نەوزادی موهەندیس : حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی لە پێناو چیدا ؟ .
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
دوای 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر گەورەترین و مەترسیدارترین قەیراندا كە ڕووبەڕووی هەرێمەكەمان بۆتەوە كە بریتیە لە قەیرانی دارایی كە كاریگەرییە خراپەكانی فشاری خستۆتە سەر تاك بەتاكی میلەتەكەمان و تەواوی ژیانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاوەدانی و پەكیخستون و لە ئێستادا گەیشتۆتە قۆناغێك كە چیتر نە حكومەت و نە میلەتیش ناتوانن بەرگەی زیاتری بگرن ، لەكاتێكیشدا هیچ ڕووناكیەك و تروسكاییەك نابینرێت بۆ چارەسەركردن و خۆ دەربازكردن لەم دۆخە ناهەموارە . دۆخەكە لە دیاردە و كێشە و قەیرانەوە بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێت و گەر بە زووی و بەدڵسۆزی و خەمخۆریەوە بەرەو ڕووی نەبینەوە ئەوا سەر دەكێشێت بۆ خراپترینیش .
ئاشكراشە كە ئەم دۆخە لەخۆڕا و لەماوەی چەند ڕۆژ ومانگ و ساڵدا نەهاتۆتە ئاراوە ، بەڵكو لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشە و بێ پلانی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و دڵڕازیكردن و ناشەفافیەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی زۆر و زەوەندی میلەتەكەماندا هاتۆتە ئاراوە لەماوەی 24 ساڵی ڕابووردوودا و لە كابینە و حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی هەرێمەكەماندا ، كە بەداخەوە هێندەی هەڵپەی كۆكردنەوەی سەروەت و سامانی دزراو و حەرامدا بوون نیو هێندە پەرۆشی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی میلەت نەبوون . لەئێستاشدا كە دۆخەكە ڕوو لە تەقینەوەی ناڕەزایی جەماوەر و ڕاپەڕینێكی نوێیە هەموان لە سەركردەی حیزبەكانی دەسەڵات و ئەوانی تریش خەریكی پاكردنەوەی ڕابووردوو و پەرێزی خۆیانن و گەرەكیانە ئەستۆ و گەردنی خۆیان لەهەموو گەندەڵی و ناعەدالەتیەك كە كردویانە پاك بكەنەوە و خۆیان بكەنە فریشتە و بەرامبەرەكانیان لە هاوڕێ و هاوسەرنگەر و سەركردەكانی تر بكەنە شەیتان و نەفرەتیان لێبكەن ، تازە بەتازە خەریكی هەڵدانەوەی نهێنی و دەرخستنی پارەی دزراو و كردنەوەی ژێر زەمینەكانن ، لەكاتێكدا كە میلەتێكی برسی و هەژار و حكومەتێكی سەرنەكەوتویان پێشكەش كردوە . بەبێ جیاوازی ئەو سەركردە و لێپرسراوە حیزبی و حكومیانە كە لەماوەی ئەم 24 ساڵەدا بەشدار بوون لە دەسەڵاتدا هەموانیان بەرپرسن لەم شكستە و مافی میلەتە كە لێیان بپرسێتەوە و دادگایەكی میلی ڕاستەوخۆیان بۆ دابنێت و چارەنوسیان دیاریبكات .
لەئێستادا ئەوەی گرنگە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەكی خێرا و بەپەلەیە بدۆزرێتەوە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەداراییە و سووك كردنی باری برسێتی و نەبونی میلەتە ، لەسەر بنەمایەكی زانستی و بە پلان و واقع بینانە ، لەلایەن كەسانی ئەكادیمی و پسپۆڕ و خاوەن شارەزایی و ڕابوردوو پاك ، چونكە چاكسازی بە كەسانی گەندەڵكار ناكرێت و سەركەوتووش نابێت ، چونكە هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی دەسكەوت و بەرژەوەندیی خۆیان و دەستوپێوەندەكانیاندا دەبن . بۆیە لە ئێستادا زۆرینەی داواكاری ئەوەیە كە ئەم كابینەی حكومەتە هەڵبوەشێنرێتەوە و لە جێگەیدا كابینەیەكی ( ڕزگاری نیشتیمانی ) دابمەزرێت ، لە پێناو ڕزگاركردنی ئەوەی كە دەتوانرێت ڕزگار بكرێت و ڕێگە بگیرێت لە داتەپەینی تەواوی بناغە و بنەمای دەوڵەتمەداری و دەسەڵات لە هەرێمدا و بتوانرێت كە دۆخی نالەباری دارایی بگۆڕدرێتەوە بە دۆخێكی باشتر و ئاسایی و متمانە و دڵنیاییش لای جەماوەر دروست بكاتەوە و تروسكایەكی ئومێد لای هەموان چەكەرە بكات و دڵسۆزی و خەمخۆری و ئینتمای هەموانیشمان بە گەل و نیشتیمان زیندوبكاتەوە و ببوژێنێتەوە .
ئەركی ئەو كابینە حكومیەی ڕزگای نیشتیمانیە بریتیە لە هەنگاونانی خێرا بە پێی ستاندارە جیهانیەكانی بواری ئیدارە و ئابوری و دارایی بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات و شەفافیەت بوون لەهەردوو پڕۆسەكەدا و وەستانەوە دژی گەندەڵی و كەمكردنەوەی ژمارەی زیاد لە پێویستی فەرمانبەران و موووچەخۆران و كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و دابەزینی نرخی هەموو پێداویستیەكانی ژیان لە ناو بازاڕدا بەهاوكاری بازرگانان و سەرمایەدارانی وڵات و باشكردنەوەی پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەكانیش لەگەڵ حكومەتی ناوەند لە بەغداد و سەرەڕای هەموو ئەمانەش بریتیە لە ئاسایی كردنەوەی دۆخی سیاسی ناجێگیری ناو هەرێم و زیندووكردنەوەی كۆدەنگی نیشتیمانی و پاراستنی یەكڕیزی ناوماڵی كورد و گەڕانەوەی شەرعیەتی یاسا و سەروەربونێتی بۆ دامودەزگا شەرعیەكانی هەرێم لە پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و دووركەوتنەوەیە لە تۆخكردنەوەی حیزبایەتی و پاراستنی بەرژەوەندی كەسی و حیزبی و سەركردەكان و بنەماڵەكان . چونكە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان لەسەروو هەموانەوەیە ، دۆخەكە گەر بەم شێوەیە چارەسەر نەكرێت ئەوا بەدڵنیایی ساڵی 2016 ساڵی كۆتایی هاتنی ئەم حكومەت و دەسەڵات و ئەزمونە دەبێت .
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، كێ وە چ حیزب و سەركردەیەك دەتوانێت ئەو كارە زۆر سەخت و دژوارە بگرێتە ئەستۆ ؟ چۆن سەردەكەوێت و كێن ئەوانەی پشتگیری تەواوی دەكەن ؟ ئەرێ لەناو سەركردەكانی كوردستاندا كەسایەتی ئاوها بەتوانا و پڕۆقیشناڵ و نەزیه و خاوێن هەن كە بتوانن ئەو كارە بكەن؟ یان ئەم كارەش تەنها بۆ پەردەپۆشكردن و درێژكردنەوەی ماوەی ناشەرعی دەسەڵات بەكاردێت ؟ و دەیان پرسیاری تریش .
وەڵام ، كورت و كرمانج بریتیە لەوەی كە كەمن ئەو كەسایەتیانەی كە بتوانن شان بدەنە بەر ئەو كارە سەختە نا لەبەرئەوەی توانا و پاك و خاوێن و نەزیه نین و دڵسۆزو و خەمخۆر نین ، بەڵكو لەبەرئەوەی لە ناو هیچ حیزبێكدا كارەكتەرێكی نمونەیی و كاریزمایی بێوێنە نیە كە هەموان لەسەری ڕێكبكەون و هەموانیش بچنە ژێر ڕكێف و هەژمونیەوە و هەموانیش بەدڵسۆزانە گوێڕایەڵی ببن ، لەناو خودی حیزبكانیشدا دیاردەی تەكەتول و ململانێی ناڕەوا ڕێگرە لەبەردەم هەڤاڵەكانی خۆیاندا و لە دەرەوەی حیزبەكانیشدا هیچ كەسایەتیك جێگەی ڕەزامەندی هەموان نیە و هیچیشیان خۆیان بەكەم نازانن كە بچنە ژێر ڕكێف و بڕیارەكانی تاكە كەسێكی دەرەوەی حیزبەوە ، هەربۆیە حكومەتی ڕزگاری نیشمانیش گەر پشتیوانی هەموو سەركردە و حیزبە سیاسیەكانی لەگەڵدا نەبێت ئەوا هەرگیز سەركەوتوو نابێت و تەنها بریتی دەبێت لە كات كوشتن بە قازانجی بەردەوامیدان بۆ تەمەنی ناشەرعی دەسەڵاتەكان . و گەر ئەو حكومەتەش لەهەمان كارەكتەری چەند ساڵی ڕابووردووی ناو حیزبە بێزراوەكان بێت ئەوا هەرگیز چانسی سەركەوتنی نابێت .
ئێستاش ڕێگەی چارەسەر ڕوون و ئاشكرایەكە بریتیە لە :
* ڕێكخستنەوە و باشكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان كوردستان و بەغداد لەهەموو بوارەكاندا و لەسەروو هەموانیشەوە بواری ئابوری و داراییە .
* ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە و گەڕاندنەوەیە بۆ بەغداد .
* دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی تر و شەفافكردنی داهات و خەرجی و دادپەروەری لە دابەشكردنیاندا .
* گەڕاندنەوەی شەرعیەتی جەماوەری و یاسایی بۆ پەڕلەمان و هەموو ئۆرگانەكانی تری دەسەڵات .
* ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پاكسازیكردن لە جۆر و ژمارە و چەك و تەقەمەنی و خزمەتكردنیاندا .
* كاركردن بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێم و هەوڵدان بۆ پاراستنی یەكڕیزی نیشتیمانی و خۆ تێوەنەگلاندن لە هاوپەیمانی و دۆستایەتی و ڕێكەوتنی نهێنی و دووقۆڵی ناڕەوا لەگەڵ دەرودراوسێدا لەسەر حسابی بەرژەوەندی كورد و كوردستان و دووركەوتنەوە لە پاشكۆیەتیان .
گەر هەموان پابەندبوون بەم بنەمایانەوە لە ئێستا و داهاتووشدا ئەوا هەرگیز پێویستمان بە حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی نابێت .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
- بابەتەکانی تری نەوزادی موهەندیس
-
نەوزادی موھەندیس: سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لەنێوان ترس و دڵەڕاوکێدا.!
- -
نەوزادی موھەندیس: پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە نێوان ڕاستگۆیی و فێڵ و فریوداندا.
- -
نەوزادی موھەندیس: سیناریۆکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی دەھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چین؟
- All Posts