هاوکار حسەین : میسى‌و جاكشان – یش گه‌نده‌ڵ ده‌رچوون .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، سه‌رى زێرابێكى دیكه‌ى گه‌نده‌ڵى هه‌ڵدرایه‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا ته‌واوى میدیاى جیهان سه‌رقاڵى ئه‌م دۆسیه‌یه ‌، كه‌چى میدیاى كوردى وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌مێژه‌ به‌گه‌نده‌ڵى به‌بۆن كه‌وتبێت ، هه‌ر خه‌ریكى حیكیاته‌ كۆنه‌كه‌یه ‌: یه‌كێتى‌ و پارتى .

روداوه‌كه‌ بریتیه‌ له‌دزەپێكردنى نزیكه‌ى 11.5 ملیۆن بەڵگەنامە له‌كۆمپانیایه‌كى وڵاتی په‌نه‌ما به‌ناوى مۆساک فۆنیسکا ، ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌ساڵى 1977 وه‌ یارمه‌تى سه‌رمایه‌دارانى داوه‌ له‌به‌تاڵانبردنى سه‌روه‌تى وڵاته‌كانیان‌و سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌و خۆدزینه‌وه‌ له‌پێدانى باج‌و سه‌رمایه‌گوزارییدا .
تائێستا ناوى 140 كه‌سایه‌تى سیاسیى جیهان له‌م په‌ڕى شه‌رقه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ڕى غه‌رب ئاشكراكراون‌و چركه‌ به‌چركه‌ش ناوى زیاتر ئاشكراده‌بن كه‌ تێوه‌گلاون له‌گه‌نده‌ڵى ‌، له‌وانه‌ش ئەیاد عەلاوی ، كه‌سوكارى حوسنی موبارەک ، موعەمەر قەزافی ، بەشار ئەسەد‌و کەسە نزیکەکانی ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکی روسیا ، سەرۆک وەزیرانی ئایسلەندا ، كه‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ى سیاسی له‌ئایسله‌ندا به‌وهۆیه‌وه‌ شڵه‌قا . له‌ناو هه‌مو ناوه‌كان سه‌یرتر ، ناوى میسى ‌و جاكشانه ‌، كه‌ ئه‌م دوانه‌ش هاوشێوه‌ى سیاسییه‌كان تێوه‌گلاون .
له‌ماوه‌ى شه‌ش ساڵى رابرودوا ، ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ فه‌ڕشى سیاسیى جیهان به‌هۆى دزەکردنی داتا و زانیاریی‌و به‌ڵگه‌نامه‌ى نهێنیه‌وه‌ ده‌ته‌كێنرێت . لەساڵی 2010 به‌هۆى دۆکیومێنتەكانى ویکلیکس ، لەساڵی 2013 دۆکیومێنتە نهێنیه‌كانى ئێدوارد سنۆدن ، ئه‌مساڵیش دۆکیومێنتە دزەپێکراوەکانی مۆساک فۆنیسکا كه‌ ده‌كرێت له‌م روداوانه‌ دوو خاڵ وه‌ك ئه‌نجام وه‌ربگیرێن :
یه‌كه‌م : رۆژ به‌رۆژ روبه‌ره‌كانى به‌تاڵانبردن‌و ساخته‌چێتى سیاسییه‌كان به‌رته‌سكده‌بێته‌وه‌ ، به‌هۆى ئه‌و تۆڕه‌ به‌هێزه‌ جیهانیه‌ى كه‌ ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى دروستیكردوه ‌.
دووه‌م : به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌و عێراق له‌تۆپى لیستى گه‌نده‌ڵترین وڵاتانى جیهاندان ، هه‌مو راچه‌نینێكى له‌مشێوه‌یه‌ ، وه‌ك زله‌یه‌كى وریاكردنه‌وه‌ وایه‌ بۆ بناگوێى سیاسییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ، په‌یامێكى ناراسه‌وخۆشه‌ بۆئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر حساب بۆ فشاره‌كانى ناوخۆش نه‌كه‌ن ، ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانن له‌ژێر ره‌قابه‌ى نێوده‌وڵه‌تى قوتاربن .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت