ڕەزا شوان : پرۆژەی دامەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) ..

سمبولی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆسەر بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەم پێودانـگەوە کە ، ( کوردیلەکــانی ئەمڕۆمـان .. نـەوەی داهاتــووی کوردســتانن ) هەر ئەم کوردیلە چـاوگەشانەی ئەمڕۆمـانن ، لە سبەینـێدا دەبن بە دەسەڵاتــدار و ، بە کاربەدەست ، دەبن بە وەزیـر و بە پارێزگـار و بەڕێوەبـەر ، دەبن بە سەرکــردە و ، بە بەڕابەر ، بە شاسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی ، بە کوردسـتان پـەروەرانی دڵسۆز ، دەبن بە سیاسەتمەدار ، بە پەڕلەمانتار ، بە مامۆستا ، بە پارێـزەر ، بە نووسەر ، بە هونەرمەند ، بە دکتۆر ، بە دایکان ، بە باوکان ، بە فەرمانبەر و فەرمانڕەوا و … هـتد . هەموو کاروبارەکانی کوردسـتان دەگرنە دەست و، بەڕێوەیان دەبەن .. هـەر کـوردیلە خۆشەویستەکانی ئەمڕۆمانن ، دەبنە تـۆوی هیـوا و ژیان و گەشەکردن و درێـژەدان بە ژیـان و مـان .. هەر ئەم کوریلـە خوێنگەرمانەی ئەمڕۆمانن، دەبنە نوێنـەر و باڵیـۆزی کوردستان و ، پەیـامی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی کورد ، بە گەلانی جیهان دەگەیەنن . 

کەواتە داهاتـوویەکی گەشـتر و شیاوتـر بۆ کوردسـتان، ژیانێکی خۆشـتر و لەبـارتر بۆ گەلی کوردمان، لە ئەمڕۆی کوردیلەکانماندا بەدی دەکەین .. لە سایەی پەروەردەیـەکی راست و دروست و راهێنانێکی بەرنامەداڕێژرا و، ئاراستەکردنێکی ئامانجداردا دێنەدی تا جوانـتر پەروەردەی کوردیلەکـانی ئەمڕۆمـان بکەین .. تا زیاتـر بایەخیـان پێبـدەین و بەتەنگیانەوەبێین .. تا زیاتـر پێویسـتی و پێداویستییەکـانی گەشـەکردن و پێشـکەوتن و داهێنانیـان بۆ دابین بکەین .. تا زیاتـر و زیاتـریش مەودای ئـازادی و دیموکـراتییان بۆ بڕەخسێنین .. زیاتر گەشبین و دڵنیا دەبین، لەو داهاتووەی کە خوازیاری هێنانەدیین .. بە کورتی داهاتـووی کـورد و کوردسـتان .. بەنـدە بە ئەمـڕۆی کوردیلەکـانمانەوە .
لە ئەمڕۆدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، پەرلەمانی تایبەت بە منداڵان هەیە .. منـداڵان بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانی خۆیان دەکەن و ، بەشداری لەو بڕیاڕانە دەکەن کە پەیوەندییان بە مافەکان و چارەنووس و داهاتوویانەوە هەیە . منداڵان لە رێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانیان لە پەرلەمانی منداڵاندا ، داوای جێبەجێکردنی سەرجەم مافـە دانپێنراوەکانیان دەکەن .
لە ماددەی (١٢)ی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راگەیانـدراوە ، جەخـتی لەسەر ئەوە کـردووە کە : مـنداڵان مـافی ئەوەیـان هەیـە کە بە ئـازادی گوزارشت لە رای خۆیان بکەن .. لە هەموو ئەو بابەتانەی ، کە پەیوەندیان بە منـداڵانەوە هەیە .
پەرلەمانی منداڵان ، دامەزراوەیەکی مەدەنییە ، نا حکوومی و نا حیزبییە .. بە پێی یاسا و دەستوور و بنەماکـانی ئـازادی و دیموکـراتی بنیاتنراوە .. مەرجـەعییەتی پەڕلەمانی منداڵان ، پشت بە رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانه منداڵان دەبەستێ .
پەرلەمانی منداڵان ، بریتییە لە لە چوارچێوەیەکی پەروەردەیی .. بە پێی کۆمەڵێ مەرج و خەسڵەت و بنەما وەک زیرەکی و بلیمەتی و ناسراوی ، هەل بۆ کۆمەڵێک لە منداڵان دەڕەخسێنێت ، کە لە هەمـوو شوێنێـکی وڵاتەکەیـانەوە بە یەکبگەن و، پێـکەوە راوێــژ بکەن و را و بیرۆکە و بۆچوونەکانیان تاوتوێ و گەڵاڵە بکەن و ، پێکەوە پلان دانانێن و، بەرنامە دابڕێـژن بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داهاتـووی خۆیان .
پەرلەمانی منـداڵان ، قوتابخـانەیەکە ، بۆ پەروەردەکـردنێکی دروست و ، بۆ پێـگەیانـدنی هاوڵاتی دڵسۆز و ئازادیخـواز و دیموکراتیخـواز و نیشتمان پەروەر و مرۆڤایەتیخواز .
بێگومان منداڵانی کوردمان ، لە رووی زیـرەکی و بلیمەتی و دانایی و توانـا و بەهـرەی داهێنانەوە ، لە منداڵانی گەلانی تر کەمتر نین .. گەر هەلـی گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ بڕەخسێت .. پێویستی و پیداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێن .. وەکو منداڵانی گـەلان ئـازادییان هەبێ و، بە زمانی کوردیمان بخوێنن و بخوێننەوە و بنووسن .. مافەکانیـان جێبەجێ بـکرێن .. بە دڵنیاییەوە دەتـوانن رۆڵی خۆیـان ببـینن و، خۆیـان بسەلمێنن .. بەڵام لە سایەی داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستاندا .. لە سایەی بە زۆر و زۆرداری سەپاندنی زمان و کولتوورێکی نامۆ بەسەر منداڵانی کوردمان .. بە هۆی نەبوونی ماف و ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی .. لە بەشێکی زۆری کوردستانی شیرینمان منداڵانی کوردمان ، نەک هەر هێـچ مافـێک و ئـازادییان نییە .. بەڵکو لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانە .. منـداڵانی کوردمـان سەرکوتـکراون .. بە ئاشکراش پێشـێلی هەموو مافەکـانیان کـردوون .
لە باشـووری کوردستانیشدا تا ئەمڕۆ ئاوڕێـکی جیدی لە منـداڵان نەدراوەتـەوە .. بە رادەی پێویست ، گرنگی و هەستیاری ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمانیان لە بەرچاو نەگرتوون . گۆڕانکارییەکی پێویست لە سیستەم و پرۆگرامەکانی قۆناخەکانی خوێندن نەکراون .. ئەگەر بە هیوای داهاتوویـەکی گەشتر و باشتربین .. پێویستە لە ئەمـڕۆی کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین .. پلانێـکی تۆکمەی پـەروەردەیی نـوێ دابڕێـژین . پێویستە مەودایەکی زیاتری ئـازادی و دیموکراتی بۆ کوردیلەکـانمان بڕەخسێنین و .. مافەکانیان جێبەجێ بکەین و.. بوارێـکی باشتریـان بۆ گەشـەکردن بۆ بگونجـێنین .
پێشـنیاری پـرۆژەی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵان کوردسـتان ) دەکـەم .. پێویسە هەموو لایەکمان ، هەموو خەمخۆرێکی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمان ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لیژنەی کاروباری منداڵ و خێزان ـ سەر بە پەرلەمـانی کوردسـتان ، ( منداڵپارێـزی کوردستان ) ، ( فـیدراسیۆنی رێخراوەکانی منـداڵانی کوردســتان ) ، هەموو رێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی منداڵانی کوردستان ، ( بەڕیوەبـەرێتی رۆشـبیری منـداڵان ـ وەزارەتـی رۆشـنبیری کوردسـتان ) ، ( وەزارەتـی پـەروەردەی کوردســتان ) ، هـەر لایەنێکی پەیوەندیداری تر بە مافەکـانی منـداڵانی کوردسـتان .
با هەموومان پێکەوە هاوکـاربین ، لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی مـنداڵانی کوردسـتان )
بۆ راهێنانی جگەرگۆشەکانمان ، هەر لە منداڵییەوە بە ئازادی و ، دیموکراتی و ، فرەیی .. بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی کوردیی مەدەنی .. ئەم پەرلەمـانە بکەین بە بـەردی بنـاغەی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و پێشکەوتن .. بە چەپکەگوڵێکی رەنگاوڕەنگ .. بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی منداڵانی کوردسـتان ، بگات بە پەرلەمانی منداڵانی جیهان .. با تۆوی ئازادی و دیموکراتی لەخاکی کوردیلەکانماندا بڕوێنین .. بڕوامان بە ئەم پەندە هەبێت ، کە دەڵـێ : ” فێربــوون لە بچــووکیدا .. وەک نەخـشی سەر بــەرد وایــە ” هیوادارین ، ئەم هیوایەمان بێتەدی و ، بە زوترین کات ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) دابمـەزرێت .. دوایی دێینە سەر باسی مەرجـە پێویستییەکـانی ئەنـدامێتی لە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان .
گرنگترین ئامانجەکانی پەرلەمانی منداڵان : زۆرن ئەو ئامانجانەی کە لە سایەی پەرلەمانی منداڵاندا دێنەدی، گرنگترینیان ئەمانەن :
1 – پەرلەمانی منـداڵان ، سەکـۆیـەکە بۆ ئەوەی کە منـداڵان ، بە ئـازادی و بە راشـکاوی گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکـانی خۆیان بکەن ، لەمەڕ ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە مافەکان و بە داهاتـوو و بە چـارەنووسی خۆیانـەوە هەیـە .
2 – پەرلەمانی منـداڵان قوتابخـانەیەکی پــەروەردەییە بۆ پـەروەردەکـردن و بۆ راهێنانی منداڵان بە نیشتمانپەروەری و دیموکراتی و ئازادی و لێبووردەیی .
3 – بەیەکگەیشتنێکە بۆ گۆڕینەوەی را و بیـر و شـارەزایی لە نێـوان منداڵانـدا .
4 – پەرلەمانی منداڵان بوارێکی باشە بۆ بنیاتنانی رۆشنبیریی گڤتـوگۆ لە نێوان منداڵان خۆیان لە لایەکـەوە و، لە نێوان منـداڵان و بەرپرسـان لە لایـەکی تـرەوە .
5 – هۆیەکە بۆ رەگ و ریشەکـردنی هەستی مـەدەنی و شارستانی لە لای منـداڵان .
6 – بە کاراکردنی رۆشنبیریی مافەکانی منداڵان و بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ماددە و ، بڕگەکـانی رێکەوتننامـەی نەتـەوە یەکگرتووەکـان بۆ مافەکـانی منـداڵان .
7 – بەهێزبوونی بڕوابەخۆبوونی منداڵان .. هەر لە منداڵیشەوە لەسەر بەرپرسێتی رادین و ، توانای بەڕێوەبـردنی کارەکانیان دەبێت و .. بەشداریش لە ژیـانی گشـتیدا دەکەن .
8 – راهێنانی منـداڵان ، لەسەر پێشـەنگی و بەهـرەی سەرکـردەیی .
9 – کرانـەوە و رێزگـرتن لە را جیاوازەکـانی کەسـانی تر و ، یەکـتری قبووڵـکردن .
10 – بەرزکردنەوەی پێشنیار و پرۆژە و راسپاردە دەربارەی جێبەجێکردنی مافەکانیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی منداڵان ، لە میانەی نووسینی راپۆرتی ساڵانەیان .
11 – ئەزموونێکی پـراکتیکییە .. لە بواری پێگەیاندنی کۆمەڵایـەتی و پەیوەستبوون بە مافەکـان و بە ئەرکەکـان .. بۆ هانـدانی رۆشـنبیری لێبـووردن ، بۆ لەباربردنی هـەموو شێوازێکی تونـدوتیـژی و پەراوێـزکردن و داخسـتن .
12 – پێگەیاندنی منـداڵان لەسەر بنەمـا و بەهـا بـەرز و باش و پیـرۆزەکان .
13 – زیاتربوونی توانای زانستی و زانیاری منداڵان لە هەموو بوارەکاندا ، گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان، دەتوانن خۆیان دەربخەن و، ناسنامە شارەزاییان دیاری بکەن .
14 – بنیاتنانی نەوەی زرینـگ و بلیمەت و هۆشیـار و دڵسـۆز و نیشتمـان پەروەر .
15 – گەشەکردنی هەستی منداڵان لە داواکردنی مافەکانیان و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان .
چەند پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان :
1 – ئەندامانی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان لە (١٠٠) منداڵی کوردستانی پێک بهێنرێت بۆ هەر نیو ملیۆن کورد پەرلەمانتارێک هەبێت ، ژمارەی کورد (٥٠) ملیۆنە .. پێویستە لە (٥٠) ئەنـدامی کـچ و (٥٠) ئەنـدامی کـوڕ پێکبهێنرێت . جوانتریش وایە، پەرلەمانەکە دوو هاوسەرۆکی هەبێت ، سەرۆکێ ( کـچ ) و سەرۆکێ ( کـوڕ ) هەبێت .. وەکو گوزارشتێک لە یەکسـانی و لە هاومـافی لە نێوان هەردوو رەگـەزەکەدا .
2 – تەمەنی ئەنـدام پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان لە (١٠ ـ ١٧) ساڵان بن .
3 – پێویستە هەڵبژاردن ، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کوردستان دەست پێبکات ، ئینجا لە شارەکاندا ، بە ئازادی و بە شێوەیەکی دیموکراتی منداڵانی کوردستان، نوێنەرەکانیان بۆ ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) هەڵببژێرن .
4 – پێویستە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان نوێنەری هەموو لایەکی کوردستانی ( باکـوور ، رۆژهـەڵات ، باشـوور ، رۆژئـاوا ، نوێنەری منداڵانمان لە هەندەران ، نوێنەری منداڵانی ئەو نەتەوانەی کە کورد نین و کوردستانین ) لەخۆبگرێت .
5 – کۆنگرەی دامەزراندنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) وا جوانـترە کە لە دیوانی پەرلەمانی باشووری کوردستان سازبکرێت .. چونکە لە داهـاتوودا بەشێک لەو منداڵانە ، دەبنە ئەندام پەرلەمانی کوردستان .
6 – پێویستە نوێنـەری ( رێکخـراوی یونیسـیف ـ بۆ منـداڵان ) و ، نوێنـەری پەرلەمانی منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکا و ئەفریقیا و ئوسترالیا بانگهێشتی دامەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) بکرێن .
7 – پێویستە ( لیژنەیـەکی ئامادەکـاری ) بۆ دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منداڵانی کوردستان) لە ( ١١) کـچ و کـوڕ ، شەش ئەنـدامی لیـژنەکە لە منـداڵان بن .. بۆ دیاریکردنی رۆژ و شوێنی دامەزرانـدنی پەرلەمانی منـداڵانی کوردسـتان .. لە گەڵ دابین کـردنی هەمـوو پێویستییەکی ماددی و هونـەری، بۆ سەرکەوتنی کۆنـگرەی راگەیـاندنی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) .
8 – پێویستە ئەم پێشنیارە، بخرێتە بەرنامەی دانشتنێکی پەرلەمانی باشـووری کوردسـتان .. بۆ پشتگـیری و ، هاوکـاری کـردن لە دامـەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) ی پێشـنیار کراو .
9 – داواش لە ( حکوومەتی هەرێمی کوردستان ) دەکەین .. ئەرک و رۆڵێکی سەرکییان لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) دا هەبێت .
10 – مەرجە ئەو کوردیـلانەی کە بۆ ئەندام ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) هەڵدەبژێـرێن ، پێویستە ئازا و زرنگ و هۆشیاربن و، لە قوتابییە زیرەکەکانی قوتابخانەکان بن ، ناسراو و رێزدار و خۆشـەویست بـن لە لای هاوڕێکانیان .

وێنەکە لە des Bayerischen Landtages Kinderparlament

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت