جیهاد محەمەد : کێشەی سەرەکی ئێمەی مرۆڤی عێراقیی و کوردستانیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێمە هەموومان کەوتووینەتە نێو چاڵێکی قووڵی بێ بن و بێ ئامانەوە ، خنکاوین و نازانین خۆمان دەربازبکەین . بۆیە شەڕی حیزبە سیکتاریزمەکان لە عێراقدا ، هەروەها شەڕ و ململانێ و موزایەدەی سیاسی حیزبەکان لە سەر دەسەڵاتگەریی لە کوردستاندا بە شەڕی خۆمان دەزانین و دەناسین . لە پێناوی ئەم شەڕانەدا خۆمان دەدەین بە کوشت و خوێنی یەکتری دەڕێژین و هەر هیچ نەبێت خۆمان ماندوو شەکەت دەکەین و عەقڵ لە دەستدەدەین و بیر ناکەینەوە . خراپترین شتێک لەم شەڕانەدا ئەوەیە ، کە خەڵک لە جیاتی حیزبگەلێکی بەرژەوەندخواز و دەسەڵاتداری ستەمکار و چەوسێنەر شەڕ دەکات و ئەوانیش بیرمان بۆ دەکەنەوە و میکانیزمی بە هێزی شەڕەنگیزییمان تێدا دەچێنن .
هێندە میکانیزمی ئەم ستەمگەرییە بە هێزە ، کە پڕزۆڵ پڕزۆڵیان کردووین ، دابەشیانکردووین بە سەر خۆیاندا . ئەم شەڕە نەگریسانە وزەیان لێ بڕیوین ، بێ توانایان کردووین ، بیرمان بۆ ناکرێتەوە ، توانا شاراوەکانی خۆمانمان بۆ نادۆزرێتەوە ، کە بەکاریبهێنین دژ بەم سیستمە ستەمگەر و چەوسێنەرە .
شەڕ بووە بە شەڕیی ئێمەو و ئەوانیش بەرووبوومی بردنەوە و دۆڕانی ئەم شەڕە دەخۆن . ئێمە دۆڕاو و ئەوان براوە !، ئێمە کوژراو و ئەوان زیندوو !، ئێمە هەژار و ئەوان دەوڵەمەند ، ئێمە قارەمانی مەیدانی شەڕ و خوێنڕشتنەکان ، ئەوانیش قارەمانی نێو دنیایی سیاسەت و رێکەوتنەکان ، ئێمە خوێن لێڕژاو و ئەوانیش خوێنخۆر . ئێمە کۆیلە و ئەوانیش ئاغا ، ئێمە گەلی دەرکراو لە یەکانەکان و گورگە بۆرەکان ، شەکەتی وەڕین و برسین بۆ کەڵبەگرتن لە یەکتری ، ئەوانیش پیاوانی جوامێری نێو دنیایی سیاسەت و خاوەن عەقڵ و نەخشەدانەری رێکەوتنێکی دیکە و هەڵگیرسانی شەرێکی دیکەی تایەفەگەرێتیی و بیرتەسکی عەقڵی ناسیۆنالیزمیی پڕ لە شۆڤێینیزمی .
بەڵام لە بنەڕەتدا نە ئێمە سەگەلین ، نە ئەوانەی بەرامبەرمان یەکانە و گورگە بۆرن ، بەڵکو بەوەکراوین و بووین بە پەندی زەمانە و بوکەڵەی سەماکەری دەستی حیزبە ستەمگەرەکان . ئێمە هەموومان مرۆڤین ، بەوانەشەوە ، کە بە لێکدانەوەیەکی دەبەنگانە و تێنەگەیشتن لە مرۆڤ و مرۆڤبوون ، وا خۆیان دادەنێن ، کە مرۆڤگەلێکی عەقڵانی دەسەڵاتدارن . هەموومان پێکەوە مرۆڤگەلێکین ، کە لە دێر زەمانەوە ، لەو رۆژەوە، کە کراینە دەرەوەی مێژوو ، ئیتر رووتکراینەوە لە مرۆڤبوون ، ئەو چاڵەی تێیکەوتووین ئەو نامرۆڤبوونەیە ، کە هەموومان پێکەوە تێیدا ژیانێکی ناشایستە بە مرۆڤ و دڕندانە بۆ گیانی یەکتری دەبەینە سەر . دەسەڵاتدارە ستەمگەرەکانیش مرۆڤی عەقڵانی و براوە و زیندوو نین ، دەنا دەیانتوانی ئۆرگانیانە لەگەڵ هەموو خەڵکدا پێکەوە ببن بە سەبجێکت و رێگای رزگاری و ئازادی بگرینە بەر و لەو چاڵە نامۆرڤوونە بێینە دەروە و بچینەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە ، کە هەڵسوڕێنەر تێییدا تەنها سیستمێکی عەقڵانی و فەلسەفەیەکی زانستییانە بێت ، نەک حیزبگەلێکی سەبجێکت و هەڵسوڕێنەر .
عەقڵانیەت و پەروەردە و پێداگۆگی سەردەمیانە ، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی ، ئابووری بەهێز و خاوەن پارە و پول و سامان ، داهێنانە هونەرییەکان و شاکاری ئەدەبی گەورە لە هەموو ژانرەکانیادا ، کردنەوەی دەیان زانکۆ و مەڵبەندی مەعریفی ، کردنەوەی دەیان ناوەندی کۆڵێنەوە و توێژینەوە ، دامەزراندنی سەدان و هەزاران رێکخراوی مەدەنی ، دروستکردنی هەزاران قوتابخانە و بنبڕکردنی نەخوێندەواری ، دامەزراندنی دەیان ناوەندی تەندروستی و دەرمانسازی ، ئەمانە هەموویان کاریگەرییان نییە لە سەر دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و سەرفراز لە کۆمەڵگایەکدا ، کە سەرلەبەری عەقڵ و بیرکردنەوەی داگیرکراوە . هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدان ، لە کۆمەڵگایەکدا ، کە سیستمی حوکمڕانییەکەی چەند حیزبێکی گەندەڵ و ستەمگەربێت ، سوودیان نییە ، چونکە عەقڵیەت و کولتوورێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی نەریتی و نامرۆیی باڵیکێشاوە بەسەر بیرکردنەوەیدا .
مرۆڤی شکۆمەند و رزگارکراو ، مرۆڤی دادپەروەر و سێکۆلار ، مرۆڤی دیموکراتخواز و یەکسانخواز ، مرۆڤی مرۆڤپەروەر و مافناس و پارێزەری ماف ، تا ئەو واقیعە تاڵە نەگۆڕیت ، کە زیاتر لە سێ سەدەیە بە دەستییەوە دەناڵێنین ، ئەو واقیعە پڕ لە مەعریفە ساختەیەی ، کە بە دووریی ئاسمان و رێسمان دوورە لەگەڵ مەعریفەیەکی زانستی هەڵنراو لە سەر مرۆڤبوون و کردنی مرۆڤ بە ناوەند و تەورەی سەرەکی ، مەحاڵە ئازدی و رزگاری . تا واقیعەکە نەگۆڕین و نەوێرین دەستکاری بارودۆخە ناهەموارە چەقبەستووەکە بکەین ، هەرچی چاکسازییەک و هەرچی هەوڵ و کۆششێک وەک دەرمانی ئازارشكێن وان و هیچی دیکە . چونکە هەموو ئەمانە ، تەنها ناوێکی بێ ناوەڕۆکن و مرۆڤبونی تێدا نییە . هۆکاری پوچی هەموو ئەم ناوە جوان و رازاوانەش ئەوەیە ، کە لە سەر زانینێکی خۆڕسک بوونیادنراون ، یان لە سەر هەست و مەزندە بونیادنراون ، لە سەر کولتوور و کەلەپور و عەقڵیەتێکی نازانستیانە بونیادنراون ، یان لە باشترین حاڵەتدا پێدراوێکی رۆژئاوایین و لێمان قەرزکردوون . هەموو ئەمانەی ، کە ئاماژەم پێدان ، ئەو پێدراوە جوانانەن ، کە لە رۆژئاواوە هێناومانن بۆ ناو کولتوورێکی پڕ لە نامرۆڤبوون ، پڕ لە تووندوتیژیی و پڕ لە شەڕ و شۆر و کوشتن و بڕین و تۆڵەسەندنەوە . ئەوەی ئێمە قەرزی دەکەین لە رۆژئاوا عەقڵانیەتێکە بە ناعەقڵانییانە دەیگوێزینەوە . لە دێر زەمانەوە ئێمەی رۆژهەڵاتیی فێری گواستنەوە بووین و لە جێگەی بیرکرندەوەیەکی هیومانیستیانەی گونجاو لەگەڵ کات و شوێنی خۆماندا دامانناوە . هەروەک فەیلەسووفی فەرانسی گاستۆن باشالار دەڵێت : هیچ عەقڵانێتێک نییە لە سەرو کات و شوێنەوە بێت . واتە عەقڵانێتێک نییە رەها بێت و بۆ هەموو کات و شوێنک دەستبدات .
رۆژئاواییەکان ، دوای دوو هەزار ساڵ ئنجا توانیان خۆیان لە سەدەکانی ناوەڕاست رزگار بکەن و فەیلەسووفێکی بە توانای وەک دیکارت بەرهەمبێنن و فەلەسەفەی ئەرستۆتالیس ئەفرۆزە بکەن ، کە لە سەر هەست و مەزەندە پێکهاتبوو . فەلسەفەکەی دیکارت لە سەر بنەمای دۆزینەوە زانستییەکانی کۆبەرنیکۆسی پۆڵندیی و گالیلۆی ئیتالیی و کێبلەری ئەڵەمانیی تیۆریسەکرا . ماوەی سەد ساڵیش بە سەر فەلسەفەکەی دیکارت و دیکارتیزمییدا تێپەڕی ئنجا کانت هات و رەخنەی تووندی لەو عەقڵانییەتە رەهایەیی دیکارت گرت ، کە ماوەی سەد ساڵ باڵیکیشا بە سەر زانست و عەقڵیەتی رۆژئاوادا . کانتیش لەسەر بنەما زانستییەکانی ئیسحاق نیوتن فەلسەفەکەی خۆی دامەزراندبوو . دوای کانتیش چەندین فەیلەسوفی مەزنی وەک ، سپینۆزا و فرۆید و هایدگەر و هێگڵ و مارکس هاتن و گەشەیان دا بە زانستی مرۆڤیی ، پاشانیش گاستۆن باشلار و فەیلەسووفەکانی تری سەردەمی ڕۆشنگەریی هاتن و فەلەسەفەکانیان لە سەر گەشەی زانستی مرۆیی و هاوسەنگ لەگەڵ هەنگاوە گەورەکانی ئەنشتاین لە زانستی سروشتیدا دامەزراند ، کە پێوەری رێژەیی دۆزیەوە و ئەم پێوەرەشی کرد بە چەمکێکی بنەڕەتی لە گەشەی هەرچ زانستێکدا . کەواتە ئێمە کە هێشتا لە دەرەوەی مێژووین و عەقڵیەتمان و کولتوورمان و زانستمان نەیتوانیوە خۆی دەربازبکات لە عەقڵیەت و زانستی ئەڕستۆتالیسیی و سەدەکانی ناوەڕاست ، عەقڵانیەت و سیستمی دیموکراتی رۆژاوا تەنها بە گواستنەوە بۆمان ناشێت و نابێت تا زەوینەی بۆ خۆشنەکەین و خاکێکی بە بڕشت و قوڕێکی خۆشکراوی بۆ ساز نەکەین ، کە مرۆڤبوون لە مرۆڤەکاندا دروستبکات . واتە پێش هەموو شت دەبێت هەوڵبدەین دابڕانێک لە بیرکردنەوە و دید و بۆچوونە کۆن و نەریتییەکانی خۆماندا دروستبکەین ، ئەوسا دەتوانین سوودی زۆر لە مێژووی مرۆڤایەتی وەربگرین ، لە کاتێکدا کە خۆشمان بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوبەشییمان کردووە لە مێژووە مرۆڤایەتییە پێشکەوتوو و مرۆییەکەدا . کاتێکیش قسە لە سەر دابڕان و پێویستی دابڕان دەکەین بەو واتایە نا ، کە دابڕانێک لە هەموو کەلەپور و کولتوورێکی خۆماندا بکەین ، یان دابڕان لە ئەزموون و مەزندەکانی خۆماندا بکەین . بەڵام ئەم دابڕانەی ، کە ئێمە ئاماژەی پێدەکەین ، سەرکێشیی گەرەکە ، وەک هێگڵیش دەڵێت : تا سەرکێشی نەکەین ناتوانین ئازادی بە دەست بێنین . مرۆڤی هۆشیار ئەو مرۆڤەیە ، کە توانیبێتی عەقڵی خۆی ئازاد بکات و خۆی رادەستی تووندووتیژیی شەڕی سیکتاریزمەکان و دینییەکان و ناسیۆنالیستییەکان نەکات .
هەرچ مرۆڤێک بکەوێتە نێو شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم سیکتاریزمانەوە ، بکەوێتە نێو شەڕی ناسیۆنالیستیەوە ،  کەسی هۆشیار و عەقڵانی و هیومانیزم نییە . بەڵکو کەسێکی چەنەباز و زۆربڵێ و دەمدڕاو و درۆزن‌ و ون بووە .
لە کوردستانی باشوردا  ، کێشەی سەرەکی خەڵکی گشتی ، کێشەی نەبوونی ئازدی و رزگاری ، کێشەی نەبوونی دادپەروەری و مافی مرۆڤ و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی ، سەرچاوەکەی ئەوەیە کە سەر لەبەری حیزبە سیاسییەکان ، موحافزکارن و نایانەوێت دەستوەربدەنە بارودۆخەکە ، تەنها ئەوەندە نەبێت ، کە بەکاری دێنن بۆ گیرفان پڕکردن و هیچی دیکە . خەڵکی کوردستان ، هەرچەندە بێدەسەڵات بن لە گۆڕینی ئەم بارودۆخە ناهەموارەی هەموومانی پێکەوە خنکاندووە ، ئەوەندەیان لە دەست دێت ، کە دووربکەونەوە لە حیزبایەتی و کاری حیزبایەتی نەکەن و نەبن بە جێبەجێکاری ئەجندا ستەمکارییەکەی ئەم حیزبانە . ئەم دوورکەوتنەوەیە لە حیزبایەتیکردن و بڕوا نەکردن بەو دیمکوراتییەی کە سندوقی دەنگەکان دەکرێن بە پێوەر بۆی ، ئاسانترین و باشترین دژایەتی سیستمی ستەمکاریی چینی دەسەڵاتی سیاسییە لە کوردستانی باشوردا .

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕیکانت