دکتۆر سەردار عەزیز : دەربارەی دوفاقی گۆڕان له بەغدا

ناڕەزایی و گلەیی و گازندە هەن لە بەرامبەر هەڵوێستی گۆڕان له بەغدا . بەگشتی ناڕەزایەتیەکان دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن بکرێن :

یەکەم  ـ  هاوهەڵوێستی لە گەڵ پارتی و یەکێتیدا .
دوەم  ـ  داکۆکیکردن له بەرپرسانی گەندەڵ .
سێیەم  ـ  سزادانی ئەندامێکی خۆی لەبەر بونی هەڵوێستی جیاواز .
چوارهەم  ـ  له بەر پشتیوانی نەکردنی حکومەتی تەکنۆکرات .

با یەک بە یەک بە هێمنی قسەیان لە سەر بکەین .
بۆ ئەوانەی که ناڕازین له حکومداری هەرێم ، خراپی شێوازی حکومداری هەرێم له سەر دەستی پارتی و یەکێتی گەشتوەتە ئاستێک که نابێت بە هیچ شێوەیەک توخنی ئەم دوانە بکەوێت . ئەمە ڕاستیەکی تاڵە . خەڵکی کوردستان ناحەقی نیە کە گەیشتووە بەم دەرئەنجامە ، چونکە ، بیست و پێنج ساڵ لە شکست و سەپاندنی حکومی دژە خەڵكی هیچ تروسکایەییەکی تیادا نەماوە .
بەڵام سەرباری ئەمە دەبێت ، کە دێتە سەر ئاستی جیاواز ، پەیوەندی جیاواز ، ئەم توڕەییەمان رێگرمان نەبێت له بڕیاری دور مەودای عەقڵانی . ناتوانیت هەمان هەڵوێست و هەمان خیتاب و هەمان دیدت هەبێت که له ناوەو دەرەوە هەتە . ئەمە نەرێتی حکومڕانیە له گشت دونیادا . ئەگەر نەتوانیت جیاکاری بکەیت لە نێوان ناوە و دەرەوەدا ئەوا له رێساکانی حکومداری ئەم سەردەمە دوریت . دەتوانیت هەڵگری بەهایەکی مرۆڤانەی جیهانی گەردونگەرابیت و باوەڕت بە سنور نەبێت و باوەش بۆ مرۆڤایەتی بکەیتەوە . بەڵام ئەوە تەنها یوتوپیایەکە ، ڕەنگە گوێگرتن لە گۆرانیەکەی جۆن لینین تامێکی تایبەتی هەبێت .
ئەمە بە مانای ئەوە نیە ، که بڕۆیت لە دەرەوە ناشیرینیەکانی ناوە بپۆشیت ، بەڵام دەبێت جیاکاری بکەیت لە نێوان دەرەوە و ناوەوەدا . له لایەکی ترەوە ، نابێت ناڕازی بون بە یەکێتی و پارتی بمانکاتە دۆستی ئەوانەی کە دۆستمان نین . ئێمە ناچارین پێکەوە بژین لە گەڵ یەکتردا وەک کورد ، بەڵام ناچارنین له گەڵ ئەویتردا ، بۆیە له هەڵویست لە گەڵ ئەویتردا دەبێت بەرژەوەندی درێژخایەنی خەڵكی کوردستان له بەرچاوبگیرێت ، نەک ، کردنی کوردستان بە موڵكی یەکێتی و پارتی و سەنگەرگرتن لێی .
یەکێتی و پارتی مێژویەکی درێژیان هەیە لە چونە پاڵ دوژمن بۆ پشت شکاندنی یەکتر . گۆڕان دەبێت وانە لەمە وەربگرێت . چونکە هەر ئاوڕێک له هاوپەیمانی کورد له گەڵ وڵاتانی دراوسێدا ، هەمیشە وڵاتانی دراوسێ ئەجیندای پەکخستنی گەشەی کۆمەڵگای کوردیان هەبوە ، بەڵام یەکێتی و پارتی وەها خوێندویانەتەوە کە دۆستی ئەوانن . ئەم قۆناغە دەبێت تێپەرێت . هاوکاری پارتی لە لایەن تورکیاوه و هاوکاری ئێران بۆ یەکێتی بە ڕەزامەنی ئێران و تورکیایە ، بۆ بە پەرت هێشتنەوه و لاوازبونی کورد و دەستگرتن بەسەر هەمو داهاتەکانیدا . بەڵام یەکێتی و پارتی هێندە داماون وەها لێی دەڕوانن که ئەوە دۆستایەتیە .
گۆڕان بڕوای بە نەتەوەبونی کورد هەیە ، ئەمە لای هەندێک مایەی ڕەخنەیە . ئەوەی ئەلف و بێی سیستەمی حکومڕانی بزانێت ، ئەوەی ئاگاداربێت که بۆچی یابان و ئەڵمانیا سەرکەوتون و ئیتالیا گەندەڵە ، دەزانێت بەهای بونی هاوبەشیەکی نەتەوەیی چەند بناغەی حکومڕانیەکی سەرکەوتوە . هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەباشی لە خزمەتی خەڵکەکەیدا بەڕێوبچێت ئەگەر هاوبەشیەک و هاو خەیاڵیەک و هاوسۆزیەک نەبێت لە نێوان خەڵکەکەیدا . ئەوەشی تاقەتی بیر و فیکری هەیە له چەمکی سیمنتی دۆرکهایمەوه هەتا دوا کتێبی فۆکۆیاما بە ڕونی داکۆکی لەمە دەکەن .
دیاردەیەکی تری ترسناک لە ئەو ڕەخنەنانەی که له گۆڕان دەگیرێت ئەوەیە که دەبێت نەفرەت له خۆ کردن ببێتە بنەمای سیاسەت . ئەمڕۆ خەڵکانێک ڕەخنە لە کوردبون و کوردایەتی دەگرن وەک ئەوەی کورد بریتی بێت له سەرانی یەکێتی و پارتی . هیچ گەلێک خاوەن مێژویەکی سپی نیە . ئەڵمان ڕقیان له ئەڵمان بونی خۆیان نیە له بەر نازیەت ، ئیتالی ڕقی لە ئیتالی بونی خۆی نیە له بەر فاشیزم ، فەرەنسی رقی لە فەرەنسی بونی خۆی نیە له بەر شەڕەکانی ناپلیون و کۆلۆنیالیزم ، ئینگلیز رقی له ئینگلیزبونی خۆی نیە له بەر سزادانی زۆربەی گەلانی دونیا بە دەستی ئینگلیز . رق لە خۆبون نەریتی سایکۆلۆژیای ژێردەستە . ئایش داندی له کتێبی the intimate enemy : loss and recovery of self under colonialism بە باشی باسی ئەم دیاریدەیە ئەکات . سیاسەت لە سەر بنەمای رق لە خۆبون و هەڵچون و داچون ناکرێت . گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بڕوایان بەوە هەیە کە کورد خەڵكێکە جودایە لە عێراقدا ، دەبێت هەمو رێگایەک بگرێتە بەر بۆ بونیادنانی بنەماکانی خۆ ژیاندنی دور لە پشت بەستن بە ئەوانی تر ، هەروەها سیستەمی وەها دابڕێژێت که جودابێت له ئەوانی تر ، بەڵام نەیاریان نەبێت . تەنها له بونی جیاکاری دەتوانرێت پەیوندی بێتە ئاراوە . بیرۆکەی بونی خەندەقێک لە نێوان هەرێم و بەشەکەی تری عێراقدا بیرۆکەی نەوشیروان مستەفا بو . نەچونی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەنکەرە، دژایەتی ئەنکەرە نیە ، بەڵام بە گرنگتر زانینی کوردانی باکورە .
حکومەتی عێراق هەمیشە لە مەترسی بەهێزبون و پڕ چەکبونیایەتی . هەمو چاودێران کۆکن لەسەر ئەوە کە ئەمە ئەجینداتی مالیکیە . حکومەتێکی ناوەندی بەهێز مانای کۆتایی بونی کورد وەک خەڵکێکی خاوەن حکومەت . ئەمە کرۆکی ئەوەیە کە پێی دەوترێت دڵەڕاوکێی ئاسایش security dilemma بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەمە بنواڕە Paul Roe, ethnic violence and the social security dilemma, Routledge 2005
دەربارەی داکۆکی لە بەرپرسی گەندەڵ . هەرکەسێک بڕوای وەهابێت کە عێراق لە رێگای حکومەتی تەکنۆکراتەوە باش دەبێت ، ئاگای له بونیادی حکومەتی عێراقی نیە .
بە کورتی حکومەتی عێراقی بەم شێوەیە بەڕێوەدەچێت . گروپی بچوک و بە توانا هەن ، که له ناو حیزب و تایفە و ئیتنیکەکاندان ، هەریەک لەم گروپانە له هەڵپەی ئەوەدایە کە دەستی بگاتە حکومەت بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی داهاتە بەکاری بەرێت ، بۆ بە دەستخستی سەرمایە له پێناو درێژەپێدان بە ململانێ و مانەوەی . له هەناوی ئەم ململانێیەدا هەمو هەوڵ ئەدات کە کەمترین خەڵك لە حکومەتدا بێت بۆئەوەی زۆرترینی دەست بکەوێت . ئەم سیستەمە بریتیه لە سیستەمی کێبڕکێی گەندەڵی . ئەم جۆرە سیستەمە مەحاڵە چاک بکرێت چونکە شتێک نیە ناوی عێراق بێت ، لای هیچ کەسێک . وەک چۆن شتێک نیە ناوی یەکێتی بێت لای یەکێتیەکان ئیتر شەڕەکە لە سەر سەرچاوەی داهاتەکەیە ، عێراقیش بەهەمان شێوە . پارتی سودی لەم دۆخە بینیوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەجیندای خۆی . ئەو دژ بە حکومەتی عێراقە و دەیەوێت زۆرترین پۆستی هەبێت لە حکومەتدا . گۆڕان نابێت ئەم ئامانجانەی هەبێت بەڵام بونی له حکومەتی عێراقی دەبێت بە سودی گشتی کوردستان بەکاربەرێت .
من له گەڵ سزادانی ئەندامدانیم . هەرچەندە هەمو هێزێک دەبێت دیسیپلینی تیادابێت . ئەوانەی ئاگایان لە سیستەمەکانی تری حکومڕانی هەیە دەزانن که پارتی ویپ Party Whip بونی هەیە له وڵاتێکی وەک بەریتانیا بۆ نمونە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت