muhamad-genawi

دکتۆر محەمەدئەمین گەناوی : لە شەقامەوە بۆمزگەوت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شوێن بەڕەھەندی ( جوگرافی . سیاسی . ئابوری . کۆمەڵایەتی . فەرھەنگی زانستی . سەربازی ) تا دەگاتە شوێنی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەیی , مانا و تێگەیشتن و فرە ڕەھەندی ھەیە , شوێن ناسنامەی کەسەکان و کۆمەڵگاکانە بۆھەریەکێ لەو ڕەھەندانەی ئاماژەی پێ در .
بۆنمونە ئەگەر بڵێین فڵانە گەل لەفڵانە شوێنی دنیا دەژی , یان فڵانە کەس لەفڵانە شار یان گەڕەک دەژی , یان ھەروەھا لەفڵانە دەزگا و دامەزراوە کاردەکات , یان بڵێین فڵانە دەزگا یان ڕێکخراو کاردەکات لەفڵان شوێنی وڵات , ئیتر ھەر بە زانینی شوێنەکەوە پەی بەناسنامەی ئەو کەس و کۆمەڵگا یان دامەزراوە دەبەین .
شوێنەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ھەستی بەئاگا و نائاگای ، وە کاردانەوە دەرونی و ( سلوک ) , ھەتا فیزیکی پێوە ھەیه
شوێن نەک ھەر ئاماژەیە بۆناسنامە و کەسایەتی , بەڵکو شوێن دەتوانێت ھەڵگری پەیامیش بێت , دیسان بەنمونە ئەگەر چەند که سێ لەشوێنێکی ئاسایی باسی بابەتێکی دیاریکراوی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و ئابوری بکەن , ئەوا ھەرلەچوارچێوەی باسی ناو ئەم چەند کەسەدا دەبێت , بەڵام ئەگەر ھەمان باس بۆ دامەزراوەیەکی میدیایی بکرێ ئەوا ئەم باسە دەبێتە پەیام , واتە شوێنەکان ئەندازە و کاریگەری پەیامەکان دیاری دەکەن .
ھەمیشە شوێنەکان پلە و ئاستی کۆمەڵایەتی , ئابوری , ھێز , سیاسی , سەربازی فەرھەنگی وه ھەتا تەمەن و ناسنامەی کەسی و کۆمەڵەكانيان دیاری کردوە و دیاری دەکەن , بە پەیامەکانیانەوە لەسەر ئاستی , خێزانێکی بچوکەوە تادەگاتە ئاستی جیھانی , بۆئەوەی باس زۆر درێژنەکرێتەوە بەباسی ھەموو ڕەھەند و ئاستەکان , کەدەشێ ببێتە کتێبێک نەك وتارێ , بەکورتی بابەت کورت دەکەینەوە سەر ئاستی دوو شوێن , ( شەقام و مزگەوت ) پەرستگاکان لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی .
ئامادەبونی کەسێک یان گروپێک بۆنمونە لە (شانۆ . کتێبخانە . یان زانکۆ و فێرگەیەک ) ، پەیامی ئاستی کۆمەڵایەتی چینایەتی وە فەرھەنگی دەدات , وە بە ئاسایی وەردەگیرێت , بەھەمان جۆر بونی کەسانێک یان کۆمەڵێک لەبازاڕێکی کاڵادا یان بازاڕی کاڵایەکی دیاریکراودا , پەیامی ئابوری وەیان توانای ئابوری کەس و گروپەکانی دەدات , کە ئەمانەی لەم بازاڕەدان چ چالاکیەکی ئابوریان ھەیە , وەھەروەھا توانای ئابوریان , واتە سەربە چ چینێکی کۆمەڵگان بەڕەھەندی ( ئابوری . سیاسی . کۆمەڵایەتی ) , وەھەتا لەھەندێ حاڵەتدا کەسایەتی و فەرھەنگیش .
بۆنمونەی ئەم شرۆڤەى سەرەوە زۆربەمان لەشوێنێکی دیاریکراودا , وەک شانۆ , پێشەنگايەکی ھونەریی یان کۆڕێکی فکری , دیاریکراودا ھاوڕێ یان ناسیاوێک ببینین , کە ئەم شوێنە یەک بگرێتەوە لەگەڵ پیشە و توانا و بەھرە و مێژووی چالاکیەکانی ئەوا دەپرسین تۆش لێرەی ؟ , واتە چاوەڕوان کراوەکە ئەم , لەم شوێنە بێت , وه به پێچەوانەوه ئەگەر بەرێكەوت رێگەمان بكەوێته شوێنێ ھاوڕێیەك یان ناسیاوێک ببینین , لەبری ئەوەی بپرسین تۆش لێرەی ؟ دەپرسین چی دەکەی لێرە ؟, واتە ئێرە یان ئەم شوێنە لەگەڵ (پیشە . چالاکی ) وە ھەتا ھەندێک جار کەسایەتی ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی ئەم یەک ناگرێتەوە .
لەسەر ئاستی سیاسی کۆمەڵایەتی , وە فەرھەنگی ئەگەر باسی ( شەقام و مزگەوت ) یان پەرستگاکان بکەین , وەک دووشوێنی ھەرەگرنگ کە ڕۆڵیان ھەیە لەسەر ھەردوو ژیانی ماددی و مەعنەوی کەسەکان دەبینین بەشێوەیەک لەزۆر شوێندا پەیوەندی تەواو کەری یەکتریان ھەیە , بەڵام بە شێوەی جیاواز .
چۆن ؟
ھەرکاتێک کەسەکان کۆمەڵگاکان وەیان کۆی گشتی کۆمەڵگا ھەستی بەترسێکی ھاوبەش کرد , ئەوا لەشەقامدا کۆدەبنەوە بۆنمونە کۆمەڵێک لەناو کۆمەڵگا لەترسی ڕوداوێک یان قەیران و کەمی و ھەڕەشەی ئابوری بۆدەربڕینی ترسی ھاوبەش , لەشەقامەکاندا کۆدەبنەوە وەک خۆپیشاندانی ( کرێکاران . خوێندکاران . مامۆستایان . فەرمانبەران ) , ھەرکات ھێزی ترسی ھاوبەش وە شەقامەکان بەھەرھۆیەک بێت نەیان توانی ئارامی و ئارامش بەرھەم بھێنن بۆبەدەست ھێنانی داواکان ئەوکات نائومێدی وە بێ ھیوایی ,  ھاوبەش دروست دەبێت , لەکاتی دروست بونی یان ھاتنەکایەی نائومێدی ھاوبەش ئەوا شوێنی کۆبونەوەی کەسەکان لە شەقامەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆمزگەوتەکان ( پەرستگاکان )  . بۆنمونە پاش شکستی شەقام لەسەدەی ڕابردوو لەوڵاتانی بەناو سۆسیالیستی لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات , ھەرچی دەسەڵاتدارانی دیکتاکتۆر لە ھەر یەک لە ھەنگاریا لەساڵی 1956 لەچیک لەساڵی 1968 کە بە بەھاری ( پراگ ) ناسراوە , لەبێ ھیواییدا سەرئەنجام ( کەنیسە ) بو بە شوێنی کۆبونەوەی خەڵک , لەپۆڵۆنیا لەساڵی 1989 لەوێوە بەسەرکردایەتی ( لیچ ولسا ) لەڕێگەی ڕێکخراوی ھاوکاری ( هەم بەستەگى ) کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی تاک ڕەوی کۆمۆنیستی ھێنا , ئیتر ئەم سەرکەوتنە ھەموو وڵاتانی تری بەناو سۆسیالیستی ئەوروپای ڕۆژھەڵاتی گرتەوە .
ئەمڕۆ لەکوردستان بەھۆی ترسی ھاوبەش لەداھاتوی ئابوری , شەقامەکان کەم یان زۆرچالاكن لە خەڵكى بەش خوراو و بێ موچە , لەھەمان کاتتدا مامۆستایانی ئاینیش وە مزگەوتەکانیش چالاکیەکی ڕێژەییان تیادەبینرێت بەکۆبونەوەی زیاتری خەڵکی بێ هيوا لەشەقام .
ئێستا خەڵک لە نێوان شەقام ( ترسی ھاوبەش ) , وە مزگەوتەکاندا ( بێ ھیوایی ھاوبەش ) دایە , تاشەقام بێ کاریگەرتربێت , ئەوا مزگەوتەکان چالاکتر و کاریگەرتردەبن , بونی ئەم حاڵەتە لەھەرشوێنێک , بە بەڵگەی مێژوویی و حەتمیەتی ژیان چارەنوسی دەسەڵاتداران بەجددی دەخاتە ژێر پرسیارەوە , کە دەشێت تراژیدیابێت بۆیان .
دەسەڵاتدارانی خاوەن فکر , دەرك وه شعورى سياسى هەوڵ دەدەن , چارەی وە ئیدارەی ترسی ھاوبەشی خەڵک ( شەقام ) بکەن بە تەسلیم بونیان بەداواکانی شەقام , ئەگەر ئەمە نەگەن ئەوا شەقام ( ترسی ھاوبەش ) دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر کە مزگەوت و پەرستگاکانن ( بێ ھیوایی ھاوبەش ) ، کە ئیتر لەوێوە بواری لێک تێگەیشتن و دیالۆگ نامێنێت , کە سەرئەنجامەکەی ئەوەبو , لەپۆڵۆنیا بینیمان وە لەنزیک جوگرافیای خۆشمان شۆڕشی ( خومەینی ) یەکانی ئیران لەساڵی 1979 ز ـدا , ھیوادارم ئەم حاڵەی کوردستان لەئێستادا بەرەو ھیچ داڕمانێکی تر نەڕوات ئەگەر نا ھەموومان بەھاکەی دەدەین  .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت