مامۆستا شێرکۆ : سەرنج و تێبینی لەسەر پڕۆژەکەی گۆڕان .

وێڕای دەست خۆشی لەو پڕۆژەیە ، بڕێک سڵەمینەوەی پێوە دیارە دەست نەبراوە بۆ هەندێک خاڵ کە ئەبووە هۆی زیاتر بەدەنگەوە هاتن و بڕواو متمانەی خەڵکی ، لیرەدا دەست دەخەمە سەری وەک هاوخەم و هاوکاربوون لە ڕاستکردنەوەی باری لاری کورد .

لە قەیرانی سیاسیەوە :

1 – ڕاشکاوانە دەست نەخستنە سەر وازهێنانی مەسعود بارزانی ، بوترایە ئەم پڕۆژە چاکسازییە لە مەسعود بارزانیەوە دەست پێدەکات لە مێژووی تەواوبوونی سەرۆکایەتیەکەیەوە ، ئەو سەرۆک نیەو بۆشی نیە دەست وەربداتە پڕۆژەکانی چاکسازی و بەرکەنارە لە هەموو بەرپرسیارێتیەکانی.

2 – پڕۆژەکە پرۆسەی دیموکراتی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا قەتیس دەکات ، کە دەبێ هەموو جومگەکانی حوکمڕانی بگرێتەوە وەک پارێزگارو ئەنجوومەنی پارێزگاو شارەوانیەکانی و قایمقام و شارەوانیەکەی بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانی وئەنجوومەنی گوندەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی گوند کە تا ئێستا فەرامۆش کراوە ، ئەمە دەبێتە ڕێگر لە بەردەم بەش بەشێنە .

3 – سەرۆکایەتی هەرێم و حوکمەت لە یەک حیزب یا بنەماڵە نەبن تا هێزی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش ئازاد بێت ، دۆخەکەی ئێستا زادەی دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵەیە .

4 – لە پرسی دەستووردا ، یەکلایی بکرێتەوە کە دەستوور بۆ هاونیشتمانیانە نەک بۆ حیزب و دەستەو تاقم ، هەموار کردنەوەی هەمیشە لە خزمەتی هاونیشتمانیاندا بێت .

5 – لە پرسی حوکمەتدا لابردنی ( یان ) لە بڕگەی  ت : ، بۆ بینینی ئەم خاڵە بڕوانە پڕۆژەکە .

6 – پێم باشە بۆ ماوەیەکی کورت پایتەختی هەرێم بگوازرێتەوە ، پێشنیاری ڕانیە یا کۆیە دەکەم تا چەسپاندنی حوکمی یاسا .

7  – لە جیاتی ڕیفراندۆم کار بۆ کۆنفدرالی بکرێت لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا کە دەبێتە ڕێ خۆشکردن بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بە مەرجی هێشتنەوەی پەیوەندیەکی هاوسێیانەی باش لە گەڵ عیراق و بەکار هێنانی عیراق بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە دنیای دەرەوە و نەهێشتنی بارقورسی پەیوەندییە گوماناوییەکانی ئێران و تورکیا کە بەرهەڵستی ئەمەش دەکەن کە هەمانە لە عیراق .

8  – لە جیاتی خاڵی ( ١٠ ) دەبوایە پڕۆژەکە پێداگری بکردای لە نەهێشتنی پێشمەرگەی حیزب و باندی چەکداری بەرپرسان و حیزبە بچوکەکان ، پێداگریش بێت لە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی ڕاهێنراوی نوێی کوردستان ( پەروەردەکراو بە گیانی نەتەوەیی و مرۆڤ دۆستی ) کە زامنی سەروەری یاسایە ، هەموو پڕۆژەکە بەبێ ئەوە خەتێکی ڕاست و چەپی بەسەردا بهێنەو باسی چاکسازی مەکە ، بڕوانە پڕۆژەکە .

لە پرسی قەیرانی داراییدا :

1 – دیاری کردنی ناوی بەرپرس و کەسی حیزبی و ناحیزبی کە پارەی هەرێمی بردووە یا بەهەدەری داوە بە ئاشکرا بدرێتە دادگاو سەپاندنی سزا بەسەریاندا بێ ڕەچاوکردنی پلەو پایەی حیزبی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسە ، هەر چەند ئەم خاڵە پشتیوانی بەڵگەی یاسایی گەرەکە بە ( بەراوردی ژیانی ڕابوردوو و ئێستای ) هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت بە پێی ئەمەت لە کوێ بوو .

2  – بڕینی بوودجەی حیزبی کە وەری دەگرن لە بودجەی گشتی ، دەبێتە هۆی پیاچوونەوەی ناچاری حیزبەکان بەخۆیاندا و وەستاندنی زۆربەی چالاکیە حیزبیەکان و کادیرو کەسەکانیان ناچار دەبن کار بکەن ئەمەش ئارامیەک دەبەخشێت بە دەروونی هاونیشتمانیان بە نەمانی جیاوازی .

3  – لێ پێچینەوەو سزادانی ئاشتی هەورامی و هاوکارەکانی .

4  – وەرگرتنەوەی پارەی نەفتا کە دەست بەرپرسەکان کەوتووە نەک هەر ئاشکرا کردنی .

5  – وەرگرتنەوەی بڕی پارەی باج و باجی گومرگی لە کۆمپانیا حیزبیەکان و ئەو کەسانەی لێخۆش بوونیان لە باج وەرگرتووە .

تەواوی سەرەوە دەوڵەمەند کردنە شکاندن و لێ کەم کردنەوە نیە لە پڕۆژەکە ، لە ئەزموونی ژیانەوە لام گەڵاڵە بووە ، گەندەڵی لە کوردستاندا مێژوویەکی درێژی هەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەراکەی ئەیلولی ١٩٦١ سەرباری هەندێک کەلتووری چەوتی خۆمان و داگیرکەران ، بەهیوای وڵاتێک یاسا سەروەر بێت .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies