Maliki-Talebani-barzani-wtarikurd

عەتا قەرەداخی : ماڵی شیعەو ماڵی کورد .

کەى سایکس بیکۆ بە گوێرەى کوردى باشوور کۆتای دێت ؟
درووستکردنی دەوڵەتی نوێی عێراقی لە دواى هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی عوسمانی نە بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەى عێراقی بووە ، نەبە بڕیارى عێراقیەکانیش درووستبوو ، بەڵکو بەرژەوەندى دەوڵەتانی بڕیار بەدەست لە دواى جەنگی یەکەم چۆن چەندین دەوڵەتی ترى لە پاشماوەى پیاوە نەخۆشەکە درووستکرد ، بەهەمان شێوە دەوڵەتێکی ئیفلیجیشی بە ناوى عێراقەوە لە چەند پێکهاتەیەکی ناڕێک و پێکەوە نەگونجاو پێکهێنا کە یەکیک لەو پێ : هاتانە کوردى باشوور یان ولایەتی موسڵ بوو کرا بە پارسەنگی سوونە بۆ درووستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ شیعەدا لەو دەوڵەتە نوێەیەدا . ئینگلیزەکان تەنانەت لە جوگرافیای دەوڵەتە نوێیەکەیاندا کەسێکی ئەوتۆیان نەدۆزییەوە بیکەن بە سەرۆکی ئەو دەوڵەتە ، بەڵکو مەلیکێکیان لە حیجازەوە بۆ قەرز کرد . مەلیک فەیسەڵی یەکەم کە باز بەسەرییەوە نیشتەوەو کرا بە مەلیکی ئەو دەوڵەتە ، لە ساڵی 1931 دا یاداشتێکی پڕ بایەخی نووسیووە لە بارەى پێکهاتەى گەلی ئەو وڵاتەوە کە ئەو مەلیکی بووەو تیایدا دەڵێت :
وڵاتی عێراق بریتیە لە چەند وڵاتێک کە کەموکورتی هەیە لە گرنگترین بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتیدا ، واتە لە رووی فیکری و نەتەوەیی و ئایینیەوە ، ئەم بارەش هێزە دابەشبووەکانی لە یەکتر پەرت کردووە . بە کورتی دەڵێم : لە کاتێکدا دڵم ژان دەکات ، چونکە بە بڕوای من لە عێراقدا گەلی عێراقی بوونی نیە ، بەڵکو چەند پێکهاتەیەکى مرۆیی هەن کە داماڵراون لە هەر جۆرە بیرێکی نیشتیمانی ( بڕوانە : عەبداکریم الازری . مشکلە الحکم فی العراق، لندن ، 1991) .
ئەم قسەیە نووسراوی پیاوێکە کە ئەرکی فەرمانڕەوایی عێراقی پێسپێردراوە . کەواتە لێرەوە ئاشکرایە کە نە لەو کاتەداو نە دواترو نە ئێستاش شتێک درووست نەبووە ناوی گەلی عێراق بێت . رەنگە لەسەردەمی زەبرو زەنگ و سەرکوتکردنی بەعسدا دیواری نێوان پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەى کە ناوی لێنراوە عێراق تەنکتر بووبێت ، بەڵام هەرگیز شتێک پێکنەهاتووە کە ناوی گەلی عێراق بووبێت . دیارە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش ئەو دیوارە زیاتر ئەستوور بووە . لە لایەک مێژووى خوێنینی نێوان شیعەو سوونە گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ساتەی کە حسێن بە دەستی سوونەکان شەهید کرا . لەو رووەشەوە شیعەکان نەیانتوانیووە لەوە تێبگەن ئەوانەى کە حسێنیان شەهید کرد نەک هەر ئەم سوونانەى ئێستای عێراق نەبوون بەڵکو بە ئەستەم پەیوەندی لە نێوان ئەمان و ئەواندا دەدۆزرێتەوە . رەنگە تاکە شتێک پێکیانەوە ببەستێـت تەنیا هاومەزهەبی بێت . هەروەک سوونەکانیش ناتوانن بەوچاوە سەیر بکەن کە سوونەو شیعە هەردووکیان دوو ئایینزای ئیسلامن و ئەوەى لە رابردوودا روویداوە بووەتە مێژوو ، ئێستا سەردەم و قۆناغێکی ترە .
دیارە ئەم دوو پێکهاتەیەش هەردووکیان بە چاوی نەیار سەیری کورد دەکەن . شیعە لە روانگەى جیاوازی مەزهەب و نەتەوەییەوە سەیری کورد دەکات . سوونەش لە روانگەى جیاوازی نەتەوەییەوە سەیری کورد دەکات . کوردیش ئەگەر خۆی فریو نەدات ئەوا لە ئاستی یەکەمدا دەبێ بزانێت ئەو دووانە هەردووکیان بەشێکن لەو نەتەوە سەردەستەى کە دەسەڵاتە جۆراو جۆرەکانی ئەوان بەردەوام دەستی بە خوێنی کورد سووربووەو هەردووکیشیان وەکو دەسەڵاتی نەتەوەی عەرەب داگیرکەری کوردستانن .
هەرچەندە قسەیەکی بۆش و پووچ هەیە سیاسیە ساویلکەکان بەکاری دەهێنن کە گوایە گەلان هەموو برای یەکن و ئەوە دەسەڵاتەکانن دوژمنایەتی درووست دەکەن ، ئەم قسەیە بۆ ئەو وڵاتانە راستە کە ئیتنیک و نەتەوە جیاوازەکان لەسەر شێوەى رێککەوتن و پاراستنی بەرژەوەندى هەموویان وهاوشانی لە شووناسیاندا یەکتریان قبوڵکردووەو ئینتیماى هاوشێوەیان هەیە بۆ نیشتیمان . ئەگەر ئەم قسەیە بۆ هەر شوێن و جێگایەکی تر راست بێـت ئەوا هەرگیز بۆ عێراق راست نییە چونکە عەرەبی عێراق نە بە دەسەڵات و نەبەگەلیشەوە وەها رەفتاریان نەکردووە کە برای نیشتیمانی یان برای ئایینی کورد بن .
بێگومان هەر لەسەتاى درووستبوونب عێراقەوەو دواتریش لە قسەکەى مەلیک فەیسەڵەوە دەردەکەوێت کە هیچ بنەمایەکی گەل لە عێراقدا درووست نەبووە . هەر بۆیە تاکە رێگەچارە ئەوەیە کە ئەم سێ پێکهاتەیە بە تەواوی لێکتر دوور بخرێنەوەو ئەم وڵاتە بگێڕدرێتەوە بۆ سێ ولایەتەکەی سەردەمی عوسمانی کە ولایەتی موسڵ و بەغداو بەسرە بوون ، یان لەسەر بنەماى جیاوازى نەتەوەیی بگێڕدرێتەوە بۆ بارى پێشترى خۆى کە ئەوەى ناونراوە عێراق لە عێراقی عەرەبی و باشوورى کوردستان پێکهاتووە . بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی عوسمانی هەردوو ولایەتی بەغداو بەسرە پێکەوە لکێندران و پاشان ئینگلیزەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە هاوسەنگی مەزهەبی نیە لەو عێراقە نوێیەى کە درووستیان کردووە ، بۆیە بیریان لە شتێکی تر کردەوە کە ئەویش لکاندنی باشووری کوردستان یان ولایەتی موسڵ بوو بەو عێراقە نوێیەوە ، کە ئەویش زیاتر بۆ هاوسنگی درووستکردن بوو لە نێوان مەزهەبی شیعەو سوونەدا چونکە ژمارەى شیعەی عەرەب زۆرتر بوون لە سوونەى عەرەب ..
ئینگلیزەکان بیریان لەوە کردەوە کە کوردەکانیش سوونەن مەزهەبن و بە لکاندنی ولایەتی موسڵ بە عێراقە نوێیەکەوە دەشێ ئەو هاوسەنگیە درووست بکەن ، دیارە هۆکارى ئابووریش بۆ ئەو پێکەوەلکاندنە رۆڵی دیارى هەبووە . بەڵام ئەوان شتێکی زۆر گرنگیان لە بیرکرد ئەویش جیاوازی نەتەوەیی کوردو عەرەب بوو . بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین بەریتانیەکان جیاوازی مەزهەبییان لەپێش جیاوازی نەتەوەییەوە دانا ، ئەگەر چاو لە کاریگەری بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکانی ترى ئەو دەوڵەتە داگیرکارەى ئەو سەردەمە بپۆشین .
ئەوە ئاشکرایە کە بە پێی بەندەکانی 61، 63، 63ی رێکەوتننامەى سیڤەر دەبوو کورد ببوایەتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی ، بەڵام لەو کۆنگرەیەی کە لە 12ی ئازاری 1921 دا لە قاهیرە بەسترا ، کێشەى کورد رووبەرێکی فراوانی داگیر کردو سیاسیە بەریتانییەکان بوونە دوو ئاراستەوە سەبارەت بەو بابەتە . ئاراستەی یەکەمیان لەگەڵ ئەوە بوون کە باشووری کوردستان بلکێندرێت بەو دەوڵەتە نوێیەى کە تازە لە عێراق لە هەردوو ولایەتی بەغداو بەسرە درووستیان کردبوو کە بێرسی کۆکس و بێڵ و مێجەر سۆن لە رابەرانی ئەم ئاراستەیە بوون . ئاراستەى دووەم لایەنگری درووستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو لە باشووری کوردستان کە هێربێرت یۆنگی جێگری سکرتێر لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی کۆلۆنیەکان و نوئێل و لۆرانسی عەرەب و چەرچڵ لە رابەرانی ئەم ئاراستیەیان بوون . سەرئەنجام ئاراستەى یەکەم سەرکەوتنیان بەدەست هێناو حکومەتی یەکەمی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدوڕەحان نەقیب بڕیاری لکاندنی باشووری کوردستانی بە دەوڵەتی عێراقیەوە داو خستیە بواری جێبەجێکردنەوە بەبێ ئەوەى راوبۆچوونی خەڵکی باشووری کوردستان وەربگیرێت . هەرچەندە چەرچڵ خۆی وەکو وەزیری کۆلۆنیەکان دوو دڵ بوو بەرامبەر بەو بڕیارەو دەترسا لەوەى کە ئەتاتورک بتوانێت تووڕەیی کوردی باشوور بەکاربهێنێت و هەوڵی گێڕانەوەی ولایەتی موسڵ بۆ سەر کۆماری نوێی تورکیا بدات . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کرداری پێکەوە لکاندنەکە سەری گرت و بەوەش کوردی باشووری کوردستان کرایە پارسەنگی سوونەی عەرەب بۆ ئەوەى جۆرێک لە هاوسەنگی مەزهەبی لە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتە نوێیەدا درووست بکات . بەڵام وەکو لە قسەکانی مەلیک فەیسەڵی یەکەمدا دەردەکەوێت کە پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر درووستکردنی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان پێیەوە هێشتا شتێک درووست نەبووە بە ناوی گەلی عێراق، ئەوەش نەک لە نێوان کوردو عەرەبدا بەڵکو لە نێوان عەرەبی سوونەو شیعەشدا .
لە راستیدا ئەو دەوڵەتە نوێیەى کە بەریتانییەکان بە ناوی دەوڵەتی عێراقیەوە درووستیان کرد ، سەرباری ئەوەی کە باشوورى کوردستانیشی پێوە لکێندرا ، بەڵام هێشتا رێژەى شیعە زیاتر بوو لە سوونە . سەرباری ئەوەش لە دانانی یەکەم مەلیکەوە کە لە بنەماڵەی شەریف خواسترا تاوەکو 14ی تەموزی 1958 کە عەبدولکەریم قاسم کودەتای کردو سیستێمی پاشایەتی گۆڕی بۆ سیستێکی کۆماری یان سەربازی ، سەرۆکایەتی دەوڵەتی عێراقی لە دەستی تایەفەى سوونەدا بوو . دوای ئەوەش تا رووخاندنی سیستێمی بەعس لە سەردەستی ئەمەریکیەکان لە ساڵی 2003 دا دیسان دەسەڵاتی عێراق هەر لە دەستی سوونەى عەرەبیدا بوو کە سوونەى عەرەب بە بێ کورد لە چاو شیعەدا کەمینە بوون . ئەمەش نیشانی دەدات کە سادەترین بنەمای دیموکراسی لە عێراقدا بوونی نەبووە ، ئەگینا لەسەر بنەمای دەنگدان کە لەم وڵاتەدا تاکو ئێستاش دەنگدانە لەسەر بنەمای ئینتیمای مەزهەبی و تایەفی شیعە بە کاریگەری ئەوەى زۆرینەن ، ئەوان دەبوونە فەرمانڕەوای عێراق.، وەکو ئەوەى لە ماوەى سیازدەدا ساڵی دوای روخاندنی رژێمی سەدامدا دەیبینین کە لەو هەڵبژدنانەى کە لەم ماوەیەدا کراون دەنگی تایەفی شیعە زۆرینەیەو بەو پێیەش لەسەر بنەمای ئەوەى لە دەستووری عێراقیدا هاتووە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە مافی شیعە دانراوەو لەراستیشدا لەو ماوەیەدا ئەم بڕگەیە جێبەجێکراوەو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا تاکو ئێستا چوار حکومەتی شیعە پێکهاتووە کە جەعفەری و مالیکی عەبادى سەرۆکایەتیان کردووە کە هەرسێکیان شیعەن .
دیارە ئەو چوار حکومەتەى کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا لە عێراقدا پێکهاتوون لەژێر ئەو ناونیشانەدا بوون کە پێی دەڵێن حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی ، ئەگەرچی لەگەوهەردا حکومەوتی تاکە کەسی شیعە بوون . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەو حکومەتانەی شیعە باسی ئەوە دەکەن کە کۆکردنەوەى زۆرینەى لایەنەکانی عێراق لەو حکومەتانەدا رۆڵی نێگەتیفی بینیووە لەسەر ئیش و کارەکانی حکومەت چونکە ئەوە کۆکردنەوەى کۆمەڵێ هێزی ناکۆک و دژ بەیەکە کە ناتوانن وەکو چەند گروپێک بەڵام پێکەوەو بەیەکگرتوویى بۆ یەک ئامانج کاربکەن . پێشترو لەسەردەمی مالیکیدا گوێمان لەوە دەبوو کە مالیکی و لیست و هاوپەیمانەکانی باسی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەى سیاسییان دەکرد.ئێستا راستەخۆو ناڕاستەوخۆ ماڵی شیعە دەیانەوێت ئەوەى پێشتر باسیان دەکرد بکەن بە کردار خۆیان وەکو زۆرینە دەست بەسەر کۆى جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرن . ئەمەش بە پێی بنەماکانی دیموکراسی شتێکی رەوایە ، بە تایبەتی دواى ئەوەى کە چ لە عێراق و چ لە کوردستانیش بە ئاشکرا بینیمان حکومەتی هەمووان بە ناوى حکومەتی تەوافوقەوە بێجگە لە دامەزراوەیەک بۆ دزى و گەندەڵی هیچی تر نیە . واتە تەوافوق لەسەر رێکەوتن لە نێوان لایەنەکاندا بۆ ئەوەى چاوپۆشی لە دزى و گەندەڵییەکانی یەکتر بکەن .
پێشتر درووستکردنی حکومەتی زۆرینە بۆ مالیکی کارێکی ئاسان نەبوو ، لە کاتێکدا سوونەو کوردو بەشێک لە شیعەکانى بە ئاسانی بۆ دوور نەدەخرایەوە ، بەڵام عەبادى بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەو بەرنامەیەى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە . لە سەرتاوە بەلادانی جێگرانی سەرۆک کۆمارو پاشان لادانی جێگرەکانی خۆیی و سەندنەوەى زۆرێک لە پۆستەکان لە کوردو سونەو دواجاریش کە سەدر هاتە سەر هیڵ و داواى پێکهێنانی حکومەتی تەکنۆکراتی کرد ، هەر بۆ زەمینەسازى زیاتر بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەى شیعەو پەراوێزخستنی زیاترى کوردو سوونە بوو .
هەر لێرەوە بە پشت بەستن بەو هەنگاوانەى لە ماوەى رابردوودا مالیکی دژی کورد ناویەتی و ئێستاش عەبادى لەسەرى دەڕوات ، ئامانجەکە ئەوە بێت کورد ئاراستەى جیابوونەوە لە عێراق بگرێتەبەر بۆ ئەوەى لە لایەک بەربەستی کوردی لەبەردەم شیعەدا نەمێنێت و بەوەش دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت . ئێستا لە ئاگایی و بەبەرنامە بێت یان بە گەمژەیی و لەخۆوەو بێ بیرکردنەوە بێت ، رەفتارو هەڵس و کەوتەکانی مالیکی پیشترو عەبادى ئێستا کورد بە ئاراستەى دوورکەوتنەوەى زیاتر لە عێراق پاڵ دەنێنن . بۆیە دەشێ بگووترێت پێ دەچێت مالیکی و عەبادى بەتایبەتی و شیعە بە گشتی ئەو عێراقیانە بن کە بەرنامەکەى بەریتانیاو سایکس بیکۆ بۆ لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە هەڵبووەشێننـەوە. بێگومان بەوەش شیعە خزمەتێکی باشی کورد دەکات .
بەڵام ئایا کورد خۆى چی دەکات ؟
ئایا ئامادەباشی هەیە بۆ ئەوەى جیابێتەوە ؟
ئایا بارودۆخی ناوخۆى کوردستان بەم شێواویە لەبارە بۆ جیابوونەوە؟
ئایا کورد دەتوانێت ماڵی خۆى بۆ ئەو ئامانجە رێکبخات یان دەبێت جیابوونەوەو سەربەخۆیی ببێتە هۆکار بۆ رێکخستنی ناو ماڵی کورد ؟
بەهەرحاڵ ئێستا چ یارودۆخی نێودەوڵەتی و چ یارودۆخی ناو عێراق هەردووکیان لەبارن بۆ جیابوونەوەى کورد بە هێمنی لە عێراق. ئەوەى جێگاى پرسیار لەبارەوە کردنە بارى ناوخۆو بکەرى کوردى خۆیەتی ، واتە ئایا کەى ئەم بکەرە دەگاتە ئەوەى بڕیار بدات و بەو بڕیارەش دەشێ هێزى جەماوەریی بۆ یەکبوون بەسەر هێزى پارچە پارچەبووى حیزبی و هەڵوێستی لاوازى نوخبەى نەخۆش و بێگانەپەرستی سیاسیدا زاڵ ببێت ؟

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەت دەگات بەهاوڕێکانت