عەتا قەرەداخی : ماڵی خۆمان رێکبخەن ، پشت لە ماڵی وێرانی عێراق بکەن .

ئەو عێراقەى زۆرێک لە ئێمەى کورد گۆرانیمان بە باڵایدا دەگوت و تاکو ئێستاش هەندێکمان لەسەر ئەو گۆرانیە بەردەوامین . بەشێکی دیار لە نوێنەرو بەرپرسانی کورد لە بەغدا وەها دەدوان کە کورد غەدر لە عێراق دەکات ، کاتێک لە پشتی ئەوەوە نەوت دەفرۆشێت و داهاتەکەى نادات بە عێراق ، کاتێ کورد داهاتی خاڵە گومرگیەکان ناگێڕێتەوە بۆ بەغداد ، کاتێ کورد بەشێک لە بیرە نەوتەکانی کەرکوکی خستەوە ژێر دەستی خۆى ، بەشێک لە ئێمە ئەوەمان وەکو داگیرکردن و غەدرکردن لە عێراق دایە قەڵەم. تاکو ئێستاش هەندێکیان پێیان وایە دەبێ کورد ملکەچی عێراق بێت و لە چوارچێوەى دەستوورى عێراقدا کاربکات و بجوڵێت. ئێستا دەبینین بەرزترین دامەزراوەى دەستوورى ئەم وڵاتەى کە ناوى عێراقەو زۆرێک لە ئێمەش داوا دەکەین کورد پەیڕەوى ئەو دەستوورە بکات ، ئەوەى بەسەر دەهێنرێت کە بینیمان و زۆرێک لە نوێنەرانی کوردیش نەک هەر ئازارى جەستییتان تیایدا بەرکەوت بەڵکو سوکایەتیشتان پێکرا ، کە بەداخەوە لە رووى مەعنەویەوە ئەو سوکایەتیەى بە نوێنەرانی کورد کرا ، گەرچى ئەوان لە بەغدا کاریان کردبێت یان نا ئەوە سوکایەتیە وەکو نەتەوە بە ئێمە کراوە . بە خەیاڵی زۆرێک لە ئێمە عێراق وڵاتێکی دیموکراسیەو دەبێ کورد سوود لەو دیموکراسیەى عێراق وەربگرێت . بریا ئەم بۆچوونە راست بووایە چونکە ئەگەر ئێمە ژێردەستەى کۆلۆنیالیستێکی دیموکراتی بووینایە ( ئەگەرچى ئەمە وەهمە ) ، ئەوا سوودمان لە کەلتوورى ئەوان وەردەگرت و دەشیا بەلایەنی کەمەوە سەرەتاکانی یەکتر قبوڵکردن فێرببووینایە ، بەڵام ئاشکرایە ئێمە لە کۆى کەلتوورى عەرەبی و ئیسلامی ئەو بەشە هەژموونی بەسەردا کردووین کە بەرهەمی خوێن و دەمارە کە ئەویش تووندو تیژى و رەتکردنەوەى هەموو ئەوانی ترى لەلا بەرهەمهێناوین .
ئاشکرایە پەرلەمان دامەزراوەى کۆمەڵگاى دیموکراتیە ، واتە کۆمەڵگەیەک کە گەل چارەنووسی خۆى دیارى دەکات و ئاراستەى پەیوەندییەکان دەبنە پەیوەندى ئاسۆیی. هەڵبەت دیموکراسیش تەنیا لە کۆمەڵگەى پەرەسەندوو سەقامگیردا بوونی دەبێت و لە ئاستی یەکەمیشدا بەرهەمی پەروەردەى درووست و کۆمەڵگەى دامەزراوەییە ، دامەزراو بە شووناسی کۆمەڵگەى شار نەک دامەزراوەى خێڵ و عەشیرەت و تایەفەو مەزهەب وەکو ئەوەى ئێستاى عێراق . جێگاى خۆیەتی بە ئێستا بە گومانەوە سەیرى ئەوە بکرێت کە گوایە یەکەمین یاسا لە میزۆپۆتامیا لە دایکبووەو ئەم دۆڵی دوو رووبارەش گەورەترین شارستانێتی بەرهەمهێناوە . بە تایبەتی کە ئێستا دەبینین خەڵکی ئەم جوگرافیایە لە مێژووى سەدەی بیستدا کە زۆربەى دەوڵەتانی جیهان بوون بە خاوەنی دەستوورى خۆیان ، لێرە دەستوور دانەنراو نەبوو. دواى رووخاندنی رژێمى بەعسیش کە دەستوورێک بۆ عێراق نووسرایەوە ، ئەوەتا دەبینین نەک هەر سووکایەتی بە دەستوورەکە دەکرێت و هەموو رۆژێک پێشێل دەکرێت بەڵکو دامەزراوى تەشریعی وڵاتیش بە خۆیی و بە نوێنەرانی خەڵکەوە تیایدا گەورەترین سووکایەتیان پێدەکرێت . بەڵێ ئەمەیە عێراق ، ئەو عێراقەى هێشتا بەشێکی زۆر لە ئێمەى کورد بە تایبەتی سیاسیەکان گۆرانی بە باڵایدا دەڵێن .
دیارە ئاشکرایە دەستوورو یاسا بۆ رێکخستنی ژیانی مرۆڤە، بۆیە روانین بۆ بەهاى مرۆڤــ بەهاى دەستوورو یاساکان دیارى دەکات . لەم وڵاتەدا تاکو ئێستا مرۆڤــ وەکو بەبەهاترین ئافریدەبوو سەیر نەکراوەو ناکرێت ، کەواتە لەبارێکی وەهادا دەبێ دەستوورو یاسا چ بەهایەکیان هەبێت . ئەگەر تەنیا سەیرى نزیکەى پەنجا ساڵی رابردووى مێژووى ئەم وڵاتە بکەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە چ سووکایەتیەک بەو ئافریدەبووە کراوە کە پێی دەگوترێت مرۆڤــ و بەپێی هەموو پەیامە ئاسمانی زەمینیەکان نوێنەرى خودایە لەسەر زەوى یان مەزنترین بوونەوەرە لەسەر زەوى .
ئەوەى ئێستا لە عێراقدا روودەدات ئەوەمان نیشان دەدات کە تەنیا لەسەر نەخشە و بە نووسین دەوڵەتێک هەیە ناوى عێراقە ، ئەگینا لە رووى کردەییەوە ئەم رووبەرە جوگرافییە هیچ بنەمایەکی دەوڵەت و دەوڵەتدارى نەماوە . ئەوانەشی فەرمانڕەوایی ئەم بەناو وڵاتە دەکەن ، بە گشتی کەسانی داخراوى مەزهەبی و تائیفی کەسایەتی بچووکن کە یان حەوزەى قوم یان حەوزەى نەجەف یان پرینسیپی شۆڤێنیست خیڵەکی عەەرب و پان عەرەبیزم بەڕێوەیان دەبات . کە هیچ کام لەمانەش لەگەڵ دیموکراسی و ژیانی پەرلەمانی و هەڵبژاردن و دەستوورو یاسا ناگوجێن . لەسەرەتادا کە ئەم پێکهاتە مەزهەبی و خێڵەکیانە کەمێ ملکەچ بوون بۆ دانانى دەستوورو یاساکان ، یەکەم لە ترسی ئەمەریکیەکان بوو ، دووەمیش لەبەرئەوە بوو کە هێشتا پێگەیان لاوازبوو . بەڵام ئێستا کە هەژموونی ئەمەریکیەکان وەکو ئەوسا نەماوەو خۆیشیان کەمێ جێگایان گرتووە لە عێراقدا ، بۆیە دەیانەوێت هەموو ئەوانی دەرەوەى خۆیان فڕێ بدەنە دەرەوەو لە پێش هەموو ئەو دامەزراوانەى لە وڵاتی بەناو عێراقدا هەن ، سوکایەتی بە پەرلەمان بەکەن وەکو باڵاترین دامەزراوەى تەشریعی و جێگاى نوێنەرى زۆرینەى عێراقیەکان . ئەمەش ئاشکراترین بەڵگەیە بۆ ئەوەى کە ئەم پێکهاتە مەزهەبی و تائیفی و خێڵەکیانە نە دەستووریان دەوێت و نەیاساو نە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی عێراق .
ئاشکرایە عێراق بە ئاسانی نابێتە وڵاتێکی دیموکراتی تا پەرلەمان و دامەزراوەى تەشریعی هەبێت . هەروەک عێراق بەو کەلتوورە خێڵەکی و تائیفی و مەزهەبیە داخراوەیەوە نابێتە وڵاتێک تا کورد تیایدا ببێتە هاوبەشی راستەقینە لە بەڕێوەبردن و ئەرک و مافدا .
بە مانایەکی تر عێراق بەم کەلتوورەیەوە نابێتە وڵاتی هەمووان و بە ئاسانی شتێک پێکنایەت بە ناوى گەلی عێراق و چەمکی هاووڵاتیبوون بەئاسانی جێگیر نابێت تیایدا . لەبارێکی وەهاشدا کورد لەم بەناو وڵاتەدا هەر وەکو ئەوى دووەم یان ئەوى نەیارو تەنانەت ئەویى دوژمنیش سەیر دەکرێت . بۆیە بڕوابوون بە عێراقی هاوبەش و عێراقی دیموکراسی و عێراقی فیدراڵی و گەیشتنی کورد بە مافە نەتەوەیەیکانی لە سایەى عێراقی یەکگرتوودا بێجگە لە خەیاڵپڵاوى هیچی تر نیە. بۆیە چاوەڕوانی هیچ ئایندەیەکی گەش بۆ کورد ناکرێت لەم بەناو وڵاتەدا کە ناوى عێراقە .
بۆیە هەقە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەبرى ئەوەى خۆى بە بەغداوە خەوریک بکات و لەبرى ئەوەى نوخبەیەک لە کادیرى خۆى بنێرێتە بەغدا بۆ خزمەتی ئەوانی مەزهەبی و تائیفی و خێڵەکی عەرەب و لەلایەن خەڵکی کوردستانیشەوە بەجۆرێک ئەو نوخبەیە لە کادیرانی میللەتەکەمان ناشیرین دەربکەون بەوەى کە کارەکانیان وەکو کارکردن بۆ موچەو بەرژەوەندی تاکەکەسی دەربکەوێت ، پێویستە بڕیارى یەکلاکەرەوە بدات بەوەى کە عێراق بۆ کورد هیچ مانایەکی نیەو کێشەى عێراق بەجێ بهێلین بۆ عەرەبی عێراق خۆیان و لەبرى ئەوەى کێشەکانی خۆمان لە کوردستان چارەسەر بکەین و ناوماڵی خۆمان رێکبخەین و رق و کینەى رابردوو بەلاوە بنێین و خۆمان لە سۆزو هەڵچوونی هەرزەکارانە رووت بکەینەوەو بە لۆجیکی عەقڵ کاربکەین و دان بەوەدا بنێین کە کوردستان هی هەموومانەو لەو پێناوەشدا دەبێ دەستبەردارى خۆپەرستی و بەرژەوەندییە تاکەکەسی و حیزبیەکان ببین و پرۆژەى یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیی بنیادبنێین و بڕیارى یەکلاکەرەوە بدەین کە ئەویش رزگارکردنی خۆمانە وەکو هەموو کورد لەو هەموو کوشتن و بڕین و وێرانکارى و تێکشکاندنانەى لە رابردوودا دەڵەتی عێراقی بەرامبەرمان کردوویەتی و خۆمان رزگار بکەین لەو هەموو سووکایەتیەى کە ئێستا بەردەوام عەرەبی شیعەو سوونەى عێراق پێمان دەکەن کە دواترینیان ئەو سوکایەتیەیە بە ناوى خۆپیشاندانەوە تایەفەیەک لە شیعە بە نوێنەرانی کوردیان کرد . بەڵێ رزگاربوونی کورد لەم مێژووە تراژیدیایە تەنیا بە رێکخستنی تەواوەتی ناو ماڵی خۆی و پشتکردن لە ماڵی وێرانی عێراق دەبێت بۆ شیعەو سوونە .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوە و ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بەهاوڕێکانت

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies