لەپێناو سەربەخۆبوندا داوە . پارتی و بارزانی ئەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت تەنها بۆ کردنەوەی ئەو گرێیە دەرونیەی بارزانی موغامەرەیەکی ئاوا بکەن سەرباری ئەو هەمو هۆشدارییەی وڵاتە زلهێزەکان و ناوچەکەش و حوکمدانیان بەفەشەلی ئەم هەنگاوە .
ئەڵێن کۆمەڵێک سەرکردەی عەسکەری لەوڵاتێکی هەژاردا کودەتایەکی سەربازی ئەکەن بەسەر رژێمی وڵاتەکەیانەوە ، کاتێک دەسەڵات ئەگرنە دەست و سەیر ئەکەن خەزینەی وڵات یەک عانەی تیانیە ، لە یەکەم کۆبونەوەی بەناو سەرکردایەتی شۆرشدا گفتوگۆ لەسەر رێگەچارەیەک ئەکەن کە چۆن خۆیان دەرباز بکەن لەم موغامەرەیەی کردیان . یەکێک لەوانە ئەڵێ : چارەسەرێکی ئاسانم هەیە ؟. ئەڵێن : ئادەی بێنە بابزانین چیە ؟ ئەویش ئەڵێ : ئیستا ئیعلانی دژایەتی خۆمان بکەین دژ بەئیستعمار ، بەمەش ئیستعمار لێمان توڕە ئەبێت و هێز ئەنێرێتە سەرمان وڵاتەکەمان داگیر ئەکات ئەوسا ئەوان وڵاتەکەمان ئاوەدان ئەکەنەوەو میللەتەکەشمان بەدەستیانەوە ئیسراحەت ئەکەن؟؟!!.چارەسەرێکی مەعقولە،بەڵام ئایا ئەو ئیستعمارە تورکییەی بەتەکمانەوەیە ئامادەیە ئەم وڵاتە تازەیەمان بۆ ئاوەدان بکاتەوە یا تەنها چاوی لەسامانی نەوتو گازەکەمانە.؟؟؟!! ئەمە پرسیارێکە روبەڕوی پاڵەوانی سەربۆخییەکەمانی ئەکەینەوە…
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
- -
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts