بورهان شێخ ڕەئوف : ئاگربەس لە سووریا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێوارە پێنج شەمەى ڕابردوو هەردوو زلهێزى جیهان ئەمریکاو ڕووسیا ڕێکەوتن لە سەر ئاگربەس لە سووریا بە ئامانجى ڕێخۆشکردن بۆ بەستنى دانیشتنەکانى کۆنگرەى جنێف لە لە 7/3 مانگى داهاتوو و هەروەها ڕێگرتن لە کۆچى بە کۆمەڵى هاووڵاتیانى سڤیل لە باکوورى حەلەب و گەیاندنى کۆمەک و پێداویستى مرۆیى بۆ هاووڵاتیانى گەمارۆدراوو لە و ناوچانە .
بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسووڕمان و تا ڕادەیەک نامۆیە لە مێژووى هەموو ئاگربەسەکان لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و بگرە جیهانیش ئەوەیە کە دوو وڵاتى زلهێز ڕێککەوتوون لە سەر ئاگربەسەکە بە بێ پرس و تەنانەت ڕاوێژ بە لایەنە گرنگەکانى شەڕەکە لە سەر خاک و تەنانەت ئەوانەى وا لە دامێن و پەراوێزى شەڕەکەدان و وڵاتانى ئیقلیمی شیان تووشى حەپەسان کرد .
بە هەرحاڵ لە بارودۆخێکى وەکو ئەوەى ئێستاى سووریا کە سەرچاوەکانى هەواڵ باس لە بوونى زیاتر لە 1060 تاقم و گروهو لایەن و ڕێکخراو دەکەن کە نزیکەى 250 لایەنیان زیاتر هێزى چەکدارو میلیشیاتى تایبەت بە خۆیان هەیە و ئاگربەسەکە دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) و بەرەى نوسرە و ڕێکخراوە تووندڕەوەکانى دى ناگرێتەوە و تورکیاش لە زمانى سەرۆک وەزیرەکەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەوانیش هێزەکانى هەپەگە و یەپەژە بە تیرۆریست دەناسن و دەست لە بۆمبابارانکردن و پرۆسە سەربازیەکانیان بەرنادەن ، بێجگە لەوەى کە هەموو ئەو لایانانە تێکەڵاوى جوگرافیان هەیە و لەوانەیە لە کیلۆمەترێکى چوارگۆشەدا چەند ڕێکخراوێکى چەکدارى جیاواز بوونیان هەبێت و لە نەبوونى هیچ میکانیزمێکى کاریگەر بۆ زێرەڤانى دۆخەکە بزانێت کێ پابەندەو ؟ کێ پێشێلکار ؟ بۆیە دەرفەت و ئومێدى درێژەکێشان و بەرقەرار بوونى ئاگر بڕ زۆر ئەستەمە بە بڕواى من .
ئەمانە لە لایەک لە لایەکى ترەوەهەرچەندە داعش تا ئێستە بێدەنگى هەڵبژاردووە بەڵام ئەبو موحەمەد جۆلانى سەرۆکى بەرەى نوسرەى تیرۆریست کە ئاگربەسەکە ئەوان ناگرێتەوە لە لێدوانێکى دەنگیدا ئاگربەسەکەى بە شەرمەزارى و زەلیلى وەسفکرد و داواى لە گروهە تیرۆریستیەکان کە پابەند نەبن پێوەى و ئەمە بە هەوڵێک دەزانێت بۆ ڕزگارکردنى ڕژێمەکەى ئەسەد ، لەلایەکى ترەوە جۆرج سەبرا جێگرى سەرۆکى شاندى دانوسانکارى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا لە جنێف وتى زەمینە هیچ لە بارو گونجاو نیە بۆ درێژەکێشانى ئاگربەسە کە بە بوونى ڕووسیا لە پێگەى دوژمن و دادوەریش لە هەمان کاتدا .
بەڵام لەلایەکى ترەوە ناکۆکى وململانێکان لە ئاستى دەرەوە خوێندنەوەى جیاواز هەڵدەگرن ئەگەر لە پەیوەندیەکانى ڕووسیاو سووریا بڕوانین هەست بە بوونى جیاوازى لە سەر ئایندەى سوریا وماوەى ڕاگوزەرى و گۆڕانکارى لە پەیکەرى دەسەڵات و پرۆسەى سیاسیدا دەبینرێت و بە تایبەتى لەم دواییە دا بەشار ئەسەد مەرسومێکى دەرکرد وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە کۆتایى مانگى نیساندا ڕاگەیاند وەکو هەنگاوێکى پێشگرتن بە خواستەکانى ڕووسیا بەڵام هاوڕاو تەبان بۆ درێژەدان بە شەڕى تیرۆر وەلانانى ناکۆکیەکان .
هەروەها لە هەمانکاتدا سەرچاوەکانى هەوڵ باس لەوە دەکەن ئەمریکیەکان باس لە پلانى B دەکەن لە کاتى شکستهێنانى ئاگربەس لە سوریادا ئەو پلانەش بریتیە لە ئەگەرى ناردنى هێزى تایبەتى ئەمریکى زیاتر بۆ سوریاو زیادکردنى کۆمەک و یارمەتى سەربازى و لۆجستیکى بۆ هێزەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سووریا و کەڵک وەرگرتن لە یارمەتى وڵاتانى تر لە چەک و جبەخانەو پێداویستیەکانى تر و هەوڵدان بۆ دامەزراندنى ناوچەیەکى دژە فڕین و ئارام بۆ ئاوارەکان و پاراستیان لە هێرشەکانى ڕژێم .
بەڵام فەرەنسیەکان پلانى B بە گونجاو و لە جێ ى خۆى نازانن چونکە فەرەنسیەکان لەو بڕوایەدان ئەمریکیەکان نایانەوێت زیاتر بچنە ناو قوڕو چڵپاوى سووریاوە و هەموو گرەوەکانیان لە سەر گۆڕینى هەڵوێستى سەرۆکى ڕووسیا فلادیمێر پۆتینە .
بەڵێ ئێستا لە دواى هەمووئەو گۆڕانکارى و پێشووە چوونانەى دۆخى سووریا ئاگربەسەکە پێناچێت ئیتر چەک پشوو بدات و نۆرەى دان وسان و گفتوگۆ و ڕێگا چارەى سیاسى و دبلۆماسى بێت بەڵکو هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن خۆ ئامادەکردن و سازدان وجۆشدان بێت بۆ خولێکى شەڕى خوێناوى وێرانکەرى زیاتر چونکە شەڕى سووریا لە شەڕێکى ناوخۆیەوە گۆڕا بۆ شەڕێکى ئیقلیمى و لەویشەوە بۆ شەڕێکى جیهانى و لە کۆنترۆڵ دەرچووە لە ڕووى سیاسى و سەربازیشەوە .
بە هەرحاڵ سیناریۆى دواى شکستهێنانى ئاگربەسەکە زۆرسامناک و خوێناوى و گورچکبڕ دەبێت کە هەر لە ئێستاوە فڕۆکە جەنگیەکانى عەرەبستانى سعودیە لە بنکەى ئەنجەرلیکى تورکیان و دەڵێن بۆ شەڕى داعش هاتوون بەڵام هەندێک لە چاودێران لە بڕوایەدان کەلە ژێر ئەو پەردەیەدا ئامانجى تر هەیە ئەویش دابەشکردنى جوگرافى سوریایە و دامەزراندنى دەوڵەتێکى سوونەیە لە ڕقەو دێر زور و حەسەکە کە درێژدەبێتەوە تاوەکو مووسڵ .
دەمێنێتەوە سەرئەوەى ئایا ڕۆکێتەکانى ڕووسیالە جۆرى s 400 بوار دەدەن ئەم نەخشە ڕێگایەى سعوودیە وتورکیا بخرێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە ؟ ئایا ئەمریکا دەستەوەستان دەبێت لە ئەنجامى هەر گۆڕانکاریەک ؟
ئایا شەڕێکى سعودی و تورکى لە گەڵ ڕووسیا بەرپا دەبێت یان شەڕێکى جیهانى ئەمریکى ڕووسى ؟
بێگومان ڕووداوەکانى ئایندە وەڵامى ئەو پرسیارە دەدەنەوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت