24-06-2017 Dr-Muhamad-Ali

دکتۆر محه‌مه‌د ئه‌مین گه‌ناویی : قه‌یران ـ قاتی‌و قڕان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ر روداوێك له‌هه‌ر بوارێكی ژیاندا یان له‌هه‌ر كارو پڕۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌ك له‌قۆناغێكدا ده‌بێته‌ قه‌یران ئه‌گه‌ر توانا نه‌ما بۆ ئه‌نجامدانی . هه‌ر‌ قه‌یرانه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌و ئامرازی پێویستی خۆی هه‌یه‌ بۆ ده‌رچون لێی ، هه‌ركات تواناكان‌و ئامرازه‌كان له‌كا‌و شوێنی خۆیان دروست‌و ته‌ندروست به‌كارنه‌هاتن نه‌ك هه‌ر قه‌یران چاره‌سه‌ر نابێت ، به‌ڵكو قه‌یران گه‌وره‌تر ده‌كات‌و قه‌یرانێكی تر له‌ناو قه‌یران له‌دایك ده‌بێت .

هه‌ر قه‌یرانێك پاشخانی خۆی هه‌یه‌و هه‌روه‌ها نیشانه‌ی ( symptom ) خۆشی هه‌یه‌ كه‌به‌ر له‌ڕودانی قه‌یران ده‌رده‌كه‌ون‌و ئیتر ئه‌وه‌ ئاستی هۆشیاری زانین ئه‌زمون‌و ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی تاك یان كۆمه‌ڵ‌ كه‌ده‌توانێت رێگه‌ له‌قه‌یران بگرێت ، یان بتوانێت ئیداره‌ی قه‌یران بكات له‌كاتێكی دیاری كراودا به‌كه‌مترین به‌های تێچون .
هه‌ركات تواناكان ده‌سته‌وه‌ستان بون له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت ئه‌وا قه‌یرانه‌كه‌ گه‌وره‌ترو فراوانتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ له‌دایكبونی قه‌یرانی تازه‌ له‌بواری تردا ئه‌مه‌ واده‌كات قه‌یران له‌قۆناغی خۆی ده‌ربچێت‌و بچێته‌ قۆناغی تر كه‌مه‌ترسی دارتره‌ له‌قه‌یران .
قه‌یرانی ئابوری‌و دارایی یه‌كێكه‌ له‌و قه‌یرانانه‌ی زۆر كه‌م كه‌س‌و وڵات‌و گه‌ل هه‌یه‌ له‌یه‌كێك له‌قۆناغه‌كانی ژیانی ئه‌زمونی نه‌كردبێت ، بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌عه‌قڵ‌و زانست‌و ئامرازی گونجاو روبه‌ڕوی قه‌یران ده‌بنه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌توانن چاره‌سه‌ری قه‌یران بكه‌ن ، به‌ڵكو خۆی قه‌یران ده‌بێته‌ ئه‌زمون‌و ئاگاداركه‌ره‌وه‌ زانین‌و ناسینی خاڵه‌ لاوازه‌كان بۆ پته‌وكردن‌و چاككردنی پایه‌كانی ئابوری‌و دارایی له‌ڕێگه‌ی داهێنانی ئامرازی تازه‌و سیاسه‌تی تازه‌ له‌گه‌ڵ چاككردن‌و په‌ره‌پێدانی بواره‌كانی رێكخستن‌و كارگێڕی .
هه‌ركات نه‌توانرا رێگه‌ به‌قه‌یرانی ئابوری بگیرێت‌و نه‌توانرا زانستانه‌ ئیداره‌و چاره‌سه‌ری قه‌یران بكرێت ئه‌وا قه‌یران گه‌شه‌ ده‌كات‌و ده‌چێته‌ قۆناغی قاتی / برسیه‌تی بون .
قۆناغی قاتی بون / برسی بون ، واته‌ بێ كارابونی تواناو ئامرازو زه‌مینه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانی ئیراده‌و ته‌سلیمبون به‌قه‌ده‌ر كه‌مردنه‌ له‌برسا .
له‌كاتی دروستبونی حاڵه‌تی قاتی جگه‌له‌وه‌ی كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی ژیان دروستده‌كات چاره‌سه‌ریشی له‌چاره‌سه‌ری قه‌یران سه‌ختترو گرانتره‌ ، چونكه‌ به‌تواناو ئامرازی تازه‌وه‌ به‌شداری‌و هه‌ماهانگی گشتی پێویسته‌ ، هه‌ندێكجار هه‌تا هاوكاری وڵاتانی ترو جیهان كه‌ له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌شێت ئه‌مانه‌ له‌یه‌ككاتدا ئاماده‌و بونیان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی قاتی بگێڕنه‌وه‌ قۆناغی قه‌یران‌و ئه‌مجار چاره‌سه‌ر كه‌ئه‌مه‌ش ئاسان نیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ قاتی گه‌شه‌ ده‌كات بۆ قۆناغی مه‌رگبار كه‌قڕانه‌ .
له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ، له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا كۆده‌نگیه‌كی گشتی‌و هاوبه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستده‌بێت ، به‌ڵام له‌كاتی قاتیدا كۆمه‌ڵگاو دام‌و ده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌بردن هه‌ڵده‌وه‌شێن‌و تاك‌و كۆمه‌ڵ له‌ڕوی مه‌عنه‌ویه‌وه‌ بێكاراو برسی ده‌بن ، ئه‌مه‌ش خێرایی قۆناغی قاتی زیاتر ده‌كات به‌ره‌و قڕان واته‌ له‌ناوچونی / قه‌ڵاچۆبونی مرۆڤه‌كان به‌ كۆمه‌ڵ له‌ڕوی جه‌سته‌ییه‌وه‌ كه‌ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌مێژوی كۆن‌و تازه‌دا به‌سه‌ر زۆر له‌نه‌ته‌وه‌كان هاتوه‌ .
ئه‌مڕۆ به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌قۆناغی ته‌واوكردنی قه‌یرانین به‌ره‌و ئاراسته‌ی قاتی‌و قه‌یران ئه‌گه‌ر تواناكان ئه‌زمونه‌كان ئامرازه‌كان مسئولانه‌ به‌خێرایی نه‌كه‌ونه‌كار ، هه‌ڵاتنی خه‌ڵك به‌ره‌و ده‌ریاكان‌و نقومبونیان نیشانه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ له‌قه‌یرانه‌وه‌ بۆ قاتی‌و قڕانی له‌یه‌ككاتدا ، ئه‌گه‌ر ره‌وش بێ چاره‌سه‌ر بێ حاڵه‌تی قاتی‌و قڕان خێراترو فراوانترده‌بێت ئه‌وكات هه‌م‌ كۆمه‌ڵگا هه‌م نیشتمان به‌ته‌واوی توشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بن‌و داهاتویه‌كی تاریكترو كاره‌ساتبارترمان ده‌بێت كه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌ی تازه‌ به‌ڵكو نه‌وه‌كانی داهاتوش له‌ده‌ست قه‌یران ، قاتی یان قڕان ناحه‌سێنه‌وه ‌.
پێویسته‌ كوڕانی وڵات‌و دڵسۆزان باش بیربكه‌نه‌وه‌ كه‌ چ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك ، كوشه‌نده‌ گشتگیر به‌رۆكی گرتوین‌و له‌قه‌یرانه‌وه‌ به‌ره‌و قاتی‌و قڕانمان ده‌بات ئه‌گه‌ر كاری جددی‌و ریشه‌یی‌و دڵسۆزانه‌ نه‌كرێت بۆ وه‌ستاندن‌و كۆتایی هێنانی ئه‌محاله‌ كه‌رۆژانه‌ هاوڵاتیان له‌ڕوی ئابوری‌و ده‌رونیه‌وه‌ تیرۆر ده‌كات .

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت